کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بێورانی خوارێی ناوچەی سەردەشت

بە پێی هەواڵ ڕۆژی پێنج شەممە کاک ئەبووبەکر ئەحمەدپوور کوڕی مام ڕۆستەم خەڵکی بێورانی خوارێ لە ناوچەی سەردەشت دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی شیرپەنجە لە تەمەنی ٦٢ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد. کاک ئەبووبەکر ئەحمەدپوور لەگەڵ دەست پێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران وەک کەسێکی وەزاڵەهاتوو لەدەست ڕژێمی شاهەنشاهی ئێران، وێرای خەڵکی گوندی بێوران و ناوچەی سەردەشت هاتە مەیدان و لە خۆپێشاندانەکان بە دژی رژێمی شا بە هەموو توانایەوە بەشداری کرد و دواتر لەگەڵ دەست بەکار بوون و ئاشکرا بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێرای بەشێکی بەرچاو لە کوڕان و پیاوانی گوندی بێوران و گوندەکانی دەوربەر چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد و لە هێزی موعینی ئەو کات لە دەستەی زەربەت لە ژێر فەرماندەهی شەهید حەمەدەمینی مەلا عەزیزی سازمان درا و تا ساڵی ١٣٦٢ ی هەتاوی بەوپەری تواناوە خزمەتی پێشمەرگایەتی کرد. ناوبراو کەسێکی جێی باوەر و متمانەی هاورێ و هاوسەنگەر و خەڵکی گوندەکەیان و دەوروبەری بوو. دوای ئەوە دەستی بە ژیانی ئاسایی خۆی کردەوە هەمیشە وەک کەسێکی جێگای باوەری شۆرش کاری دەکرد و تا کاتی مردنی وەفادار بە ئامانجی شەهیدان و گەل و نیشتمان بوو.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک ئەبووبەکر ئەحمەدپوور لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان و خزمان و دۆست و ئاشنایانی دەکەم و هیوادارم کە کۆچکردووش جێگای بەهەشت بێ و ڕووحی شادبێ

بەرێوەبەری ماڵپەری گیارەنگ