ئایا ئهم سووکایەتییه ئینسانی و نەتەوەییه قهبووڵ دهکهین؟ قادر وریا
چاوەڕوانیی سەرچاوەگرتوو لە دروشم و بەڵێنەکانی حەسەن رۆحانی لە بارەی ئێعتداڵ (میانەرەوی) و مافەکانی هاونیشتمانان لە نێو خەڵکی ئێران بە تایبەتی نەتەوە بندەستەکان، جێگای خۆی داوە بە ماتەم و نیگەرانیی تایبەت بە ئێعدامی بەندییە سیاسییەکان. لە بەلووچستان، دوای ئەوەی پاسگایەکی سەرسنوور کەوتە بەر هێڕشی چەکدارانەی “جیش العدل”و، کوژرانی 14 سەرباز و دەرەجەداری کۆماری ئیسلامیی لێکەوتەوە،16 بەرهەڵستکاری بەلووچ کە لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمە دابوون، بە تۆڵەی ئەو هێرشە ئێعدام کران.
لە کوردستانیش، کۆماری ئیسلامی، تۆڵەی کوژرانی کۆمەڵێکی5 کەسی لە مۆرە کوردە بەدناوەکانی سەربە سوپای پاسداران (جاشە کۆنەکارەکان) لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە ناوچەی بانە خەریکە بە ئێعدامی بەندییە سیاسییەکان دەستێنێتەوە! ژمارەی ئەو بەندییانە سیاسییانەی تا ساتی نووسینی ئەم دێڕانە ئێعدام کراون، بوون بە سێ کەس. کۆمەڵێک بەندیی سیاسیی دیکەش کە لە پێشوو دا حوکمی ئێعدامیان بە سەر دا سەپێندراوە، چاوەروانیی جێبەجێکرانی حوکمەکانیانن.
گەلی عەرەبی ئێرانیش نیگەرانی ئەوەن مۆتەکەی ئێعدام لەم رۆژانە دا بەربینگ بە ڕۆڵەکانیان بگرێ. دامودەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی،ڕاست لەم ڕۆژانە دا لە سناریۆی ئاشکراکردنی چەندین رایەڵکەی جاسووسی بۆ بێگانە لە خوزستان دەدوێن! ئەمەش دەتوانێ دەسپێکی پیلانی لە نیوبردنی ڕۆلە خەباتکارەکانی ئەو گەلە بێ.
شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان، بە داخەوە ئەوەندەی مەسەلەی خودی بەندییە سیاسییەکان وبنەماڵەکانیانە، ئەوەندە مەسەلەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان نییە. ئەوەندەی مەسەلەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و چالاکانی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤە، ئەوەندە مەسەلەی خەڵکی ئاسایی نەتەوە بندەستەکان نییە. ئەوەندەش مەسەلەی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە، ئەوەندە مەسەلەی خەڵکە فارسیزمانەکەی ئێران نییە. هەر وەها ئەوەندەی دنیای مەجازیی بە خۆوە خەریک کردوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای کوردی ڕۆژهەڵات دا دەنگدانەوەی هەبووە، لە دنیای حەقیقی و لە میدیای ئێرانیی فارسزمانی دەرەوە دا، نیو ئەوەندە هەستی پێناکرێ.
ئەم ڕەهەندەی مەسەلەکە، کە دەولەت و سەرکۆماری نوێی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەکەونە کوێی ئەم ئێعدامانە؟ و کام مەرجەعی دەسەڵات و کێهە دام و دەزگای سەرکوت لە پشتی ئەم شەپۆلە نوێیەی ئێعدامی بەندییە سیاسییەکانن؟ و چ پێوەندییەک لە نێوان بەڵێنەکانی پێش هەڵبژاردن و چاوەڕوانییەکانی دوای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی و ئەو ئێعدامانە هەیە، باسێکی جیاواز و تایبەت هەڵ دەگرێ. ئێستا هەنووکەییترین پرس ئەوەیە چی بکرێ بۆ ئەوەی ئەم شەپۆلە شوومەی ئێعدام بوەستێندرێ و ڕێگەی پێنەدرێ گیانی ژمارەیەکی دیکە لە ڕۆلە بەندکراوەکانی بەلووچ و کورد وعەرەب و هتد بستێنێ؟ چی بکرێ بۆ ئەوەی خەمی لەداردرانی لاوانی خەباتکار و ئازادیخواز، هەر تەنیا مەسەلەی کۆمەڵێک میدیاکار و چالاکی سیاسی ومەدەنی و راگەیەنەکانی چەند حیزب و رێکخراوی سیاسیی نەتەوە نافارسەکانی ئێران نەبێ؟ چ بکرێ بۆ ئەوەی ئەم بێڕێزییە ڕووهەڵماڵاوانەیەی کۆماری ئیسلامی بەم یا ئەو نەتەوە، هەر وا هاسان و بێ تێچووی سیاسی، بە سەری دا تێپەڕ نەبێ؟
ئێعدامی ناڕازییان و خەباتکارانی بەندکراوی بەڵووچ وکورد وەک تۆڵە ستاندنەوە لە گرووپە بەرهەڵستکارەکان، هەرتەنیا گاڵتەجاڕبوون و دژی ئینسانیبوونی ڕێوشوێنە قەزایی و حوقووقییەکانی ئەم ڕێژیمە ناگەیەنێ. ئەو پەڕی بێباوەڕیی ئەو ڕێژیمە بە ستاندارو پیوانە جیهانییەکانی ڕەفتار لە گەڵ بەندییە سیاسییەکان، هەروەها بێمنەتییەکی تەواو لە قەزاوەتی بیروڕاو ویژدانی گشتیی جیهانیانیش لەبارەی ئەو تاوانانە دەگەیەنێ. لە مانەش زیاتر عەمدێکی ئاشکرای لە سووکایەتیکردن بە غورووری نەتەوەیی و مرۆڤبوونی ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایەی تێدا دەبینرێ کە بەندییە ئێعدامکراوەکان سەر بەوانن. ئەم بێمنەتی و نەترسبوونەوەی بڕیاردەرە جەللادەکانی کۆماری ئیسلامی، ئایا لەو راستییە تاڵەوە سەرچاوە ناگرێ کە دژکردەوەیەکی گشتی و یەکگرتووانەی جیددی بەرامبەر بە تاوانەکانی خۆی لە نێو ئەو میللەتانە دا بەدی ناکهن؟
ئێعدامی بەندکراوە سیاسییەکان، سووکایەتییەکی ئاشکرا بەو نەتەوە و کۆمەڵگایەن کەئەوانی لێوە هاتوون. ئەم نەتەوە و کۆمەڵگایە بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کۆمەڵگە مەدەنییەکەیەوە، بە دانیشتووانی شار و لادێیەوە، بە سەرجەم چین و توێژەکان و بە هەموو تاکەکانییەوە، ئەگەر نەتوانن وڵامێکی شیاو بەم سووکایەتییە بدەنەوە، مانای ئەوەیە سووکایەتی بە ئینسانەتی و غرووری نەتەوەیی خۆیان قبووڵ دەکەن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر بە حەرەکەتێکی گشتیی لە چەشنی 23ی گوڵانی 1389 لەم ئێعدامانە وەدەست نەیە، شایانی خۆ سەرکۆنەکردنێکی مێژووییە. لەم خۆ سزادانەشدا، بەشی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە بێئیقدام و نایەکگرتووەکانی، زۆر سروشتییە کە لەوانی دیکە قورستر دەبێ.