عەبدوڵای حەسەن زادە : ‘ هەڵوێستە سیاسییەکانی پژاک پاشکۆی هەڵوێستەکانی پەکەکەن’

دیمانە: (باس) زامدار ئەحمەد

عەبدوڵای حەسەن زادە سیاسەتمەدار و کەسایەتی ناسراوی ناو حزبی دیموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکی تایبەتی (باس) دا، سەبارەت بە قسەکانی سادقی زیباکەلام دەڵێ ئاغای زیباکەلام یەکەم کەس و یەکەم جاری نییە بۆچوون لەبارەی مافە نەتەواییەکان دەرببڕێ، هەروەها دەشڵێ پێوەندییەکی بەرین لەنێوان ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئێران هەیە، بڕواشی وایە هەڵوێستە سیاسییەکانی پژاک پاشکۆی هەڵوێستەکانی پەکەکەن.

( باس)- لەم دواییەدا سادقی زیباکەلام بەدەر کەوتەوە و وتی چارەسەری کێشەی کورد لە ئێران دیموکراسیەتە، نەک خودموختاری، بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: نە ئاغای زیباکەلام یەکەم جاریەتی ئەم بۆچوونە دەربڕێ و نە ئەویش تەنیا کەسە کە لەبارەی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی زۆرلێکراوی ئێرانەوە ئەم جۆرە بیروبۆچوونەی هەیە. هەوڵی هەموو ئەو کەسانە ئەوەیە کە وا نیشان بدەن گوایە دێموکراسی و خودموختاری، یان بە چەشنێکی گشتی دێموکراسی و دابینبوونی مافی نەتەوایەتیی گەلان دوو شتی دژ بەیەکن، لەکاتێکدا ڕاست بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەوە، دابینکردنی مافی وەک یەک بۆ گەلانی دانیشتووی وڵاتێک کۆڵەکەی هەرە بەهێزی دێموکراسییە و هیچ دەوڵەتێک ناتوانێ دێموکرات بێ، ئەگەر ئەو بەرامبەرییە لە هەموو بوارەکان و گرنگتر لە هەمووانیش لە بواری مافە نەتەوایەتییەکاندا بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵاتەکەی بەڕەسمی نەناسێ و بە کردەوە پیادەی نەکا. نە ئاغای زیباکەلام و نە هیچکام لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و نە تەنانەت هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش بۆیان نییە پێشەنگانی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ئێران فێری دێموکراسی بکەن. چونکە هەموو تێکۆشەرانی نێو ئەم بزووتنەوەیە دابینکردنی دێموکراسی بۆ ئێرانیان لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ئامانجە سیاسییەکانیان داناوە و دەیان ساڵە لەپێناویدا خەبات دەکەن و قوربانی دەدەن.

( باس)- ئەمساڵ یادی تیرۆرکردنی قاسملوو بە شێوەیەکی فراوان کرایەوە هۆکار چی بوو؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: یادی شەهیدبوونی دکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی، هەموو ساڵێ لە کوردستانو وڵاتانی دەرەوە دەکرێتەوە و ڕێبوارانی ڕێگای ئەو شەهیدانە لەو بۆنەیەدا هەم ڕێز لە بیروباوەڕ و ڕێبازە فکرییەکەیان دەگرن و هەم نەفرەت و تووڕەیی بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران دەردەبڕن. من دڵنیام ئەمساڵ ئەو ڕێوڕەسمانە چڕوپڕتر لە هەموو ساڵەکانی پێشتر نەبوون، بەڵام ڕەنگە ئێوە ئەمساڵ بەدواداچوونتان بۆ مەسەلەکە چڕوپڕتر بووبێ.

( باس)- بۆچوونت لە بەرانبەر سیاسەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان چۆنە؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: ڕەنگە ئاوارەکانی کوردی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە یەکەم ڕۆژەکانی گەیشتنیانەوە، لەگەڵ هێندێ گیروگرفت و کەموکوڕی بەرەوڕوو بووبن، بەڵام وای دەبینم کە هەڵوێست و سیاسەتی باشووری کوردستان -بە خەڵک و حکوومەت و حزبەکانەوە- بەرامبەر بەو ئازیزانە، هەڵوێستێکی نەتەوەیی و جوامێرانە بووە و سیاسەتی دەسەڵاتی باشوور بەرامبەر بەتەواوی مەسەلەی کورد لە ڕۆژئاواش لەسەریەک سیاسەتی پشتگیری و دڵسۆزی بووە. ئەگەر بەباشی لە پرسەکە ورد بینەوە، ڕەنگە بتوانین بڵێین دەسەڵاتی باشوور لەوبارەیەوە هێندێ باجی سیاسیشی داوە. نامەوێ ئەمە زۆر ورد بکەمەوە و هەر ئەوەندە دەڵێم کە بەراوردێک لە نێوان سیاسەتی هەرێم و سیاسەتی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی ناوچە -بەعێراقیشەوە- زۆر شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.

( باس)- سەڵاحەدین موهتەدی هەندێ تەنزیراتی تازەی لەبارەی پێگەی موعارەزەی کوردی لە ئێران هەیە کە پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بکرێ. بە بڕوای ئێوە تا چەند ئەو زەمینەیە لەبارە؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: ڕاستت بوێ ئەمن بۆچوون، یان وەک ئێوە دەڵێن تەنزیراتی تازەی کاک سەلاحەدین موهتەدیم نەدیوە (چونکە ماوەیەک بوو لە دەرەوەی کوردستان بووم)، بەڵام بۆ خۆشم پێموایە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات ناتوانێ تەنیا پشت بە ڕابردوو ببەستێ و حیساب لەسەر ئەو جێگە و پێگەیە بکا کە لە دە ساڵی یەکەمی دوای شۆڕشی ئێراندا هەیبوو. ماوەیەکە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە بە هەموو باڵ و لاباڵەکانیەوە ئامادەیی بەکردەوە و چالاکیی ئاشکرای لەنێو کۆمەڵگای کوردی ڕۆژهەڵاتدا نییە، جگە لەوەش بەداخەوە تووشی هێندێ لەتلەتبوون و پەرش و بڵاوی هاتووە کە کۆمەڵانی گەلی کورد لە نێوخۆی وڵات زۆری پێ تووڕەن. کەوایە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دەبێ بەوردی بیر لە بارودۆخی خۆی و پێوەندییەکانی نێو خۆی و پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای کوردەواری لە ڕۆژهەڵات بکاتەوە و بناخەیەکی تازە بۆ هەموو هەڵسوکەوت و هەڵوێستە سیاسییەکانی دابڕێژێ. ئەمن –بەپێچەوانەی زۆر کەس- وا بیر دەکەمەوە کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات دەگەڵ هەموو کەموکووڕییەکانی ئێستاش خاوەنی پێگە و نفووزێکی باش لەنێو خەڵکی ئەو بەشەی کوردستاندایە و ئەگەر بەخۆیدا بچێتەوە و کەلەبەرەکانی پڕ بکاتەوە، شانسی ئەوەی هەیە لە پاشەڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕۆڵی باش بگێڕێ و بەرەبەرە جێگە و پێگەی جارانی بەدەست بێنێتەوە.

( باس)- پەیوەندیی نێوان پژاک و ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: لەگەڵ ئەوەی پژاک بەهەرحاڵ ڕێکخراوێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، حاشا لەوە ناکرێ کە بەجۆرێک لە جۆران بەشێکە لە حزبێکی گەورەتر لە خۆی واتە پەکەکە. بۆ هەمووان ڕوونە کە هەڵوێستە سیاسییەکانی پژاک پاشکۆی هەڵوێستەکانی پەکەکەن. هەر بۆیە دەبینین ئەو کاتەی بە هەرهۆیەک نێوانی پەکەکە و ئێران گرژییەکی تێ دەکەوێ، هەڵوێستی پژاک بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی زۆر توند و بە قەول ڕادیکاڵە و کاتێکیش نێوانی ئێران و پەکەکە خۆشە، پژاک سیاسەتێکی نەرم دەگرێتە پێش و دروشمی ڕووخانی ڕێژیم وەلا دەنێ و تەنانەت لەسەر ئامۆژگاریی بەڕێز ئۆجەلان داوای وتووێژیش دەکا. مەبەستم لەم قسانە قبووڵ یان ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی پژاک نییە و لەجێدا بۆ من و کەسی دیکە نەهاتووە خۆ دە سیاسەتی حزبێکی دیکە هەڵقورتێنێ. مەبەستی من هەر ئەوەیە کە بڵێم سیاسەتی پژاک وا دەبینم.

( باس)- ڕۆحانی کاریگەریی لەسەر روداوەکانی ئێستەی ڕۆژهەڵات دەبێ؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: ڕۆحانی سەرکۆماری ئێرانە و سروشتییە کە هەر سەرکۆمارێک کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی وڵاتی خۆی هەبێ. بەڵام هەموومان دەزانین کە لە ئێران بەپێچەوانەی هەموو وڵاتانی جیهان، سەرکۆمار دەسەڵاتی یەکەم نییە و لەسەرەوەی سەرکۆمار دەسەڵاتێک بە ناوی ڕێبەر یان ‘ولی فقیە’ هەیە کە بە نوێنەرایەتیی خوا لەسەر زەوی! بڕیار دەدا و بۆ ‘بەندەی گوناحکار’! نەهاتووە قسە لە قسەیدا بکا. کەوایە کاریگەریی ڕووحانی لەسەر کوردستان و هەروەها لەسەر تێکڕای مەسەلەکانی فەرمانڕەوایی لە ئێراندا کاریگەرییەکی زۆر بەرتەسک و سنووردارە.
( باس)- لەو بڕوایەدان کە ڕۆحانی کارێک بۆ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: ئاغای ڕووحانی لە کاتی ململانەی هەڵبژاردندا بەرنامەیەکی بڵاو کردەوە کە لەودا بە جۆرێک قسەی لە ئاوڕدانەوە بۆ سەر مافەکانی گەلانی بەشخوراوی ئێران کردبوو. دیارە ئەوەی لەو بەرنامەیەدا هاتبوو بە هیچ جۆر وەڵامدەری مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد و گەلانی زۆرلێکراوی دیکەی ئێران نەبوو. بەو حاڵەش خەڵک پێشوازییان لێ کرد و لەنێو کاندیداکانی سەرکۆماریدا ڕۆحانی زۆرترین بەشی دەنگەکانی ئەو مەڵبەندانەی بەدەست هێنا کە یەکێک لەو گەلانەیان لێ نیشتەجێن و دەکرێ بڵێین بە دەنگی وان سەرکەوت. دیارە ناوبراو لەبارەی ئازادییە دێموکراتییەکانیشەوە هێندێ بەڵینی دان کە پێشوازیی دەنگدەرانیان لێ کەوەتەوە.
کەچی دوای بەدەسەڵات گەیشتنی ڕۆحانی، نەخش و نیگارێکی دیکەمان هاتە بەر چاو. لە حەق دەرنەچین بەرامبەر بە دنیای دەرەوە تا ڕادەیەکی باش بە بەڵێنەکانی وەفادار مایەوە. بەڵام لە مەسەلە نێوخۆییەکاندا دەکرێ بڵێین کەمترین ئاڵوگۆڕی پێک هێنا. چونکە ئەگەر لەلایەک ژمارەیەک لە بەندییە سیاسییەکان ئازاد کراون، لەلای دیکە مەکینەی ئیعدامی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی هەروا لەکاردایە و ڕاونان و گرتن و  حوکمدانی ئازادیخوازان تەنانەت بە ئیعدامیشەوە، هەروا درێژەی هەیە.

هۆی ئەمە دەکرێ لە سێ ڕاستیی بەرچاودا بدۆزینەوە. یەکەم ئەوەیە کە دەرکەوت ئاغای ڕۆحانی لە خۆیدا باوەڕێکی قووڵی بە ماف و ئازادییەکانی خەڵک بەتایبەتی مافی گەلانی زۆرلێکراو نییە. دووهەم ئەوە کە هەروەک گوتمان دەسەڵاتی ناوبراو یەکجار سنووردارە و بەبێ ئەمری ڕێبەر ناتوانێ هەنگاوێک هەڵێنێتەوە. سێیەمیش ئەوەیە کە توندڕۆکانی نێو دەسەڵات کە تا ئێستەش زۆر ناوەندی گرنگیان لەبەر دەستدان بۆ بێئیعتیبارکردنی ناوبراو ئەو کارانە دەکەن و وا بیر دەکەمەوە کە چرا سەوزێکیشیان لەلایەن جەنابی ‘ڕێبەر’ەوە پێ درابێ.
( باس)- ڕۆڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان تا چەندە کاریگەریی بەسەر لایەنەکانی کوردستانی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتەوە هەیە؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: لە دنیای ئەمڕۆدا نەک هەر دەوڵەتانی دراوسێ، بەڵکوو دەوڵەتانی زۆر لەیەک دووریش بە گەورە و بچووکیانەوە شوێنەواریان لەسەر یەکتر هەیە، چونکە پاراستنی قازانجی هاوبەشی هەمووان ئەوە دەخوازێ. ئاشکرایە کە دەوڵەتی ئێرانیش پێوەندییەکی بەرینی هەم لەگەڵ ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان و هەم لەگەڵ بەرپرسان و کاربەدەستانی عێراق هەیە. ڕەنگە ئەو ڕێژیمە هەوڵیش بدا بە جۆرێک کار بکاتە سەر بڕیاری کاربەدەستانی عێراق، یان هەرێمی کوردستان. بەڵام باوەڕم وایە کە بڕیاری لایەنە بەرپرسەکانی هەرێم سەربەخۆیە و لە دواقۆناغدا هەر بۆ خۆیان و بە لێکدانەوەی خۆیان بڕیار دەدەن.

( باس)- یەکگرتنەوەی دوو باڵەکەی حزبی دێموکرات بە کوێ گەیشت؟

عەبدوڵای حەسەن زادە: بە خۆشییەوە لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا پێوەندییەکی سروشتیتر لەنێوان دوو لایەندا هەیە و هەوڵ و تەقەلایەک بۆ چارەسەری مەسەلەی لێکدابڕانەکە لەئارادایە. ئەگەریش تا ئێستا ئاکامێکی دڵخواز بەدەست نەهاتووە، ئەوەندەی ئاگام لێیە هەوڵ و تەقەلاکە بەردەوامە و ئاواتەخوازم ئاکامی دڵخوازی خەڵکی کوردستانی لێ بکەوێتەوە.