كۆچی نا به وه‌ختی پێشمه‌رگه‌یه‌كی حیزبی دێموكراتی كوردستان
هەر کە هه‌واڵی نه‌خۆشی کاک برایم كانیه زه‌ردی‌م بیست، زۆر به تووندی رایچڵه‌كاندم و ته‌واوی كار‌و كرده‌وه‌كانی كه هه‌میشه له خزمه‌ت حیزبی دێموكراتی كوردستان دا بوو، وه‌ك فیلم به به‌ر چاوم دا رابوردن، به‌ڵام ئه‌م ئێواره‌یه ده‌وروبه‌ری کاتژمێر ٥ ی ئێوارە كه هه‌واڵی باشی ناوبراوم له زمان حه‌سه‌ن خۆشكه‌لام بیست، زۆر خۆشحاڵ بووم. به‌ڵام زۆری نه‌خایاندو پیش نووسینی ئه‌م بابه‌ته، به داخه‌وه هه‌واڵی كۆچی دوایی ناوبراوم پێ گەیشت . كۆچی دوایی برایم كانیه زه‌ردی هه‌رچه‌ند بۆ بنه‌ماڵه و دۆست و ره‌فیقانی زۆر ناخۆشه، زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ش له حیزبی دێموكراتی كوردستان كه‌وت، چونكه برایم كانیه زه‌ردی قه‌ت له كاری حیزبی دا كه‌مته‌ر خه‌می نه‌كرد و هه‌میشه به دڵه‌وه ئاماده‌ی به‌رێوه بردنی كار و ئه‌ركه‌كانی حیزبی بوو.
کاتێک هه‌واڵی كۆچی دوایی ناوبراوم بیست، ئه‌و رۆژه‌م هاته‌وه یاد كه هاته ته‌شكیلاتی ئاشكرا‌و گوتی : نامه‌یكم بۆ بنووسن و ده‌بمه‌وه پێشمه‌رگه. به‌ڵی نامه‌كه‌ی بۆ نووسراو، ئه‌مجاره‌یان به گوڕتر له رابردووی زیاتر قۆڵی له كاری حیزبی هه‌ڵماڵی و ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هات كردی و بۆ چركه‌یه‌كیش ماندوو بوونی نه‌ناسی. هه‌واڵی كۆچی نابه‌وه‌ختی برایم كانیه زه‌ردی نه‌ك هه‌ر ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی و دۆست و خزم و كه‌س وكاری نارەحه‌ت كرد، به‌ڵكو خه‌مێكی گه‌وره‌ی خسته سه‌ر دڵی هاوسه‌نگه‌رانی له نێو ریزه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستان ، چ له ناوخۆی حیزب له باشووری كوردستان و چ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هەمیش له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
برایم كانیه زه‌ردی كه‌سێكی رووح سووك و كار كوشته و به ئیمان و خۆراگر بوو كه هه‌موو كه‌س خۆشیان ده‌ویست و هه‌ر كه‌سێكیش كاری پێ بوایه، مه‌گه‌ر له ده‌ستی نه‌هاتبا ده‌نا بێ ئه‌م لاو ئه‌و لا بۆی جێ به جێ ده‌كرد، برایم كانیه زه‌ردی زۆری بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد و زۆری شه‌و و شه‌و نه‌خوونی كێشا ، ماندوو بوون و كار كوشته‌یی برایم كانیه زه‌ردی فه‌رامۆش ناكرێت و له دڵی رۆڵه به ئه‌مه‌گ و راسته‌قینه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی دا ده‌منیته‌وه‌و هه‌میشه به رێزه‌وه باسی لێده‌كرێت . برایم كانیه زه‌ردی بۆ خۆی رۆیشت و ماڵاویی له گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام سه‌ربه‌رزی و گه‌وره‌ی بۆ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به جێهێشت كه بۆیه ده‌بێت شانازی پێوه بكه‌ن.
لە کۆتایی دا سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه به‌رێزه‌كه‌ی ده‌كه‌م و له یه‌زدانی مه‌زنیش ده‌پارێمه‌وه كه رووحی برایم به به‌هه‌شتی به‌رین شادبكات
ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی