خوێن بە خوێن (الدم بالدم ). مەهدی خالید خەمبار

شەمەی ڕابردو لە ناوچەی جادریە لە بەغدا و لە ڕوداوێکی نەخوازراودا ڕۆژنامەنوس و میدیاکار ( محەممەد بدێوی شەممەری ) تێیدا گیانی لە دەستدا ، بۆ ئێمەی هاوپیشە و ڕۆژنامەنوسانی کورد هەم وەک لەدەستدانی هەر مرۆڤێکی ئاسایی و هەمیش وەک هاوپیشەو ئەکادیمیەک بە مایەی خەم و ئازارێکی زۆری دەزانین . لە دەستدانی هەر قەڵەم و هیزرێکی باش خەسارەتێکە بۆ هەموان.

ئەمەی دەیڵێم نە بەرایی و ڕەواییدان و پاساوهێنانەوەیە بۆ ڕوداوەکە ، من بە هیچشێوەیەک لە گەڵ کوشتن و خوێنڕشتندا نیم چونکە خۆم قوربانی و منداڵێکی هەستکوژراوی دەستی کوشتن بومە !لە هەمانکاتیش وەک کوردێکیش لە گەڵ ئەو هەڵوێستە شەڕابگێزیەی مالیکیش نیم کە دەریبڕی ( خوێن بەخوێن ) وە نە لە گەڵ جوڵانی  ئەو هێزەشم کە هێڕشیان کردە سەر کۆشکی کۆماری و سەنگەریان  لە پاسەوانانی سەرۆک تاڵەبانی گرت کە هێرشە بۆ سەر سومبوڵێکی کوردایەتی !

ئەم هەڵسوکەوتە سیاسیە عەنتەربازیەی ماڵیکی زۆر شتی سپیکردەوە.

١/ توشبونی مالیکی بە کۆمەڵێک گرێی دەرونی و ئاڵۆزی و شڵەژانی ڕوحی کە لە دەرەنجامی ئەو پەراوێزخستن و دۆڕانە سیاسی و شکستە ئەمنیانەن کە عێراقیان خەڵتانی خوێن کردوە کە هەموشیان بەری ئەو هەڵە چەوت و ناتەندروستانەن کە مالیکی و حکومەتەکەی بەردەوام دەیکات و بەهۆیەوە  تەنانەت متمانەی بەشێک لە شێعەکانیشی لەدەستداوە.

٢ / لە ڕوبەڕو بونەوە لە گەڵ سونەکانی ئەنبار و ناوچە سونە نشینانی تر لە لایەک  و گروپە چەکدارەکانی داعش و قاعیدە لە لایەکی تر کە توانیویانە بەشێک لە شارو ناوچەکانی پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و بەمەش هێزی سەربازی و ئەمنی عێراقی توشی شکستێکی گەورە بونەتەوە و هێزەکانی پێشمەرگەش وەک تەماشاکەر لە هەردولا دەڕوانن

٣/ کەڵەکە بون و چارەسەرنەکردنی قیرانەکانی نێوان حکومەتەکەی مالێکی و هەرێمی کوردستان  لە سەر مەسەلەی نەوت و پێشمەرگە و بودجە و ( ناوبەناویش مادەی ١٤٠ ) ، مالیکی لای خۆیەوە توڕەکردوە .

٤ /  خوێنی محەمەد بدێوی نە لەو ٤٨٠ ڕۆژنامەنوس و میدیاکارانەیتر بەدەرە کە لە سەردەمی حوکمداری خۆیدا تیرۆر کراون و لەناو براون و نە  لە خوێنی ئەوانەش زیاتر و بە بەهاترە ! بۆیە بەڕای من سەرباری بڕیاردانی مالیکی بە دەستگیرکردنی بکوژەکە کە ئەفسەرێکە هەڵگری ناسنامەی کوردیە ( بۆیە مالیکی بەم شێوەیە توڕە و تەنگەتاوکردوە ، ئەگەر ڕوداوەکە پێچەوانە بایە یان وەک ڕوداوی کوشتنی دوو کەسەکەیتری ڕادێۆی عێراقی ئازاد و یان وەک کوژرانی عەباس محەمەد کە بەدەستی هێزەکانی سواتی مالیکی کوژرا ) ئایە مالیکی هەمان ئەم هەڵویستەی دەبو ؟ مالیکی دەیەوێت بە بەردێک زیاتر لە نیشانێک بپێکێت ، بۆیە ئامادە بونی خودی خۆی  بە هێزێکی زۆری تایبەتەوە لە شوێنی ڕوداوەکە و ڕادەستکردنی تەرمی محمەد بدێوی بە کەسوکارەکەی لە لایەن مالکیەوە  و بڕیاردانی بە تۆڵەسەندنەوە بە ( خوێن بەخوێن ) ( عەرەب بە کورد )  هەم بەمە سەروەری یاسای شکاند وهەمیش دین و دەوڵەتی تێکەڵکرد وەک ئەوەی لە ئایندا هاتوە و دەڵێت ( السن باالسن و العین باالعین ) ؟  یەکەم و ستراجیترین مەبەست کە مالێکی ویستی بە ڕێگەی جوڵە پێکردنی هێزی تایبەت و بە پاڵپشتی ژمارەیەکی زۆر دەبابە بە ئاراستەی کۆشکی کۆماری و دواتریش ئابڵوقەدان و ئاراستەکردنی لولەی تۆپی دەبابەکان ڕوە و ئەو کۆشکەی تاڵەبانی و ئەو دوو لیوایەی پارێزگاری ناوچەی سەوزیان پێسپێردرابو ، پەیامێکی ڕەگەزپەرستانەی عەرەبی بوو ، کە ئاراستەی عەرەبی عێراقی کرد و پێیوتن من عەرەبم و وەک عەرەبێک ڕێگرم ئەفسەرێکی کورد دەستی سوربکات بە خوێنمان و دەربازبونیشی ئەستەمە، من ئێستا لە سەنگەری شەڕێکی نەتەوەییدام و پشتیوانمبن تا ئیتر دەستیان لە بەغدادی عەرەبی ببڕمەوە، ئەمە کارتێکە و دەتوانێت بە هۆیەوە لە هەڵبژاردنی داهاتودا دەنگی ژمارەیەک عەرەبی توندڕەوی پێمسۆگەربکات ، بە بارێیکیتر ئەوەی کە لە سەر هەسارەکان بەدواییدا دەگەڕا، قەدەر هێنایە نزیکترین شوێن و هەستیارترین جێگا کە ئەویش پەلکێشکردنی کوردە بۆشەڕێکی نەتەوەیی کە بەدرێژایی مێژو کورد خۆی لێپاراستوە .

دیوی دوەمی پەیامەکەی ئاراستەی گەلی کوردستانی کرا، نیشاندانی بازو بوو، بە هێزە کوردوستانی و سیاسەتمەدارانی هەرێمی وت ئەوە منم هەرکات کە بمەوێ و هەر کەسێکیش کە مەبەستم بێت و لە هەر پلە و پایە و لەهەر جێیەک بێت دەستم دەیگاتێ !

ئەوەی کە ساڵانێکە لە دڵیدا لە دژی کورد دەیشاردەوە ، ئەمڕۆ بێترس بەگوێی هەموماندا چرپاندی ، دەڵێت ئیتر عێراقیە ڕەسەنەکان پارێزگاری لە بەغدای پایتەختی عەرەبی دەکەن و کۆشکی کۆماریش لە پایتەختی عێراقی عەرەبیدایە !