هۆنراوە بۆ منداڵان … کەرکووکەکەم … رەزا شوان
من کوردێکی بچووکم
رەسەنزادەی کەرکووکم
کەرکووکی کوردستانم*
زێدی شیرین و جوانم
بە هێز و بیر و هۆشم
بۆ کەرکووک تێ دەکۆشم
کەرکووکەکەم پێناسەم
دڵ و خوێن و هەناسەم
باوە گوڕگوڕ مەشخەڵم
گڕی هەمیشەی دڵم
کەرکووک بێ تۆ هەڵناکەم
هەرگیز لە یادت ناکەم
نەرویج : ٢٠٠٠
سروودی من
کوردە گەلی قارەمانم
کوردستانە نیشتمانم
پێشمەرگەیە پاسەوانم
ئازادی یە هیوای ژیانم
کوردستانم سۆمای چاوم
دڵ و هەناسە و هەناوم
هێزی گوڕی تین و تاوم
هۆگری تۆم هەتا ماوم
کوردستانم بە یەزدانم
هەردەم وێردی سەر زمانم
دروشم و بەڵێن و پەیمانم
کوردستانم یا نەمانم
کەرکوک : ١٩٧٠
مەتەڵ
مەتەڵەکەم ئاسانە
خۆشترین شوێنی جیهانە
لە هەشت پيتی تەواوە
بێ دووبارە کراوە
ناوی لەسەر زارمانە
پیرۆزە و نیشتمانە
شوێنی نەتەوەی کوردە
لانەی شێری نەبەردە
زیرەکی خۆت بنوێنە
چی یە ناوي ئەم شوێنە ؟
هاوارکە بێ راوەستان
ئاوەدان بی کوردستان
ئەڵمانیا : ١٩٩٨
ئاڵا کەمان
ئاڵاکەی کوردستانم
ئاڵای رەنگین و جوانم
بشەکێوە لە ئاسمان
خۆشەویستر لە گیانم
ئاڵای بەرز و پیرۆزم
رەنگ سوور و سپی و سەوزم
رۆژەکەت ئازادی یە
هێماشە بۆ نەورۆزم
ئاڵاکەم رێزت دەگرین
لە هەر شوێنێک دا بژین
لە دڵمان دا شیرینی
بە تۆوەیە سەربەرزین
نەرویج : ٢٠٠٠