فێدڕالیزم، رێگاچارەیەکی گونجاو نییە بۆ کێشەی گەلی کورد! مەریوان نستانی
فێدڕالیزم وەکو یەكێک لە مێکانیزمەکانی پێکەوە ژیانو وێکهەڵکردنی گەلان لە دنیادا پێناسە دەکرێو زۆر وڵاتی دنیا ئێستا بە شێوەی فێدڕاڵ لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی وڵاتانی خۆیاندا هاوبەشی دەکەن.
نموونەی وڵاتانی فێدڕاڵ لە دونیادا زۆرن. هەروەک دێمۆکڕاسی زۆر جۆری هەیەو لە هیچ جێگایەکی دونیا وەک یەک ناچێ، بەهەمان شێوەش فێدڕالیزم لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازی هەیە. هەروەک دێمۆکڕاسی، چەند جۆرێکی تاقی کراوەو پێناسە کراوی فێدڕالیزم لە دونیادا هەنو پێڕەو دەکرێن.
شیکردنەوەو باس کردنی دێمۆکڕاسی، فێدڕالیزمو جۆرەکانی فێدڕالیزم، تەوەری باسی ئێستای من نین. من دەمەوێ باسی پێوەندی نێوان فێدڕالیزمو دێمۆکڕاسی بکەم. لەهەمان کاتدا دروشمی ستڕاتیژیک یان هەر شتێکی دیکەی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان ناویان لەسەر داناوەو نەگونجانی ڕێکارە فێدڕاڵییەکان لەگەڵ سروشتی دێمۆکڕاسیو فێدڕالیزم لە ناوچەکەدا باس دەکەم.
من زۆر بەکورتی ئەو بابەتەم نووسیوە، هیوادارم ببێتە، تەوەری باسو گفتوگۆیەکی فراوانتر ئەوکات دەتوانین بە هەموومان باسەکە کامڵتر بکەینو لە هەموو ڕوانگەکانەوە لێکدانەوەو تێگەیشتنە سیاسییەکانی خۆمان بخەینەڕوو.
فێدڕالیزم:
پێناسەیەکی زۆر سادەو ساکاری فێدڕالیزم بریتییە لەو پڕۆسەیەی کە دوو پێکهاتە یان زیاتر هێزو سامانیان لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی دیاری کراودا دابەش دەکەن و بەهۆی پارلەمان و حکومەتێکی هاوبەشەوە ئیدارەی کاروباری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیان دەکەن. بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندێتییەکانی هەریەک لە پێکهاتەکان. یان، فێدڕالیزم سیستمێکی بەڕێوەبردنە، کە دەسەڵاتو داهاتەکان لە نێوان دوو لایەن یان زیاتردا دابەش دەکاو پشکو دەسەڵاتی لایەنەکان لە ڕێگای یاسایەکی بنەڕەتییەوە پێناسە دەکرێ. لایەنەکان دەتوانن کاراکتەری جیاوازیان هەبێ، بۆ نموونە دەکری پارێزگایەک، هەرێمێکی دیاری کراو، کەمینەیەکی نەتەوەیی، زمانی، ئایینیو … هتد بێ. جگە لەو پێناسانە دەتوانین بڵێین کە فێدڕالیزم شێوەیەکی سەرکەوتووی پێکەوە ژیانو وێکهەڵکردنی گەلانی ئەو وڵاتانەیە کە بە شێوەیەکی فێدڕاڵی وڵاتی خۆیان بەڕێوە دەبەن. نموونەی ئەم وڵاتانە ئامریکا، کانادا، ئوستوڕالیا، هێندوستان، باکووری ئەفریقاو… هتد، بەکورتی لە هەموو دێمۆکڕاتییە جێکەوتوەکانی دونیادا شێوەیەک لە فێدڕالیزم یان دابەش کردنی دەسەڵاتی کارگێڕی بەرچاو دەکەوێو هەموو دەسەڵاتەکانی بڕیاردان لە ناوەنددا کۆ نەکراونەوە. بەواتایەکی دیکە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە لە چوارچێوەی جوگرافیایی خۆیاندا نەتەوە، زمانو کەمایەتی جۆراوجۆریان هەیە، بناغەیەکی فێدڕاڵیان هەیە، بەڵام هەموویان دێمۆکڕاتیک نین.[١]
دێمۆکڕاسی:
تا ئێستاش دێمۆکڕاسی بە هەموو کەمو کوڕیەکانیەوە باشترین جۆری بەڕێوەبردنی کاروباری هەر سیستمێکی سیاسیو ئابوورییە لە دونیادا، کە دەتوانێ تا ڕادەیەکی باش بەشداری، مافو ئەرکی وەک یەک بۆ هەمووان دابینو پێناسە بکا. لە سیستمە دێمۆکڕاتیکەکاندا کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی گارانتی دەکرێنو دەسەڵاتی بەڕێوەبردن داکۆکیان لێدەکا، کە بریتین لە: ئازادی ڕادەربڕینو بەشداری لە بڕیاری سیاسیدا، هەمووان مافی دەنگدانو خۆ کاندید کردنیان هەیەو دەنگی هەمووان وەک یەک دێتە ئەژمار، هەمووان مافی فێربوونو خۆپێگەیاندنیان هەیەو مافی دەست ڕاگەیشتن بە هەموو سەرچاوەکانی زانیاریان هەیە، هەرکەس دەبێ بواری ئەوەی هەبێ لە ڕێگای خۆیەوە کاریگەری هەبێ لەسەر دروست کردنی بڕیاری سیاسیو هەمووان دەبێ هەلو دەرفەتی وەک یەکیان هەبێو جیاوازی لە نێوان چینو توێژەکانی کۆمەڵگادا نەکرێ.[٢] هەمان ئەو خاڵانەن کە لە پێش مەرجەکانی ڕۆبێرت داڵدا هەن بۆ بوونی دێمۆکڕاسیو جێکەوتنی ئەو سیستمە لە شێوەی پۆلیارکیدا.
فێدڕالیزمو دێمۆکڕاسی:
دێمۆکڕاسی دەتوانێ بەبێ بوونی فێدڕالیزمیش سیستمێکی سەرکەوتوو بێو بێ گیروگرفت بەردەوام بێ، بەڵام فێدڕالیزم بەبێ بوونی دێمۆکڕاسییەکی جێکەوتوو، دامو دەزگانی دێمۆکڕاسی، سیستمی دادوەریو ڕێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان ناتوانێ سەرکەوتوو بێ، لەگەڵ ئەوەدا کە سەرکەوتوو نابێ، زیان بە پڕۆسەی دێمۆکڕاسیو جێکەوتنی دێمۆکڕاسییش دەگەیەنێ. لە ئاکامدا دەبێتە ڕێککەوتنێکی ناکامڵ یان دابەش بوونی جوگرافیایی هەرێمەکان.[٣] ئەم دابەش بوونانەش زۆر جاران دەبنە هۆکاری شەڕو ماڵوێرانی گەلان.
دێمۆکڕاسی لە قۆناغی گواستنەوەدا، دێمۆکڕاسی جێنەکەوتوو:
مەبەست لە دێمۆکڕاسی جێنەکەوتوو ئەو سیستمانەیە کە دێمۆکڕاسیو دامو دەزگانی جێگیرنەبوون، هەموو ئەو دێمۆکڕاسیانە دەگرێتەوە کە لە دوای کۆتایی هاتنی سیستمێکی دیکتاتۆریو سەرەڕۆ دێنە ئاراوە کە پێویستیان بە کاتێکی زیاترە بۆ جێکەوتنو بوونە بەشێک لە ژیانو کاری ڕۆژانەی خەڵکو دەسەڵات، دێمۆکڕاسی پێش ئەوەی سیستمی بەڕێوەبردنو کارکردی دامو دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی بێ، کولتوورو دابو نەریتی تایبەت بەخۆی هەیە کە کاتو ڕاهێنانی پێویستی دەوێ هەتا جێگیر دەبێ.
کاتێک باس لە دێمۆکڕاسییە تازە گەشە کردووەکان دەکەین لەگەڵ کۆمەڵێک گیروگرفتی تایبەتی بەو ناوچە یان وڵاتانە بەرەوڕوو دەبین کە دەمانەوێ باسی دێمۆکڕاسیان تێدا بکەین. ئەگەر بۆ نموونە باسی دێمۆکڕاسی لە دوای ڕووخانی ڕێژیمەکانی، ئەفغانستان، عێڕاق، توونس، میسر، لیبیو یەمەن بکەین بە ئاسانی ئەو گیروگرفتانە دەبینین کە دەبنە کۆسپی بەردەم جێکەوتنو پەرەگرتنی دێمۆکڕاسی. دێمۆکڕاسی لەو وڵاتانەدا لە قۆناغە هەرە سەرەتایییەکانی دایە، بە سەرنج به ئاستی پێشکەوتنی سیاسیو ئابووریو کرانەوەی ئەو وڵاتانە بەڕووی دونیای دەرەوەدا، ماوەیەکی یەکجار زۆر زیاتری پیویستە بۆ ئەوەی دێمۆکڕاسی لەو وڵاتانەدا جێگیر ببێو ببێتە بەشێک لە کولتووری سیاسی خەڵکو پارتە سیاسییەکانیان، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتو ناوەندی ئورووپا دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە سەرەتاکانی ١٩٩٠ی سەدەی ڕابردوودا. بێگومان ئەوەش پیوەندی هەیە بە ئاستی پێشوازی گەلانی دیکەو سیاسەتی ناوچەییو نێودەوڵەتیش.
دانکوارت ڕۆستۆو یەکەم کەس بوو کە قۆناغی نێوان کۆتایی هاتنی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆو دیکتاتۆرو جێکەوتنی دێمۆکڕاسی بە قۆناغی گواستنەوە، پێناسە کرد، ئەو باسی ئەو قۆناغەو ئاستەنگهکانی دەکا بەرەو دێمۆکڕاسی، لە هەمان کاتدا باس لەو دێمۆکڕاسیانەش دەکا کە بۆ مانەوەیان پێویستە خۆیان بەڕۆژ بکەنەوە.[٤] ئەم قۆناغی گواستنەوەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکو لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازی زۆری هەیە، دەکرێ ئەو ماوەیە چەندین ساڵ بێ.
هەموو ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، سیستمێکی نادێمۆکڕاتیکو دیکتاتۆریان هەیە، ئەگەر عێڕاق وەک نموونەی بەرچاو وەربگرین، دوای ڕووخانی ڕێژیمی بهعس تا ئێستاش قۆناغی گواستنەوە لە نێوان دیکتاتۆریەتی ڕێژیمی پێشوو و دێمۆکڕاسی ڕێژیمی تازهدا کۆتایی نەهاتوەو ئێستاش زۆری ماوە بنەماکانی دێمۆکڕاسی لەو وڵاتەدا جێگیر ببن. هەربۆیەش عێڕاقی ئێستا ئامادەی ئەوە نییە سیستمێکی فیدڕاڵی تێدا جێگیر ببێو ئەوەی لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا پەسەند کراوە جێبەجێ ببێ. لە ئاکامی ئەو نائامادەیییە دایە ئەو فێدڕالیزمەی لە عێڕاقدا هەیە، خەریکە ئەو وڵاتە بەرەو پارچە پارچەبوون، یان لە باشترین حاڵەتدا تەنیا بۆ فێدڕالیزمو ڕێک کەوتنێکی سەر کاغەز دەبا، کە هیچ کام لە لایەنەکانی ئەو هاوبەشییە سیاسییە بە فەڕمی خوازیاری نین.
ناتوانین چاوەڕوان بین، کە دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانیش ئەو قۆناغی گواستنەوەیە زۆر لەوەی عێڕاق خێراتر بێ. ئەو پڕۆسەی دێمۆکڕاسییەش کە لە وڵاتی تورکیادا بەڕێوەیە زیاتر لە شەست ساڵە هێشتاش نەی توانیوە ببێتە جێی ڕەزامەندی یەکیەتیی ئورووپا کە تورکیە خوازیاری بوونە ئەندامە لەو یەکیەتییەدا، [٥] بێگومان هەموو لایەک ئەو ڕاستییە دەزانین کە سیستمی بەڕێوەبەری وڵاتی تورکیە بە بەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دیکە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، جیاوازی زۆرە. کەواتە ناتوانین زۆر گەشبین بین بەوەی کە قۆناغی گواستنەوە لە ئێراندا خێراتر لە تورکیاو لە عێڕاق دەبێ. بۆیە لە ئێرانیشدا فیدڕالیزم ناتوانێ ئالتێڕناتیڤێکی باش بۆ چارەسەری گیروگرفتە نەتەوەیییەکانی گەلی کورد بێ، لەهەمان کاتدا ناتوانێ سیستمێکی بەڕێوەبەریی سەرکەوتووش بێ.
بەکورتی دەتوانین بڵێین هەموو ئەو دێمۆکڕاسیانەی لە قۆناغی گواستنەوە دان، دێمۆکڕاسی جێنەکەوتوونو دێمۆکڕاسی جێنەکەوتووش ژینگەیەکی شیاو نییە بۆ گەشەو بنیاتنانی فێدڕالیزم.[٦]
گیروگرفتەکانی فێدڕالیزم:
فێدڕالیزم بریتییە لە هاوسەنگییەکی سیاسی، بەڕێوەبردنو ئابووری، ئەو هاوسەنگییە بەردەوام لە گۆڕان دایە، هەر لایەک هەوڵ دەدا قازانجی زیاتری وەبەربکەوێ لەسەر حیسابی لایەنەکانی دیکە. جاری وایە حکوومەتی ناوەند بەهێزتر دەبێ لە حکوومەتی هەرێم یان هەرێمەکان، یان بە پێچەوانەوە هەرێمەکان بەهێزتر دەبن لە ناوەند، هەردووی ئەو حاڵەتانە لە فێدڕالیزمی ئیسپانیادا بەرچاو دەکەون. هەرێمە لاوازو کەم دەرامەتەکان بە شێوەیەکی نەخوازراو کەوتوونە ژێر دەسەڵاتی ناوەندو بە شێوەیەک کە لە هەرێمەکانی خۆشیاندا توانای بڕیاردانو بەڕێوەبردنیان نەماوەو حکوومەتی مادرید هەموو بڕیارێکیان بۆ دەداو سەربەخۆی بڕیاردانی ئەوانی هێناوەتە ژێر پرسیار، لە کاتێکدا کە هەرێمی کاتالۆنیا توانا ئابوورییەکانی زۆر لە حکوومەتی مادرید زیاترنو زۆرکەم گوێڕایەڵی ڕێنوێنیو بڕیارەکانی مادرید دەبێ. ماوە ماوەش هەڕەشە لە مادرید دەکەن کە دەیانەوێ خۆیان لە حکوومەتی مادرید جیا بکەنەوە.[٧]
یەکێکی دیکە لە کێشەکان نەبوونی هاوسەنگییە لە نێوان لایەنەکانی ئەو پێکهاتنە سیاسییەدا، بەجۆرێک کە سروشتی لایەنەکان، لەڕووی ژمارەو پێوەندیو پشتیوانی کاراکتەرە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێندێک جاران، ئەو هاوسەنگییە لە ڕێگای ناچاریەوە بێ، بۆیە دیسان هەر لایەک هەوڵ دەدا قازانجی زیاتری لەو ڕێککەوتنە دەست بکەوێ، قازانجی زیاتریش بێگومان لەسەر حیسابی لایەنەکانی دیکە دەبێ، هەر لایەک هەوڵ دەدا دەسەڵاتی زیاتری هەبێ لە هەرێمی خۆیداو لەهەمان کاتدا دەی هەوێ دەنگی زیاترو بەگوڕتر بێ لە حکوومەتی ناوەنددا، دیسان ئەوەش لەسەر حیسابی لایەنەکانی دیکە دەبێ، بۆیە ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ دروست بوونی نائارامیو دروست بوونی ناهاوسەنگی سیاسیو ئابووری. سروشتی ڕیک کەوتنەکان وایە کە ڕێکارو مەرجەکانی پێکەوەبوون دیاری دەکەن، بەڵام میکانیزمی ناچارکردنی لایەنەکان بۆ بەڕێوەبردنی یاسا بنەڕەتییە فێدڕاڵییەکانیان بە ئاسانی بۆ دانانرێ، یان هەر بۆیان دانانرێ.
هەڵپەساردنی کێشەکانو چارەسەر نەکردنیان، دیارنەبوونی خەتاباری کەمکاری و گەندەڵییە ئیدارییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانیو حکوومەتی فێدڕاڵی، لە نێوان حکوومەتی ناوەندیو حکوومەت یان حکوومەتە ناوچەیییەکان. دواکەوتنو خێرا ڕانەپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتیان لە هەرێمە جیاوازەکاندا، ئەوە زیاتر لە دێمۆکڕاسییە تازەکان یان جێنەکەوتووەکاندا بەرچاو دەکەوێ، ماددەی ١٤٠ی یاسای بنەڕەتی عێڕاقو کێشەکانی دوو حکوومەتی بەغداو هەولێر لەسەر ئەم مەسەلەیە یەكێک لەو نموونانەیە کە بە هەڵواسراوی ماوەتەوەو حکوومەتی ناوەند نای هەوێ چارەسەری ئەو کێشەیە بکاو حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ناتوانێ ناوەند ناچار بکا کە جێبەجێی بکا.
دیارە زۆرینەی ئەو کێشانە لە دێمۆکڕاسییە ناسەقامگیرو نوێیەکاندا بەرچاونو لەهەمان کاتدا چارەسەریان ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی دێمۆکڕاسی وەک کولتووری دان بەیەکدانانو ڕێزگرتن لە جیابیرانو بەشداری هەمووان لە پڕۆسە سیاسییەکاندا جێگیر نەبووە.
نەشیاوی فێدڕالیزم وەک چارەسەر بۆ کێشەی کورد:
ئەوەی تا ئێستا باس کراوە، بریتییە لەوەی کە بۆ سیستمێکی فێدڕاڵ، پێویستە دێمۆکڕاسییەکی جێکەوتوو هەبێ بۆ ئەوەی دامو دەزگا فێدڕاڵییەکان بتوانن دابمەزرێنو کاری دیاری کراو و بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان بەڕێوەببەن. پێشتر باسی ئەوەمان کرد کە ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە هەروا بە ئاسانی ناتوانن ببنە وڵاتی دێمۆکڕاتیکو خانەخۆێ بۆ دێمۆکڕاسیو دامو دەزگاکانی، هەر بەو هۆیەوە ناتوانین فێدڕالیزم وەک چارەسەری كێشەکانی ئەو وڵاتانە کە زۆرو جیاوازن دەست نیشان بکەین.
لەلایەکی دیکەوە بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا هەرکام دروشم، بەرنامەو ڕێکاری تایبەت بەخۆی هەیە بۆ چارەسەر کێشەی کورد، هەموویان بەجۆرێک خەونی سەربەخۆییو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیان هەیە. بۆیە هیچ ڕێککەوتنێکی کوردان لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوەند لەو وڵاتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ڕێککەوتنێکی درێژخایەن نابنو هەرکات بوار بڕەخسێ، ئەوا داخوازی سەربەخۆیی دەکەن، سروشتی دێمۆکڕاسییش وایە نابێ ڕێگری لە ویستی گەلان بکا بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان، لایەنەکانی ئەو ڕیککەوتنانەش ئەو ڕاستییە دەزانن. تا دێ، ئەو ئاسۆیەش ڕوونتر دەردەکەوێ.
یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرهکییەکان، بریتییە لە ژمارەی کوردەکان بە بەراورد لەگەڵ، لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە، چ تورک، عەرەب یان فارس بن. لەو جۆرە بەراوردانەدا هەموو کات کوردەکان کەمینەن. هەرکاتێک حکوومەتی ناوەند بیهەوێ، دەتوانێ گیروگرفتی زۆر گەورە بۆ حکوومەتە هەرێمییهکان دروست بکا، بە تێبینی ئەوەی کە قۆناغی گواستنەوە زۆر درێژەو ئەو دێمۆکڕاسییە کە بۆ نەشو نمای فێدڕالیزم پێویستە لە ئارادا نییە. بەبێ بوونی ئەو دێمۆکڕاسییەش هەرکات لایەنەکان “بەهێزترەکان” بیانهەوێ، دەتوانن قازانجو پشکی زیاتر بۆخۆیان دابین بکەن لەسەر حیسابی لایەنەکانی دیکەی هاوبەشیان. بۆیە هەرکات ئەو ڕێککەوتنو پێکهاتنە سیاسییەی نێوان لایەنەکان دەتوانێ، گۆڕانی بەسەردابێ بە قازانجی لایەنە گەورەو بەهێزەکانی. لەبەر ئەوەی کوردەکان بەژمارە کەمترن، بەبێ بوونی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییانەی کە هەیانە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە هیچ گارانتییەک لە گۆڕێ نییە بۆ پێشێل نەکردنی مافەکانیانو داگیرنەکردنی پشکەکانیان. نموونەی زیندوو بۆ ئەم شێوەیە لە کێشەکان، حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستانە.
—————
سەرچاوەکان:
1: Language, Ethnic Identity and the State, William Safran & Jean A. Laponce, 2005, p 107-118
2: Dahl, Robert N. (1989).Democracy and its critics. First edition. TheComposing Room of Michigan, Yale University. p 108-115
3: In Search of the Federal Spirit: New Comparative Empirical and Theoretical Perspectives, 2012, William H. Riker and the Federal Bargain, p 105-116
4: Transitions to Democracy: Toward a Dynamic Model, Author(s): Dankwart A. Rustow. p. 339 – 345
5: In Search of the Federal Spirit: New Comparative Empirical and Theoretical Perspectives, 2012, William H. Riker and the Federal Bargain, p 105-116
6: EU as a normative power – the case of Turkey, Mariwan Nisstany & Rasmus Orsen.
7: Financial Times, Spain: Autonomy under fire, David Gardner, Last updated: August 22, 2012 4:16 pm