پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ ئاکامی مانگرتنی بەندییە سیاسەکانی بەندیخانەی ورمێ‌دا

شتیوانی لە بانگەوازی کەمپەینی به‌رگری له‌ به‌ندکراوانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی دەکەین.
٢٥ ڕۆژ بە سەر مانگرتنی نزیکەی ٣٠ بەندیی سیاسیی کوردی(*) بەندیخانەی ورمێ دا ڕابرد. لە ڕۆژی  پێنج شەممە٢٩ی خەزەڵوەرەوە ئەو پۆلە لە بەندییە سیاسییە کوردەکانی بەندیخانەی ورمێ مانیان لە خواردن گرتوە تا بەمجۆرە ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە پێشێلکرانی مافەکانیان وەک بەندییەکی سیاسی، بە بیروڕای گشتیی رابگەیەنن. لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوودا، کاربەدەستانی بەندیخانەی ورمێ‌و بەرپرسانی دام‌و دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە گوشاریان خستوەتە سەر مانگرتووەکان بۆ ئەوەی مانگرتنەکەیان بشکینن. تەنانەت هەڕەشەی بەڕێوەبردنی حوکمی ئەو بەندییە سیاسیانەیان کردوە کە بە ئێعدام مەحکووم کراون. بەڵام  بەندییە مانگرتووەکان بەو هۆیەوە کە کاربەدەستان، ڕەزامەندییان لە گەڵ داواکانی ئەوان رانەگەیاندوە‌و بەڵینی جێبەجێکردنی داخوازەکانی ئەوانیان نەداوە، ئامادە نەبوون مانگرتنەکەیان بشکێنن. نەک هەر مانگرتنەکەیان نەشکاندوە بەڵکوو لە دوێنێ شەممە ٢٢ی سەرماوەزەوە، پییان ناوەتە نێو مانگرتن لە خواردنەوەی شلەمەنییەوە. ئەگەر چی لە ئاکامی ئەم مانگرتنە دریژخایەنە دا، سڵامەتیی ژمارەیەک لە بەندییەکان کەوتوەتە دۆخێکی مەترسیدار‌و، سەرەڕای داوای بنەماڵەکانیان بۆ شکاندنی ئەم مانگرتنە، بەندییە مانگرتووەکان لە سەر درێژەدانی مانگرتنەکە وەک تاکە ڕێگای گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە بیروڕای گشتی، هەر وا شێلگیرن.
حیزبی دیموکراتی کوردستان کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە، پشتیوانی ئەم مانگرتنەی بەندییە سیاسییەکان‌و داوا ڕەواکانیان بووە،بە جیددی نیگەرانی سڵامەتیی ئەم ئازادیخوازە دیل‌و بەندکراوانەی کوردستانە. ئێمە‌و هەموو خەڵکی کوردستان‌و ئێران دەزانین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆی نێوەرۆکی دیکتاتۆرانە‌و دژەمرۆیانەی،ئەگەر مانگرتن‌و ناڕەزایەتیدەربڕین گیان‌لەدەستدانی ئینسانەکانیشی لێ بکەوێتەوە، ئامادە نییە گوێ لە ویست و داخوازە ڕەوا‌و ئینسانییەکان بگرێ. ئەم مانگرتنە ٢٥ ڕۆژییەی بەندییە سیاسییە کوردەکانی بەندیخانەی ورمێ، ئەگەر نەشیتوانیبێ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناچار بە قبووڵکردنی داواکانی بکا، توانی سەرنجی خەڵکی کوردستان‌و ئێران‌و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی جیهان بۆ لای بارودۆخی دڵتەزێنی بەندییە سیاسییەکان لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی دا رابکێشێ. ئەم مانگرتنە هەر لەو کاتە دا کە گیانی خۆڕاگری و هاوپێوەندیی لە نێو بەندییە سیاسییە کوردەکانی ئیران‌دا بوژاندەوە، بووە هاندەری چالاکانی سیاسیی رۆژهەڵات لە کوردستان‌و دەرەوەی وڵات بۆ هاتنە سەرشەقام‌و چالاکیی دیکە بە مەبەستی پشتیوانی لە بەندییە سیاسییەکان.
حیزبی دیموکراتی کوردستان،ڕێز لە خۆڕاگری‌و لەشکاننەهاتوویی بەندییە سیاسییە مانگرتووەکانی بەندیخانەی ورمێ دەگرێ‌و ئەم مانگرتنەیان بە لاپەڕەیەکی جێی شانازیی  خەبات‌و خۆڕاگریی تیکۆشەران‌و قارەمانانی نێوبەندیخانەکانیان دەزانێ. ئێمە لە ڕوانگەی بایەخدانمان بە سلامەتیی گیانی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان‌و هەر وەها بە هیوای بەردەوامبوونی خۆڕاگری‌و نارەزایەتیدەربڕین لە دەرفەت‌و هەلومەرجی باشتردا، پشتیوانی لە بانگەوازی “کەمپەینی به‌رگری له‌ به‌ندکراوانی سیاسی و مه‌ده‌نی” دەکەین و داوا دەکەین بەندییە مانگرتووەکان، مانگرتنەکەیان بشکێنن. لە کاتیک دا سڵاو بۆ ئیرادەی پۆڵایینی بەندییە مانگرتووەکان دەنێرین، ڕێز‌‌و پیزانین‌و سوپاسی خۆشمان پێشکەشی هەموو ئەوانە دەکەین کە لە ٢٥ ڕۆژی ڕابردوو دا، لە پشتیوانیی ئەم مانگرتنە‌و هاودەردی لە گەڵ بنەماڵەی مانگرتووەکان‌و گەیاندنی هاواری بەندییە سیاسییەکان بە گوێی مرۆڤدۆستانی جیهان، درێغیان نەکردوە.
هەر لەو کاتەش‌دا پێمان وایە چالاکانی سیاسی‌و مەدەنی‌و حیزب‌‌و ڕێکخراوە سیاسییەکان‌و میدیا کوردی و ئێرانییەکان، پیویستە ئەزموونی چۆنیەتی بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ ئەم حەرەکەتە مەدەنییە گرنگەی بەندییە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێ، بێننە بەرباس و هەڵسەنگاندن، بۆ ئەوەی خەسارناسیی خاڵە لاوازەکانی کار‌و تیکۆشان‌و هەڵویستی خۆیان بکەن‌و بۆ دەولەمەندکردنی کولتووری خەبات‌و تێکۆشانی سیاسی‌و خەباتکارانە لە پیوەندی لە گەڵ نیوخۆی وڵات دا، دەرسی لێ وەربگرن.

سەربەرزی بۆ بەندییە سیاسییە مانگرتووەکانی بەندیخانەی ورمێ و بنەماڵە ئازارچێشتووەکانیان،
ئازادی بۆ هەموو بەندییە سیاسییەکانی کوردستان‌و ئیران
شکان‌و ڕسوایی بۆ ڕێژیمی ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٢٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣
١٥/١٢/٢٠١٤

(*) لە پاشکۆی ئەم پەیامەدا ناوی بەندییە سیاسییە  کوردەکانی بەشداری ئەم مانگرتنە هەیە.
بەندییە سیاسییەکانی بەشداری مانگرتن:
عەلی ئەفشاری، وەلی ئەفشاری ، حەبیب ئەفشاری ، کەیهان دەرویشی، شێرکۆ حەسەن‌پوور، محەممەد عەبدوڵلاهی، خدر ڕەسووڵی ڕاد، سامان نەسیم، ئەمیر مەلادوست، سیروان نەژاوی، جەعفەر میرزایی، ئیبراهیم رەزاپوور، محەممەد عەبدولبەخت، عەبدوڵلا ئەسغەری، عەبدوڵرەحمان سلێمان، سەیدسامی حوسێنی، عەبدوڵلا حەمودی، ئەحمەد تەموئی، عوسمان مستەفا‌پوور، بێهروز ئەلخانی، مستەفا ئەلڕەحمان،یوسف کاکه‌مەمی، سەیدجەمال محەممەدی، مەولوود یەزدان‌پەنا، عەلیرەزا ڕەسووڵی، شۆڕش ئەفشاری و مستەفا داوودی.
پێویستە بگوترێ پاریزەری بەندکراوی کورد مەسعوود شەمس نەژادیش لە ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزەوە مانی لە خواردن گرتوە. هەروەها مەنسوور ئاروەند کە یەک لە ٢٩ بەندیی مانگرتوو بوو، هەر لە ڕۆژانی یەکەمی مانگرتنەکەدا، بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوێزرایەوە.