بنچینەکانی قەیرانی ڕێگە هەڵبژاردن. جەماڵ عەڵیاڵی

لە پاش شەری دووهەمی جیهانییەوە، سیستەمی سەرمایەداری سیاسەتێکی سەردەمییانەی هەڵبژاردووە. ئەو گۆڕانکارییە هەر وەکوو ئەوانی پێشو، هەر وەکی ئێستا، یەک لە سیاسەتەکانی سەرەکی ئەو سیستەمە بووە. واتە “خۆگونجاندن” دەگەڵ بارودۆخی سەردەم نەک هەر تاکتیک، بەڵکوو بۆتە بە ستراتێژی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی. بەو پێیە و لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانییەوە تا ئێستا ئەو سیستەمە لە بواری ڕامیاریدا بانگەشە بۆ هێوری و هێمنی لە کۆمەڵگا دەکات. یەک لە ڕێچکە گرینگەکانی ڕامیاری لە فێرگەکاندا هەر ئەوە بووە و ئێستاش هەر بەو هەوایە دەرواتە پێش. مینای سەرکەوتووی ئەو سیاسەتە نزیکەی ٢٢ ساڵ لەمەو بەر، کاتی داڕمانی دیواری بەرلین بینرا. یەک لە ئاکامەکانی ئەو تێڕوانینە لە سەر کۆمەڵگای فرە نەتەوەیی مەبەستی ئەو کورتە نووسراوەی بەردەمی خۆێنەری بەرێزە.
بە پێی ئەو سیاسەتە و لە ئاکامی ئەو سیاسەتەدا “ئیتر سەردەمی شۆڕشی چەکداری وەکوو کوبا و ڤیەتنام تەواو بووە و مڕۆڤەکان بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی تەنانەت سەرەتاییان، پێویستە لە تووند و تیژی پارێز بکەن و لە ڕێگەی ئاشتەواییەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانیان بدەن ئەگینا کردەوەکانیان ناکەونە خانەی شارستانییەتی. فەرموو! لە سەر بەرهەڵستکاری خۆت پێ داگرە، لە بانگی نارەزایەتی خۆت بدە بەڵام بۆ لای تووند و تیژی مەڕۆ!” واتایەکی ئەو تێڕوانینە (لای تری پوولەکە) ئەوەیە کە سیستەمی سەرمایەی جیهانی بە ڕاشکاوی دەڵێت: مرۆڤ مافی خۆیەتی بەرهەڵستکار بێت و لەو پێناوەدا کۆنگرە و کۆڕ و کۆمەڵە ساز دات بەڵام هەر ئەوە سیاسەتەی لە داکۆکی لە خێرو بێری سیستەمی سەرمایەی جیهانی دەکات، دەڕواتە پێش! ئەو سیاسەتە لە وڵاتانی ئسکاندیناڤیا بە زۆر هۆکارەوە، یەک لەوان تا ڕادەیەک، دووربوونیان لە ئاگری شەڕی دووهەم، بە سەرکەوتوویییەکی  نائاساییەوە بەرەو پێش ڕۆیشت و هەنووکەش هەر بەردەوامە.
سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، داکۆکی لە دیکتاتۆرەکانی بن دەستی خۆی دەکات بەڵام هەر ئەو دیکتاتۆرانە خۆیان هێدی هێدی سیستەمی تایبەتی خۆیان پێکهێنا. هەر ئەو سیستەمانەی دووایی سیاسەتی ماسترەکانی خۆیان ڕەچاوکرد و کۆمەڵانی خەڵکیان بە ڕووحی بانگەشە بۆ ئاشتەوایی و هێوری پەروەردەکرد کە ئێستاش هەر بەردەوامە (تووندوتیژی لە لایەن ئیسلامەوە لە گشتی ناوچەکەدا جیاواز لەو باسەیە). هەر ئەو سیاسەتەیە کە لە ناو ڕووناکبیری نەتەوەی کورددا ڕەنگی داوەتەوە و بۆت هۆکاری ئەوە کە زۆربەیان لە خێڵی ڕووداوەکاندا لە پاشن، واتە، ڕاستییەکان لەو شێوازە کە هەن نابینن! خۆێنەری بەرێز بۆی هەیە بە مەبەستی بەرپەرچ دانەوەی هەر چەشنە دژبەرییەک سرنج بداتە ئەو چەند هەواڵەی خوارەوە:
١١ە مین کۆنفرانسی پارلەمانی ئاورووپا بە سەرکەوتووییەکی گرینگ بۆ نەتەوەی کورد کۆتایی بە خوولی ئەمساڵەی هێنا لە کاتێکدا وەزیرێکی پێشووی فرانسا و پاشان سناتۆرێکی پێشووی ئەمریکا میوانی کانتۆنی جزێر لە ڕۆژئاوا بوون. سناتۆرەکە بە ڕاشکاوی لە قسەکانیدا وتی: “کورد ڕۆڵێکی مەزن لە ئاڵووگووڕەکانی ناوچەکەدا هەیە… بەڵام پێویستە ئەوان خۆیان تەبا بن!” کۆنگرەی ئامریکا، پارتی دێمۆکراتی کوردستان و یێکێتی نیشتمانی کوردستانی لە لیست “تەرۆر” دەرخست. داگیرکەران هاوار دەکەن کە ئەوان دۆستی کوردن و داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەن…!
بەڕای نووسەر ئەو هەواڵانەو زۆر هەواڵیتر گوزارە لە هاتنە ئارای کۆمڵە فاکتەرێکی نۆێ دەکەن . بەو پێوەرە، پێویستە سازەکانی کوردستانی لە هەر چوار پارچەکە، بیر لە پێکهێنانی هێزی سوپایی یەکگرتوو بکەن، پێویستە بیر لە لێژنەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبەڕایەتی هەمەلایەنەی کۆمەڵگا بکەن، پێویستە بیر لە پلاندانان بۆ سەرکەوتنی ژیانێکی ئازاد و دێمۆکراتیک بۆ کوردستانیان بکەن، پێویستە پێ لەسەر ئەرزی واقیع دانێن و ڕاستییەکان، هەر بەو شێوازە کە خۆیان هەن، سەیر بکەن ئەگینا هەڵیکی گونجاو کە لە کیسەی مێژوو پێیان بەخشراوە، لە دەست دەچێت. شایانی باسە کە ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لەو بوارەدا زۆر کارساز دەبێت ئەگەر بێتو سەرکردەکانی تۆزێک لە “شتی تر” وازبێنن. بەو هیوایە کە سازەکانی سیاسی کوردستانی باشتر لە جاران دەگەڵ ڕاستی ڕووداوەکان مامەڵە بکەن.
جەماڵی عەڵیاڵی

١٥/١٢/٢٠١٤