ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاری لە مەڕ پەلەقاژە تەبلیغییەکانی ئەو ماوەی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی

جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگری کوردستان
لە ماوەی ڕابردوو دا دام ودەزگا راگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بە بڵاو کردنەوەی کۆمەڵێک پروپاگەندەی تلێڤیزیۆنی بە دژی حیزب و رێکخراوە کوردییەکان بە تایبەتی رێکخراوە کوردییەکانی کوردستانی ئێران کردووە، کە سەرانسەر پروپاگەندەی پڕ و پووچ و بێبنەما و بە مەبەستی تێکدانی مێژووی پڕ لە شانازی بەرەنگاری میللەتی کورد و شکۆی حیزبەکانی بووە.
دیارە ئەم دیاردەیە بۆ جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نامۆ نییە و هەمووان بە تایبەتی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان شارەزایی تەواویان لە مەبەستی بڵاو کردنەوەی ئەم بابەتگەلە هەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی مەبەستی چەواشەکارانەی هەیە و دەیانهەوەی روخساری بەرحەق بوونی جووڵانەوەی کورد بشێوێنن . بەڵام دەبینین تا دێت ڕوالەتی راستەقینەی کۆماری ئیسلامی زیاتر بۆ خەڵکی ئێران بە گشتیی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەردەکەوێ. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەموو هەوڵی خۆی داوە کە بە کەڵک وەرگرتن لە هەڵبەستنی درۆ و دەلەسە و بۆختان و شکاندنی کەسایەتییەکانی نێو بزووتنەوەی کورد، ڕوالەتی راستەقینەی خۆی بشارێتەوە و کەلێن بخاتە نێوان جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئەحزابی کوردستانی ئێران بەڵام لەو کارەدا نەک سەرکەوتوو نەبوو بەڵکوو بە درێژایی ئەم مێژووە هەر دەم شکستی هێناوە.
هەر وەک باس کرا دەزگای تەبلیغات و راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی (صداوسیما) ئەو جارەش بە نیشان دانی ئەو بەرنامە تلێڤیزیونییە لە ژێر ناوی (لبە دوم تیغ)بە قسەی خۆیان بەئامانجی رۆشنگەری لە سەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتایبەتی حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندەی هاوکاری بڵاو کردەوە بۆ ئەوەی گوایە خەڵکی کوردستان لە راستی رووداوەکان وناخی حیزبەکان بگەێینن و بەخەڵکی کوردستان بڵێن ئەو حیزبانە ناتوانن جیگای ئومید وهیوا بن ، بەڵام خەڵکی کوردستان لەوە وریاتر وچاوکراوەترن کە بکەونە داوی ئەو جۆرە لە پروپاگەندە لە دژی حیزبەکانی خۆیان ، بەلکوو بە پیچەوانەوە لە ماوەی ٤٢ساڵی رابردوو دا بە هەموو ئەو پروپاگاندانەی بە دژی ئەحزابی کوردستانی ئێران لە لایەن دام ودەزگاکانی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی کراوە، پێگەی ئەو حیزبانە لەنێو خەڵکی کوردستاندا هەروا بە هێز ماوەتەوە وهەموو کات لە پرسە نەتەوایەتی ونیشتیمانییەکاندا لە پشتی حیزبەکانی خۆیان راوەستاوەن . هەموو لایەکمان بە ئاشکرا دەبینین کە جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە رێبەری حیزبەکانی کوردستان رۆژ بەرۆژ لە گەشەکردن دایە وکۆماری ئیسلامی لە پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لە کوردستان بەتەواوی نیگران ودەستەوەستانە و لە ماوەی دەسەڵاتداری ئەو نیزامە دیاردەی هەژاری، بێکاری، سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدام، بێئێعتباری سیاسی و… لە بەرهەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی و ئەوە بەشی خەڵکی ئێران بووە. دەسەڵاتدارانێک کە بە مەبەستی گەندەڵی زیاتر و بە بەهانەی دژایەتی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا درێخی واکسێنی کرۆنا لە نەتەوەکانی ئێران دەکەن، رژیمێک کە بە شاردنەوەی هەموو راستییەکان لەوانە نەدانی زانیاری دروست لە سەر چۆنیەتی بەربوونەوەی تەیارەی ئۆکراینی لە سەر ئاسمانی تاران و گیان لەدەست دانی هەموو مۆسافیرانی، رژیمێک کە بە درۆ و شاردنەوە لەسەر ئاماری گیان لەدەست داوان و توش بووانی ویرووسی کرۆنا تەنانەت لەسەر ژیانی خەڵکیش هەر درۆ و چەواشە دەکا،رژیمێک کە هەر لەسەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی تێرۆر وتێرۆریزمی کردۆتە کەرەسەی مانەوەی خۆی وشەرعییەتی پێ داوە ، ناتوانێت بەم جۆرە پرۆپاگەندە نزمانە بەر چاوی خەڵک لێل بکات و بۆ مانەوەی خۆیان چارەنووس و ژیانی هەموو دانیشتوانی ئێران بکەنە قەڵغانی پاراستنی خۆیان.
لە بەرەبەری بڵاوبوونەوەی ئەو دیکۆمنیتارە لە دەنگ ورەنگی ئێران، دەزگاکانی ئیتلاعاتی کوماری ئیسلامی شاڵاویکی بەربەرینیان بۆ گرتن، ئێعدام و ڕاوودوونانی تێکۆشەرانی کۆمەڵگای مەدەنی، لە بەشە جۆراوجۆرەکان ئێران بە گشتی و کوردستان، بەلووچستان و ئەهواز بە تایبەتی وەڕێخستوە ، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران گرتنی کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بڵاوبوونەوەی ئەم پروپاگەندانە لە یەک ئاراستە دا دەبینێ و خەڵکی کوردستان و ئێران وشیار دەکەینەوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ داپۆشینی سات و سەودای نوێیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی دەستی داوەتە سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران بە تایبەتی خەڵکی مافخوراوی کوردستانی ئێران.
بەو مەبەستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا ئێمە لە ئامانجی پیرۆزمان دوورناخاتەوە بگرە خۆشەویستی حیزبە جەماوەرییەکانی کوردستان لە دڵی خەڵکی کورد زیاتر دەکات و لە هەمان کاتیشدا ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئێمە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی باسمان لێ کردووە، ئەویش ئەوەیە کە تا کۆماری ئیسلامی و دەست پێوەندەکانی لە ئێران لە دەسەڵات دا بن نە ئێران رووی ئازادی و بەختەوەری بە خۆیەوەو دەبینێ و نە ناوچەکەش ئاسوودەیی و ئارامی.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی