دووی رێبەندان. سوارە ئیلخانیزادە . بۆ ٢ی ڕێبەندان دامەزرانی کۆماری کوردستان

بیرەوەریی دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێنوێنە
لە داگیرکەر سەرشێوێنە

ھەڵات ھەڵات لە ھەموو دیاران
پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران‌
دوژمنی کورد جێ پێی لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە
ھۆ ھۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراووت
بە بلـوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی ھەرد
بە (سوارۆ)ێک، بە (حەیران)ێک، دامرکێنە بڵێسەی دەرد
ھۆ ھۆ جووتێر چەوساوەی خەمان
خاڵە! ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو
خەمان نەمان
بە ئارەقی نێو چاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت
چناری ھیوا باشین بێ
لە کۆزی ڕووی دەردەدارانت
ئەی کچی جوان!
ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلانی بگێڕە
بەسەر چوو
دیلـی و زەلیلـی و خەمناکی
ئەو ھەوری یەی لە دەوری دارت پێچاوە
لە دەوری دەستت ھاڵێنە
بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە ھەموو دێیان
گیان ھاتوەتە ئاسۆی گوێیان
دیلان دەگەڕێ لە ھەموو ماڵان
پیرۆزبایی لە ھاواڵان
* *
. . . ڕێبەندان!
بەو زستانەم دڵ بەھارە
لە ھەموو سنووران ھاوارە
لە دوژمنان ڕێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی نەدار و ھەژارە
ئەوجار ھەژار خۆی سەردارە
مەڵبەند بەھاری تێزاوە
«قازی» ‌مەزن ھەروەک کاوە
ھێزی کۆمەڵی لەپشتە
ھەودای خاوی ھیوا گشتە
قورینگ چلـەی زستان دەبڕن
چاویان لە کوردستان دەبڕن
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان
بیستوومە لە کۆنەپیاوان
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
«لە سەخڵەتا خۆشیی دیارن
ھەر زۆرە کوژەی زۆردارن» ‌
نەزیلـەی باپیران وایە
«شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە»
شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتەپێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
ھەڵبوو چرای جەمھووریمان
با بگێڕین زەماوەندێ
با بۆتان بڵێم سەربەندێ
ئەوجار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بەپار
دەری ھاویت تۆــ وی دژی
ڕەنجبەر بژی
بژی
بژی
سوارە ئیلخانیزادە

تاران، ڕێبەندانی ١٩٦٨