کاک جەلیلی گادانیم چۆن ناسی. مستەفا مەولوودی

ئەم بابەتە لە کتێبی “پیری دێموکرات”دا بڵاو کراوەتەوە
تازە شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حکوومەتی پاشایەتی سەر کەوتبوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە یارمەتیی کۆمەڵێک ئەفسەر و دەرەجەداری کورد گەڵاڵەی کۆنترۆڵ کردنی پادگانی مەهابادیان داڕشتبوو. ئەو کارە گەورەیە ئەوەندی من لەبیرم بێ، زۆر بە ڕێکوپێکی سەری گرت و خەڵکی مەهابادیش پێشوازیی باشیان لێ کرد. شەو لە ڕادیۆ مەهاباد کەسێک قسەی دەکرد و بە گشتی قسەکانی بریتی بوون لەو خاڵانە:
یەکەم، موژدەی بە خەڵک دەدا کە پادگان بێ زیان و خوێنڕشتن کەوتۆتە دەست پێشمەرگە. دووهەم، داوای لە خەڵکی دەکرد هێدی و لەسەرەخۆ بن. سێهەم، خەڵک لە چوون بۆ نێو پادگان خۆ بپارێزن. چوارەم، خەڵکی ڕادەسپارد کە بڕیار و ڕێنوێنییەکانی پێشمەرگەکان لەبەرچاو بگرن و هەروەها داوای لە پێشمەرگەکانیش دەکرد لەگەڵ خەڵک بەئارامی و نەرمی بجووڵێنەوە.
ئەمن قسەکانیم زۆر پێ خۆش بوو، بەکوردییەکی زۆر پاراو و بە ورە و دڵسۆزییەوە بۆ خەڵک دەدوا. زۆر بە تاسەوە بووم بزانم ئەو کەسە کێیە کە ئاوا ڕەوان، کوردانە، خۆماڵیانە و نیشتمانپەروەرانە لەو سەرکەوتنە گەورەیە و ئەو دەسکەوتە مەزنە دەدوێ. لە ئاخری بەرنامەکەدا بەڕێوەبەری بەرنامەکە لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی مەهاباد، ناساندی و گوتی کە ئەوە کاک جەلیلی گادانی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. لەو ڕۆژەوە کاک جەلیلی گادانیم لە زۆر بۆنە و ڕێوڕەسم و کۆڕ و کۆبوونەی حیزبی وەک بەرپرسێکی دیاری حیزب دیتۆتەوە، چاوم پێی کەوتووە و لە خزمەتیدا بووم. لە هەموو ئەو ماوەیەدا کاک جەلیلم وەک تێکۆشەرێکی ماندوویینەناس، پێشمەرگەیەکی چالاک و ڕێبەرێکی هەڵکەوتوو، لەنێو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ناسیوە و جێگای ڕێز و ئیحتڕام و لێفێربوونی من و سەدانی وەک من بووە.
قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی کاک جەلیلی گادانی و تێکۆشانی ناوبراو ئەوەندە زۆر و درەوشاوە و جێی شانازین، کە لە نووسینێکی لەم چەشنەدا بە ئاسانی جێ ناکرێتەوە. بۆیە من ناچارم هەر وەک بە دەستپێکی ئەو بابەتەوە دیارە، هیندێک سەربردە و قۆناغی تایبەت لە ژیانی سیاسیی بەڕێزیان باس بکەم کە لێی فێر بووم و بۆ من ئولگوو بووە.
جارێ با ئەوەم لەبیر نەچێ: لە هەر کۆبوونەوە، کۆڕ و کۆمەڵێکدا کاک جەلیل حزووری هەبا و بەشداری باسەکان بوایە، ڕاوبۆچوونی خۆی لەسەر مەسەلە و بابەتەکان دێنایە بەر باس کە هەمووی سەرنجڕاکێش و بەسوود و بۆ لێفێربوون دەبوون.
ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی ئەمن بەرپرسی کۆمیتەی شارەستانی ڕەبەت بووم. ڕۆژێک هاوڕێیەکی پێشمەرگە هات گوتی کەسێک هاتووە دەڵی کارم بۆ کاک جەلیل کردووە، بەڵام کرێیەکەم وەرنەگرتوە. منیش پرسیارم کرد کارەکە چی بووە و کرێیەکەی چەند بووە؟ کابرا گوتبووی کاتێک کاک جەلیلی گادانی لە دەفتەری سیاسیی ژمارە (١) بووە، لە ناوچەی کاڵەشینی ڕەبەت‌ڕا چەند بار کتێبی بە مندا ناردووە بۆ لای ئالانی سەردەشت، بۆ دەفتەری سیاسیی ژمارە (٢)، بەڵام کرێیەکەم وەرنەگرتوە. ئێمەش مەسەلەی کرێی کابرامان چارەسەر کرد. دیارەئەوکات زۆرم بیر لەوە نەکردەوە کە بۆ دەبێ ئەو بارانەی کاک جەلیل بۆ دەفتەری ژمارە دووی بەڕێ کردوون، هەموویان هەر کتێب بووبن، بەڵام ساڵانێکی زۆر دواتر، واتە ڕۆژی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٩، کاتێک دوای نوژەنکردنەوەی کتێبخانەی قەڵای دێموکرات، بە دوای مووشەکبارانەکەی دوو ساڵ لەوە پێش دا، ڕێوڕەسمێک گیرا و لەو ڕێوڕەسمەدا باسێکی سەرنجڕاکێش لەسەرکتێب و خوێندنەوە و کتێبخانە لە حیزبدا دەکرا، ئەوەم بیر هاتەوە و بۆم دەرکەوت کە ساڵی ١٣٦١ یان ١٣٦٢ی هەتاوی، ئەو دەمەی کاک جەلیلی گادانی بەرپرسی دەفتەری سیاسیی ژمارە (١)ی حیزبی دێموکرات لە دۆڵی دێموکرات بووە، کاتێک ڕێژیم هێرشی کردووەتە سەر ئەو ناوچەیە، زۆر کەلوپەل و کەرەسەی حیزب، هەروەها کەلوپەلی بنەماڵەکان یەک لەوان ماڵی کاک جەلیل خۆشی، تێدا چووە، بەڵام کاک جەلیل خەمی گرینگ و گەورەی دەرباز کردنی کتێبەکان بووە. هەمووشمان دەزانین کاک جەلیل چەندە ئوگری کتێب و خوێندنەوە و برەودان بە کولتووری موتاڵا لە نێو پێشمەرگەکان و هاندانیان بۆ نووسین و خوێندنەوە بوو. دیارە بۆ خۆی لە نووسین و کتێب لە چاپدانیشدا زۆر هەڵسووڕ بوو. بە تایبەت کارێکی کاک جەلیل کە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، ئەمە بوو کە هەموو ئەو کتێب و بابەتانەی لەسەر حیزب و مێژووی حیزب دەنووسران و بڵاو دەبوونەوە، دەی‌خوێندنەوە و ئەگەر پێویست با، تێبینی و ڕوونکردنەوەی لەسەر دەدان و تەنانەت ئەگەر زیاتر پێویستیی بە وەڵامدانەوە با، قۆڵی لێ هەڵدەماڵی و لە توێی کتێب و نووسینی تایبەتیدا و بە تێروتەسەلی، وەڵامی دەدانەوە و لەسەری دەنووسین.
بڕگەیەکی دیکەی ژیانی کاک جەلیلی گادانی و ناسیاویی قوڵتر و زۆرتری من لەگەڵ بەڕێزیان پێوەندیی هەیە بە ڕووداوەکانی کۆنگرەی ٨ی حیزبی دێموکرات کە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا گیرا. باشم لەبیرە کاک جەلیل زۆر بە حەماسەتەوە بۆ ڕوانگەکانی خۆی لێکدانەوەی دەکرد و بەڵگە و فاکتی دەهێنانەوە. بەتایبەت کە پێداگریی زۆری لەسەر سیستم و نیزامی دێموکراتیک بۆ هەڵبژاردنی ئازاد دەکرد. کاک جەلیل بایەخ و ڕێزی لە دەنگی ئازاد دەگرت و بە تەنیا پێوەر و ڕێگا بۆ یەکلا کردنەوەی پرسەکانی دادەنا.
ڕەوتی ڕووداوەکان بەو جۆرە بوو کە دوای کۆنگرەی هەشت ڕیزەکانی حیزب تووشی لێکترازان هاتن و کاک جەلیل و من لە ڕیزی تەشکیلاتی حیزبیدا بەیەکەوە نەماینەوە. دوو ساڵ دوای کۆنگرەی ٨ی حیزب ئەمن لە ناوچەی گەورکایەتی لە گوندی کاوڵانی سەرێ میوانی پیاوێکی زۆر بەڕێز و قەدرگران بووم، پیاوێکی ڕەند و دڵسۆز بۆ خەڵکی کوردستان، خەمخۆر بۆ حیزبی دێموکرات و ناسیاوی زۆربەی کادر و بەرپرسە دیارەکانی حیزب. لەو مانەوە و دانیشتنە نیزیک بە دوو سەعاتە دا کە ئەمن لە خزمەت ئەو بەڕێزەدا بووم، ئەو نیگەرانیی خۆی لە ئاکامی کۆنگرەی ٨ی حیزب نەشاردەوە. کاتێک لە قسە کردندا، زۆر بابەتمان بە یەکەوە شەن و کەو کرد و باسەکە هاتە سەر کاک جەلیل گادانی و ئەمن بە ڕێزەوە ناوی کاک جەلیلم هێنا، مامۆستا بزەیەکی هاتێ و فەرمووی زۆر خۆشحالم کادرێکی حیزبیی وەک جەنابت هەرچەندە لەگەڵ کاک جەلیلی گادانیش لە یەک حیزبدا نەماون، ئاوا بە ڕێزەوە ناوی کاک جەلیل دێنی؛ چونکە هەر من دەزانم جەلیلی گادانی چەندە بەو چیا و دۆڵانەدا سەر کەوتووە و عەوداڵی حیزبایەتی و تێکۆشەرانی دێموکرات بووە. ئەو لە درێژەدا فەرمووی کەشکۆڵی کاک جەلیل بۆ گوندنشینان و خەڵکی زەحمەتکێش بە دایم پڕ بووە لە پەیام و دەنگ و باسی حیزب. ئەو هیوا و ئومێدی بە خەڵک دەبەخشی، داوای لێ دەکردن لە دەوری حیزبی دێموکرات کۆ ببنەوە و پشتیوانی لە بزووتنەوە ڕەواکەیان بکەن.
قۆناغێکی دیکەی ژیانی کاک جەلیلی گادانی کە من لە نیزیکەوە شاهیدی بوومە و لە خزمەتیدا بووم، دەگەڕێتەوە بۆ نێوان کۆنگرەی ١١ تا ١٢ی حیزبی دێموکرات کە من وەک نوێنەری حیزب لە هەولێر کارم دەکرد. کاک جەلیل هەر کاتێک سەردانی هەولێری کردبا، لیستەیەکی دوور و درێژی لە جانتاکەی دەستی دابوو کە لەو ماوەیەدا پێویستە چ بکا و بەرنامەکانی چۆن داڕێژێ بۆ ئەوەی حیزب و لایەنی سیاسیی جۆراوجۆر، کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی و فەرهەنگییەکان، نووسەران، شاعیران، مافناسان، پیاوماقووڵان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە ناوبەدەرەوەکان ببینێ و ناوەندە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی وەک تی وی، ڕۆژنامەکان و چاپی کتێب و گوڤار و ڕۆژنامە جۆراوجۆرەکان بەسەر کاتەوە. جیا لەوانەش هاوڕێیانی حیزبیشی لەبیر نەدەکرد و سەری هەموو ئەوکەسانەی دەدا، کە نەخۆش بوون یان تازیەبار دەکەوتن و بەکورتی هەمووی بەسەر دەکردنەوە و لە شایی و شینی هەمووان دا بەشدار بوو. زۆر جار کات بۆ سەردان و چاوپێکەوتن بەشی کاک جەلیلی نەدەکرد و ئەوانەش کە لەگەڵی دەبوون ماندوو دەبوون و دەوەستان، کە دیارە لەو بارەیەوە بیرەوەریی زۆر خۆش و بەسەرهاتی سەرنجڕاکێش لە زمان هاوسەنگەرانی کاک جەلیلەوە گێڕدراوەنەوە.
بەڕاستی ئینسان سەری لەو هەموو توانا، حەوسەلە، حیکمەت و مشوورخورییەی ئەو گەورە پیاوە سووڕ دەما. ئەگەر قوتابییەکی ئەمەگناس بین دەبێ ئێمەش ئەوانە لە بەڕێزیان فێر بووبین. ئیلهامیان لێ وەربگرین و بیان‌کەین بە تێشووی ڕێگەی خەباتمان. لەبەر ئەوەی ئەو تایبەتمەندییە بەرزانە کاک جەلیلیان کردبوو بە تێکۆشەرێکی خەڵکی و خۆشەویست کە سەری لە نێو سەران‌دا بەرز و دیار بوو.
ڕەنگە هێندێک کەس کە کاک جەلیلی گادانی باش ناناسن و لە دوورەوە قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی بەڕێزیان هەڵدەسەنگێنن، پێیان وابێ ئینشعاب و لەتبوونەکان لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا سووچی ئەو گەورە پیاوەی پێوە دیار بێ و پشکی لەو دابڕانانە بەر کەوێ. بەڵام ئەگەر بەوردی سەیری ڕەفتاری کاک جەلیل دەکەین و سەرنج دەدەینە لێدوان، قسە، ڕاسپاردە و ئامۆژگارییەکانی بەڕێزیان و بەباشی و بە ئینسافەوە قەزاوەت بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو تێکۆشەرە چەندە بۆ یەکیەتی و یەکڕیزیی کورد و هێزە سیاسییەکان لە کوردستان و یەکیەتیی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بەپەرۆش بووە و هەمیشە هاوار و بانگەوازی بۆ یەکیەتی و یەکڕیزی کردوە. لە بەرامبەریشدا چەندە بێزار بوو لەو هەمووە جیایی و لێکترازانانە. بە شایەتیی زۆر لە هاوڕێیان کە خۆم یەک لەوانم، لە دوای کۆنگرەی ١٣ و کاتێک ئیمکانی بەیەکەوە بوون لەگەڵ بەشەکەی دیکەی دێموکرات زۆر کەم و ئاستەم مایەوە، ئامۆژگاری و تکای کاک جەلیل ئەوە بوو تا بە ئەندازەی داوە دەزوویەک ئیمکانی بەیەکەوە بوون و مانەوە و نەپسان مابێ، هەر دەبێ بیر لە بەیەکەوە بوون بکرێتەوە، نەک دابڕان و لێکترازان.
ئەرک‌وەخۆگری و هەست بە بەرپرسایەتی کردن یەکێک لە تایبەتمەندییە دیار و هەرە بەرچاوەکانی تێکۆشەری بەڕێز کاک جەلیل بوو. کاک جەلیل لە “ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ”دا نیزیک بە ٨ ساڵ سکرتێری ئەو بەشەی حیزبی دێموکرات بوو، بەڵام هەر ئەوکات لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا گۆڕانکاری لە بەرپرسایەتیی یەکەمی ئەم حیزبەدا دەکرێ، کەچی کاک جەلیل زۆر بەرپرسانە هاوکاریی سکرتێری تازە دەکا و بەرپرسایەتیی جێگری سکرتێری حیزب وەردەگرێ. ئەم ڕوحی شۆڕشگێڕی و ئەرک‌وەخۆگرییە لە قۆناخەکانی دواتری ژیانی سیاسیی کاک جەلیل دا بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەکەن و دەبینین هەرکات ئاڵوگۆڕ لە بەرپرسایەتیی کاک جەلیلدا ڕووی دابێ، بەڕێزیان وەک تێکۆشەرێکی دێموکرات، زۆر بەرپرسانە جووڵاوەتەوە و ئامادەی وەرگرتنی هەر ئەرک و بەرپرسایەتییەک بووە کە حیزب بۆی دەستنیشان کردووە.
ئەوانەی شارەزای مێژووی حیزبی دێموکراتن، دەزانن بە هەر هۆیەک بووبێ _ کە کەمتر سیاسی و فیکری بووە_ بەداخەوە بە یەکەوە نەحاوانە و وێکهەڵنەکردن و دابڕان و لەتبوون چەند جارێک لە حیزبی دێموکراتدا ڕوویان داوە. ئەمن لام وایە ئەگەر هەڵسوکەوت و جۆری بیرکردنەوە، قبوڵی مەسئوولییەت و بەرپرسایەتی و بڕوا بە دێموکراتبوون و ڕێزگرتن بۆ دەنگی خەڵک، لە چەشنی خەسلەتەکانی کاک جەلیلی گادانیمان کردبا بە کولتوور و نەریتی خۆمان، بێ‌ئەملا و ئەولا ڕوحی وێک‌هەڵکردنمان زیاتر دەبوو و کەمتر ڕێزەکانمان دەترازان و لێک دوور دەکەوتینەوە.
لە کەس شاراوە نیە کەسایەتیی کاک جەلیل جۆرێکە چەندی لەسەر بدوێین و بنووسین هەر کەمی دێنین و دەبینین هێشتا زۆر کەلێن و قوژبنی ئەو باسەمان شەن و کەو نەکردوە. ئەمەش سروشتییە، چونکە ژیانی کاک جەلیل خۆی بەشێکە لە دیرۆکی حیزبی دێموکرات. چونکە کاک جەلیل هەر لە مێرمنداڵیەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی و حیزبی بووە. ئەزموونی ژیان کاک جەلیلی فێر کردبوو کە بەدایمە خاکەڕا و خەڵکی بێ، شیلگیر و بە ورە بێ، هیچ کات ناهومێدی نەناسێ و بەگژ نەهامەتییەکاندا بچێتەوە. ئەو تایبەتمەندییانە کاک جەلیلی گادانیان کردبوو بە کادڕێکی تەشکیلاتیی شارەزا، تێکۆشەرێکی ماندوویینەناس، پێشمەرگەیەکی هەڵسووڕ، دیپڵۆماتێکی شارەزا، خەباتکارێکی خەمخۆر و سەرئەنجام ڕێبەرێکی دیار و خۆشەویستی بزووتنەوەی کورد بە گشتی و بە تایبەت بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئێستا کە بەداخەوە کاک جەلیلی گادانی بە جەستە لە نێوماندا نەماوە، پێویستە قوتابیان و هاوبیرانی لە هەموو ئاستەکاندا لێی فێر بین و ئیلهامی لێ وەربگرین. ئەمن لە شوێنێک و لە کۆبوونەوەی ڕەسمی دا هیوام خواستووە کە خۆزیا بە ئەندازەی ناوبراو کۆمەڵایەتی و خاکی و هەڵسووڕ بوایەم.
پوختەی مەبەست: ئەوەی من زیاتر لەو چل ساڵەدا لە کاک جەلیلی گادانیم وەرگرتوە و لێی فێر بووم ئەوەیە کە لە ڕوانگەی منەوە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کاک جەلیل قوتابخانەیەکە بۆ فێربوون لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی سیاسی، حیزبی، تەشکیلاتی و کۆمەڵایەتیدا، کە ڕێبوارانی ڕێگەی خەباتی کوردایەتی و قوتابیانی دێموکرات دەبێ لێی فێر بین و بی‌کەین بە تێشووی ڕێگای خەبات و تێکۆشان بۆ ئێستا و داهاتوومان.
ڕوحی کاک جەلیلی گادانی شاد بێ، ڕێگاکەی پڕ ڕێبوار و سەنگەری خەباتی هەمیشە ئاوەدان بێ و خەونەکانی وەدی بێن.