“پیری دێموکرات” تازەترین بڵاوکراوەی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان چاپ و بڵاو بۆوە.

پیری دێموکرات

“پیری دێموکرات” تازەترین بڵاوکراوەی کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان چاپ و بڵاو بۆوە.

کتێبی “پیری دێموکرات” کە بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی سیاسی و نەتەوەیی نەمر جەلیل گادانی ئامادە کراوە، لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندان، جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا چاپ و بڵاو کرایەوە، بۆنەیەک و قۆناغێکی مێژوویی لە ژیانی سیاسیی کورد کە نەمر کاک جەلیل گادانی لە بیروەری و گێڕانەوەکانیدا دەڵێ کەسایەتیی سیاسیی ئەو لە کۆماردا گووراوە و شکڵی گرتووە.

نەمر جەلیل گادانی، خەباتکاری دێرینی کورد و یەک لە سیما هەرە دیارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩، دوای زیاتر لە حەوت دەیە خەباتی بێ‌وچان و بەردەوام لە بەرەبەری یوبیلی ئەڵماسی، یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا کۆچی دوایی کرد.

وەک لە پێشەکیی کتێبی “پیری دێموکرات‌”یش‌دا هاتووە، کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە تێکۆشەرەی کورد و حیزبی دێموکرات شەپۆلێکی بەربڵاوی هاوخەمیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام بەداخەوە لە بەر بارودۆخی تایبەتی و نەخوازراوی کۆرۆنا نەکرا ڕێوڕەسمێکی شیاوی کەسێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کاک جەلیل، بۆ ماڵاوایی و سپاردەکردنی بە خاکی نیشتمان بەرێوە بچێ. هەروەها هەتا ئێستاش هەر لەبەر ئەو بارودۆخە نەکراوە کۆڕیادێکی شایان بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنێک خەباتی سادقانە و دڵسۆزانەی مامە جەلیل بەڕێوە بچێ. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ لە داهاتوودا و لە هەلومەرجێکی گونجاودا ئەرکی سەرشانی خۆی لەو پێوەندییەدا بەجێ بگەیەنێ. چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەش هەوڵێکی دەستپێکە لەو پێناوەدا.

ئەم کتێبە لە چەند بەش پێک‌ هاتووە. لە بەشی یەکەم‌دا کۆمەڵە وتارێک بە قەڵەمی کۆمەڵە کەسایەتییەکی سیاسی، ڕووناکبیری و ئاکادیمیی کورد لەسەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسی و تایبەتمەندییە کەسییەکانی کاک جەلیل گادانی لەخۆ دەگرێ. بەشێکی دیکەی کتێبەکەش بۆ کۆمەڵێک دڵنووس و دەقی ئەدەبی تەرخان کراوە کە لێژنەی ئامادەکردنی ئەم کتێبە لەو سەدان بەرهەمە هەڵیان بژاردوون کە کاتی کۆچی دوایی کاک جەلیل بۆ بەشی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان نێردرابوون. لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەدا بەشێک لەو شەپۆلی هاوخەمی و پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان، کەسایەتییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕووناکبیری و ئاکادیمییەکانی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی جێ کراوەتەوە. دوابەشی کتێبەکەش بۆ کورتە ئەڵبۆمێکی وێنە تەرخان کراوە کە ژیانی سیاسیی کاک جەلیل لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی تەمەن و پێگەی سیاسیی بەڕێزیان وێنا دەکەن.

هەیئەتی ئامادەکردنی کتێبی پیری دێموکرات ڕایگەیاندووە چاپی ئەم کتێبە هەوڵێکی بچووکە بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنێک خەباتی سیاسیی پڕ بەرهەمی نەمر کاک جەلیل گادانی.