ژنانی وڵاتی من، ژیانن، هەموویان پڕن لە مێهر و وەفا و خۆشەویستی بە گەل و نیشتمان. شلێر حەسەن‌پوور

ئەگەر باسی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا و پێشکەوتن بکەی و ئاوڕ لە ژنانی کورد نەدەیەوە ئەو بەشە بێ‌شک کەم و کوڕی تێدا دەبێ، لە وڵاتی ئێمە بە هەزاران دایک خۆیان کردۆتە قوربانی بنەماڵەکانیان و شانیان وەبەر کاری قورس داوە بۆ ئەوەی داهاتووی منداڵ و نەوەکانیان بەرەو ئاقارێکی باشتر بەرن. لە شاری ئێمە و لەو دەڤەرە پڕ کێشەیە و لە هەمان کاتدا سەرسەوز و بە دیمەنە دا سەدان ژن دەبیندرێن کە کاریان لە پیاوان قورستر و دیارتر بووە.
پۆلێک لە ژنانی وڵاتی من وەک ئەستێرە دیارن، پوورە مریەم (منێ ڕەحمانی) و خاتوو بوزورگ، پوورە زێرین، پوورە گەوەر، خات شەمام، نەنە ئایشێ، نەنە زارا، پوورە خەجیج، دایە ئامینە، پوورە نازدار و خات خورشید و خات پیرۆز و نوقڵێ، شووشێ، بووکێ، خرتێ و لیرێ و خەلیفە ژن، سەیدزادە و حاجی ژن و مامۆستاژن و دایکی جەنابت و دایکی من و دایکی هەمووان ژیانیان لە پێناو چاکتر کردنی ژیانی ئێمە و شار دا بە کولە مەرگی بردە سەر و سادە و ساکار و لە هەمان کاتدا بە هەستێکی گەرم و دڵسۆازنەوە ژیاون.
ئەوان بە گشتی شانازیان بە خۆیانەوە دەکرد، کە دەتوانن یارمەتیدەری ژیانی سەختی بنەماڵەکانیان بن، لە ڕۆژی تەنگانەدا هەموویان پانتۆڵ لەبەر وەک شێرە ژن لە پێشی پێشەوە بە مستی ئاسنین و بە دڵێکی فراوانەوە بەگژ ڕووداو و نەهامەتیەکان دا دەچوونەوە.
سفرەی دڵیان، سفرە و خوانیان بۆ هەموو لایەک بوو، بە یەکەوە کاری گەرەکیان دەکرد، سەردانی کانی و ئاو و قۆتانیان دەکرد، دەخڵ و دانیان بە یەکەوە پاک دەکردەوە، گەنمیان دەکوتا و دەنگی سندۆڵ و نرکەی هەناسەیان گەڕەکی پڕ دەکرد، دانولەیان دەکوڵاند، گڵۆدانیان پاک دەکرد و تەماتە و باینجان و کولەکەیان بۆ وەرزی ساردی و سەرما و زستان ئیشک دەکرد، ترشیات و مرەبای جۆراوجۆریان درووست دەکرد و میوژو گوێز و پەنیریان ئامادە دەکرد، مێلاقەی ترێ بە بەر میچی ژێرخانەوە، لەتکەی سێو و هەرمێ و و هەناری گوڵ بەدەم و بەهێ و هەرمێ کروزیان لە هەرزاڵێ دا ڕادەگرت و بەیانیان زوو شیر و ماستیان ئامادە دەکرد و مەشکەیان هەڵداوسی و بە دەنگی نەرمیان “مەشکەم مەشکەی مانگایە، ڕوونی بە بار تێدایە” یان دەگوتەوە و هەموو لایەکیان بە دەنگی خۆیان سەرسام دەکرد و سفرەی بەیانی و نیورۆ و شەویان بۆ گشت لایەک ڕەنگین دەکرد.
ئەو خاتوونانە هەموو بەیانیان نانی گەرم و کولێرەیان لە بەردەم ئەندامانی بنەماڵە دادەنا، مانگا و مەڕ و ماڵاتیان دەبردە خرێ گارانە ڕێیەو بە دەم ڕێگاوە باسی چەرمەسەری ژیانی خۆیان بۆ یەکتر دەکرد، بە یەکەوە دەچوونە کۆڵەداران و پاشەرۆک و پووش و پەڵاشیان پاک و کۆ دەکردەوە و دەیان بردە سەرگوێلک و فرێیان دەدا و هاوکاری مێردەکانیان دەکرد، کورەی داران و سێ‌کوچکەی ئاگردانەکەیان بەردەوام مەنجەڵی مسی پڕ لە خوانی کوردەواری لە سەر بوو، تام و چێژیان بە خواردنەکان دەدا و خواردنی کوردەواری، کەشکەک بەڕۆن، دۆکولیو، بەربەسێڵ، ماشێنەی تیژ، ساوەر بە گۆشت، ترخێنەی بە تام، سەروپێ، چێشتی کولەکە، کەتە و پڵاوی خۆش ڕەنگ و دۆڵمەی هەمەجۆر بە برینجی کوردی و گردەی بە تام و هەروەها دەیان خواردنی دیکە، هەر هەموویان بەرهەمی دەستاوی خۆشی دایکەکانمان بوون.
ئەوان دەست ڕەنگین بوون، تەشی ڕستن و شێ کردن و ڕستن و چنین کاری ئەوان بوو و کچەکانیان فێر دەکرد، لفکە چنین، دروومانی ورد و جوانی دەستیان، نەخش و نیگاری سەر پەردە و جێ لیباسی و سەرینەکانیان بە کەڵافەی ڕەنگین دەرازاندەوە، گەسکی خۆماڵی و کاسەی گڵ و گۆزەی ئاو و تەنانەت تەندووریان درووست دەکرد، ڕەشمە و گوریسی ڕەش و درێژ و گوڵینگەی ڕەنگاورەنگیان بۆ وەڵاغەکان ساز دەکرد. لە زستان دا بەفری حەوشە و ڕێگا و بانیان بەیەکەوە خاوێن دەکردەوە، بە دەستی چڕچ و لوچ و پڕ سۆزیان گۆرەوی میرزایی و زستانی و زەنگاڵ و کوڵاوی ڕەنگاورەنگ و کلێت و دەسرەی جوان و گوڵ و گوڵی و سەر لیباسی و بەرگە سەرین و جاجم و نوێنی جوانیان درووست دەکرد، ملوانکەی مێخەک و پاوانەی جوان و خرخاڵی زێوێن و کوڵاو و دەسماڵی ڕەنگاورەنگی سەر و شان و ملیان، کۆڵوانە و بەرهەڵبێنەی پشت و بەرۆکیان هەموو ئەوانەیان بە دەستی خۆیان ساز دەکرد. کاتێک جل و بەرگی کوردیان دەپۆشی هەر لە خۆیان جوان بوو، کلۆجەی مەخمەر، کراسی گوڵ‌گوڵی جەلسە، پشتێندی پەشمینەی ڕەنگاوڕەنگ و کەوشی دەستچن و جوانیان لەبەر دەکرد و ئەو جل‌وبەرگە سادەو ساکارانە، سیما و قەڵافەتی ئەو خۆشەویستانەی سەد هێندە جوانتر و مێهرەبانتر و ڕووخۆشتر دەکرد.
لە ڕۆژە خۆشەکان و لە ساردی و سەرما و گەرما دا کاریان دەکرد، قەت بێکار نەبوون، شەوانە لە دەوری یەک کۆدەبوونەوە باسی مێرخاسی دایک و باب و پێشینیانی خۆیان بۆ ئێمە دەکرد، لە ڕەمەزان دا کولێرەی شیرین، کولیچەی بەڕۆن و شرووبی خۆشیان درووست دەکرد و پارشێوان و بەربانگان، بە دەم خواردن و خواردنەوە دەستەو دوعا ڕادەوەستان و چەند ڕۆژ پێش جێژن، خۆیان ئامادە دەکرد و بیریان لە نان و خوانی جێژن دەکردەوە و جل و بەرگی جوانیان بۆ هەموو لایەک ئامادە دەکرد. ڕۆژی جێژن، بەیانی زوو دەچوونە سەر قەبران و کوڵی دڵی خۆیان لە سەر مەزاری خۆشەویستانیان هەڵدەڕشت و دوای نان خواردنی بەیانی بە گەڕەک دا دەگەڕان و سەردانی ئازیزانیان دەکرد و ئەو ماڵانەی کەسیان مردبوو و یەکەم جێژنیان بوو دەچوون بۆ لایان و دەیان لاواندنەوە و نەیان دەهێشت جێگای خۆشەویستە کۆچکردووەکەیان بەتاڵ بێ و لە ماڵی خۆشیان بە سەرو ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازیان لە میوانەکان دەکرد و گەردن ئازایی و جێژنە پیرۆزەیان لێک دەکرد و دڵی منداڵەکانیان بە دانی چەند قڕان و تمەنێک خۆش دەکرد و جێژنانەیان دەدا بە هەمووان.
کەم نەبوون ئەو ژنانەی هەر لە هەڕەتی لاوەتی‌یەوە بە هۆی کارەسات و نەخۆشی مێردەکانیان لە دەست داوە و بە چەند منداڵی ورد و درشتەوە شانیان وەبەر قورسایی ژیان داوە. ئەوان بە هەموو تواناوە هەوڵییان داوە کە منداڵەکانیان گەورە بکەن و بە باشی بیان نێرێنە نوێ کۆمەڵگا، خۆیان فیدای گەورە کردنی منداڵەکانیان کردووە و تانە و تەشەری نەفس نەزمەکان و تەنانەت خزمەکانیشیان قەبووڵ کردووە. ئەو دایکانە گەنجیەتی و لاوەتی و حەز و خولیای خۆیان بە قوربانی گەورە کردن و پێگەیاندنی منداڵەکانیان کردووە و لە نەبوونی باوکیان دا بە هەموو هێزەوە کاریان کردووە و نەیانهێشتووە منداڵەکانیان بێ ناز و بێ سەرپەرەستیان پێوە دیار بێ، ڕووسوور و سەربەرز لە نێو کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو دا وەک باڵندەیەک باڵیان بە سەر منداڵەکانیان دا کێشاوە و لە بەڵای ڕۆژگار پاراستوویانن و گەورەیان کردوون و بۆ خۆیان وەک چرایەک رووناکی و ورشە و گرشەیان خستۆتە بەردەم ڕێگای ژیانی منداڵەکانیان.
دایکەکانمان لە کاری ماڵێ و دەرێ دا لە پیاوەکان ئازاتر و دڵسۆزانەتر کاریان دەکرد، خەمخۆری گەڕەک و یەکتر بوون، لەگەڵ ناڵەی منداڵەکانیان لە شیرین خەودا وەخەبەر دەهاتن و نازی منداڵەکانیان دەکێشا و بە ڕاژاندنی لانکە و بە دەم ” هەی لایەلایە، کۆرپەم لای لایە” و هەست و سۆزی بلاوێنیان دڵی منداڵەکە و هەمووانیان ئارام دەکردەوە، ئەوان لەگەڵ ئازار و خەم و شادی مێردەکانیان بوون، هەموو لایەکیان ڕێنوێنی دەکرد، نەسیحەتی گشت لایەکیان دەکرد و هەموو منداڵانی گەڕەکیان بە منداڵی خۆیان دەزانی و شەڕ و کێشەی گەڕەکیان چارەسەر دەکرد و لە شایی و شینی یەکتردا بەشدار دەبوون، کاتێک خواردنێکی خۆشیان ئامادە دەکرد و بۆنی خواردنەکە گەڕەکی دادەگرت، ئەوە خواردن بۆ هەموو لایەک دەنێردرا، لە کاتی مردن و تازیە و پرسە و سەرەخۆشی دا سفرەی خواردن لە سەر سەران بە بازار دا دەگەیەندرایە مزگەوت و ماڵی ساحەب مردوو، زۆرجار ژنان حەوتوو و بگرە زیاتریش لە لای ساحەب مردوو دەمانەوە و نەیان دەهێشت تووشی خەمۆکی و خەمباری و بێکەسی ببن.
ئەوان تەنیا بۆ ئەندامانی بنەماڵەو گەرەک دڵسۆز نەبوون، بەڵکوو دڵسۆزی‌یەکەیان بۆ هەموو بوونەوەرەکان بوو، بە دەستی بە توانای خۆیان پاشماوەی خواردنەکانیان بۆ مریشک و قەل و مراوی و چۆلەکە و باڵندەکان و تەنانەت پشیلە و سەگ و چوارپێیەکان دادەنا و جاری وابوو بە چەندین خولەک بە دەورو پشتی ئەو پەلەوەر و باڵەندە و چوارپێیانەدا دەخولانەوە و جیا لە خواردن، ئەگەر ناساز و نەخۆش و برینداریان پێوە دیار بایە بە دەستی خۆیان مەڵحەم و دەرمانیان بۆ ساز دەکردن و تیماریان دەکردن. لە زستان دا کولانە و هێلانەیان بە پووش و پەڵاش بۆ گەرم رادەگرتن و ئەو کاتانەی بەفرێکی زۆر دەباری هەوڵیان دەدا خواردنیان بۆ دابین بکەن، ئەوە گەورەیی و بەزەیی و سۆز و مێهرو وەفای هەموو دایکەکان بوو. ئەوەندەی ئاماژەم پێداوە قەترەیەک لە دەریای سۆز و مێهرەبانی هەموو دایکەکانە.
خۆزگە ئەو هەستە گەرم و پاکە دەگەرایەوە نێو کۆمەڵگای ئێمە، خۆزگە بۆ خۆمان بە دەستی خۆمان ئەو هەموو هەست و سۆزەمان گۆڕ نەدەکرد. با جارێکی‌تر خۆمان بێنینە جێگای دایک و بابمان و لەگەڵ منداڵەکانمان و نەوەکانمان بەم شیوەیە بجوڵێینەوە و فێری خۆشەویستیان بکەین و بیرو هزریان ئامادە بکەین بۆ سۆز و مێهرەبانی و وەفا بە گەل و نیشتمان و هاوکات با  هێندە خۆمان بە زەرق و بەرق و هەڵات هەڵاتی ژیانەوە خەریک نەکەین و گرینگی بە ژیانێکی سادە و ساکارانەی وەک دایک و بابمان بدەین.
سەردەمی ئەو کات زۆر دەگمەن بوو ژن بتوانێ بچێتە قوتابخانە، بەشێکی زۆر و بەرچاویان نەخوێندەوار بوون، بەڵام بەردەوام لەگەڵ هەر وشەیەک کە لە زاریان دەهاتەدەر وشەی جوان و ڕەسەن و کوردیان بە منداڵەکان دەگووت، زۆرجار هەناسەیان هەڵدەکێشا و بە هەموو لایەکیان دەگووت: ڕۆڵە بخوێنن با وەک ئێمە چرای خوێندن و زانینتان کوژاوە نەبێ، هەر بە خوێندن دەتوانن بە مەبەستەکانتان بگەن. ڕاستە ئەوان نەخوێندەوار بوون، بەڵام هەموویان لە ژیان دا زۆر بە ئەزموون و لێزان و کارجوان بوون، ئەوان زۆر بە کەمی شتێکی فێری بایەن لە بیریان دەچۆوە و بە دەگمەن هەڵدەکەوت کە ئاگایان لە ژیانی ڕابردووی ناوچە و شار و بنەماڵەکەیان نەبێ و هەمیشە باسی مێژووی خۆیان و بنەماڵەکەیان دەکرد.
دیارە ژیانی ژنانی گوندنشینەکان سەد هێندە جوانتر و سەختتر و دڵسۆزانەتر بووە و هەنووکەش بەشێک لەو کارانەی ئاماژەم پێدان کەم و زۆر لە هەندێک شوێن وەک خۆیان هەر ماون و یا هەندێک کەم رەنگتر بوونەوە و بە شێوازێکی نوێتر بەرێوە دەچن، ژیانی ئەو ژنانە جیا لە کاری ژوور و نێوماڵ، کاری قورسی باخ و باخات و مەزرا و مەرداری و هەوارە و هەوار کردن زۆر شتی‌تریشی تێدایە و دەبێ سەری ڕێز بۆ ئەو هەموو سەبر و خۆشەویستی‌یە دابنوێنین، ئەوە تەنیا وێنەیەکە لە سەدان وێنەی جوانی ژیانی ژنان، لە ڕوانگەی دیکەشەوە پشت و پەنای گەلدۆستان و شۆرش و ڕاپەرینەکان بوون و ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسی و تەنانەت گیانیشیان لەو پێناوەدا بە سەخاوەتەوە بەخشیوە.
سەررەای ئەو هەموو هەڵسووران و ماندوونەناسیەی شۆڕە ژنانی کورد، بەداخەوە بەشێکی زۆریشیان لە لایەن پیاوەکانیانەوە چەوسێندراونەوە، بەڵام دڵسۆزی ژنان بە ماڵ و حاڵ و منداڵەکانیان بۆتە هۆی درێژەدانی ژیان لە بنەماڵەدا، سەرەرای ماندووبوون و ناخۆشی ژیان هەمیشەش دەست بە دوعا و نزا لە سەر بەرماڵ و ڕوو بە خوا دوعای خێریان بۆ گشت لایەک دەکرد و دەستی سۆزیان بە سەر سەری هەموو لایەک دا دێنا و نەیان دەهێشت منداڵەکانیان بێ ناز ببن، لەگەڵ هەموو ئەو چەرمەسەری و هەڵسووران و ماندووبوونانە دا، هەمیشە ئارام و لەسەرەخۆ و هێدی بوون، بەدڵ ڕازی بووبن یان نا، شوکرانەبژێر بوون. بۆیە لێرەوە و لە ڕیگای ئەم نووسینەوە دەستی گشت لایەک ماچ دەکەم و وێرای گەردن ئازایی دەڵێم لێمان ببوورن کە نەمان توانی لە کاتی خۆیدا چەپکە گوڵی ڕێز لێنان وەک ملوانکەیەک بخەینە گەردنی وەک چناری ئێوە و وەڵامی قەترەیەک لە دەریای لێوڕیژی ئێوە بە شێوەیەک لە شێوەکان بدەینەوە.
بە خۆشیەوە ئێستا کچان و ژنانی کورد مافی خوێندنیان هەیە و زۆرن ئەو کچ و ژنانەی لە بواری جۆراوجۆر دا لە نێو کۆمەڵگا دا خزمەت بە دانیشتووانی کۆمەڵگاکە دەکەن و تا ڕادەیەک ئاواتی دایکاکانمان کە خوێندن و خۆپێگەیاندن بوو هاتۆتە دی و ژنانیش لە هەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگادا شانیان وەبەر قورسایی ژیان و ئاوەدانی کۆمەڵگا و نیشتمان داوە و بە فەخر و شانازیەوە کار بۆ یەکسانی و بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە دەکەن.
بێ‌شک هەموومان ئەگەر مایە لە خۆمان دابنێین دەتوانین ئەو کارانە بە شێوازێکی دیکە و سەردەمیانە بەرێوەبەرین و هیچ شەرم لە کاری ئەو خۆشەویستانە نەکەین، لە کۆتایی دا ئەو ناوانە بەشێکیان هەروا خەیاڵی نووسراون و بەشێکیان ناوی درووستیان نووسراوە و با بە هەموومان ژیانی ژنە ماندوو نەناسەکان بنووسینەوە.
سڵاو لە ڕووحی هەموو دایکانی خەمخۆری کۆچکردووی شارەکەمان و نیشتمانەکەمان، ئەوانەی لە ژیان دا ماون هیوای ساخی و سەلامەتی و تەندرووستی و تەمەن درێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازم و ئەوانەی کۆچیان کردووە جێگایان بەهەشتی بەرین بێ.
شلێر حەسەن‌پوور