بابی شەهیدێک لە شەر دا فیشەکی تەواو بوو، م ـ زێڕە

دەمەوێ بیرەوەری شەرێکی رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی و چەند وشەی نەگوتراو بێنمە سەر لاپەرەکانی کاغەز و هیوادارم خوێنەرانی چێژی خۆی لێ وەربگرن . بەڵام پێش دەست پێکردن روونکردنەوەی چەند شت بە پێویست دەزانم کە لە بیرەوەری یەکەدا نێویان دێت.
١ ـ شەهید عومەر مرادی فەرماندەری لکی دوو، هەم بە عومەر قەبەغڵووی و هەم بە سیروان بانگ دەکرا.
٢ ـ شەهید عومەر مرادی یەکێک لەو پێشمەرگە بە دیسپلینانە بوو کە ساڵی ١٣٦٢ لەگەڵ دوو هاوڕێی نێردرایە دەورەی مودیرییەت.
٣ ـ شەهید ئەسکەندەر قەدیمی ( ساڵی ١٣٦٠) کوری کاک ساڵەی قەدیمی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە.
٤ ـ ئەو عەمەلیاتە درووست لە ناوچەیەک بەڕێوە چوو کە گرووهی زەربەت یان باشترە بڵێن جاشخانەی میرەدێ کە دایم چاوساغی دوژمن بوون بەڕێوە چوو.
٥ ـ پێشمەرگەی ئازا عەلی دیاکۆ ( بە داخەوە شۆرەتەکەی نازانم) پێشمەرگەیەکی بە ورە و ئازا، کەم ئەندام و لە راستی دا تەنیا یەک دەستی هەبوو. دەستەکەی‌تری لە جومگەی بۆ خوارەوە نەبوو بەهۆی رووح سووکی و سادەی و دڵپاکی لە لکدا بە دیاکۆ بانگمان دەکرد و نێوی عەلی دیاکۆی بەسەردا برا.
٦ ـ من زۆر درەنگ عومەر قەبەغڵوویم ناسی ، بەڵام بە ناسینی و لە ماوەیەکی زۆر کورت دا بووین بە نزیکترین هاوڕێی یەکتری و شەهید بوونی ناوبراو تاڵترین رۆژ و ساتەکانی ژیانی من بوو . ئەو وێنەی لە سەر کڵاوەکەی منە ، وێنەی شەهید عومەر قەبەغڵووی یەکە لەگەڵ ئەم بیرەوەری یە دای دەنێمەوە.
ساڵی ١٣٦٣ ی هەتاویی بوو، شوێنی کارو تێکۆشان ناوچەی کوردپەروەرو دێمۆکرات خۆشەویستی سەقز، ماوەیەک بوو، کادری بەوەج و ئازاو رووناکبیر خالید زەکی شەهید کرا بوو. لە دەست دانی خالید خەمی هەموو مان و جێگە و بەرپرسیارەتی یەکەی دیار بوو. هێزی شەهید عەزیزی یوسفی جگە لە ئەرکانی هێز خاوەنی سێ لک و فەرماندەری بە ورە و رووح سووک، نموونەی ئەخلاق و ئەدەب کاک مەمی تەهامی بەرپرسی بوو.
رۆژێک بە دەستووری فەرماندەری هێز زۆربەی بەرپرسانی نیزامی لکەکان لە کومیتە شارستان کۆبوونەوە. دەرکەوت گەڵالەیەکی گەورەی عەمەلیاتی بە یادو بیرەوەری شەهید خالید زەکی ئەویش راست لە ئایچی شوێنی شەهید بوونی و کۆنترۆڵکردنی جادەی ئەسڵی سەقز لە سێ کیلۆمیتری پادگانی شار بەرەو بانە بە درێژایی چەندین کیلۆمێتریان بە دەستەوە بوو. کاتێک عومەر گەرایەوە بۆ لک و پاش هاوفکری کردنمان لە ئاوایی ملە بەرپرسانی لکی کۆ کردەوە و هێندێک روون کردنەوە و ئامۆژگاری پێدان و بە تایبەتی زۆر بە وردی باسی نەزم و دیسیپلینی کرد.
چەند رۆژ دواتر هەموو پێشمەرگەکان لە ئاوایی کاوەمەلە کۆ کرانەوە و سازماندەی و دابەش بوون دەستی پێ کرد. بەڕێز فەرماندەری هێز کاک مەمی تەهامی هەژدە کەس لە پێشمەرگەکانی لکی دووی بە فەرماندەری لک کاک عومەر قەبەغڵووی جیا کردەوە و لە وتەیەکی کورتدا فەرموویان: ئێستا ئێوە دەرۆن بۆ مەئموورییەتێکی زۆر گرینگ ، من زۆر دڵم بە ئێوە خۆشە، زۆر باوەرم بە ئازایەتی و چاونەترسیتان هەیە، هەر ئەوەندە بەسە بڵێم وریابن زەربە نەخۆن و ئەم رۆژانە چارەنووس و پاراستنی هەموو هێزی عەزیز یوسفی بە ئێوە دەسپێردرێ.
لەم هەژدە کەسە ئەوەی لە بیرمە، بریتی بوون لە : عومەر مرادی سەرلک، م زێڕە کادری سیاسی لک، حەمە سماقڵوو سەرپەل، ساڵە قەدیمی (بابی شەهید)، خاڵە تۆفیق، عەبە عارف، حەسەن ئیسلامی، حەمە گردەکۆ، عەلی دیاکۆ، عەلی خاڵدار، تالب غەریب، عەلی سەقزی، رئووف سەقزی، حەسەن بێکەس ، رەسووڵ .. ، و …
سەر لە ئێوارەی ئەو ڕۆژە لە ئاوایی کاوەمەلەوە بەرەو ناوچەی خوڕخوڕە بەڕێ کەوتین و پاش دوو رۆژان لە سەر قەراری پێشوو ئەو شەوە گەراینەوە ناوچەی سەرشیوی سەقز و چووینە ئاوایی جەوشەن ، رۆژی دواتری هێزی بەهێزی شەهید عەزیز یوسفی لە کۆنترۆڵکردنی جادەی سەرەکی سەقز ـ بانە دا زەبرێکی زۆر کاریگەریان لە دوژمن وەشاند. زرمەو گرمەی چەکی قورس دەبیسترا و گەرانی هێلی‌کۆپتێرەکانی دژمن بەسەر شاخەکان و مەیدانی شەردا دەبیندرا. هەر بۆیە ئێمەش زۆر زوو خۆمان ئامادە کرد و بۆ پاراستنی پشتی جەبهە کە مەئمووریەتی ئەسڵی ئێمە بوو بە رووناکی بەرەو ئاوایی دەریاوی و لەوێڕا بەرەو بەرزایی‌یەکانی سماقڵوو کەوتینە رێ ، دەکرێ بڵێن ئەو شەوە نەخەوتین و هەتا بەری بەیانی لە بەرزایی‌یەکان لە کەمین دابووین هەتا هەموو پێشمەرگەکان پاشەکشە بکەن. بەداخەوە بەهۆی بەربڵاوی مەیدانی شەر و ماندووی پێشمەرگەکان و بوونی دیل و دەستکەوتێکی زۆر ئەو رۆژە نەیانتوانی بوو زۆر لە مەیدانی شەرەکە دوور بکەونەوە. ئەوکات بێسیم نەبوو و کاناڵی پەیوەندی گرتن ئاسان نەبوو، ئێمەش بێ خەبەر لەوان کە بۆ حەسانەوە چوونەتە کام ئاوایی؟ بەرووناک بوونی وڵات و نەبوونی هیچ جم وجۆڵێکی دژمن ئێمەش لە شاخ هاتینە خوارو بۆ حەسانەوە چووینە نێو ئاوایی سماقڵوو. پاش دانانی نیگابان بە سەرماڵەکاندا دابەش بووین. پاش چەند کاتژمێر و گۆڕینی چەند دیدەبان کە لە سەر تەپەی مەنبەعی ئاو رووبەرووی ئاوایی دامان نابوو، نۆرە گەیشتە دیدەبانی حەسەن ئیسلامی . خەڵک بەرەو مووچە و مەزرا رۆیشتبوون ، ئاوایی زۆر ئارام و بێدەنگ بوو. من و عومەر قەبەغلووی و رەسووڵ کە خزمی نزیکی عومەر بوو پێکەوە لە دووهەم ماڵی خوار ئاوایی خەوتبووین. عومەر پێش من لە خەو هەستا بوو بە دووربین برێکی چاو لە دەوروبەر کردبوو، سەردانی حەسەن و شوێنی دیدەبانی کردبوو. هات منی لە خەو هەستاند بینیم مەقەستێکی بە دەستەوەیە و کوتی تۆزێک سەرم بۆ کەم بکەوە، پاش دەست و چاو شۆردن و نانخواردن ، لەبەر هەیوان کە دەکەوتە سەر سەربانی ماڵی خوارترەوە دەستم کرد بەسەر چاککردنی عومەر، وەک هەمیشە سەرگەرمی شۆخی وقسەی خۆش، و تەقە تەقی مقەست بووین . کە سەرم هەڵبری بینیم پیاوێک دوو گای پێش خۆی داوە و بەراکردن و هەڵاتن بەرەو ئاوایی دەهات زۆرم پێ سەیر بوو، منی چاک دەناسی کە لێمان نزیک بۆوە زۆر بە تێرادیوی یەک دوو جنێوی زۆرتەرو خۆشی پێدام ، گووتی ئەوە خەریکی چین ئێستا دژمن قوونتان سوور دەکات! چاوتان لێ نیە ؟ دارو بەردتان لێ گیراوە؟ نابینن ئەو هەموو هێزە لەو سەر شاخانە چۆن ئێوەیان گەمارۆ داوە؟ کە چاوم لێ کرد دیدەبان هەر ئاگای لێ نیە، هەموو شاخەکان گیراون و هێزی زۆری دوژمن جگە لە گەمارۆدان وەک رەوە بەرەو ناو ئاوایی دێن . مەقەستم فرێدا و من پێش عومەر خۆم گەیاندە چەکەکەم، عومەر گوتی زێڕە بە قوربانت بم هەتا من دێم ئەو یاڵە (تەپۆڵکە) بگرن، منیش زۆر بەدەست و برد خێرا هەشت کەسم بۆ ئەو شوێنە بەرێ کرد، پێشمەرگەکانی دیکە لە نێو دێ دامابوونەوە و گەرام یەک دوانیانم دیتەوە و لە پڕ بڵینگۆی مزگەوت هەڵکرا و عومەر نەراندی پێشمەرگە وەرنە دەرێ ئەمڕۆ رۆژی ڕۆڵەی دێمۆکراتە . هەر زۆر زوو کاک تالب کاک عەلی دیاکۆ و کاک عەلی سەقزی و بابی شەهید و خۆم بە شوێن دەستەی هەوەڵدا بە شاخی هەڵ بووین. دەستەی هەوەڵ کە دەگەنە سەربەرزایەکە، دەکەونە کەمینی دوژمن و وەبەر دەسترێژ دەردرێن و شەر دەست پێ دەکات . هێزی زۆر و پۆشتە و پەرداخی دوژمن بە چەکی قورس و نیوە قورس و چەکی دەستی فشارێکی زۆر دەخەنە سەر ئەو هەشت پێشمەرگەیە و ناچاریان دەکەن کە تەپۆڵکە بچووکەکان جێ بێڵن و بەرەو ئاخرین بەرزایی زاڵ بە سەر مەیدانی شەردا برۆن. دوژمنیش بە شوێنیاندا. کاتێک زانیمان هەموو جێگایەکمان لێ گیرا بوو، دەبوو شەری مان ونەمان بکەین . بە درێژایی سەد هەتا سەدو پەنجا میتر سەر تەپۆڵکەی بەرانبەرمان کەسی لێ نەبوو و دەستەی دووهەمی دوژمن کە بەشی فەرماندەران و نیزامی‌یەکان بوو راست بە سەر ئەو یاڵەدا دەهاتن بەرو ئاخرین بەرزایی، گوێنی و دەوەنی بەرزی باشی لێ بوو کوتم کورینە بەس ئێرەمان هەیە لە بن گوێنیان خۆ مات بکەن بابێن کەس حەقی نیە تەقە بکە، هەموو راکشاین و سەنگەرمان گرت فەرماندەرەکان هەر دەهاتن و نزیک دەبوونەوە، چوون پێش خۆیان گرووهێکی دیکەیان رۆیشتبوو و ئێمە کەوتبووینە نێوانیان نەیانزانی بوو بێ خەم بوون.
ئەوە سەد میتر ، ئەوە حەفتا میتر ، ئەوە پەنجا میتر،
تالب بە پەلە بوو کاکە با لێیان بدەین ، کوتم نا، لە شانسی خراپ تەنیا یەک سەر نێزەمان پێ بوو، ئەوان زەلام و قەوی و قۆڵ ، ئێمەش ورد و لاواز ، بەڵام ئێمە بەورە و بە بەرنامە ، ئەوان بێ ورە و رەوەکی ، هاتنە پێش و پێشتر، بێ ترس و خۆف نەیاندەزانی کە ئاخرین دەقیقەکانی ژیانیانە ، هەموومان کەڵاشینکۆفمان پێ بوو ، بەچاو تێم گەیاندن بە رەگبار نەک بە تەکتیر، نابێ کەسیان بگەڕێتەوە. کە گەیشتنە پێنج میتری ، پێشمەرگەی ئازاو چاونەترس عەلی دیاکۆ نەراندی بژی دێمۆکرات ، لە پڕ وەک پاساری بەسەرێک وەر بوون، پێنج کلاشینکۆف وەک کەو دەیقاسپاند هەر لاشەی جاش و پاسدار بوو دەکەوتنە سەر زەویی ، شەرەکە زۆرگەرم بوو ، بە سەر کەلاکی دوژمندا بازمان دەدا و پێشرەویمان دەکرد و ئەوانیش کەوتبوونە حاڵەتی لاقە قوونێ نەجات دە، زۆر دەترسام لە پڕ بریندارێکی ئەوان بە ئانقەست خۆی مراند بێ و لە پەناوە تەقەمان لێ بکات و شەهید بدەین ، هەر بۆیە زوو زوو دەمگووت کورینە وریای بریندارەکانیان بن بە کورتی دوژمنمان تێکشاند و ئەو یاڵەمان پاک کردەوە گەراینەوە بۆ دەستکەوت کۆکردنەوە، بە کاک تالب م گووت ئاگات لە بابی شەهید بێ . کوا لە کۆیە ؟ تالب بە توورەی کووتی ئاگای چی !؟ ئەو کابرایە زۆر خەتەرناکە دانانیشێ سەنگەر ناگرێ !؟ هەر بە سەر پێوە رەپێ دەنێ هەر دەڵێی زیددی گولەی لە خۆی بەستووە !؟ دیتم بابی شەهید (ئەسکەندەر قەدیمی) لەو شەرایەتە حەساسەدا قوونی داوەتە سەر بەردێک و چاوی پڕە لە فرمێسک و هەر لێوان هەڵدەکرۆژێ ، کوتم ها کاک ساڵە چ بووە برینداری ؟ کوتی نا ! بۆم نەگیرا !، بەڵام لە دەستم دەرناچێ ئەمڕا ئەیگرم ! نایەڵم دەربچێ ! ئەم خوێریانە کوری منیان شەهید کردووە ؟. کوتم کاکە ئەوە باسی چی دەکەی خۆ تەپکەت دانەناوە چۆلەکەی بگری ؟! دەبێ وریا بی هەستە وەرە خەشابەکانت پڕ بکەوە، کوتی نا من نامهەوێ بە تفەنگ شەر ناکەم ، سەر نێزەکەم پێ یە، زانیم مەسەلەکە چییە دەستم لە ئەستۆی کرد ماچم کردو گوتم کاکە ئێمە هەموومان کوری تۆین دەبێ ئاگات لە ئێمە بێ . بە چاوی خۆت بینیت هەر دووک عەلی و تالبی مێرمنداڵ چی یان کرد، دە هەستە بە قوربانت بم. دوژمن کە زانی پێنج کەسین هێرشی کردەوە ، هەم بە پیادە نزام و هەم بە کاتیوشا و هەم بە دۆشکە و خۆمپارە، بەناچار سەنگەرمان گرتەوە دوژمن پێشرەوی کردو لە سەر هەست دەهات . ئەمجار کاک حەمە سماقڵووی و کاک رئوف و خاڵە تۆفیق گەیشتنە لامان ، بووین بە هەشت کەس ئێمە فیشەکمان لە کەمی دابوو، هاتنی ئەوان دەرفەتێک بوو بۆ کۆکردنەوەی هێندێک دەستکەوت. هێندێک خەشابمان پڕکردنەوە و دیسان شەر دەستی پێکردەوە، دەستەویەخە نەبوو، بەڵام زۆریشی فەرق نەبوو ، شەرە نارنجەک بوو، دەکرێ بڵێن بە دەمانچەش دەکرا شەر بکرێ،. ئەمجاریش لەجاری پێشێ خراپتریان بەسەر هات زیاترمان راونان تەپۆڵکەی زیاترمان ئازاد کرد ، دیتم شەری بابی شەهید وەک شەری ئێمە نیە، دانانیشێ ، راناوەستێ ، سەرنێزە و تفەنگ بەدەستەوە بە دوایی پاسدارێکدا لای خوارەوە لێ گرتووە و بەرەو بەرزایی رەپێی دەنێ ، بەناچار کەو کووژی پاسدار کوژراو کاک ساڵە گەراوە لامان، من لێی دڵتەنگ بووم کوتم کاکە ئەوە چی دەکەیت؟ کەی شەرکردن وادەبێ؟ پاش جنێوێک بە پاسدارە کە کووتی: باش نەبوو ژێ سێ یەکەی گیری کرد ، خۆ یەک فیشەکم پێ نەماوە! وتم دەی باشە ئاوام شەر بۆ دەکەی؟ لە دوو خەشابە پرەکەی خۆم یەکیانم پێ دا. بەرگی بەرەندە بە ئێمە بوو. ئەو ماوەی ئێمە لە شەردا بووین عومەر قەبەغڵووی لە پشتی بڵیندگۆی مزگەوت هەر دڵخۆشی خەڵکی ئاوایی دەدایەوە و ورەی دەدا بە ئێمەو درووشمی دژی رژیمی دەگووتەوە ، لە سەرەتای هێرشی سێهەمدا کە ئیدی شەری واکەم جار روویداوە دوژمن وەک ورچی برینداری لێ هاتبوو، لە هیچ دەستی نەدەپاراست ، ئەو هێزەی کە دەبوو بچێ بۆ نێو ئاوایی گەرایەوە و بەرەو ئێمە وەشاخی کەوت، عەلی حوسێنی فەرماندەکەیان کە شکست خواردووی شەرەکە بوو و هەرچی نارد بوویە مەیدان باشی نەجات نەببوو ئەمجارەیان خۆی لە پێشەوە و قشوون بەدواوە تەپک بە تەپک دەهاتنە پێشەوە، هێزی تۆپخانەش لە پشتیان ، پێویستیان بە دووربین و دیدەوەر نەبوو، سەنگەرەکانی ئێمەیان بەباشی دەبینی، دەیانزانی چەند کەسین و چەکی دەستمان چی یە. بۆ ئەوەی زەربە نەخۆین شێوەی شەڕمان گۆری و دابەش بووین، دوو کەس لە سەر تەپەکە و سێ کەس لاپاڵی شانی راست و رووکاری ئاوایی ئاقڵاوا و سێ کەس لاپاڵی شانی چەپ رووکاری لای سماقڵوو بەرەو دوژمن سەنگەرمان گرت لە یەکەم هەڵمەت بردندا عەلی حوسێنی کوژرا، و چەندین جەنازەی‌تری دژمن کەوتە سەر زەوی و لە بەر دەستی ئێمە دابوون .

لە کاتی هەڵمەت بردنی پێشمەرگەکاندا عومەر خۆی دەگەیێنێتە کەڵەکە بەردێکی پشت سەری ئێمە و لە سەد میتری بە دووربین چاو لە مەیدانی شەر دەکات و لەم کاتەدا قەناسە بە دەستێکی پاسدار سێرە لە عومەر دەگرێ و بە فیشەکێک شەهیدی دەکات ، ئێمەش لە بەر گەرمەی شەر ئاگامان لە پشتەوە نەبوو، عەبە عارف کە بە شوێن عومەرەوە دەبێ و هەر کە دەگاتە کەڵەکە بەردەکە دەبینێ تەرمی عومەر کەوتووە و شەهید بووە ، لەو کاتەدا بە چەپۆک بە سەری خۆی داداو هاواری دەکرد زێڕە بگەڕێوە عومەر شەهید بووە. بەشێکی بەرچاوی دوژمن لە خۆدان و هاواری عەبە عارفیان بینی و گوێیان لێ بوو. هەر بۆیە ورەیان بەرز بۆوە و هێرشیان کردەوە، منیش بەخۆم نەبوو لێی نارەحەت بووم چوون بەراستی وەزعی شەرەکەی گۆڕی، زوو کاک عەلی سەقزی و کاک رئووفم بانگ کرد و ناردمن بۆ ئاوایی ئاقڵاوە کە هێستر بێنن و تەرمەکە رابگوێزین و بەداخەوە فریا نەکەوتین و دوژمن توانی دەست بە سەر تەرمی عومەر دا بگرێ . شوێنی شەرەکە وابوو ئێمە نەمان دەتوانی بۆ هیچ لایەک پاشەکشە بکەین هەموو هیوا ئومێدمان ئەو هەشت پێشمەرگەیە بوو کە پێشتر پەرەوازە ببون بگەڕێنەوە و یارمەتیمان بکەن چۆن بە هەموومان سەد فیشەکمان پێ نەما بوو. لەو کاتە دا بوو کاک عەلی خاڵدار بە تەنیا لە شاخی‌یەوە بە تەقە کردن بەرەو دوژمن هاتە خوار و دوژمن پێی وابوو هێزی پشتیوانمان بۆ هات هەر زۆر زوو جەنازەکانیان کۆکردەوە بەرەوخوار بوونەوە و ئێمەش بە شوێنیاندا و توانیمان چەند جەنازەیتریان لێ بخەینە سەر زەوی بەڵام تازە هیچ نەدەکرا. ئێوارە بوو هەوا بەرەو تاریکی دەچوو، پێشمەرگە خەفەتبار و ماندوو و بێ فیشەک بە دەوری یەکەوە کۆبووینەوە، چ بکەین و بۆ کوێ بچین؟ پێش هەموو شتێک کوتم کورینە ئەوانەی فیشەکیان پێیە بێنن با دابەشی بکەین بە سەر هەمووماندا، هەر کەسەو بیست فیشەک و سی فیشەکی بەرکەوت و بەرەو خوڕخوڕە کەوتینە رێ و پاش سێ رۆژان فەرماندەری هێز کاک مەمی تەهامی و کاک فەڕروخ تایری لە ئاوایی سرنجداغ ئێمەیان گرتەوە و فیشەکیان بۆ هێناین .
هەزاران سڵاو لە رووحی پاکی شەهید عومەر قەبەغڵوی و ئەو دەستە پێشمەرگە قارەمانە.
م ـ زێڕە
سوئێد ٢٧١٥ی کوردی
تێ‌بینی: ئەو کورانەی ئەو قارەمانەتیان تۆمارکرد چەند کەسیان لە شۆڕشدا شەهید بوون و هێندێکیان نێویان لە ناو لیستی شەهیدانی حیزبدایە وەک عومەر مرادی ، حەمە سماقڵووی ، عەبە عارف، عەلی خاڵدار، حەسەن ئیسلامی