بەیاننامە : هەڵسەنگاندن‌و خوێندنەوەمان بۆ ئاکامەکانی هەڵبژاردنی پارڵمانیی تورکیە

ڕۆژی ١ی نوڤەمبری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی پارلمانیی تورکیە بەڕێوە چوو. ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە، دوای ئەوە بڕیار لە سەر بەڕێوەچوونی درا کە براوەکانی هەڵبژاردنی١٧ی ژوئەن کە هیچکامیان نەیاندەتوانی بە تەنیایی دەوڵەت پێک بێنن، لە پێکهێنانی دەولەتێکی ئیئتلافییش‌دا سەرکەوتوو نەبوون.
بە پێی ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە حیزبی دادو گەشە پێدان AKP کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا نزیکەی سەدی ٤٠ دەنگەکانی هێنابۆوە، زیاتر لە سەدی پەنجای دەنگی دەنگدەرانی بە دەست هێناو ڕادەی کورسییەکانی خۆی لە پارڵمانی ئەو وڵاتە، لە ٢٥٨ کورسی گەیاندە ٣١٧ کورسی؛ ئەمەش بۆ پارتی ناوبراو سەرکەوتنێکی گەورەو تا ڕادەیەکی زۆریش چاوەڕواننەکراو بوو. AKP بەم جۆرە توانی بگاتە ئەو ئاستە کە بە تەنیا دەوڵەت پێک بێنێ. پارتی دیموکراتیکی گەلانیش(HDP) کە لە هەڵبژاردنی پێشوو‌دا زیاتر لە سەدی ١٣ی دەنگەکانی کردبوون بە هی خۆی‌و نزیکەی ٨٠ کورسیی لە پارڵمانی ئەو ولاتە بە دەست هێنابوو، ئەگەر چی ئەمجاریش توانی بەربەستی سەدی ١٠ی دەنگەکان تێپەڕ بکا، بەلام ژمارەی کورسییەکانی لە پارڵمان، کەم بۆوەو هاتە سەر ٥٩ کورسی. بەو حالەش(HDP) لە حیزبی چوارەمەوە بوو بە حیزبی سێهەم .
هەڵبژاردن لە تورکیە‌و ئاکامەکانی بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە چەند بارەوە گرنگ‌و شایانی هەڵوێستە لە سەر کردنن. لە پێشدا لەم بارەیەوە تورکیە وەک وڵاتێکی دراوسێی ئێران، ئەزموونێکی جیاواز لە وڵاتی ئێمەی لە هەڵبژاردنی ئازادو چەند حیزبی‌دا هەیەو خاڵە بەهێزو لاوازەکانی دیموکراسیی ئەو وڵاتە بۆ وڵاتان‌و گەلانی بێبەش لە دیموکراسی‌و هەڵبژاردنی ئازاد لەم ناوچەیە، شیاوی لێ فێربوون‌و دەرس لێ‌وەرگرتنن. دووهەم بەو هۆیەوە کە نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان یەکێکە لە دوو پێکهاتەی سەرەکیی وڵاتی تورکیەو ئەم پێکهاتەیە، پاش سالانێکی زۆر سەرکوتکران‌و دوورخرانەوە لە پڕۆسەی سیاسی، لەم ساڵانەی دوایی‌دا لە ڕێگای حیزبی سیاسیی خۆی‌و بەشداری لە هەڵبژاردنەکان‌دا، دەیەوێ بە مافەکانی بگا. بەڵام خاڵێک کە لە ڕوانگەی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە، گرنگیەکی زیاتری بە هەڵبژاردنی ئەمجارە دابوو، بەسترانەوەی چارەنووسی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەو وڵاتە بە ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەو هەروەها کاریگەریی ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە سەر داهاتووی دەسکەوتەکانی نەتەوەی کورد لە خۆراوای کوردستان بوو. ئەوەش کە لەم مانگانەی دوایی‌دا، شەڕ لە نیوان پارتی کرێکارانی کوردستان‌و ئەرتەشی تورکیە دەستی پێ کردەوە‌و جارێکی دیکە ئەم شەڕە سێبەری خستە سەر سیاسەت‌و ڕەفتاری دەولەتی تورکیە بەرامبەر شار و ناوچەکانی کوردستان و تێکۆشانی پارتی دیموکراتیکی گەلان وەک پارتی سەرەکی و قانوونیی نەتەوەی کورد لەو ولاتە، هەستیاریی هەڵبژاردنەکەی ئەوەندەی دیکە، بەرەوژوور بردبوو.
پارتی دیموکراتی گەلان لە هەڵبژاردنی پێشوودا، توانیبووی بۆ یەکەم جار بەربەستی پێویستیی بەدەستهێنانی سەدی ١٠ی دەنگەکان بۆ چوونە نیو پارلمان ببڕێ‌و بە ٨٠ کورسیەوە بچێتە پارلمان، ئەمەش نەک هەر بە پشتیوانیی گەلی کورد، بەڵکوو بە پشتیوانیی بەشێک لە هێزە چەپ‌و دیموکراتەکانی ئەو وڵاتە وەدیهاتبوو و بەم جۆرە HDP دەرفەتێکی زێڕێنی بۆ ململانیی سیاسی لە نیو پارلمان‌و لە ئاستی تورکیە دا وەدەست کەوتبوو. پاراستنی ئەم دۆخەو تەنانەت قووڵکردنەوەو بە هیز کردنی، دەیتوانی سەرکەوتن‌و بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لەم وڵاتە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پێشوەختی پارلمانی یا هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسیی دیکەدا دەستەبەر بکا. هەوڵەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی‌و حیزبی دەسەڵاتدار بۆ لەباربردنی ئەم دۆخەو تەنگ هەڵچنین بە پێشڕەوی‌و هەڵكشانی HDP و بزووتنەوەی ئاشتیانەی کوردو، تێکەوتنی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)لە داوی توندو تیژخوازان‌و نەیارانی سەرکەوتنەکانی HDP، هەڵگیرسانەوەی شەڕو زاڵبوونەوەی بارودۆخی نائاسایی و تێکەڵ بە سەرکوت‌و زەبرو زەنگ لە شارو ناوچەکانی باکووری کوردستانی لێ کەوتەوە. سەدان چالاکی HDP کەوتنە زیندان، متینگ‌و بارەگاکانی ئەو پارتە بوون بە ئامانجی تەقینەو هێرش بۆ کران و، ڕێبەران و نوێنەران و بەربژێرەکانی HDP ململانێی هەڵبژاردنیان لە بارودۆخێک‌دا بەڕێوە برد کە بە ئاشکرا لە دژی ئەو پارتە بوو و چاوەدێرانی نیودەوڵەتییش شایەدیان بۆ ناعادڵانەو تێکەڵبوونی بە توندو تیژی و زەبرو زەنگ‌و بەربەست‌و بە زیانی حیزبەکانی دیکە بە تایبەتی HDP دا.
بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەو راستیانە، ئاکامەکانی هەڵبژاردنی پارڵمانیی ئەمجاری تورکیە، هێندێک راستی دەسەلمێنن کە پێویستە هەم هێزە سیاسییەکانی کورد لە باکوور، هەم حیزبی داد‌و گەشەپیدان‌و دەوڵەتی تورکیەو هەروەها سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەش، بەو جۆرەی هەن بیانبینن‌و بوێرانە لە گەڵیان بەرەوڕوو ببنەوەو لە سیاسەت‌و تێکۆشانی داهاتووی خۆیان‌دا لە بەر چاویان بگرن. بۆ وێنە ئەوە کە خەڵکی باکووری کوردستان سەرەرای هەموو ئەو هەڕەشە و بەربەستانەی لەم هەڵبژاردنەدا لە بەر دەمیان بوو، پشتیان لە سندووقەکانی دەنگ نەکردو دیسان بە شێوەیەکی شارستانی‌و ئاشتیخوازانە هاتنەوە مەیدان، وکۆسپی هێنانەوەی سەدی ١٠ی دەنگەکانیان شکاندو نوێنەرانی خۆیان بۆ پارڵمان هەڵبژارد، دەری دەخا کە ئەوان لە گەڵ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی ڕەوای خۆیان دان نەک پەنابردن بۆ چەک‌و شەڕو شێوازی توند و تیژ. کەمبوونەوەی دەنگەکانی HDPیش و چوونی ئەو دەنگانە بۆ پارتی دادو گەشە پیدان، ئەگەر لە لایەکەوە بە مانای ناڕەزایەتی دەربڕینە لە بەکارهاتنی توندو تیژی لە لایەن پارتی کرێکاران‌و کاریگەرییەکانی ئەو هیزە لە سەر HDP، جۆرێکیشە لە ئەرکدارکردنی پارتی دادو گەشەپێدان بۆ ئاوڕدانەوەی جیددیتر لە پرسی کورد. بە دەربڕینێکی ڕوونتر ئەوان بۆیە دەنگیان نەداوە بە پارتی داد‌و گەشەپێدان‌و دەوڵەتەکەی کە قۆناغێکی نوێ لە شەڕو سەرکوت لە دژی PKK و HDPدەست پێ بکەنەوە. ئەم قسەیە لە بارەی پەیامی ئەو دەنگدەرانەش کە دەنگەکانی خۆیان لە پارتی بزووتنەوەی میللیMHP)) وەرگرتەوە و ئەمجار دەنگیان بە AKPدا، هەر ڕاستە. چونکە ئەو پارتەش، سەرسەختانە دژی چارەسەربوونی پرسی کوردو دابینبوونی مافەکانیەتی‌و دەنگ ستاندنەوە لەو پارتە و چوون بەرەو AKP، یەکێک لە واتا و دەرکەوتەکانی، رەدکردنەوەی سیاسەتی توندڕەوانەو تەئییدی سیاسەتێکی میانەڕەوانە لە ئاست پرسی کوردە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان هیوادارە ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە بەر لە هەموان هاندەری حیزبی داد‌و گەشە پێدان‌و بە تایبەتی سەرکۆماری تورکیەو‌ سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە بۆ چارەسەری ئاشتیانەو دادپەروەرانەی پرسی کورد لەو ولاتە بێ. چاوەڕوانی‌و هیوای ئێمە ئەوەیە لایەنە کوردییەکان وهیزەکانی دیکەش لە نیو پارلمان‌و لە نێو کۆمەڵگە‌دا، دەست بدەنە دەستی یەکتر بۆ بنیاتنانەوەی تورکیەیەکی نوێ، تورکیەیەک کە هەموو پێکهاتەکان هەست بە هاوبەشی وڕیزلێگیران‌و دابینبوونی مافەکانیان بکەن. ئەمە هەم تەبایی‌و سەقامگیربوون لە نیوخۆی تورکیە پیک دێنێ و هەم جێگە و پێگە و ڕێز و ڕۆڵی تورکیە لە ناوچە دا بەرەوژوور دەبا.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٥/١١/٢٠١٥