دێوەزمەیەك بەناوی ئیتلاعات . هاوار بازیان
بە چاوی كراوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە ناوەخۆ و دەرەوەی ئێران دادەنرێ، دامەزراوەیەكی باڵای ئەمنی كە نەتەنیا ئێران، بگرە چاوی لە دوورترین وڵاتی جیهانە و بۆ گەیشتن بە بچووكترین خواستی ئەمنی و تەناهی دەست بۆ گەورەترین كاری “رەوا و ناڕەوا” دەبا كە ئەویش هەمان وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانییە. ناوەندێك كە بۆ كوردیش پڕە لە بیرەوەریی ناخۆش هەر لە گرتن، بردن، كوشتن، تیرۆر و پیلانگێڕی. بەڕاستی ناوەڕۆكی “ئیتلاعات” چییە، چی لە هەناودایە؟ چی دەكا؟ هێزەكەی چەندە؟ ئایا هێندە ترسناك و بێ مۆراڵە كە وێنا كراوە؟
كورتە مێژوویەك
وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی (واجا)، باڵاترین دەزگای ئاسایشی ئێستای ئێرانە كە پێشتر (ساواك) بوو. “محەمەد رەیشەهری” یەكەم وەزیری ئەو وەزارەتە بوو كە هاوینی 1984 لەسەر دەستی دەسەڵاتی نوێی كۆماری ئیسلامی لە ئێران دەستی بەكار كرد. دواتر كەسانی وەك هاشمی رەفسەنجانی، عەلی فەلاحیان پۆستی وەزارەتەكەیان وەرگرت كە سەردەمی فەلاحیان وەك “رۆژانی پڕ دەستكەوت” بۆ وەزارەتەكە دادەنرێ، پاش ئەوەی زیاتر لە 100 كردەی ئەمنی-سیخوڕی و كوشتنی نەیارانی دەسەڵاتی تاران لە ناوەخۆ و دەرەوەی ئێران “بەسەركەوتوویی” بەڕێوەچوون، تیرۆری رێبەرانی كوردی ئێرانی (قاسملوو و شەڕەفكەندی و هاوڕێیانی) لە ڤیەننا و بەرلین نموونەی دیاری ئەو سەردەمەی ئیتلاعاتن.
لە سەردەمی محەمەد خاتەمیدا، قوربانعەلی نەجەفئابادی كرا بە وەزیری ئیتلاعات، دواتریش عەلی یونسی ئەو پۆستەی وەرگرت. لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد، غوڵامحسێن ئێژەیی بۆ ماوەیەكی كورت وەزیری ئیتلاعات بوو و دواتر مستەفا پورمحەمەدی و پاشانیش حەیدەر موسلحی لەو پۆستەدا كاریان كرد تا هاتنی دوا سەركۆماری ئێران حەسەنی روحانی. ئێستەش مەحموود عەلەوی وەك دوا وەزیری ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی لەو پۆستەدایە.
هێڵە گشتییەكانی ئیتلاعات
بەسوود وەرگرتن لە سەرجەم هێز و تواناكانی ماددی و مەعنەوی كۆماری ئیسلامی و لەژێر چاودێریی راستەوخۆی عەلی خامنەیی رێبەری باڵا، بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاكانی دەسەڵاتی ئێرانی دەكا و پەنابردن بۆ سەرجەم رێگەكانی وەك دزەكردنە ناو نەیاران لە دەرەوە و ناوەخۆی ئێران و چاودێریكردنی وردی یار و نەیاری حكوومەتی ئێرانی ئیسلامییە! پێویستە وەزیری ئیتلاعات لە پلەی “ئیجتیهاد”دا بی و بڕوای تەواوی بە بنەماكانی ئاینی دەسەڵاتدار (ئیسلامی شیعی) هەبی. هاوكات سەرجەم داوودەزگاكانی سیستەمی دەوڵەت لە ئێران ئەركدار كراون كە زانیارییەكانی خۆیان بەراپۆرت و پوختی رەوانەی ئیتلاعات بكەن و هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە زانیاریی تایبەت بەخۆی هەبی یان كۆ بكاتەوە.
هەیكەلی وەزارەت
وەزارەتی ئیتلاعات پێكهاتووە لە 14 بەڕێوەبەرایەتی و یەك دەزگای سەربەخۆ كە بریتین لە:
1. ئاسایش و زانیارییەكانی ناوەخۆیی
2.دژە سیخوڕی
3.بەشی دەرەوەی وڵات
4. پاراستنی زانیارییەكان
5. بەشی سیاسی
6. ناوەندی لێكۆڵینەوە و كاروباری ستراتیژیكی
7. پێگەیاندن و بەدواداچوون
8. ئارشیو و بەڵگە نیشتمانییەكان
9. كارگێڕی، هێزی مرۆیی و دارایی
10.پەرلەمانی و كاروباری یاسایی
11.بەشی ئابووری
12.كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری
13.تەكنەلۆژیا و راگەیاندنەكانی سەردەم
14.دەزگای گشتیی پاراستنی وڵات
ئەو بەشانە لە چوارچێوەی 4 بەشی دیكەدا كار دەكەن: بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش، بەشی چاودێری و تۆماری زانیاری و هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكان. هەروەها بەشی دژەسیخوڕی لە وەزارەتی ئیتلاعات كە گرینگی بە چوونە ناو تۆڕە ئەمنییەكانی دوژمن و بەلاڕێدابردنی زانیارییەكانیان دەدا!
لە ئاستی دەرەوەشدا، وەزارەتی ئیتلاعات 8 بەڕێوەبەرایەتی و بەشی جیا و تایبەتی دامەزراندوون:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئوروپا، ئەفریقا، وڵاتی ئەمریكا، پارزەوینی ئەمریكا، ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەلەستین و ئاسیا بەگشتی. لەپاڵ ئەوانەشدا، وەزارەت خۆی بەرپرس دەبینێ لەوەی پشتگیری یان رێگری بكا لە دامەزراندنی كارمەندی رەسمی حكوومەت و بڕیاردان لەسەر هەندێك كاروباری تری كولتووری، ئابووری، ئاینی و پەروەردەیی.
بەرنامەی كاری ئیتلاعات
1. كۆنتڕۆڵی جموجۆڵی هێزە نەیارەكانی كۆن و دیاری كورد و فارس و تورك و عەرەبەكانی ئێرانی بە خاڵی دیكەی سەرەكیی كاری ئەو وەزارەتە دادەنرێ و بۆ هەڵوەشاندنەوە و كاڵكردنەوەی كاری نەیارانی خۆی هەموو رێگەیەك دەگرێتەبەر. بۆ ئەو مەبەستە سەدان تۆڕی یەك كەسی تا 7-8 كەسی لە وڵاتانی دراوسێ و ئوروپا و شوێنەكانی تری دنیا دامەزراندوون كە تەنیا یەك ئەركیان هەیە: كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر جووڵەی ئۆپۆزسیۆن و دواتر شیكردنەوەی زانیارییەكان و كورتكردنەوەی بەفۆرمۆڵێك تا بكەوێتە بەردەستی لایەنی خاوەن بڕیاری پرسەكان. لەوبەشەدا ئیتلاعات كارەكانی دیار و بەرچاوە و بەردەوام شتی نوێی لێ ئاشكرا دەبی.
2.لایەنی سەربازی و بەتایبەت پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و شاردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەرجۆرە چاودێرییەكی دەرەكی بەسەر ئەو كەرتە، لە گرینگترین كارەكانی وەزارەت دادەنرێ. لەناو ئیتلاعاتدا بەشێكی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوە و نەهێشتنی مەترسییە هەواڵگرییەكانی سەر بواری سەربازیی ئێراندا هەیە و چالاكانەش كار دەكا.
3.لە هەر كەرتێكی ئابووری، زانستی، كۆمەڵایەتی و … تەنانەت وەرزشیدا، بەشێكی شاراوەی سەر بەئیتلاعات هەیە كە پێویستە ئاگاداری سەرجەم لایەنە ئەمنی و وردەكارییەكانی كاروچالاكییەكان بی، ئەو راپۆرتانە بەشێوەی بەردەوام رەوانەی بەرپرسانی باڵاتر دەكرێنەوە و بڕیاری پێویستیان لەسەر دەردەكرێ.
4.دۆزینەوە و راهێنانی هێزی نوێی كادیر بۆ بەجێگەیاندنی ئەركی هەواڵگری لە چوارچێوەی رێكخراوی “تیرۆریستی”دا و بەكارهێنانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی، كە بەشێكی زۆریان لە دەوروبەری ئێران ئەركیان پێ دەسپێرن و ژمارەیەكی زۆر تایبەت و كەمیان دواتر رەوانەی دەرەوەی وڵات و شوێنە دووردەستەكان دەكرێ. ستراتیژیی سەربازی و ئابووری هێزێكی وەك حیزبوڵای لوبنان، نموونەیەكی دیار و حاشاهەڵنەگری ئەو جۆرە لە كاری ئیتلاعاتە.
5.هێزە راهێنراوەكانی ئیتلاعات، هەركەس و رێكخراوە بەپێی توانای خۆی دەخرێتە بەرنامەی كاری گشتیی وەزارەتەوە و كاریان پێ دەسپێرن. بۆ نموونە ئەگەر كەسێكیان بەرپرس دەكرێ لە كردەیەكی وەك تیرۆركردنی رێبەرانی كورد لە ئوروپا، ئەوی تریان ئەركی تەقاندنەوەی بنكەی جوولەكەكانی بۆینس ئایرسی پایتەختی ئارژانتین جێبەجێ دەكا.
6.بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە و پروپاگاندایەك كە دواجار لە خزمەتی سیاسەتە گشتییەكانی ئیتلاعاتدا بی. بەكارهێنانی ئینتێرنێت و میدیا و دەستخستنە ناو كەرتی راگەیاندن وەك بەشێكی گرینگی سیاسەتی ئەو وەزارەتە لە كاروبارەكانی دادەنرێ و كردنەوەی ژمارەیەكی كەناڵی ئینتەرنێتی و میدیایی سەر بە ئیتلاعات، لەو ماوە كورتەدا خزمەتێكی باشیان بە مەبەستی سەرەكیی ئەو وەزارەتە لانیكەم بەرامبەر كورد كردووە. بێجگە لەوەی كاری سیخوڕی و چوونە ناو سیستەمی كۆمپیوتەری دوژمن (شەڕی سایبیری) و هاككردن و كۆنترۆڵی زانیارییەكان بە شەڕێكی نوێی وەزارەتی ئیتلاعات دادەنرێ و بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەك ماڵپەڕ و دامەزراوەی تایبەتی وەكارخستووە كە دیارترینیان ماڵپەڕی “ایران دیدبان”، “دیار و نادیار”، “كیهان”، “هابیلیان” و … هتد. كە راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتن و هەركامیان مەبەستێكی تایبەتی گرتووەتەبەر.
ئۆپراسیۆنەكان
بەپێی ئاماری چالاكییەكانی پێشووتری وەزارەتی ئیتلاعات، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەفغانستان، عێراق، كوێت و لبنان بە گرینگترین شوێنی چالاكی ئەو وەزارەتە و سوپای قودس دادەنرێ. (ئیتلاعاتی سوپا بەشی تایبەتی سوپای قودس و سوپای پاسدارانە). دواتریش وڵاتانی ئوتریش، ئازەربایجان، كرواتیا، فەڕانسە، گورجستان، ئەڵمانیا، توركیا و بریتانیا لەڕیزی دووەم هاتوون. هەروەها ئەمریكا، ئەرژەنتین، بولیڤیا، برازیل، ئیكوادۆر و ڤەنزوێللا بە مەیدانی چالاكییەكانی ئیتلاعاتی ئێران دادەنرێن. وەك باسیش كرا سەرجەم بڕیارەكانی تایبەت بە كار و كردەگەلی گرینگی ئیتلاعات لەسەر دەستی “رێبەری باڵا” عەلی خامنەیی دەبیت، بەڵام وەك هێزی مرۆیی و مەیدانی سوود لە كەسانێكی توندڕۆی “شیعی” وەردەگرن كە لە بەرنامەی كاری ئیتلاعاتدا بە “سەربازانی بێ ناونیشانی ئیمامی زەمان” ناسراون. ئەو هێزە هەموو هەوڵەكانی خۆی لە سێ بەشدا چڕ كردووەتەوە:
كۆنتڕۆڵی هەرجورە جووڵە و هەواڵگرییەكی دوژمن بە كورد و عەرەب و تورك و فارسی ئۆپۆزسیۆنەوە، كاركردن لەسەر عەقڵی جوولەكە و كۆنتڕۆڵی هەواڵگریی ئیسرائیل. لە سەرجەم چالاكییەكانیاندا لە دەرەوەی وڵات كە سوپای قودسی باڵی هاوبەشی ئیتلاعات سوپای پاسداران بەڕێوەی دەبەن، باسی لانیكەم یەكێك لەو 3 بەشەی سەرەوە دەكرێ.
بودجە و هێزی مرۆیی
هەر لە سەرەتاوە تا ئێستە، بودجەی وەزارەتی ئیتلاعات شاراوەیە كە دامەزراوەیەكی رەسمی و حكومییە. ئەو شاراوەبوونە زۆرجار بە “بوونی بودجەیەكی كراوە” لێكدەدرێتەوە! بەڵام وەك هێزی مرۆیی و بەپێی زانیارییەكانی دزەپێكراو، ئیتلاعات نێزیكەی 40 هەزار كادیر و ئەندام و كارمەندی تایبەت بەخۆی لە هەموو دنیادا هەیە.
وەرگرتنی كارمەند و ئەندام
وەزارەتی ئیتلاعات راستەوخۆ پێوەندیی بە زانكۆی “امام محمد باقر” هەیە و هەركەسێك داوای ئەندامێتی بكا، پێویستە لەو زانكۆیە كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی ئاینی، فكری و لێهاتوویی سەربازی و جەستەیی بكات. هەروەها ئەو زانكۆیە ساڵانە بەڕەسمی بڵاوی دەكاتەوە كە پێویستی بە وەرگرتنی ژمارەیەك قوتابی هەیە. لەو زانكۆیەدا یەكەمجار كار لەسەر پێگەیاندنی ئەندامانی ئیتلاعات لەبوارەكانی زانستە سیاسی و كۆمەڵیەتی، كارگێڕی، زانست و تەكنەلۆژیا دەكرێ. جگە لەوەی دواتریش پێویستە بە فیلتەرە ئەمنییەكانی خودی وەزارەتدا تێپەڕێت و خولی پێوەست بە كاری هەواڵگری و ئەمنی وەربگرن. دیارە جیا لە مەرجە سەرەتایییەكانی تری وەك ئەوەی پێویستە مسوڵمان و ئێرانی بی و بڕوات بە “ویلایەتی فەقیی خامنەیی” هەبی، ئەندامی هیچ رێكخراوێكی تر نەبی و لانیكەم خوێندنی ئامادەیی تەواو كردبی. تەمەنی لە 22 ساڵ كەمتر و لە 27 ساڵ زیاتر نەبی! پێویستە ئەوەش بزانین كە زۆرجار رەچاوی ئەو خاڵانە نەكراوە و بەپێی پێویست پێشوازی لە ئەندام و كارمەندی نوێ كراوە. نموونە هەیە كە ئەندامی ئیتلاعلات نەك هەر مسوڵمان و ئێرانیش نەبووە، بەڵكوو تەمەنی سەرووی 40 ساڵی یان غەیری ئیسلام بووە!
لە كوێ بەدوای ئیتلاعاتییەكاندا بگەڕێم؟
بەشی هەرەزۆری كارمەندانی ئیتلاعات، خۆیان لەژێر پەردەی كاری دیپلۆماسی، باڵوێز و كۆنسوڵخانەكان، كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی، بانكە ئێرانییەكان و كۆمپانیا گەورەكانی بازرگانیدا حەشار داوە. جگە لەوەی دەستیان گەیشتووەتە ناو كەسایەتییە باڵاكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو وڵاتانەی پێوەندییان بە بەرژەوەندیی ئێران و ئیتلاعاتەوە هەیە.
پەیوەندییەكانی هەواڵگری
ئیتلاعات لەگەڵ چەند ناوەندێكی دیكەی وەك دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی رووسیا SVR كە درێژەپێدراوی هەمان دامەزراوەی KGBی پێشووە، پێوەندییەكی توندوتۆڵی هەیە و بەشێكی زۆر كادیر و چالاكانی وەزارەتی ئیتلاعات لەسەر دەستی هەواڵگریی رووسیایی پێگەیشتوون و راهێنانیان پێكراوە. هەروەها رێكخراوی “قاعیدە” پێوەندییەكی ژێربەژێر و پتەوی لەگەڵی وەزارەتی ئیتلاعاتدا هەیە (سەرەڕای سووننە و شیعەبوونی ئەو دووانە) دژایەتیكردنی ئەمریكا و ئیسرائیل خاڵێكی هاوبەشی بەهێزی بۆ ئەو دوولایەنە دروست كردووە تا كاری لەسەر بكەن. لە میانەی چالاكییەكانی قاعیدە بۆ تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە تانزانیا و كینیا 1995-1996، دواتر دەركەوت كە 10%ی پێوەندییەكانی تەلەفۆنیی ئوسامە بن لادن سەرۆكی ئەوكاتی قاعیدە لەگەڵ ناوەخۆی ئێراندا بووە.
ئەوەی باس كرا، گۆشەیەكی كەم بوو لە وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی كە لەو بەشەدا زیاتر باسی لایەنی ئیداری و گشتی كرا، لە بەشی داهاتوودا هەوڵ دەدرێ باس لە پرۆسەی گرتن، لێپێچینەوەی، درووستكردنی پەیوەندی، تیرۆر و شكەنجەخانەكانی ئەو وەزارەتە بە تەواوی وردەكارییەوە بكرێ.
هەندێك سەرچاوە:
http://www.vaja.ir/Public/Home/
تیرۆریزمی سوپای قودس لە دەرەوەی وڵاتتروریسم سپاە قدس در خارج از كشور
Slået op af Hawar Bazyan i Søndag den 12. juli 2015
http://fas.org:8080/irp/world/iran/mois-loc.pdf
http://www.kurdpa.net/index.php?besh=dreje&cor=witar&id=8436
http://irandidban.com/
https://fa.wikipedia.org