دوو قسە و ڕونکردنەوەیەکی دڵسۆزانە! کەماڵ چاوشینی

وەک دەنگۆیە و لێرە و لەوێ و بە تایبەتی لە چەقە و تەقەی فەیسبووک دا دەبیسرێت و دەگۆترێت و دەنووسرێت “حیزبی دێمۆکراتی کوردستان” بەخێر بەم زووانە کۆنگرەی خۆی دەبەستێت.

هیوادارم کۆنگرەیەکی سەرکەوتوویان هەبیت و بەرنامە و ئامانجە دیارکراوەکانی کۆنگرەکەیان بە ئاکام بگات.
ئاشکرایە بەر لە هەموو ئەرکێک و گونجاوترین ئەرک و وەزیفەی کۆنگرە لە هەل و مەرجی ئێستادا بە لای منەوە و هەموو تاکێکی نەتەوەی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێمۆکراتە. چاوەڕوانیی گشتی ئەوەیە کە ئەندامانی هوشیار و بەرپرسی کۆنگرە بە جیدی بەر لە هەموو ئەرکێک، ئەرک و وەزیفەی یەکگرتنەوە بخەنە سەر شانی بەڕێوەبەری تازەیان. بەم مانایە بەڕێوەبەریەکی هەڵبژێرن کە ئەم ئەرکە گرینگە بکاتە ئامانجی سەرەکی خۆی و بڕوای بە یەکیەتیی خەبات و یەکیەتیی نەتەوەیی هەبێت.
لە هەل و مەرجی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردستان بە گشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵات ئەم ئەرکە هەم گرینگترین هەم پیرۆزترین هەم گونجاوترین کارێکە کە دەتوانن بە ئەنجامی بگەیێنن و دەبێتە پایە و کۆڵەکە و بەردی بناخەی هەموو خواست و ویستەکان و گەورەترین دیاری و دەستکەوتە بۆ نەتەوەکەمان و هەموو کەس و گەلانی دۆستی نەتەوەکەمان.
خاڵیکی گەلێک گرینگ و بەرچاو و گشت پەسەندی حدک کە لە حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستان جیایان دەکاتەوە و دەگەڵ کۆمەڵیک یاسا و ئەساسنامەی گرینگی وڵات و ڕیکخراوەکانی دێمۆکراتیکی جیهانی یەک دەگرێتەوە دوو دەورەیی بوونی سەرۆکی دەوڵەتە کە لە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا لە نەخشی سکرتێری حیزبدا خۆ دەنوێنێت. دوو نموونەی هەرە بەرچاوی لە ئامریکا (وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا) و لە ئەوروپا فەڕانسەیە. تەنانەت ئەم دوو دەورەیی بوونی سەرۆک کۆمار لە هارترین نیزامی حکومەتی ئەم جیهانە، یانی کۆماری ئیسلامی ئێران و رووسییەی “پۆتین”ی بەڕێوە چووە و بەڕێوە دەچێت.
گەلێک گرینگ و جێگای تێڕامانە کە لە مەڕ یاسای پەسندکراوی وڵات و بڕوا بە نیزام و یاسای بنەڕەتی وڵات دوو کەس لە هارترین و بە دەسەڵاتترین کەسانی دەوران وەک “ویلادمیر پۆتین” و ئاخوند “هاشمی ڕەفسەنجانی” سەرەڕای هەر چەشنە سەرەڕۆیی و یاساشکێنی لە ڕاست ئەم بەندەی یاسای بنەڕەتی وڵات ملیان لە موو باریکتر بوو. بەپێچەوانی هەموو خواست و ویست و ئاوات و ئارەزەووی دەستەڵاتی شەخسی خۆیان، هەر چەند لە تواناشیان دا بوو ئەم بەندە بگۆڕن، بەلام ئامادە نەبوون ئەم بەندەی یاسا ژێرپێ بخەن و ڕێزیان بۆ یاسایەک دانا کە هەر خۆیان پەسەندیان کردبوو کە وەک تەڵەش پێوەی ببوون. هەر دووکیان دوای دوو دەورە بە دوای یەکدا وازیان هێنا و بۆ دەورەی دواتر خۆیان کاندیدی سەرۆک کۆمار نەکردەوە. ئەوە لە کاتێک دابوو زۆربەی ئەندامانی مەجلیسی شۆڕای کۆماری ئیسلامی و ئاخوندە کار بەدەست و دەمڕاستەکانی نیزامی ویلایەتی فەقیهی هەناسەی حەسڕەتیان کێشا و بە ڕاشکاوی هاواریان کرد. “ئای سەرداری سازندەگی ئەگەر دەمانزانی ئەم بەندەی یاسای بنەڕەتی بەرگری لە سەرۆک کۆمار بوونی جەنابتان دەکا هەرگیز پەسەندمان نەدەکرد…”. بەڵام دیتمان ئامادە نەبوون ئەم بەندە بشکێنن و هەڵیوەشیینەوە. تەنانەت بۆ ئاخوند “رەفسەنجانی”ش.
گرینگترین خالی ئەساسنامە و ناسێنەری دیمۆکرات بوونی ئەم حیزبە هەر ئەم بەندەی ئەساسنامەیە. وەک هەموو دەزانین لە گشت ئەم ١٨ خاڵە گشتییانەی کە کاتی جیابوونە داوایان بوو و دەیانەویست بیانکەنە ئامانج و بە ئەنجامیان بگەیەین، بە داخەوە هیچکامیان نەهاتنە دی و بەدی نەکران و گشتیان پاشگوێ خران و لە گۆڕ نران… تەنیا ئەم بەندەی دوو دەورەیی سکرتێر ماوە کە هیوادارم ئەم ئەسڵەی ئەساسنامەکەشیان گۆڕ نەکەن.
من بەو ئاشنایەتییەی لە خوشک و برایانی حدک هەمە، دڵنیام کە ئەم خاڵەی ئەساسنامە ناخەنە ژێر پێ و فیدای چاوی ڕەش و مووی سپی و چەرمۆی هیچ تاقە کەسێکی ناکەن، بە تایبەتی کە بە خۆشیی و شانازییەوە ئێستا لە ڕەدەکانی ڕێبەرایەتی ئەم حیزبەدا لانی کەم بە ئەندازەی پەنجەکانی دەست کەسانی ئاکادێمی‌تر و شارەزاتر و دێمۆکرات‌مەنیش‌تر و بە ڕابردووتر لە سکرتێری ئێستایان هەیە و لە خەباتدان. پاراستنی ئەم بەندە لانی کەم بە لای من و ڕەنگە بە لای هەموو مرۆڤێکی خەتابکارەوە گڕینگ بێت. بۆ ئەوە “ببێتە باو و کولتور لە ناو رێکخراو و حیزبی کوردیدا. هەتا پێش لە سەرەڕۆیی تاکەکەسی بگیرێت و بناخەى بڕوا بە خۆبوون و متمانە بە دەنگ و هەڵبژاردنی تاکەکەسی بە پێی یاساکانی بنەڕەتی دێموکراتی لە ناخی دەروونی تاکی کورد دا گەشە بکات. هەر وەها بناخەی ئەساسی نیزامی ڕێکخراوەیی و بەڕێوەبەری دەستەڵاتی وڵات و پەروەردەی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەم ئەساس و رەواڵە بونیاد بنرێن …
هەر وەک باس کرا هیودارم بە پاڕاستنی ئەم بەندەی ئەساسنامەی حدک، لە لایەکی دیکەشەوە قەت پێموا نیە کە ڕێزدار خالید عەزیزی لە ڕاست ملکەچی و ڕێزدانان بۆ ئەساسنامە (یاسا)ی حیزبەکەی کە خۆشی بەشداری پەسندکردنی بووە و دەنگی پێداوە کەڵاوەکێشی بکات و ژێر پێی بخات و لە دوو دیکتاتۆری سەردەم یانی “پۆتین” و “ڕەفسەنجانی” لە دواتر و کەم تەرخەمتر بێت لە ڕاست ئەنجامی بڕیاری ئەساسنامەی حیزبەکەی.
سەرکەوەی گۆنگرەی حدک بە درۆشمی یەکگرتنەەی بێ قەید و شەرت.
سەرکەوەی کۆنگرەی حدک بە پاراستنی بەندی ئەساسنامە سکرتێر تەنیا بۆ دوو دەورەی دوای یەک.
براتان کەماڵ چاوشینی