پەیامی هاوخەمی لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێز دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران!
لە گەڵ ڕێز و سڵاوی گەرم!

لە ڕۆژانی 26‌و 27ی جۆزەردان‌دا تیمێک لە کادر‌و پێشمەرگەکانتان لە ناوچەی شنۆ کەوتنە بەر پەلامار‌و گەمارۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی.

لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هاوڕێیانەتان لە گەڵ هێزی دوژمن، بە داخێکی گرانەوە ژمارەیەکیان گیانیان لە دەست د‌او چوونە نێو کاروانی پڕ سەرەوەریی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی گەلی کورد.
زەبروەشاندن‌و خۆڕاگریی ئەو پۆلە تێکۆشەرە بەرامبەر پەلاماری هێزە دڕندەکانی ڕێژیم‌و شەهیدبوونی سەربەرزانەیان، بەڵگەیەکی بە هێزە بۆ سەلماندنەوەی ئەو ڕاستییە کە ورە‌و ئیرادەی تێکۆشەران‌و خەباتکارانی نەتەوەکەمان، سەرووتر‌و پتەوتر لە هێزی زۆر‌و دڕندەی دوژمن‌و جبەخانەکەیەتی. ئەو دڕندەییەش کە هێزە جینایەتکارەکانی ڕێژیم ئەمساڵ‌و ساڵانی پێشوو لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ پێشمەرگەکان‌و خەڵکی پێشمەرگەپەروەردا نواندوویانە، نیشانەی ترس‌و وەحشەتیان لە ئامادە بوونی تێکۆشەران‌و خەباتکارانی ئەم گەلە لە نێو خەڵک‌و نیشتمانی خۆیان دایە.
ئێمە شەهید بوونی پۆلێک لە هاوڕێیانتان بە خەسارێک نەک هەر بۆ ئێوە، بەڵکوو بۆ خۆمان‌و بزووتنەوەی نەتەوەیی‌و ئازادیخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دەزانین. بەم بۆنەیەوە بە گەرمی سەرەخۆشی لە ئێوە‌و هەموو تێکۆشەران، ئەندامان‌و لایەنگرانتان دەکەین‌و هاوخەمیی خۆمان‌و تێکڕای ڕیزەکانمان بە بنەماڵەو کەسوکاری شەهیدەکان‌و خەڵکی دڵسۆز‌و پێشمەرگە پەروەری ناوچەی شنۆ ڕادەگەیەنین. هەرلەو کاتەش‌دا وێرانکردنی گوندی “قەرەسەقەل” و دڕندەیی نواندنی هێزەکانی ڕێژیم بەرامبەر دانیشتوانی ئەو دێیە، مەحکووم دەکەین.

دۆستانی بەڕێز!
حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا گرنگییەکی زۆری بە ئامادەبوونی تێکۆشەرانی خۆی لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە‌و لەم ڕێگایەش‌دا قوربانی‌و تێچووی بەرچاوی پێشکەش کردوە. ئێمە بە باشی هەستمان بەو ڕاستییە کردوە کە بەردەوامیی ئامادەبوونی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە نێو خەڵکی خۆیان‌و چوونە سەری توانای ڕووبەرووبوونەوەیان لە گەڵ پیلان‌و هێرش‌و پەلاماری هیزە دڕندەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، پێویستی بە بەرنامەی هاوبەش‌و هاوکاریی مەیدانیی هێزە سەرەکییەکانی ئەو بەشەی کوردستان هەیە. لە کەسیش شاراوە نیە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان یەک لەو هێزانەیە. بە باوەڕی ئێمە دوو لایەنی دیموکڕات کە پێشمەرگە‌کان‌، تێکۆشەران‌و فەرماندەرانیان، ڕابردووی درێژ‌و ئەزموونی هاوبەشیان لە تێکۆشان‌و چالاکیی پێشمەرگانە‌و ئامادەبوون لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هەیە، دەتوانن‌و حەق وایە پشت بە پشتی یەکتر‌و لە یەک سەنگەردا، بەرەوڕووی دوژمنی هاوبەش ببنەوە. ئێمە لەوەش دوورتر دەڕوانین. داهاتووی ناڕوونی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و پڕتێچوو بوونی حوزووری تێکۆشەرانمان لە نیوخۆی ڕۆژهەڵات‌و، ئەنجامە سیاسی، نیزامی‌و ئەمنیەتییەکانی ئەم ئەرکە پێویست‌و گەورەیە، لێمان دەخوازێ کە هەر دوو لامان پرسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، پتر لە هەموو وەختێکی پێشوو بخەینە دەستووری کارمان. چالاکبوونەوەمان لە هەموو بوارەکان لە مەیدانی ئەسڵیی خەبات کە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەر وەها ئامانجی پیرۆزی بووژاندنەوەی خەبات‌و بەرخۆدانی حەقخوازانە لەو بەشەی کوردستان، لێمان دەخوازێ بە گیان‌و ڕوانین‌و خوێندنەوەیەکی بەرپرسانەتر، قؤڵ لە چارەسەری کەلێنی نێوان دیموکراتەکان هەڵماڵین.
جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە ئێوە، لە بنەماڵەکان‌و هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە دەکەین. دڵنیاین کە خەڵکی کوردستان تاوانی ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە ڕۆڵەکانیان لە بیر ناکەن‌و دەیکەن بە هەوێنی پشتیوانیی زیاتر لەهیزی پێشمەرگە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
١٨ی ژوئەنی ٢٠١٦
٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥