ئەردۆغان و گاڵتەجاڕی کودەتا .. وەرگێڕانی : رەزا شوان

میکافیلی دەڵێ : ” ئەگەر دەتەوێت نەیارانت لە ناوبەریت و، هێزت بۆ هەمووان دەربخەیت، کودەتا دروست بکە و لە ناویان بەرە “ئەو کودەتایەی لە چەند رۆژی پێشوودا لە تورکیادا روویدا، جیهان بەم کودەتا شکسخواردووەوە سەرقاڵبوون .. هەر لە ساتی یەکەمی دەستپێکردنییەوە، جیهان لە شرۆڤەکردن و بۆچووندا دابەشبوون .. ئەوانەی لایەنگری سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان نین هەڵهەڵەیان لێدا، ئەوانەن کە زۆربەیان بە ئاگری ئەم کەسایەتییە فێڵباز و درۆزن و تەڵکبازە داخکراون، کە لە پێناوی هێنانەدی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا گوێ بە نزیکترین کەسیخۆشی نادات.
دوای خوێندنەوەتان بۆ ئەم بۆچوون و بیرۆکانەی کە دەیخەمە بەردەمتان، دەزانم کە بۆچوونەکانمان وەکو یەکنین، بەڵام ئازادی رادەربڕین مافی هەمووانە ( بێگومان تەنها لە تورکیادا نەبێت )، چونکە من هاواڕانیم لەگەڵ هەموو ئەو هەڵسەنگاندن و را و شرۆڤانەی کە دەربارەی ئەم کودەتایە کراون، گەرچی بەشێکی زۆری ئەو شرۆڤەکار و شارەزایانە خۆیان بە شارەزای کاروبار و سیاسەتی تورکیا دەزانن .. لە پڕێکدا رووبەڕووی ئەو هەموو کەسانە بووینەوە، کە لە زۆر شوێنی جیهاندا، تاوتوێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو کودەتایە کرد .. هەموویان بە شێوەیەکی ئەوتۆ، گوزارشتیان لە رای خۆیان دەکرد هەروەکو ئەوەی لە تورکیادا بژین و، هاوژینێکی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی تورکیابن . بەڵام لە راستیدا، ئەمانە وەکو ( تووتی ) ئەوە دووبارە دەکەنەوە، کە پێشتر لە کەناکێکی کەدا، باسکراوە و گویان لێبووە .. بە هەرحاڵ من نامەوێت لەسەر ئەم بابەتە بدوێم .
کودەتاکە ( شانۆگەرییەکە )لە نووسین و دەرهێنانی سەرۆکی تورکیا ( رەجەب تەیب ئەردۆغان ) کە بە شێوەیەکی نایاب دایڕشتووە و دەریهێناوە .. بە شێوەیەکی تەکنیکی بەرزیش رۆڵەکانی دابەش کردووە، کە تێدا تەکنیکی تەکنۆلۆژیا و، سایتە کۆمەڵایەتییەکانی بە شێوازێکی گەورە بەکارهێناوە، سەکۆی شانۆگەرییەکەشی شاری ئەستەمبوڵی شوێنی لە دایکبوونی سەرۆکی تورکیایە، کە بە باشی شارەزایەتی ( ماوەیەکیش سەرۆکی شارەوانی ئەم شارە بوو )، لەگەڵ ( ئانکرە) ی پایتەختیش، کە بارەگاکانی دامەزراوە حکوومییەکانە .
ئەو پرسیارە خۆی دەسەپێنێت، بۆ سەرۆکی تورکیا پەنای بۆ ئەم شانۆگەرییە برد ؟ بە تایبەتیش ئەو سەرۆکی وڵاتێکە، ئەوەی کە ناکرێت کەسانی تر بیکات، ئەو بۆی هەیە کە بیکات .. دەتوانێت بەبێ پرس و لێپێچینەوە هەر بڕیارێک دەربکات .. ئەمەشدۆخی راستی ئەو وڵاتانەیە کە دیکتاتۆرەکان حوکمڕانی تێدا دەکەن.. ( شانۆگەری کودەتاکەی تورکیا ) لە چوار بەشدا چڕدەکەینەوە :
بەشی یەکەم / دەزگاکانی راگەیاندنی تورکیا، چەند رۆژێک لە پێش کودەتاکە، ئاگادارییان دا، کە لەوانەیە کودەتایەکی سەربازی رووبدات، ئەمەش بە راستی رووی دا .. بەڵام سەیر لەوەدایە، کە ئەمە یەکەمین کودەتای سەربازییە لە مێژووی ئەم سەردەمەدا، کە بەم شێوە ئارامییە چارەسەر بکرێت، سەرکردەی کودەتا لە هیچ کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا دەرنەکەوت، بۆ ئەوەی کودەتاکە رابگەیەنێ و بەیاننامەیەک بخوێنێتەوە .. هەروەکو لە هەموو کودەتاکاندا باوە، تەنانەت لە سۆمالیشدا وامان بینیوە .. !، کودەتاچییەکان لە چەند گۆڕەپانێکدا بڵاوبوونەوە .. فرۆکەخانەی ئەتاتورک و پردی بسفۆریان داخست .. تەلەفزیۆنی تورکیا، رایگەیاند کە سوپا بە تەواوی دەسەڵاتی گرتەدەست ( کچەهەواڵخوێنەکەی تەلەفزیۆنیتورکیا، کە بەیاننامەکەی خوێندەوە، لە دواییدا بوو بە ناسراوترین کەسایەتی لە تورکیادا ) دوایش تەلەفزیۆنی تورکیا داخرا .. بەڵام کودەتاچییەکان، لە هەموو کەناڵەکانی تردا ئاگادارییان بڵاودەکردەوە .
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتژمێری یەکی شەودا، لە ناکاودا شاسواری مەزن ( پاڵەوانی شانۆگەرییەکە)
رووبەڕووی کودەتاچییەکان بووەوە، بە تەلەفۆنپەیامێکی لە رێی تۆڕی تەلەفزیۆنی (سی ئێن ئێن) ی تورکییەوە بڵاوکردەوە، دوایش بەبێ ئەوەی کە هیچ سەرکردەیەکی سەربازی لەگەڵدابێت، رووی لە فرۆکەخانەی ئەتاتورک کرد، لە کاتێکدا کە فرۆکە هێلیکۆپتەرەکانی کودەتاچییەکان بە ئاسمانەوە دەسوڕانەوە .. بەبێ ئەوەی کە رووبەڕووی فرۆکەکەی ئەردۆغان ببنەوە .
ئەردۆغان کە لە نێوان کۆمەڵێک لە لاوان خۆی ئاشکراکرد، بەڵام ئەو لاوانە لە راستدا پیاوانی میت و هەواڵگری تورکیا بوون .. چاویان بە هەموولایەکی دەوروبەری ئەردۆغاندا دەگێڕا و نەک روانین لە سەرۆکی مەزنیان و گوێگرتن لە قسەکانی.. بەڵکو لە ترس ئەوەی نەک شتێکی چاوەڕوانەکراو رووبدات، بە تایبەتیش کۆمباریس ( قبلەنامەکان ) هەموو وردەکارییەکان شانۆگەرییەکە نازانن .
بەشی دووەم / پردی بسفۆر داخرا، دوای ئەوەش هەندێ تەقەکرا، کەس نازانێت کی ئەو تەقانەی کرد و لە کێیان کرد ..؟ فرۆکەی هێلیکۆپتەریش بە ئاسمانی ئەستەمبوڵ و ئانکرەدا دەسوڕانەوە .. کودەتاچییەکان دەستیان بەسەر چەند بینایەیەکی حکوومی و پەڕلەمان و کۆشکی کۆماری دا گرت، کە گەورەکانی چۆڵیان کردبوو، تەنها بارەگای هەواڵگری نەبێت .. هەر وەکو لە هەواڵە بە پەلەکاندا هات، وازیان لێهێنابوو چونکە بەرگری گەورەی لێبوو .. پرسیارێک ژمارەی بەرگریکارانی بارەگای هەواڵگری چەند بوون ؟؟ لەو بڕوایەداین کە ژمارەیان لە دە کەس زیاتر نەبوون، با وا دابنێین کە نزیکەی بیست کەسێک بوون .. ئەمە چۆن کودەتایەکە، کە نەتوانێت چەند پاسەوانێکی کەم لەناوبەرێت ؟؟؟ بە تایبەتیش لەم بارودۆخەدا، کە چەکی بەرگریکاران دەمانچە و رەشاش و، لە باشترین شێوەشدا با چەکی ( ئاڕ پی جی ) شیان پێ بووبێت، بەرانبەر بە تانک و بە زرێپۆش و دۆشکە کە بە دەستی کودەتاچییەکانەوە بوون چییان پێدەکرا ؟؟
سێیەم / یەکسەر لە ناوەڕاستی ئەم رووداوانەدا، خەڵکی رژانە سەر شەقامەکان، بۆ ئەوەی لە پێناوی سەرۆکی مەزنیان و لەسەر بنەمای ( بە روح و بە خوێن ـ بالروح بالدم) قوربانی بە گیانی خۆیان بدەن .. بەڵام سەیر لەوەدایە، کە هەموو ئەوانەی چوونە سەر شەقامەکان، لە لایەنگرانی ئەردۆغان بوون ! هیچ کەسێکی تر دەرنەکەوت، تەنانەت گەر سواڵکەرێک یا شێتێک یا ڕێبوارێک هەر خۆیان بوون .
گەرچی لە سەرەتای کودەتاکەوە تا کۆتایی، هەروەکو ئەوەی، کە ئەستەمبوڵ خۆپێشاندنی گەورەتری لە دژ سیاسەتەکانی ( سوڵتان ) ی بەخۆیەوە نەبینیبێت .
بەشی کۆتایی / بۆ ئەوەی پەردە لەسەر ئەم شانۆگەرییە کۆمیدییە دادرێتەوە، سوپای تورکیا لە لایەن پیاوانی میت و پاراستنەوە شەرمەزار و رسواکران و، بە رووتی کۆیان کردنەوە، تا ببێت بە پەند بۆ ئەوانەی لە داهاتوودا، گوێدێری سەرکردە سەربازییەکانیان دەبن .. بۆ تەواکردنی ئامانج لە سیناریۆی کودەتا دروستکراوەکە، سەرۆکی تورکیا بەبێ دادگا و بەبێ فرمانی دەستگیریکردن لە لایەن دادگاوە ( گوایە ئەوان لە وڵاتێکی دیموکراتین ) دەستیان بە گرتنی هەموو ئەوانەکرد، کە ئۆپۆزسیۆنن و سەر بە پارتە سیاسییەکانی ترن و هەر هاوڵاتییەکی تر کە دژی سیاتەکانی ئەردۆغان بن .. بە هەلیشی دەزانێت بە توومەتی تێوەگلان بە کودەتاوەرقی لە کێ بێت تاوانباریان بکات و، لە ناویان بەرێت .
سەرەڕای ئەوەی کە (٢٧٠٠)دادوەریان لەسەر کارەکانیان دەرکردن، تا ئەمڕۆش (٦٠٠٠)ئەفسەر و هاوڵاتییانی بەند کردوون، هەروەهاش (٢٥٠٠٠) هاوڵاتییش نادیارن و بێ سەروشوێنن، کە لە دژی حوکمڕانی سەرۆکی تورکین .. بە توومەتی سەر بەگروپێکی نەیار تاوانبار کراون .
ئامانج لە نینۆکبڕینی سوپا، ئەویە کە سوپا وەکو ئێسقانی ماسی لە قوڕگی ( ئەردۆغان)گیربووە، لە لە ئەمڕۆوە چۆنیشی بوێت وا رەفتاریان لەگەڵ دەکات .. خۆشی لە سەرەوەی سوپا و یاسا و هەمووکەسێکەوە دەزانێت .
بۆ ئەوەی ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن و ناحەزی ئەردۆغانن، نەتوانن لە ئایندەدا، بەرهەڵستی ببنەوە، بە تایبەتیش سوپا و دادوەرەکان، کە دژی ئەوەن حوکمڕانی لە پەڕلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی، لە جێی سستەمی پەڕلەمانی ئیستای حوکمڕانی .. بۆ ئەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکە
( یاسایی، دادوەری، جێبەجێکردن ) لە یەکتر دابڕێت .. دەسەڵاتەکان قەدەغەبکات کە چاودێری یەکتری بکەن .. سوڵتەی یاساییش مافی دادگایی کردنی سەرۆکی نەبێت لە کاتی پێشلکردندا و، لە زۆر کێشەکانشدا دەسەڵاتی رەهای هەبێت و، قسە قسەی ئەمبێت .. بە واتەیەکی تر ، قورخکردنی دەسەڵات لە لایەن ئەردۆغانەوە، یاسایەکی تازە کە دیکتاتۆر دروست دەکات .. لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆپۆزسیۆن وەکو بەرد و کۆسپی لە رێی خۆی دەزانێت، دەیەوێت واشلە خەڵکی بگەیەنێت کە ئۆپۆزسیۆن رقیان لە خودی ئەردۆغانە، و دژایەتی ئەو دەکەن .. ئۆپۆزسیۆن باش لەوە گەیشتوون کە ئەردۆغان چی لەبن سەردایە و دەیەوێت چی بکات، ئەرۆگان دەیەوێت خۆی بکات بە سوڵتانێکی عوسمانی و بە دیکتاتۆرێکی سەرکوتکەر .
(*) ئەم بابەتە لە نووسینی، نووسەری عێراقی (کریم المظفر ) ە، کە لە بەرواری (٨ی / یولی/ ٢٠١٦) دا لە سایتی ( کتابات )دا بڵاوی کردۆتەوە .. لە عەرەبییەوە وەرم گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردیمان .