بەرێوەچوونی کۆنفڕانسی کومیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی نۆڤامبری ٢٠١٦ی زایینی، بەرامبەر بە ٣٠ خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کومیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان

لە وڵاتی سوید، بە بەشداری بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب کە لە هەموو ناوچەکان، لە باکوورەوە تا باشووری ئەو وڵاتە هاتبوون و نوێنەری کومسیۆنەکانی تەشكیلات و چاوەدێری ئەساسنامە، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.
سەرەتای کاری کۆنفڕانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاراستنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و هەروەها دواین شەهیدانی نوێی حیزبەکەمان و هاورێی کۆچ کردوومان مامۆستا مەلا محەممەد عوسمانی دەستی بە کارەکانی کرد.
دوای ئەم بەشە هاورێ کەماڵ گرویسی وەک ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری، دوای بەخێرهاتن کردن و هەروەها کردنەوەی کاری کۆنفرانس چەند وتەیەکی سەبارەت بە کاری کۆنفرانس و ئامانج و مەبەستی کاری کۆنفرانس پێشکەش کرد و دواتر داوای لە ئەندامان کرد کە چالاکانە بەشداری لە باسەکان دا بکەن و هاوکاتیش خۆیان بۆ ئەرک وەخۆگری لە کۆمیتەدا ئامادە بکەن و بەرپرسایەتی بەرێوەبەری کۆمیتەی سوئێد وەئەستۆ بگرن.
b_300_220_16777215_00_images_KAROCHALAKI_konferans_swed1.jpgکاک نەبەز عەلیدووست بە هاوکاری دیوانی بەرێوەبەری بەرنامەی کاری کۆنفرانسیان بۆ بەشداران خوێندەوە و دواتر داوا لە کاک حەسەن رەستگار کەسایەتی دیار و بەرچاوی کورد لە نێو ریزەکانی حدک دا کرد کە چەند وتەیەک پێشکەش بکات
پاشان هاوڕێ ئازیز و تێکۆشەر کاک حەسەن ڕەستگار چەند وتەیەکی پێشكەش کرد. بەڕێز کاک حەسەن رەستگار لە سەرەتای قسەکانی دا وێڕای بە خێر هێنانی هاورێیانی بەشدار لە کۆنفڕانس دا، هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ حیزبەکەمان و کومیتەی حیزب لە وڵاتی سوید خواست. پاشان باسێکی کورت و پوختی سەبارەت بە سیاسەتەکانی حیزب و کاروچالاکی و جوڵە سیاسییەکانی ماوەی ڕابردوو دەست پێکرد. بەڕێز ڕەستگار لە بەشێک لە وتەکانی دا گوتی:
حیزبی ئێمە لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر شتی نوێ و سەردەمیانەی هێنایە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستان. هەر بۆیە لە ژێر ڕووناکایی ئەو باس و خواسە نوێیانە دا دەبێ مەیدانی خەباتمان بەربەرینتر و چالاکیمان زیاتر بکەین. خەبات و بەربەرەکانی هەتا زوڵم و زۆرداری هەبێ، هەر بەردەوام دەبێ. سەبارەت بە باروودۆخی ناوچەکە بەڕێزیان گوتی: رۆژهەڵاتی نێوەراست بە سەردەمێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، ناوەندی کێشەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووەتە کوردستان، هەر بۆیە حیزبی ئێمە دەبێ خۆی بۆ ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو حازر بکا. سەبارەت بە باسەکانی پەیوەندیدار بە دەست لە کاركێشانەوەی بەڕێز خالید عەزیزی لە پۆستی سکرتێری حیزب، کاک حەسەن ڕەستگار فەرمووی: حیزب لە مێژووی خۆیدا زۆر کەند وکۆسپی تێپەڕاندووە و بەسەریاندا زاڵ بووە، بێشک بەسەر زۆری دیکەشدا تێدەپەڕێ و سەردەکەوێ. لە پەیوەندی لەگەڵ یەکگرتوویی و تەبایی نێوان دوو لایەنی دیموکرات و هاوکاری نێوان حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەڕێز کاک حەسەن گوتی: لەبیرمان بێ حەول دان بۆ یەکیەتی و تەبایی و یەکگرتن هەمیشە کاری چاکە و حیزب نابێ لەم هەنگاوانە پەشیمان بێ و دەبێ درێژەیان پێبدا.
بە دوای وتەکانی بەڕێز کاک حەسەن ڕەستگار دا، هاوڕێ نەبەز عەلیدووست ڕاپۆرتی کاروتێکۆشانی دەورەی ڕابردووی ئۆرگانەکانی کومیتەی سویدی پێشکەشی کۆنفڕانس کرد و هەر دوابەدوای پێشکەش کردنی ڕاپۆرت دا، دەرگای باس و راوێژ و ڕخنە و پێشنیار بە ڕووی هاوڕێیانی حیزبی دا کرایەوە کە لەو بەشەش دا کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی بەشدار لە کۆنفڕانس دا، بە ڕخنە و پێشنیار و ڕێنوێنییەکانیان ڕاپۆرتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفڕانس دا هاوڕێ حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی ڕێبەری حیزب باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی دەورەی پێشووی کاری کومیتە پێشکەش کرد و سوپاسی هاوڕێیانی حیزبی کرد کە هەموو کات هاوکار و پشتیوانی کومیتە و حیزبەکەیان بوون و بە پیر بانگەواز و راسپاردەکانی کومیتەوە هاتوون. هاوکات بەرێزیان ئاوڕی لە وتە و پێشنیار و تێ‌ىینی و ڕەخنەکانی هاورێیان دایەوە و بە تیشک خستنەسەر باسەکانی هاورێیان بە وردی لە سەر چەند مەسەلەی پەیوەندیدار بە کاری کۆمیتە و هەروەها کاری حیزب بە گشتی چەند وتەیەکی پێشکەش کردن و داوای لە هاورێیان کرد کە قۆڵی هیممەت بۆ کار و ئەرکی حیزبی هەڵماڵن و زیاتر لە پێشوو بێننە نێو بازنەی کار و چالاکی‌یەکانی کۆمیتەی سوئێد و حیزبی دێموکراتی کوردستان.
پاشان کاک سەعید بیگزادە ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی کۆمسیۆنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، باسێکی کورتی لە سەر بارودۆخی کوردستان و ئێران و ناوچەکە و جێگە و پێگەی و کارتێکەری حیزبەکەمان لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و دەرهاویشتە سیاسییەکانی ئەو بارودۆخە هێنایە زمان و لەگەڵ ئەوەشدا بەرچاو ڕوونی دا بە هاوڕێیانی بەشدار کە بە گرتنە پێشی سیاسەتی حەکیمانە و پێشبینی بارودۆخەکە و داڕشتنی بەرنامەی تۆکمە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوومان لە لایەن ڕێبەری حیزبەوە، داهاتووی کار و تێکۆشمانمان بەرینتر و دەستکەوتەکانیشمان زیاتر دەبن. سەبارەت بە کاری تەشکیلاتی و مەسەلە نێوخۆی‌یەکانی حیزب دا بەرێز کاک سەعید تیشکی خستە سەر ماف و ئەرکی ئەندام و گووتی هەموو ئەندامێکی حیزب مافی خۆیەتی کە لە چارەنووسی ئەم حیزبەدا ڕۆڵی هەبێ و هاوکاتیش کار و ئەرکی حیزبی وەئەستۆ بگرێ و هەروەها چەندین مەسەلەی دیکەی وەک پرسی سکرتێری، دونیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکان و شێوەی هەڵس و کەوت و نوسین و دەربرینی ئەندامان لە لاپەرە ئینترنێتیەکان دا و چەند و چۆنی بە یەکەوە کارکردن و یەکریزی و بە یەکەوە کارکردن لە ئۆرگانەکانی حیزبدا بۆ بەشداران باس کرد.
بەشی سێهەم و کۆتایی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بۆ هەڵبژاردنی کومیتەیەکی نوێ بۆ ڕاپەڕاندنی کاروچالاکییەکانی کومیتە، کە لەم بەشەش دا هاورێیان کاک ڕەحیم محەممەدزادە ئەندامی ڕێبەری حیزب و کاک محەممەد ئیسماعیلی ئەندامی کۆمیسیۆنی چاوەێری بە سەر ئەساسنامەدا بە چەند وتەیەک لە سەر هەڵبژاردن و شیوەی هەڵبژاردن بەرچاو ڕوونیان دا بە ئەندامانی بەشدار و دواتر هەر لەم بەش دا کۆمەڵێک لە ئەندامانی دڵسۆز و ئەرک وەخۆگر، خۆیان بەربژێر کرد و لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیک و نهێنی دا، دەستەیەکی نوێ بۆ کومیتەی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید هەڵبژێردرا.
پاش زیاتر لە ٨ کاتژمێر کاری بەردەوام کۆنفڕانس بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان- سوید
20/11/2016

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت