سوپاسنامەی بنەماڵەکانی حەدداد ، حەسەنپوور و حەکیمزادە

پاییزی ئەم ساڵ لە ناخۆشترین پاییزەکان بوون کە لە ژیانت دا تووشی هاتی، پاییزێک کە بەدەم دانیشتن لە سەر کورسییەکەی ژوورەکەت چاوت لە خەزانی ئەمساڵ دەکرد .

بە بێ دەنگی فرمێسک بە سەر روومەتتدا دەخلیسکان، ئاخر ئەم پاییزە جگەر گۆشەکانت و هاوسەنگەرەکانت بە دەستی کۆنەپەرستانی سەردەم لە پیلانێکی شووم دا لە دەست دا.

دیارە ئەوە یەکەمین پاییز نەبوو کە بەدەم بێدەنگییەوە فرمێسک هەڵوەرێنی. ئاخر ئەو کەسانەی کە تۆ لە دەستت دابوون تەنیا کەس و کار کچ و برا و خاڵۆز و پوورزای خۆت نەبوون. زۆر لە ساتەکانی ژیانت سەرەرای ئەوەی کە قایم و خۆراگرانە لە بەرابەر ناخۆشی و کۆستەکاندا راوەستابووی لە گەڵ ئەوەشدا خەمباری لە دەستدانی ئینسانە فیداکارەکان بووی. خەمەکانی تۆ تەنیا خەمی کوڕەکانی رۆژهەڵات نەبوون و بە دەیان هاوڕێ و هاوسەنگەرت لە باشوور هەبوون کە ساڵانێکی زۆر هاوکار و پشت و پەنای یەکتر بوون و بە شادییەکانیان شاد بووی و خەمەکانت دەگەڵ بەش دەکردن.

کاکە گیان (کەریم حەدداد) : ئەتۆ هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوییەوە ناچار بووی دوور لە ئازیزەکانت بژی. دووری لە دایک و باوکت، دووری لە خووشک و براکانت، دووری لە خێزانت و جگەرگۆشەکانت دووری لە شادی و شینەکانیان هەوێنی ژیان و خەباتی تۆ بوون. هەر ئەو ساڵانە کاکە مەحەممەدی حەدداد برای ئازیزت لە رووداوێکی تەسادووفدا گیانی لە دەستدا ئەتۆ لەو دیو سنوورەکان خەمباری ئەم کۆستە بووی. لە دوای شۆرشی ٥٧ بە دایک و باوکت شاد بوویەوە بەڵام زۆری نەخایاند کە جاریکی دیکە لێیان دوور بوویەوە و ئەوانیش کۆچیان کرد و ئیدی نەتانتوانی پڕ بە دڵ کەڵک لە خۆشییەکانی ژیان وەرگرن. رووداوی تراژیدی شیمایا بارانەکەی سەردەشتیش خەمێکی دیکەی نێو خەمە لە بڕان نەهاتووەکان بوون کە بە دەیان لە ئازیز و خۆشەویستانت تێدا بوون و بە داخەوە داوتر بە هۆی کارییگەرییەکانی شیمیایی گیانی پاکیان لە دەستدا، لەوانە دادە فاتمی خووشکت رووحی شاد.

سەرەرای هەموو ئەمانە ئەتۆ لەو بریارانەی لە ژیانتدا داتبوون پەشیمان نەبووی، ئەوەت ئاخرین ساتەکانی ژیان بۆ کچ و کورەکانت دووبارە کردبۆوە: ” کەریم حەدداد: لە هیچ یەک لەو بڕیارانەی دامن پەشیمان نیم و زۆریش لە ژیانم رازی بووم”. بەڵێ بریارت دابوو کە زووڵم قبووڵ نەکەی، بڕیارت دا بە هەر نرخێک بێ خەبات بکەی لە پێناو ئەو ئامانجانەی باوەڕت پێ بوون. هەڵوێستێکی سەخت، بەڵام بوێرانە بوو. شانتان وەبەر سەختەییەکاندا و بە کەمترین ئیمکانات دەگەڵ کۆمەڵێک مرۆڤی حەقخوازی دیکە دەستتان پێکرد. ئەوە باسی دەیەیی چلە کە حکوومەتی ئەو کات ( رێژیمی سەڵتەنەتی ئێران) بە پارە و پووڵی نەوت باشترین چەکەکانی دەکڕین بۆ سەرکووتی جودابیرەکانی و زیندانەکانی پڕ کردبوون لە مرۆڤە ئازادی خوازەکان و ئێوەش بە دەستی بەتاڵ بەڵام بە وورە و بە ئیمان بە مافەکانتان بوونە هەڵسوڕێنەری جووڵانەوە و چالاکییەکانی ئەو ساڵانە.

دیارە ئێمە کە لە نزیکەوە دەتناسین و دەگەڵت بووین لەبیرمانە چۆن سەختییەکانی ژیانت ئاسان دەکردن. پاییزی ١٩٨٣ کە لە سنوور پەڕینەوە لە دۆخێکی زۆر سەختدا بووین بەڵام دیمان چۆن لە ماوەیەکی کورتدا لە چۆلەوانی شاخەکانی ئاسۆس پێویستییەکانی ژیانێکی سادە بەڵام سەربەرزانەت بۆ رەخساندین، دیارە هەموو ئەوانەت لە سەر حیسابی زیرەکی خۆت و کەسانی دەورووبەرت و هەروەها ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەرینە بوو کە هەت بوو کردن. باسی دۆڵی ئەشکەوتان دەکەم. ئەو شوینەی کە زۆربەی ئێواران زیندە یاد قاسملوو بەرەو ماڵەکان و بنکەی پێشمەرگەکان هەڵدەکشا و هەر جارەی کە دەهات بە چاوی خۆی دەیدی کە چۆن شوێنی ژیانمان رۆژ بە رۆژ خۆشتر دەکرد و ئەویش دەیگووت بەراستی ئەوەی ئێوە دەیکەن بۆ لێ فێربوون دەبێت. با ئەوش بڵێم لە پشتی هەموو ئەو سەرکەوتنانە هەمیشە کۆمەڵە کەسێکی دیکە هەن کە نابێ لە بیریان بکەین. ئەو کەسانە کێن جیا لە ژن و منداڵی پێشمەرگە؟! پوورە کافەی رەحمەتی و دادە خەجیجی تواوە لە ژیاندا و کوڕ و کچەکانی کاک کەریم، ئەو ئینسانانەن کە لە پشتی ناو و ناوبانگی کەریم حەددادن وەک هەر خێزانێکی دیکەی پێشمەرگە.

کاکە گیان بیرەوەرییەکان، قسە و نەقڵە خۆشەکان، ئەزموونەکانی ژیانی ئەو ساڵانەی کە پێکەوە بووین وئێوە پڕتان کردن لە گەرمی و خۆشەویستی نەک هەر بۆ ئێمە بەڵکوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە دەورووبەرت دەژیان، وەبیر هێنەرەوەی ساتە خۆشەکانی ژیانن. یادی هەموو ئەو رۆژانە بە خێر و سپاس بۆ هەموو زەحمەتەکانت. سپاس بۆ ئەوەی هەبووی. بێ تۆیی و راهاتن بە بێ تۆیی سەختە بەڵام ئەوە رەوتی ژیانە و دەبێ ئەم راستییە قبووڵ بکەین کە رۆژێک هاتین و رۆژێک دەڕۆین. تۆش ئارام بنوو و یاد و ناوت لە نێو دڵماندا زیندوو دەمێنێت.

بەرێزان

بە بۆنەی کۆچی یەکجاری خۆشەویست و ئەزیزمان کاک کەریم بە سەدان کەس لە رێگای جۆراوجۆرە پێوەندییان پێوە کردووین و پەژارە و خەمی خۆیان لە مەر ئەم کۆستە گەورەیە دەربڕیوە و خۆیان بە شەریک و هاوخەممان زانیوە.

لەم ماوەیەدا بە سەدان کەس لە رێگای تەلەفوونەوە پێوەندییان بە ئێمەوە کردووە. بەشێک لەم پێوەندییانە لە ناوخۆی وەڵات لە شارەکانی کوردستان لە رۆژهەڵات بووە. ئێمە بەو پەڕی پێزانینەوە سپاسی دانە دانەی ئەو کەسانە دەکەین کە هەم تەلەفوونیان کردووە هەم راستەوخۆ لەوێ سەردانی کەس و کاری ئێمەیان کردووە و لە پرسە و سەرەخۆشیماندا بەشدار بوون.

لە باشووری کوردستانیش لە شارەکانی قەڵادزێ زێدی دووهەمی کاک کەریم، هەولێر، سلێمانی، کۆیە و زۆر جێگای دیکە لە لایەن حیزبەکانی رۆژهەڵات و باشوور، کەسایەتییە سیاسییەکان لە هەر دووبەری رۆژهەڵات و باشوور پێوەندیمان پێوەکراوە و ئەوان هاودەردی خۆیان بۆ ئەم کۆستە دەربریوە. هەر بەم بۆنەیەوە لە کۆیە پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات سەردانی کەس و کاریان کردوین و لە پەرسەیاندا بەشدار بوون کە بە پێویستی دەزانین سپاس و ئەمەگی خۆمانیان بۆ دوبارە بکەینەوە.

 

لە هەندەران بە گشتی و هەم لێرە لە شاری ڤێسترۆس خەڵکێکی زۆر لە رێگای دوور و نزیکەوە سەردانیان کردووین و هاوخەممان بوون. هەروەها لە شاری تورکووی فینلەند و لە نۆروێژ تیکۆشەرانی کورد و رۆژهەڵاتی سەردانی کەسو کاریان کردووین و هاوسۆزی و هاوخەمیان دەربریوە کە ئێمە لە دڵەوە سپاسیان دەکەین.

دۆستان و نیشتیمان پەروەرەانمان، زۆر بابەتی بە نرخیان بە شێوەی بیرەوەری، رێزلینان و وتار و پەیام لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لە ماڵپەڕەکانی ئینترنێت بڵاو کردۆتەوە و بە دەربڕینەکانیان وێنەیەکی جوانیان لە کەسایەتی بەرزی کۆچکردوومان کاک کەریم نەخشاندووە. ئێمە بەو پەڕی پێزانینەوە دەستخۆشی لە هەموو لایەک دەکەین و خۆمان بە سەر بەرز دەزانین و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە کاک کەریم و بنەماڵەکەی ئەوەی لە رێ نیشتیماندا کردوویانە بەرز نرخێندراوە و بەهای پێدراوە کە ئێمەی پێ سەر بەرز بووە و هەروەها رووحی کاک کەریمیش شاد دەکات.

داوای لیبووردن دەکەین کە ئەگەر نەمانتوانیبێ وەڵامی ئەو کەسانە بدەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامیان ناردووە و ئێمە هەموو ئەو پەیامانەمان بە دەست گەیشتووە و خۆمان بە سەر بەرز دەزانین کە هاودەرد و هاو خەممان بوون. سپاس بۆ هەموو ئەو کەسانە کە لێرە لە نزیکەوە سەردانیان کردووین و سپاس بۆ ئێوەش کە لە رێگای دوور و نزیکەوە زەحمەتتان کێشاوە و هاتوون و لە بەخاک سپاردن و پرسەماندا بەشدارن.

 بنەماڵەکانی: حەدداد، حەسەنپوور، حەکیمزادە ٧-١٢-٢٠١٨

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت