دەڵێن زستان دەروا و ڕووڕەشی هەر بۆ خەڵوز دەمێنێتەوە. مردنی ڕەفسەنجانی

ئەمرۆ یەک شەممە ڕێکەوتی ٠٨ ـ ٠١ ـ ٢٠١٧ بەرامبەر بە ١٩ ی بەفرانباری ١٣٩٥ ی هەتاوی مۆرەیەکی گرینگی کۆماری ئیسلامی عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی ئەوەی کە لە دوای خاڵخاڵی زۆرترین حوکمی سەرکوت کردنی نەیارانی بە شێوەی تیرۆر دەرکرد، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە کۆتایی بە ژیانی پڕ لە کوشت و کوشتار و زاڵمانەی هات.
عه‌لی ئه‌کبه‌ر هاشمی ره‌فسه‌نجانی یەکێک لە ناسراوترین کەسەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەمەنی ٨٢ دا ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە مرد.
ناوبراو یەکێک لە کەسە دیار و تومەتبارەکانی تیرۆر کردنی دژبەرانی ئێرانی بوو کە لە دەیەی ٦٠ ی هەتاوی دا بە فەرمان و ئەمر و پیلانی ئەو لە نێوخۆی و وڵات و لە دەرەوەی وڵات بە دەیان کەسایەتی سیاسی تیرۆر و شەهید کران لە نێو ئەو کەسایەتی‌یانە دا دوو ڕێبەری هەڵکەوتووی کورد و دوو سکرتیری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی دەبیندرێن. دوای محاکمەی قاتڵانی شەهید دوکتور شەرەفکەندی راستەوخۆ عەلی ئەکبەری هاشمی ڕەفسەنجانی و چەند کەسی دیکە وەک تۆمەتبار و پیلان دارێژی سەرەکی ئەو کردەوەیە نامرۆڤانەیە دەست نیشان کران و دواتر ناوی ڕەفسەنجانی وەک یەکێک لە دارێژەران درا بە ئینترپۆل بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک دەستیان کەوت ڕادەستی دادگای بکەن.
ڕەفسەنجانی و کوڕ و بنەماڵە و دەست و پەیوەندی‌یەکانی نزیک بە خۆی لە بە تالان بردنی سەروەت و سامانی خەڵک و ئاسەوارە مێژووی‌یەکانی دەستی باڵایان هەبوو و هاوکات بە هۆی دەست ڕۆیشتوویی و دەسەڵاتیان لە نێو خۆی ئێراندا رایڵکەیەکی گەورەی مافیای راگوێزتنی کەل و پەلە مێژووی‌یەکانی لە ئێران و دەرەوەی ئێران درووست کردووە و لە دزینی سەروەت و سامانی میللەت دا دەستی باڵای هەبوو.
شایانی باسە کە تیرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهیدان دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی و هاورێیانی و هەروەها بەشێکی بەرچاو لە کەسە دیارەکانی دژبەری ئێران بە فەرمان و ئەمری ڕەفسەنجانی و هاودەسەڵاتدارەکانی بەرێوە چوون.