٨٠ ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژێکی خۆش دا، منداڵێک لە شاری پێشەوا چاوی بە دوونیا هەلێنا و ناویان نا فەتاح.

دوای هەشتا ساڵ ، لەورۆژانە دا هەواڵێک وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەرکەوت ولە سەرزەوی دەنگی دایەوە، هەواڵی کوچی دوای باڵندیەکی خۆش خوان و شۆرەسوارێکی مەیدانی خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورد و ‌هەڵۆی بەرزە فەری کوێستان و شەپۆلی زەرێبارو کەوەی شەماڵی سەرشاخان و تەرغەی بۆکان و گیارەنگی سەردەشت و پەرەکۆرەی مەریوان و هەڵسوراوی شاروێران و قوتابی قوتابخانەکەی پێشەوا و پێشرەوی هاورییانی دێمۆکرات بوو.
هەواڵێک وەک بروسک لە ئاسمانەوە دەر کەوت و لە سەر زەوی دەنگی دایەوە.
کاتێک ئاوڕ لە مێژووی حیزب و ژیان وبە سەر هاتی کاک فەتاح دەدەینەوە ژیانێک لێوان لێو و پڕە لە لە خۆ بردویی ، چەرمەسەری لە هەمان کاتدا لێورێژە لە شانازی . کاتێک ئەو جەوانە هەڵگری بیری دێموکرات و هەڵسوراوێکی نێو دانیشگاو روناکبیرانە، کاتێک شاڵاوی ساواک تەوژم دێنێ ، ئەو بەندیەکی ناو بەندیخانەکان .کاتێک شۆڕش و هەستانەوەیەک لە رۆژهەلات بلێسە دەستێنێ ئەو تێکۆشەرێکی دیارو جەوانێکی بەبرشت و هاوڕێ و هاوسەنگەری شۆرشگێرانی دێمۆکراتە. .کاتێک کۆشکی پاشایەتی هەرەس دێنێ ئەو لەگەڵ هاورێکانی لە شاری مەهاباد کۆرو سیمیناری ئازادی خوازی پێک دێنی و لاوانی شۆرشگێر رێبەری دەکات. لەو سەردەمە دا دەگەڵ د. قاسملوو پێشەنگی کاروانی ئازادی دۆستایەتی پیدا دەکات و هەر لە هەورامانەوە تا سەر سنوری چۆمی ئاراس دەست بە کاری سیاسی و تەشکیلاتی دەکات. کاتێک شەم شەمە کوێرەکانی سەردەم چەنگیان لە کورسی تاران و جەماران گیر کرد ، میر ئاخوند فتوای جیهاد لە کورد دەدا ، ئەو فەرماندە و رێبەری چەوسانەوەکانە . کاتێک ناوچەی ناو دەشت و باڵەکایەتی سەراپا کراسی سپی زستانیان لە بەر کردبو. سەردەشتی سەر سەوزیش قژی ڕنی بوو. کاتێک ئاخۆندەکانی جەماران لە ئاستی خۆڕاگری و بیر و باوەری کاک فەتاح و حیزبەکەیدا بە چۆکدا هاتن و هیوا بڕاو بوون ، لە ژێر سێبەری عەمامە و عەبادە دەستی رەشی تاوانیان بۆ سەرکردەکان درێژ کرد. و چەند سەرکردەیان تیرۆرکرد ، کاتێک ویستی بۆ حەسانەوە و ئارامی مێشک چەند دێڕێک بنوسێتەوە ، دوکەڵی بۆمب وئاگری تۆپخانەی دژمن بە ڕوخساری چەند هاوری دا تەقیەوە و ، بوو بە باهۆز و گەردەلول و گڕ و بلیسە ، ئەو کات ئەو دەم مەلای ڕاستەقینە شەرم گرتی ، داوای لێبوردن و لە بەر دەم چیا دا کڕنۆشی برد و نەفرەتی لە بیری چەوتی بیرکەرەوانی جەماران کرد . هاوارێک لە سینگی چیادا بەرز بووە ، بەفر لە حەسرەتان بە وێنەی مومێ دەتوایەوە ، دلی زەوی قەلشی دا ، پێنووس گووتی کوا قامکەکانم ، تفەنگ گوتی کوا پەنجەکانم ، سەنگەر گوتی کوا بەرورەکانم ، ڕێگا گوتی کوا هەنگاوم، ئاسمان گوتی کوا ئەستێرەکانم ، کۆمەڵانی خەلک گوتیان کوا فەرماندە و ڕێبەری چەوساوەکانم .
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_fetah_kawian2.jpgهەر چوار چرا بە سەر پێوە ، هاتە زمان و گوتی ، ئەگەر قین و کینی ئاخوند کاکۆڵم هەڵپڕۆزۆکێنێ ، دێوەزمەی زستان پەنجەکانم سڕ کا ،تەم و مژ بەر چاوم لێڵ بکات، کۆسپ و ئاستەنگەکان هانگاوم پێ شل بکەن . هەوری رەش بەری خۆرم لێ بگرێ ، هەرەس کانیاوەکانم کوێر کاتەوە باهۆز رێم لی هەتڵە کا . من هەر گیارەنگم و سەوزم و لە بن نایەم . لە بەرزاییەوە ، هەمو شەوێ بە سەر نیشتمانەکەم دا دەڕوانم، پەڵە هەورێکی سپیم و نمەوی بارانی رەحمەتم بۆ وەڕزێرەکان پێیە. لە هەر کوێ بم لە گەڵتانم .پێناسەی ڕووبارێکی بەردەوام و خوێناوی و شۆڕشی نەتەوەیەکم. دڕکی بەر پێ و چەقڵی چاوی دوژمن و نەیارانی کوردم، من هێز و ڕێی پێشاندەر و پێشمەرگەی گەلم. منیش لێرەوە دڕێژەدەری ڕێگا و ڕێبازتم. لە بەردەم فیداکاریت سەر رێز دادەنوێنم.
کاک فەتاح هۆ پیاوە قسە خۆش و مەدریس گەرمەکەی دێمۆکراتم، کاتێک بووی بە پێشمەرگە ، ئێستا بەفری سپی لە سەران نەباری بوو، ئێستا چاوەکان تیژبین بوون و پیویستیان بە چاوچاویلکە نەبوو، ئەو کات بۆ نوسینی مەقلەو دێرەکانی شێعر و وەرگێران لە کوردی بۆ ئینگلیسی و پێچەوانەکەی هەر لە سەر قۆندا‌غی تنفگ و ئاڵای کوردستانت دەنووسی ، ئەو کات بۆ خۆ پاراستن لە سەرماو گەرمای هاوین هەر رانکەو چوغە و گۆرێ زەنگاڵ و سەرکەڵاوی مەرەزت لە سەردەنا ئاخ چەندە شانازیت بە داب و نەریت و کولتووری کوردیەوە دەکەرد.
بەلام هاوری چەند ساڵێک بوو، وەکوو ماسی لە ئاو شێر لە بیشە و کۆتر لە لێرەوار و کوی دەنگ خۆش لە ئامێزی گەلەکەت دابرابووی و کەوتبوویە دەشت و پێ دەشتەکان و میوانی حاجی قادری کۆی بووی، لەوی کوێستانەکان خاڵ خاڵ بوون و چاوەکان کمبینا بوون و پێنجەکان لەرزۆک بوون و ئەژنۆکان لە تاقەت کەوتن و پشت وەکوو گۆچان چەمایەوە، بەڵام گەورەم من دڵنیام رۆژێ داێ و کوردستانە داگیرکراوەکەت ئازاد دەبێت و بە هەزاران جوانی کورد دێن وگەلکۆی پیرۆزت لە باوەش دەگرن.
‌هەزاران سڵاو لە گیانی نەمەرو هەمیشە زیندووی کاک فەتاحی کاویان. رەحمان ئیبراهیم زادە. سویس ٢٠١٧.١.٢١. میلادی