پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٧١ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
هۆگران ‌و هەڵگرانی ئامانجەکانی جمهووریی کوردستان!
لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٥، حەفتاویەکەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان‌دا، گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین.

لە یادکردنەوەی ئەم ڕووداوە گرنگەی مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، وەک هەمیشە سڵاو بۆ گیانی پاکی قازی محەممەد، پێشەوای حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و سەرۆکی کۆماری کوردستان ، یەکەم دەوڵەتی مودێرنی نەتەوەیی کورد، دەنێرین. هەر وەها سڵاو بۆ ئەو تێکۆشەرانەی نەتەوەکەشمان دەنێرین کە لە ماوەی سالانی ١٣٢٤-١٣٢٦دا، گیانی خۆیان لە پێناوی بەرگری لە کۆماری کوردستان‌دا بەخت کرد. سڵاو بۆ هەموو ئەو شەهیدانەش کە لە کۆتاییهاتنی تەمەنی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئەمڕۆ لە پێناوی ئاوات‌و ئامانجەکانی ئەو کۆمارە‌دا، گیانیان بەخشیوە‌و ڕێگای جمهووریی کوردستانیان بە پڕ ڕێبواری‌و، ئاڵاکەیان بە شەکاوەیی راگرتوە.
بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و دەتوانین بڵێین بۆ هەموو ڕۆڵە وشیار‌و خەباتکارەکانی نەتەوەکەشمان، بەرزراگرتنی بیرەوەریی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤و پێکهاتنی کۆماری کوردستان، زیاتر لە مانایەکی هەیە. ئەم یادکردنەوەیە، هەر تەنیا ڕێز گرتن نیە لە ڕووداوێکی گرنگ لە قۆناغێکی تایبەت لە مێژوو‌دا. لە روانگەی ئێمەوە کۆماری کوردستان، با تەمەنێکی کورتیشی بووبێ‌و دوای ١١ مانگ دەسەلاتدارەتی کۆتایی پێ هاتبێ، هەتا ئیستاش لە ڕووی کاریگەری لە سەر هەست‌و بیری نەتەوەیی خەڵکی کوردستان‌و لە ئامانجەکانی دا، زیندووە. سەرەرای کورتبوونی تەمەنی، کۆماری کوردستان زۆر دەسکەوتی بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە گشتی‌و بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی پێشکەش کرد. ئەزموونی دەسەڵاتدارەتی‌و بەڕێوەبەرێتی لەو کۆمارە‌دا، بۆ هەر دەسەلاتێکی دیموکراتیک لە سەردەمی ئێستاش، دەتوانێ جێگای لێ فێربوون بێ. ڕێزگرتن لە جیاوازیی نەتەوەیی، زمانی‌و ئایینی‌و پێکەوەژیانیان لە سەر بناغەی ڕێز گرتن لە یەکتر، باوەڕ بە ئازادیی بیرورادەربڕین، گرنگیدان بە بووژاندنەوەی کولتورو هونەرو ئەدەبیاتی نەتەوەیی، خوێندنی بە خۆرایی‌و هاندانی کچان بۆ خوێندن‌و بە ڕەسمی ناسین‌و جیبەجێکردنی خوێندن بە زمانی دایک نەک هەر بۆ مندالانی کورد بەڵکوو بۆ کەمایەتییە زمانییەکانی دیکە، برەو پیدانی گیانی وێکهەڵکردن لە نێوان دانیشتوانی شار‌و گوند‌و چین‌و توێژە جۆراوجۆرەکان‌و بە هێزکردنی کولتووری پاڵوێکدان لە پێناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی، پێشوازی‌و باوەشکردنەوە بۆ ڕۆڵە دڵسۆزەکانی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە‌و بوار رەخساندن بۆ خزمەتکردنیان بەو کۆمارە، گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ و لێک تێگەیشتن لە گەڵ حکومەتی میللیی ئازەربایجان‌و ئازەرییەکان‌و پێشنیاری هاوکاری و هاوپەیمانەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دوژمنی هاوبەش، لە ئەزموونە بە نرخەکانی ئەو دەسەڵاتە کوردییەن. ئەم کۆمارە بە هەڵکردن‌و رەسمیەتدان بە ئالای کوردستان‌و داهێنانی سروودی نەتەوەیی‌و چەمکی پێشمەرگە، کۆمەڵێک بۆشایی لە گیان‌و هزری نەتەوەیی‌و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا پڕ کردەوە.
دوای تێپەڕینی71ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئامانجاکانی ئەو دەسەڵاتە کوردییە، هەروا مانیفێستی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەلاتی کوردستانن. لە ماوەی 7 دەیەی دوای کوژانەوەی چرای تەمەنی ئەو کۆمارە، خەبات‌و تێکۆشان لە پێناوی دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد لەم بەشەی کوردستان، هەموو کات درێژەی هەبووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش کە لە دژایەتی بزووتنەوەی کورد‌و دوژمنایەتیی داوا‌و مافەکانی خەلکی کوردستان‌دا، ڕێگای ڕێژیمی حەمەرەزاشای بە توندوتیژییەکی زۆر زیاترەوە گرتووەتە بەر، نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان لە تێکۆشان بۆ ئاوات‌و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان پاشگەز بکاتەوە. لە گەڵ ئەوەی حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان‌و لایەنە سیاسیە خەباتکارەکانی دیکەی ڕۆژهەلاتیش، ڕێگای تێکۆشانی سیاسیی ئازادانەیان هیچ کات پێ نەدراوە و بەردەوام لە گەڵ شەڕ و سەرکوت و تێرۆر و زیندان بەرەوروو بوون، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان، هەتا هاتوە جار بە جار زیاتر کەوتوونە بەرگری لە شوناس‌وکولتوور‌و زمانی خۆیان. لە هەر دەرفەتێک بۆیان رەخساوە دژی ستەم‌و هەڵاواردنی نەتەوەیی‌و زمانی دەنگیان هەڵبڕیوە. لە گەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران زەندەقیان لە ناوی پێشەوا و کۆمار و ئاڵا چووە، بە شانازییەوە ئەم ناوانە لە سەر منداڵەکانیان دادەنێن‌و بە شێوەی جۆراوجۆر یادی پێشەوا و کۆمار و ٢ی ڕێبەندان بەرز ڕادەگرن. هەر لە جێ دا پشتیوانیان لە حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەردەوامیی هۆگرییان بەم حیزبە لە 70ساڵی ڕابردوودا، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەم حیزبە بە هەڵگری ئالای کۆمار و درێژەدەری ئامانجەکانی کۆماری کوردستان دەزانن. ئێمە شانازی بەو وشیارییە سیاسی و نەتەوەییەی خەڵکی کوردستانەوە دەکەین.
لە ٧١سالەی دامەزرانی کۆماری کوردستان دا پەیاممان بۆ تێکڕای چین و توێژەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ سەرجەم ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە ئێران ئەوەیە بێ‌وەبەرچاوگرتنی سنوورە فکری و سیاسییەکان و بێ سەرنجدان بە جیاوازییە ئایینی، زاراوەیی و جۆگرافییەکان، با پتر لە هەمیشە لە دەوری فەلسەفەی پێکهاتنی کۆماری کوردستان و ئامانجە نەمرەکانی کۆ بینەوە. مافی بێ ئەم لاوئەولای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیک و فیدراڵ دا، مافی چارەنووسی خۆی بگرێتە دەست. باوەڕ بەو مافە هەموو لایەکمان ئەرکدار دەکا گیانی یەکگرتوویی و هاوپێوەندی لە نێوخۆمان دا چ وەک تاکەکانی کۆمەڵ و چ وەک هێز و لایەنە سیاسییەکان، هەر چی زیاتر بە هێز بکەین و هەر کامێکمان بەو جۆرەی بۆمان دەگونجێ، دژی ستەمی نەتەوەیی و هەڵاواردنی سیاسی، دژی بێمافی و سەرکوت و سڕینەوەی شوناس و مێژوو و زمان‌و کولتووری خۆمان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، خەبات بکەین.
دڵسۆزان و هۆگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان!
ڕاست مانگێک لەمەوبەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کرا بە ئامانجی هێرشێکی تیرۆریستی کە سەرچاوەکەی، وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بوون. ئەم تاوانە تیرۆریستیی کە گیان لە دەست دانی پۆلێک لە باشترین ڕۆڵەکانی حیزبی ئیمە و خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە، هەر وا کە بووە مایەی پەژارە و نیگەرانیی ئێوە و زۆربەی هێزولایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان، شەپۆلێکی گەورە لە هاوخەمی لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان و هەر وەها تووڕەیی و بێزاری لە ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی بە دواوە بوو. لەم بۆنەیە دا بە دەرفەتی دەزانین وێڕای دووبارە کردنەوەی پێزانینی خۆمان بەرامبەر بە ئێوە، هەموو لایەک دڵنیا بکەینەوە کە خەبات و تێکۆشانی حیزبی ئێمە لە دژی ڕێژیمی زۆردار و خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی بەم جۆرە کردەوە و هەڕەشانە ناوەستێ و، تاوانی لەم چەشنە تەنیا وریایی و ئامادەیی ئێمە بۆ بەرپەرچدانەوەیان زیاترو هەروەها ئیرادە‌و بڕیارمان بۆ درێژەی سیاسەت و بەرنامەکان و شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەبات، پتەوتر دەکا.
هەر وەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلینۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێراوی کۆنگرەی شازدەیەمی حیزب بەڕێوە چوو. یەک لە کارەکانی ئەم پلینۆمە هەڵبژاردنی سکرتێرێکی گشتیی نوێ بە دوای دەست لە کارکێشانەوەی هاوڕێی بەڕیز کاک خالید عەزیزی دا بوو. لە چەند مانگی ڕابردوو دا دۆستان‌و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە عەلاقەوەوە، هێندێ جاریش بە نیگەرانییەوە بەدواداچوونیان بۆ ئەم پرسەی بەردەم حیزبی دیموکراتی کوردستان دەکرد. وەک ئاگادارن کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بە هاوکاری و پشتیوانیی سەرجەم ڕیکخراوەکانی حیزب، ئەم پڕۆسەیەی سەرکەوتوانە بە ئاکام گەیاند. لەم بۆنەیەدا پێمان خۆشە خەڵکی کوردستان و تێکڕای دۆستانی حیزب دڵنیا بکەینەوە کە سکرتێری گشتیی نوێ، هاوڕێی بەڕێز مستەفا مەولوودی‌و دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، یەکگرتوانە و بە پشتیوانی‌و هاوکاریی یەکتر، لە ڕاستای بردنە پێش و جێبەجێ کردنی بڕیار و پەیام و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی شازدەیەمی حیزب، هەنگاو دەنێن. ئێمە لێبڕاوین کە هیوا‌و چاوەڕوانییەکانی ئێوە لە بارەی کۆمەڵیک پرسی گرنگی وەک هاوکاری‌و هاوخەباتی لە گەڵ هێزە سیاسیەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و ئیران، ڕەوتی لێکنزیکبوونەوەو یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، گرنگیدان بە پشتیوانیی خەباتی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات، بەردەوامبوون لە سەر چالاکتر کردنەوەی تێکۆشانی جۆراوجۆری حیزب لە نیوخۆدا، گەیاندنی دەنگی حەقخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە بیروڕای گشتی‌و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان‌و هەر وەها پشتیوانیمان لە پرسی نەتەوەیی‌و خەباتی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بێ وڵام نەهێڵێنەوە‌و زیاتر لە پێشووش هەنگاویان بۆ هەڵ بگرین. چونکە ئەمانە بەشێکی بنەرەتین لە پرەنسیپەکان‌و ناوەرۆکی بەرنامە‌و ڕێبازی سیاسی‌و خەباتگێڕانەی حیزبمان حیزبی دیموکراتی کوردستان. گرنگیدانمان بەو پرسانە، بەشێکن لەو خەباتە درێژخایەنەی ئێمە بەرەو ڕووگەی ڕزگاربوون لە دیکتاتۆری‌و بێمافی‌و ژێردەستی، هەمان ئەو ئامانجانەی کۆماری کوردستان لە پێناویان دا پێک هات، ڕێنوێنی دەکەن. هەر بۆیە جێی خۆیەتی چاوەروان بین کە لە درێژەدانی ئەوسیاسەت‌و بەرنامانەی کە ئێوە بە دروستیان دەزانن‌و ئێمە لە سەریان بەردەوام دەمێنینەوە، وەک هەمیشە پشتیوانمان بن.
جارێکی دیکە بیرەوەریی ٢ی ڕێبەندان و یادی ٧١ سالەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە هەموولایەکتان پیرۆز.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٥
١٩ی ژانویەی ٢٠١٧