دیموكراسیی له تیئۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین! به‌شی ٢٧ كۆتایی : ئاریتما محه‌ممه‌دی
وانه‌یه‌ك له مێژووه‌وه بۆ مێژوو!
(دیموكراسیی پڕۆسه‌ی ئازادسازیی و بنه‌مانانی وڵاتێكی داگیركراو و گه‌لێكی بنده‌ست نییه، چونكه سهرهكییترین پێناسه بۆ چه‌مكی دیموكراسیی خۆی له هه‌بوونی گه‌لێكی ڕووناكبیر، كراوه و خاوه‌ن زانست‌دا ده‌بینێته‌وه، چونكه دیموكراسیی به‌ده‌ر له مانا كهلاسیكهكهی له مانای كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كه‌یدا پتر مانای متمانه‌به‌خشین و متمانه به‌یه‌ككردن ده‌گه‌یه‌نێت. ئایا له‌نێو كورددا متمانه بوونی هه‌یه؟ یانخود متمانه به‌یه‌ك ده‌كه‌ن؟ بێگومان نه‌خێر، متمانه بوونی نییه، كه‌واتا با له‌وه گه‌ڕێین كه دیموكراسیی پێوه‌ری ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ییمان بێ، با له‌وه گه‌ڕێین كه دیموكراسیی په‌یامی ئێمه بێ. ئێمه له دیموكراسیی زیاتر په‌یاممان پێیه، په‌یامی ئێمه ده‌بێ په‌یامی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی بێ. ئاریتما محه‌ممه‌دی.)
ئه‌و كوشتن و ماڵ‌وێران كردنه كه هه‌نووكه ڕژیمی تورك له باكووری كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات ئه‌گه‌ر له ئێران بووبایه، ئیستا ڕژیمی ئێران له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ڕووبه‌ڕووی قه‌یران و ئابڵۆقه‌ی سیاسیی و ئابووریی ده‌كرایه‌وه و له‌وانه‌ش بوو كه باس له به‌شداریپێكردنی هێزی ئاشتی پارێزی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌مه‌ڕ پاراستی ژیانی هاوڵاتییانی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بهاتبایه گۆڕێ. چونكه ڕژیمی ئێران له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی له زۆر بواردا له كێشه دایه و ئه‌و وڵاتانه‌ش هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه بتوانن له ڕێگای جیاوازه‌وه ڕژیمی ئێران بخه‌نه ژێرگۆشار و هه‌ژموونی سیاسیی خۆیانه‌وه. وه‌ك ئاماژه، ڕژی سه‌دام له ئێراق كوردی ئه‌نفال كرد، شیماییبارانی كرد، گونده‌كانی وێران كرد، لاوه‌كانی له‌دار ده‌دا و به‌ندیخانه‌كانی پڕ له لاوه‌كانی كورد كرد.
هیچ وڵاتێك ڕه‌خنه‌ی له ڕژیمی فاشیستی ئێراق نه‌گرت، چونكه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان هه‌بوو، به‌ڵام دواتر كاتێ كه ڕژیمی ئێراق هێرشی كرده‌سه‌ر كۆیت و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان كه‌وته مه‌ترسییه‌وه، ئیتر هاوكاریی كوردیان له دژی ئه‌و ڕژیمه سه‌ره‌ڕۆیه كرد و پرسی كوشتن و ئه‌نفال و ماڵوێرانكردنی كورد كه‌وته ڕۆژه‌ڤه‌وه. ئه‌مه‌یه به‌كارهێنانی كۆدی ژئۆپلۆتیكی كه چۆن ده‌توانێ له كاتی پێویستدا كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیردرێ و له دژی وڵاتان به‌كاری بهێنن و له‌وانه‌یه له هندێك بارودۆخیشدا له قازانجی گرووپێك یانخود نه‌ته‌وه و چینێكی دیاریكراو بشكێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن باشووری كوردستان كه‌وته‌به‌ر شه‌پۆلی ئه‌و كۆده و به‌شێك له خاكه‌كه‌ی به ئاسانیی كه‌وته ژێر هه‌ژموونی پاراستنی نێونه‌ته‌وه‌یی.
واتا كاتێ كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان یه‌ك ده‌گرن ئیتر مافه‌كانی مرۆڤ و پڕۆسه‌ی دیموكراسیی واتای نامێنێ و پێچه‌وانه له دۆخ و ههلوومهرجێكدا كه ئاڵۆزیی ده‌كه‌وێته نێوان وڵاتان، كه‌ڵك له لاوازییه‌كانی یه‌كتر وه‌رده‌گرن بۆئهوهكه وڵاتی به‌رامبه‌ر به‌وه ملكه‌چ بكه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بپارێزن. واتا له هیچ دۆخێك‌دا مافه‌كانی مرۆڤ و چه‌مكی دیموكراسیی و جێگیربوونی ئه‌و چه‌مك و پڕۆسه‌یه كێشه نه‌بووه و نییه بۆ وڵاتان، ته‌نیا به‌رژوه‌ندیی سیاسیی و ئابووریی ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌گێڕێت له ئاره‌سته‌كردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتان و هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆ وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی هێڵی سووره و ئیزن به پێشێلكردن و به‌زاندنی ناده‌ن.
كورد له باكووری كوردستان تاكوو هه‌نووكه هیچ ده‌ستكه‌وتێكی سیاسیی به‌ده‌ست نه‌هێناوه كه بتوانێ شوێندانه‌ر بێ له‌سه‌ر خه‌باتی داهاتووی كورد له باكوور، چونكه تێكڕای ئه‌و مافه كولتوورییانه كه به ده‌ست هاتوون له ده‌لاقه‌ی كێشه‌ی سیاسیی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه به‌ده‌ست نه‌هاتوون، به‌ڵكوو هۆكاری سه‌ره‌كییان ئه‌و چه‌مكه بووه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی تووركیه بۆ ڕه‌وابوونی خۆی له پێشی گرتووه. واتا ئیستاش كێشه‌ی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی كورد وه‌ك ڕابردوو له جێی خۆی ماوه و تاكوو ئیستاش حوكوومه‌تی توورك باوه‌ڕی به كێشه‌یه‌ك به نێوی كێشه‌ی كورد نییه.
به‌ڵام دۆخ و سه‌رده‌م گۆڕاوه و له‌و پێوه‌ندییه‌شدا سیاسه‌تی تورك گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. بۆیه درووشمه‌كانی حوكوومه‌تی فاشیستی توركیه به واتای داننان به كێشه‌ی سیاسیی كورددا نه‌بووه. حوكوومه‌تی نوێی تووركییه پێی وایه كه كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌كی ئابوورییه و ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئیتر كێشه‌ی كوردیش بوونی نامێنێت. بۆیه دائیم ده‌سه‌ڵاتدارانی تورك كێشه‌ی كورد به گه‌شه‌سه‌ندنی پڕۆسه‌ی دیموكراسیی له‌و وڵاته گرێ ده‌ده‌ن، ئه‌وه له كاتێك دایه كه ئه‌زموونی دیموكراسیی له وڵاتانی ئه‌ورووپی پێشانی داوه كه دیموكراسیی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كه‌مینه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات. ڕوونه كه حوكوومه‌تی توورك خۆی له هه‌موو جۆره هه‌ڵوێستێكی ڕوون ده‌بوێرێ و نایهه‌وێت كه به چه‌شنێكی دیار ئاماژه به كێشه‌ی سیاسیی كورد بكات.
هه‌روه‌ها پێیان وایه كه ئه‌گه‌ر كورد چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی له پڕۆسه‌ی دیموكراسیدا ببینێته‌وه و ده‌ست له هه‌موو چه‌شنه خه‌باتێكی ڕه‌وا هه‌ڵبگرێت و به‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌وه بێ، ئیتر ئه‌م نه‌ته‌وه ده‌سته‌پاچه ده‌بێت و ناتوانێ له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی كاپیتالیسمدا كه گوشار ده‌خاته سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵ خۆڕاگر بێ و خۆنه‌ویستانه ملكه‌چی پڕۆسه‌ی دیموكراسیی ده‌بێت. له‌و پێوه‌ندییه‌شدا كۆمه‌ڵێك چالاكوانی سیاسیی كورد هه‌ن كه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به پڕۆسه‌ی دیموكراسییه‌وه هاوپێچ و گرێ ده‌ده‌ن. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سیاسییانی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان له بیروڕاكانیاندا خۆ ده‌نوێنێت و ئه‌مه‌ش كێشه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه.
ڕژیمی پاشایه‌تیی به هۆی ئه‌وه‌كه له وڵاتانی ئه‌ورووپی نزیك بوو و پێوه‌ندی سیاسیی و ئابووریی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوادا هه‌بوو، هیچ پارت و ڕێكخراوێكی كوردیی نه‌یده‌توانی گه‌شه بكات! به‌ڵام پاش ئه‌وه‌كه ڕژیمی پاشایه‌تیی ڕۆخا، ده‌رفه‌تی نوێ بۆ ده‌سپێكی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاته كایه‌وه. هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه بوو كه وڵاتانی ڕۆژئاوا پێوه‌ندی سیاسیی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێران‌دا نه‌بوو، یانخود پێوه‌ندییه‌كانیان هێنده به‌هێز نه‌بوو و دۆست و یاری ئه‌و پڕۆسه سیاسییه له ئێران نه‌بوون كه له گۆڕێ‌دا بوو، چونكه نه‌یانده‌زانی ئاره‌سته‌ی ئه‌و ڕژیمه به‌ره‌و كوێیه و ئایا به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه یانخود نا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هندێك له وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێرانیان به ڕژیمێكی داپڵۆسێنه‌ر و سه‌ره‌ڕۆ پێناسه ده‌كرد، بۆیه كوردی ڕۆژهه‌ڵات توانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بگه‌شێته‌وه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر شۆڕش و به‌رخۆدانی ڕۆژهه‌ڵات دابنێت. به‌ڵام ئه‌مه به هاتنه سه‌ركاری ڕژیمێكی فاشیستی له چه‌شنی ڕژیمی تورك و ڕژیمی پاشایه‌تیی كۆتایی پێ دێت و ده‌یان ساڵی دیكه خه‌باتی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دوا ده‌كه‌وێت.
لێره‌دایه كه پێویسته هێزه‌كانی كورد یه‌كگرتو بن و پتر له‌وه‌ی كه باسی ده‌كه‌ن خه‌بات بۆ ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و هێنانه‌ئارای گووتارێكی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن و ئیتر پێداگری له‌سه‌ر دیموكراتیزه‌كردنی ئێران نه‌كه‌ن، چونكه تاكوو هه‌نووكه‌ش نه‌ته‌وه‌ی كورد له ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست وه‌ك گه‌لێكی هاوئاست له ماف، ده‌سه‌ڵات و ئازادی‌دا پێناسه ناكرێت. دیموكراسیی ئه‌و هێزه به كورد نابه‌خشێت كه وڵاتی بۆ ئازاد بكات چه بگا به‌وه كه كورد وڵاتی خه‌ڵكی دیكه‌شی پێ ئاوه‌دان و ئازاد بكاته‌وه. با ئیتر له‌وه گهڕهیین كه وڵاتی خه‌ڵكی دیكه دیموكراتیزه بكه‌ین، با پتر خۆمان به‌و هۆ و هۆكارانه‌وه خه‌ریك بكه‌ین كه ده‌بنه پرد بۆ به‌ستنه‌وه‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوانمان. وڵاتان له‌و دۆخانه‌دا باییخ به دیموكراسیی ده‌ده‌ن كه بهرژهوهندییهكانیانی پێ مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن و له‌وه‌ش به‌ده‌ر دیموكراسیی ته‌نیا پڕۆسه‌یه‌كی سیاسییه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی و خاوه‌ن داموده‌زگای حوكوومیی و نه‌ته‌وه‌یی.
دیموكراسیی پڕۆسه‌ی ئازادسازیی و بنه‌مانانی وڵاتێكی داگیركراو و گه‌لێكی بنده‌ست نییه، چونكه سهرهكییترین پێناسه بۆ چه‌مكی دیموكراسیی خۆی له هه‌بوونی گه‌لێكی ڕووناكبیر، كراوه و خاوه‌ن زانست‌دا ده‌بینێته‌وه، چونكه دیموكراسیی به‌ده‌ر له مانا كهلاسیكهكهی له مانای كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كه‌یدا پتر مانای متمانه‌به‌خشین و متمانه به‌یه‌ككردن ده‌گه‌یه‌نێت. ئایا له‌نێو كورددا متمانه بوونی هه‌یه؟ یانخود متمانه به‌یه‌ك ده‌كه‌ن؟ بێگومان نه‌خێر، متمانه بوونی نییه، كه‌واتا با له‌وه گه‌ڕێین كه دیموكراسیی پێوه‌ری ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ییمان بێ، با له‌وه گه‌ڕێین كه دیموكراسیی په‌یامی ئێمه بێ. ئێمه له دیموكراسیی زیاتر په‌یاممان پێیه، په‌یامی ئێمه ده‌بێ په‌یامی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی بێ.
ئه‌گه‌ر دیموكراسیی پڕۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته، خۆ ئێمه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و وڵاتی سه‌ربه‌خۆ نیین. ئێمه خاوه‌ن گه‌لێكین كه پێویستیان به ئازادیی و كرانه‌وه و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی هه‌یه هه‌تا به ده‌ست هێنانی دیموكراسیی كه پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كیی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه و پڕۆسه‌ی به جیهانی كردنی سه‌رمایه‌یه. جیهانی كورد جیهانی سه‌رمایه نییه، جیهانی ئێمه ده‌بێ له جیهانی ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییه‌وه ده‌ست پێبكات. وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی و نه‌ته‌وه‌كانی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت پێویستیان به پڕۆسه‌ی دیموكراسیی و لیبرالیزم هه‌یه، ده‌بێ باییخی ئێمه وه‌ك كورد بۆ چه‌مكی رزگاریی بێ نه‌ك دیموكراسیی. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له چه‌مكی ڕزگارییه‌وه ده‌ستیان پێكردووه و ئه‌مڕۆش خاوه‌ن پڕۆسه‌ی دیموكراسیین.
شه‌ڕی چه‌مكه‌كان میلیۆنان خه‌ڵكی بنده‌ست، ژێرده‌ست و هه‌ژاری له‌نێو بردووه. بۆ ده‌بێ له كوردستانیش شه‌ڕی چه‌مكه‌كان له گۆڕێ‌دا بێ. با شه‌ڕ ته‌نیا شه‌ڕی ڕزگاریی و دادپه‌روه‌ریی بێ. چونكه زۆربه‌ی كورد و هێزه‌كانی كورد له‌سه‌ر شه‌ڕی ڕزگاریی و دادپه‌روه‌ریی كۆكن و به‌شێك له پێناسه‌ی هێزه‌كانی كورد خۆی له چه‌مكی ئازادیی و ڕزگاریدا ده‌بینێته‌وه. له ڕۆژهه‌ڵاتی ئێمه شه‌ڕی چه‌مكه‌كان سه‌دان ڕۆڵه‌ی كوردی له نێوان كۆمه‌ڵه و دیموكراتدا به‌كوشت دا. ته‌نیا دڵی دایكی كورد سووتا. با واز له شه‌ڕی چه‌مك بهێنین و ته‌نیا شه‌ڕی ڕزگاریی و دادپه‌روه‌ری بكه‌ین. ئیتر نابێ كوردستان ناوه‌ندی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی وڵاتان و شه‌ڕی چه‌مكه‌كان بێ. شه‌ڕی چه‌مكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه له باشووری كوردستان هه‌زاران ڕۆڵه‌ی كوردی به‌كوشت دا، ته‌نیا دایكی كورد دڵی سووتا.
ئه‌گه‌ر ئێمه له مێژوو ده‌رس وه‌رنه‌گرین، بێگومان ده‌بینه به‌شێك له مێژوو. كورد تاكوو هه‌نووكه له چیاكانی زاگرۆس خۆی له چه‌ته‌كانی داگیركه‌ر پاراستووه، به‌ڵام هه‌نووكه چه‌مكه جیهانییه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هێژومژی كورد داناوه و ئه‌مه‌ش وای كردووه كه كورد پتر له ڕابردوو بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی و هه‌ژموونی نه‌ته‌وه‌كانی داگیركه‌ر و هاوسێ. ته‌نیا ڕێگه كه ئاسۆی كورد ده‌رده‌خات خۆی له یه‌كێتیی، ته‌بیایی و ڕێخستنی خاڵه هاوبه‌شه‌كان ده‌بینێته‌وه كه ڕێگه بۆ ده‌سپێكی خه‌باتی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی خۆش ده‌كات، نه‌ك دابینكردنی دیموكراسیی بۆ گه‌لانی دیكه و وڵاتانی دیكه و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه. چونكه نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كێشه‌كه‌یان له‌وانه‌یه ته‌نیا به گۆڕانكاریی له چه‌مكی سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتدارییدا كۆتایی پێ بێ، به‌ڵام كورد ده‌بێ سنووره‌كان سه‌رله‌نوێ پێكه‌وه گرێ بدات، ئه‌و سنوورانه‌ی كه نه‌ك ته‌نیا خاك، به‌ڵكوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و گه‌لی كوردیشیان له‌توپه‌ت كردووه.
مێژووی ئێمه لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه هێزمان یه‌ك بخه‌ین و گوتارمان هاوبه‌ش بێ و خه‌بات بۆ رزگاریی بكه‌ین، نه‌ك خه‌بات بۆ دیموكراسیی و چه‌مك و پێواژۆگهلێكی جیاواز بكه‌ین كه هیچكامیان هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان نیین. چونكه ئه‌مانه ته‌نیا لێك دوورمان ده‌خاته‌وه و كوردیش به‌شی خۆی پرش و بڵاو هه‌یه و به‌شی خۆشی خه‌باتی بۆ چه‌مكه جیهانییه‌كان كردووه، با كه‌مێكیش خه‌بات بۆ ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی بكات و ئه‌م خه‌باته‌ش با دوور بێ له خه‌باتی چینایه‌تیی و چهمكایهتیی و دیموكراسییایهتیی.
با پێڤاژۆی جڤاكی گه‌ل ناسنامه‌مان بێ، با پڕۆسه‌ی جڤاكیی هێزمان بێ، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جڤاكییه و هه‌موو مژه‌كانی ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌نێو له‌شی نه‌ته‌وه‌ی كورددا خه‌وتووه، با له خه‌و ڕاپه‌ڕێت. چه‌مكی جڤاكی گه‌ل هه‌موو كۆندوبهنده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كوردی له‌نێو خۆیدا كۆكردووه‌ته‌وه، چونكه وزهلۆژی كورد له‌و پڕۆسه‌یه‌دا كۆ بووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش هه‌زاران ساڵی بردووه تاكوو ئه‌و پڕۆسه‌یه له‌نێو مۆخی ئه‌قڵ و پڕۆسه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و هێزی ئابووریی گه‌لی كورددا جێ بكه‌وێت. جڤاكی گه‌ل ناسنامه‌ی ئێمه‌یه و با باییخ به ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییمان بده‌ین. پڕۆسه‌ی جڤاكیی پڕۆسه‌یه‌كی هاوبه‌شی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه هه‌ڵقوڵاوی شاخ و پێده‌شته‌كانی زاگرۆسه و خونێنی كوردیش له له‌شی زاگرۆس دایه.