سوڵتانی بەختەوەریی … !!! . بەشی ١٦ و ١٧ و ١٨ … حەمید عەزیز

ئازادی و نان زۆر گرنگن زۆر پێویستن بۆ ژیان و مرۆڤایەتی بەگشتی هەرچۆن بەختەوەریی پێویستە بۆ ژیان و بەردەوام بوون ئاوا ئازادی و نان تەواوکەری ژیان و خۆشبەختیی مرۆڤەکانە بۆیە نان و ئازادی تەواوکەری یەکترن و ژیان جوانتر دەکەن

بەختەوەرییش مسۆگەرو میوانی هەمیشەیی ئەو کۆمەڵگایە دەبێت کەتێرو ئازادن .

ئازادی و نان و بەختەوەریی بۆ تاک و کۆمەڵگا بێ لەمیهرەبانی و دور لەوەفای مرۆڤەکان هیچ نرخێکی نی یەو ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە مرۆڤێکی بێ ڕۆح و بێ هەست و دور لەخۆشەویستی و عەشق دەژین ئەمەش دەبێتە مایەی زەرەرو دۆڕاندنی هەستە جوانەکانی مرۆڤ . بۆیە بۆ تەواوکردنی ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤایەتیی دەبێت نان و ئازادی و خۆشەویستی و وەفاو میهرەبانیی و یەکترویستن هەبێت . میهرەبانیی هێندە هەستێکی مرۆیی گەورەیە هەمیشە بەختەوەریی دەبەخشێت وەفای مرۆڤەکان هێندە جوانە هەندێکجار زۆر گرنگترە لەئازادی بۆیە ئەگەر ئازادی نەزانی ڕێزی لێ بگریت زۆرجار ژیانت لەدەست دەدات کەچی بەپێچەوانەوە وەفاو میهرەبانی ژیانێکی ئاسودەت پێ دەبەخشێت لەچاوی ئەوانی ترەوە جوان و مەزن دەبینرێیت گەورەترو پاراوتر دەبیت مەزن و بەهەیبەتێکی مرۆڤانەی بێ وێنە دەبیندرێیت بۆیە میهرەبانی گرنگە ئاوە بۆ تینوێتی ڕۆحی تینوو بۆ جوانیی و ئارامیی مرۆڤەکان .

هاودەمێ ڕوی کردە بەندەو فەرموی دوو پرسیارم هەیە :

یەکەمیان / درۆکردن بۆچی قێزەونەو دڵە ڕاوکێ و ناخۆشیی لەدوایە .؟.

منیش وەڵامم دایەوەو وتم :

_ درۆکردن سەرتۆپکی نائومێدی یە بۆیە قێزەونەو ناخۆشە چونکە هەموو بەدڕەوشتی یەکانی مرۆڤی خراپی لەپشتەوەیە بۆیە درۆکردن ئەمڕۆت بۆ دەباتەسەرو بەهەمان شێوە سەرو کارت مەیسەر دەکات کەچی سبەی تەگەرەت بۆ دروست دەکات و تەمەنی خۆت و ڕەفتارەکانت کورتتر دەکات نائومێد دەژیت داماو دەمریت بەهیچ شێوەیەک بەختەوەریی لەدرۆکردندا بوونی نی یە و هەمیشەش بۆ چەند ساتێک دەڕوات و ئیشەکان جێ بەجێ دەکات بەڵام تەمەنی کورتەو کێشەو کارەساتی لەدوایە بەڕاستی درۆ شتێکی قێزەونەو ئەو کەسانە زیاتر ئالودەی درۆن کەهەست بەکەمیی دەکەن و زۆر جار نەخۆشی یەو هەندێکجاریش ڕک و کینەیە .

دووەمیان / مرۆڤەڤەکان بەقسەی خۆیان بکەن باشە یان بەقسەی کەسانی تریش .؟.

وەڵام :

_ مرۆڤ زۆرجار دەبێت بەقسەی دڵی خۆی بکات ئەوە هەستێکی خودایی یەو ڕاستە ئەبێت ئەوەندەش باوەڕت بەخۆت هەبێت کەکارەکانت یان بڕیارەکانت بەتەنهایش بیت دەتوانیت بڕیار لەسەر ژیان و ئیش و کارەکانت بدەیت بەڵام لەهەرشتێکدا دوودڵیت مەیکە زۆرجاریش گوێ لەخەڵکانیتر بگرەو بەڵام بەقسەی مێشک و دڵی خۆت بکە ڕاو بۆچونی خەڵکانی دەوروبەریش گرنگن بۆیە ڕای خۆت و قسەی دڵت گرنگترن . کەواتە گوێ لەکەسانێک بگرە لەخۆت گەورەترو بەتەجروبەترو زاناو بەسەلیقەترن نەک پێچەوانەکەی کەبەرەو پەشیمانی و نەهامەتیت بەرێت و ژیانت تاڵ و بێ نرخ بکات .

منیش ئەم چەند دێڕەی کەناڕاستەوخۆ پەیوەندی بەبابەتەکەوە هەیە تێکهەڵکێشی وتارەکەم کردو وتم :

_ پێویستە مرۆڤەکان هەوڵ بدەن لەخەڵکانیتر نەچن و چاو لەکەسانیتر نەکەن لەزۆر ڕەفتارو شتەکانی ژیانییدا تۆ خۆت چۆنیت پێویستە وەکو خۆت بیت بۆ ئەوەی ون نەبیت و توشی کێشەی دەرونیی نەبیت چونکە ئەگەر مرۆڤەکان چاویان لەخەڵکانیتر کرد توشی گرفت و لاوازیی کەسایەتی دەبن و وەکو کەسێکیتر ڕەفتار دەکەن و خۆیان لەبیردەکەن ئەمەش دەبیتە هۆی هەڵە دروست بوون و لەباری دەرونی یەوە مرۆڤ نەخۆش دەکەوێت و ڕۆژبەڕۆژ لاواز دەبێت لەکۆتاییدا وەکو کەسایەتی لەڕوی دەرەوەو وەکو مرۆڤیش لەڕوی ناخەوە دەڕوخێت و نامێنێت بۆیە دەبێت مرۆڤ لەخۆی بچێت لەکەسیتر نەچێت . دەتوانین چاو لەکەسانی باشترو ژیرتر لەخۆمان بکەین و سودیان لێ وەرگرین بەڵام ناکرێت وەکو ئەوان بیت یان وەکو ئەوان خۆت نمایش بکەیت ئەگەریش ویستت لەکەسێکی تر بچیت بەدڵنیایی یەوە هەڵەیەکی گەورەت ئەنجام داوە وەکو کەسایەتی دەدۆڕێیت لەناو کۆمەڵگادا .

ئەگەر مرۆڤ کەسایەتی خۆی لەدەست دا بەدڵنیایی یەوە بەختەوەریش دەدۆڕێنێت و هەرگیز نابێتە کەسێکی جێگیرو دڵخۆش . لەکۆتایی ئەم بەشەدا دەڵێم :

_ بەڕای من ژیان فراوانەو لەیەک گۆشە نیگاوە ژیان نەبینین باشە بۆیە مرۆڤ و ژیان و ئەم سروشتەی کەدیبینین یان ئەم دونیایە زۆر فراوانترە لەوەی کەئێمە بیری لێ دەکەینەوە بۆیە بەختەوەریش بەیەک کارو بەیەک هەست و بەیەک هەڵوێست دروست نابیت بۆیە وتمان بەختەوەریی تەواو نان و ئازادیی و ڕاستگۆیی و خۆشەویستی و عەشقە …. !!! .
…………………………………………
سوڵتانی بەختەوەریی … !!! . بەشی حەڤدەهەم

ئەگەر لێم بپرسیت :

بۆچی زۆرم خۆش دەوێیت .؟.

منیش لێت دەپرسم :

ئەی من بۆچی دەژیم .؟.

دێینەوە سەر بابەتەکەمان پەیداکردنی یان گەڕان و دۆزینەوەی ژیانێکی شایستەو باش بۆ مرۆڤ و بەختەوەریی پەیوەندیی بەدۆزینەوەی مرۆڤە باشەکانەوە هەیە ئەمە حەقیقەتە بەپێچەوانەشەوە هەر مرۆڤەکانن ئازارمان دەدەن کەچی هەر ئێمەین پێکەوە ژیانمان کردوە بەبنەمای خۆشەویستیی و ئەو کەسانە دەگۆڕین کەنازانن بژین و ژیان و خەباتمان بۆ ئەوەیە کەئەوان و ژیان و مرۆڤایەتیی بگۆڕین بۆ ئەوەی ئەوان و ئێمەش بەختەوەریی ببێتە میوانی هەمیشەیی دڵ و ڕۆحمان بۆیە ئاوا ژیان و بەختەوەریی ئێمەو ئێوەو ئەوان لەسەر بناغەی خۆشەویستیی و یەکترویستن و ڕۆح جوانیی دروست دەبێت .

بەدڵنیایی یەوە هەموو گۆی زەمین بگەڕێیت بەختەوەریی نادۆزیتەوە هەموو کۆشک و ماڵە جوانەکان هەموو شەقام و باخ و کوچەو کۆڵانی هەموو دونیا بگەڕێیت هیچت دەسگیرنابێت بۆیە بەختەوەریی لەدڵ و قەناعەتی مرۆڤەکان خۆیاندایە لەهەر کوێی ئەم جیهانەدابن .

کەواتە پێویستە ئادەمیزاد خۆی وەکو مەعدەنێکی گرانبەها ببینێت خۆی وەکو مرۆڤ بەگرانترین و بەبەهاترین بونەوەرببینێت کەخۆی و ڕۆحی خۆی سەرچاوەی بەختەوەریین نەک ماڵ و سامان و شوێن و .. هتد .

پەیوەندی مرۆڤەکان بەیەکترەوە زۆر گرنگە بۆیە پەیوەندیی زۆر پەیوەندیی بەبەختەوەریی یەوە هەیەو تەنها کەسێک یان مرۆڤێک دەتوانێت بتگەیەنێتە لوتکەی دڵخۆشیی وئارامیی لەژیاندا بۆیە پەیوەندیی گرنگیی خۆی هەیەو بۆ ژیانی سبەینێت ئەو پەیوەندیە بڕیاردەرەو دەبێت بزانیت کێ دەدۆزیتەوەو کێ دەکەیتە هاوڕێی ژیانی خۆت .

متمانەو خۆشەویستی بدەن بەو کەسانەی کەکارو بەڵێن و خۆشەویستییان لەقەدوباڵایان جوانترو گەورەتربوو بۆیە کارو خزمەت و خۆشەویستی زۆر گەورەترن لەپەیمانی درۆو ڕوخساری جوان و ماڵ و سامان و سەرمایەداریی هەرلەبەر ئەوەیە کەدڵ جوانیی و ڕۆح پاکیی گرنگترن لەجوانیی ڕوخساریی دەرەوەی مرۆڤەکان ، هەربۆیە خۆشەویستیی و ڕێزو ڕاستگۆیی بەرەو بەختەوەریی و پێشکەوتن و ژیانی باشمان دەبات بەدڵنییایی یەوە دوربن لەدرۆو خیانەت و ناپاکیی کەسەرچاوەی ناخۆشیی و دۆڕاندن و زەرەرمەندبوونە بۆیە هیچ ڕێگایەکی تر نامانباتەوە سەر ژیانێکی باش و خۆشگوزەرانیی تەنها ڕاستگۆیی و خۆشەویستی و یەکترویستن پێکەوە ژیانی تەندروست نەبێت .

یەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی دڵخۆشیی مرۆڤاکان زانیاریی و مەعریفەو ڕۆشنفکریە بۆیە هەر ڕۆژێک وشەیەکی نوێ یان زانیاریەکی نوێ یان هاوڕێ یەکی نوێت بۆ دروست بوو جێگەی دڵخۆشی و ئاسودەیی یە چونکە ژیان ئاوا دەگۆڕێت و بەختەوەریی ئاوا بەدەست دەهێنرێت بۆیە دۆزینەوەی مرۆڤەکان گەڕانە بەدوای ژیانی باشترو خۆشتر نەک گەڕان بەدوای ماڵ و سامان و شتە مادیەکان کەلەپڕ دێن و لەپڕ دەڕۆن هیچ هەستێکی مرۆیی جوانیان نی یە و هیچیش لەمرۆڤبوونیی و هەستی جوان پێش کەش ناکەن .
………………………………………….
سوڵتانیی بەختەوەریی … !!! . بەشی هەژدەهەم

لەم بەشەی سوڵتانی بەختەوەرییدا زیاتر باس لەهەستی مرۆڤبوونیی و ئیدراک و هەستی جوان دەکەین کەزۆر پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بەژیان و ئاسودەیی مرۆڤەکانەوە .

چۆن چۆنیی ئیدراک و هەستی جوانمان وەکو توێکڵی دار دەتەقێت و هەست بەمرۆڤبوونیی خۆمان بکەین و ژیان بەردەوام بکەین بەشێوەیەکی مرۆیی جوان کەهەموو هەست بەبەختەوەریی بکەین و دڵخۆشبین بەیەکتر .؟.

بەدبەدڵنیایی یەوە میهرەبان بین لەگەڵ یەکتردا دڵخۆش و تەمەن درێژ دەبین ئاسودەدەبن کەئەمانە هەمووی هەستی جوانیی مرۆیین و ژیانمان دەگۆڕێت بۆ باشترو باشتر .

زۆر پێویستە کەجوان و میهرەبان بین دەبێت زۆر هەوڵبدەین کەباش بین لەگەڵ یەکتردا بۆیە چاکە کردن بەختەوەرو تەمەن درێژمان دەکات دڵخۆش دەبین هەمیشە بەختەوەرییش دەبێتە میوانی هەموو ماڵە جوانەکانی دڵی ئێوەی ئازیز .

پێویستە مرۆڤیش وەکو خۆی بێت نەک وەکو خەڵکانیتر بەواتایەکی سادە وەکو خۆت بیربکەرەوە مەچۆرە بەرگی کەسایەتی یەکی ترەوە تەنها دەتوانیت وەکو ئەو کەسە بیت کەعەشقی بویت بۆیە ئەویش زۆرجار خۆی دەکات بەتۆ تۆش دەبیتە ئەو ، ئەمە عەشقە کارێکی جوان و هەستێکی زۆر جوانە بۆ ئێمەی مرۆڤ بونمان جوانترو گەشتر دەکات فەنتازیای ژیانمان بەرزتر دەکات .

هاودەمێ فەرموی :

دۆستەکەم هێندە بێ شەرم و نامیهرەبان بوو منی بۆ کەسێکیتر فرۆشت … !!! .

زۆریان پێ وتم تۆش خۆت مەڕەنجێنە خەریکی ژیانی خۆت بە منیش ویستم وەکو ئەو بکەم و بیفرۆشم لەڕاستیدا فرۆشتم بەڵام یەک عانەی نەکرد .. !! . چون کڕیارەکان نامیهرەبانیان گەرەک نەبوو … !!! .

ئەمە پەندێکە کەسپڵەو بێ وەفاو چاو قاییم نەبین بەرامبەر ئەو کەسانەی لەگەڵمان ژیانیان کردوەو چاکەیان بەسەرمانەوە هەیە چونکە چیت چاندبێت ئەوە دەدوریتەوە .!.

خۆزگە هەموو مرۆڤایەتیی و ئەم گۆی زەمینە خۆشەویستی و چاکەمان بچاندایە بۆ ئەوەی بەهەشتیکمان دەست بکەوتایە .

زۆر لەمرۆڤەکان باوەڕیان بەدوعاو شانس و چاوپیسی و هەندێ خورافات هەیە کەناگونجێت لەگەڵ عەقڵ و مەعریفەی ئەم سەردەمەدا .

هاوڕێ یەک نامەیەکی بۆ ناردوم دەڵێت :

زۆربەی کاتەکان ناڕەحەتم و هەمیشە دڵەڕاوکێ و بێتاقەتیم پێوە دیارە ئایا دوعام لێ کراوە یان چاوی پیسە یان چی یە .؟. هیوادارم یارمەتیم بدەیت …. !!!! .

منیش بۆم نوسی :

_ هاوڕێی بەڕێزم دوعاو ئەو شتانە نی یە و چاوپیسیش نی یە ئەوە هەستی جوانی مرۆڤەکانە وایان لێ دەکات کەکەم دڵخۆش بن و لەو پەڕی قەرەباڵغیدا هەست بەتەنهایی بکەن و مرۆڤهای هۆشمەند هیچ کاتێک سەد لەسەد بەختەوەر نی یە چونکە بەشێکی ژیانی بۆ خۆیەتی بەشەکەی تری بیر لەخەڵک و ژیان و گوزەرانی هەژارانەی ئەوانیترە ، بۆیە نابەختەوەریی زۆربەی کاتەکان بەشی مرۆڤە بەویژدان و بەهەستەکانە ئەوەی کەزۆر بەختەوەرە گێلە ئەوەی هەندێکجار ڕەش بین و کەم هیوایە هۆشمەندو زانایە چونکە بیر دەکاتەوە لەزۆر کات و شوێندا بەگوێرەی ئیشە باشەکانمان و خزمەت بەیەکتریی زۆرجار موسوڵمانە دەبەنگەکان کافرن و هەندێکجار کافرە زاناکان موسوڵمانن بەواتایەکیتر کێ باشە زاناو مرۆڤ و هۆشمەندە مرۆڤبوونیی و گەورەیی و جوانیی ئادەمیزاد لەچاکە کردنێتی لەخۆشەویستی یەتی بەرامبەر ژیان و بوون نەک شوناسی ماسوڵمانێتی یان کافرێتیی بدرێتە پاڵیان کەئەوەش هەڵەیەکی گەورەیە بۆیە باشەو خراپە مرۆڤەکان خۆیان دەیکەن و مەزهەب و ئاینەکان لەباب و باپیرانەوە دەمێننەوە … !!! .

لەسەر ئەم وەڵامە ئەوەم هەیە بیڵێم عەقڵ و هۆش وامان لێ دەکات بیر بکەینەوە ئەنجامی ئەوەش هەندێکجار دڵتەنگ و بێ تاقەت دەبین بەڵام لەڕاستیشدا عەقڵ و مەعریفەو هەستی جوان زیاتر بۆ بەختەوەریی و پێکەوە ژیان و ئاسودەیی یە بۆیە بەعەقڵ کێشەو نەنگی یەکان چارەسەر دەبن و ئەو مرۆڤانە براوەی ژیانن کەمیهرەبان و خەمی ژیانی کەسانی تریانە … !!! .