بەسیجی ژنانی کوردستان بۆچی؟ نەسرین یوسف زادە

هەواڵەکانی ئەو دواییانە باس لەوە دەکەن کە ئاماری ژنان و کچانی بەسیج لە کوردستان بە پێی ئیدعاکانی خۆیان چەندسەدهەزار کەسن، ئەوە لەو کاتێک‌دایە کە لە دنیا دا ژنان باس لە رۆژی 8ی مارس و داوای رەوای مافی یەکسانی دەکەن.

بەڵام حکوومەتی کۆنەپەرەست و دژە ژنی ئێران بە ترساندن و تۆقاندنی ژنانی کورد ئامانجەکانیان، لەلایەک بۆ خزمەت پێکردنیان بە رێژیم و لە لایەکی دیکەشەوە بە مەبەستی سووکایەتی‌کردن بە ژنی کورد جێبەجێی دەکەن. رێژیم بە تایبەت ژنانی خوێندکار و کارمەند لە نەبوونی کار و بەخەسار چوونی داهاتوویان دەترسێنی وهانیان دەدا بۆ ئەوەی داهاتوویان هەبێ ببنە بەسیج و لە هێندێک جێدا پێیان دەڵێن بەسیجی فەعال و هێندێک جاریش وا نیشان دەدەن کە هیچ کار و فەعالیەتێک بۆ رێژیم لە گۆرێ دا نییە و هەڵگرتنی کارتی بەسیج تەنیا بۆ ئەوەیە کارەکانیان لەو رێژیمە دا باشتر بڕواتە پێشێ.
ئەو کچ و ژنانە ئێستا و لە داهاتوو دا دەبنە دایکی رۆڵەکانی کوردستان و یان لە مەدرەسەکان دا دەبنە مامۆستا و یا لە زۆربەی بنکە دەوڵەتییەکان کاری خەڵک دەکەوێتە دەستیان. لێرەدا پرسیار دێتە گۆڕێ کە ئایا دەکرێ چی بکرێ بۆ کەم کردنەوە و بنبڕ کردنی ئەو دیاردەیە کە کچان و ژنانی کورد تووشی بوون؟
ئایا ئەو ئامار و ئەرقامەی کە لەو دواییانە دا و لە ناو هەواڵەکان سەبارەت بە بەسیج کردنی ژنان و کچانی کورد دەگوترێ فاجعەیە یان شایعە و ترساندنە؟
ئەوە پرسیارێکە کە نەک وڵام بەڵکوو لێوردبوونەوەیەکی زۆری دەوێ! سەرەتا دەبێ بڵێم ئێستا معلووم نیە ئەو ئامارە راستە یا درۆ هەلبەت بە پێی رابردووی کاری کاربەدەستانی ئێران، کۆماری ئیسلامی بۆ قبوول بوون لە زانکۆکان دا خاڵێکی داوە بەو کەسانە کە کارتی بەسیجی دانش ئاموزی‌یان هەیە و تەنانەت لە مەدرەسە و قوتابخانەکانیش پێداگری بۆ بە بەسیج بوون دەکرێت و زۆر کەم کەس دەزانێ کە هۆکاری بە بەسیج کردنی ئەو هەموو خەڵکە چیە.
زۆر کەس پێێ وایە به بەسیج کردنی ئەم ژنه کوردانه، لە بەرخاتری دەرس یان وەدەست هینانی هەلی کار و پیشەیە بەڵام بۆ زۆر کەس ناکرێ ئەوە لەبەرچاو نەگرین کە مرۆڤ پێش ئەوەی کە تووشی هەر دیاردەیەکی نەشیاو و ناحەز بیت نەزانێ چییە و لە ئاکامەکەی ئاگادار نەبی و بە دڵنیایەوە زۆربەی ئەو خانمانەی کە دەبنە بەسیج زۆر باش دەزانن کە ئەو حکوومەتە لە بەرامبەر ئەوەی کە کاریان دەداتێ و یان ئیزنی چوونی زانکۆیان پێ دەدا شتێکی لێیان دەوێ و ئەوەش هەر دەزانن کە لەوانەیە ئەو شتە بە دژی ویستی قەلبی خۆیان بێ و تەنانەت لەگەڵ تەرد کردن و نەویستنی ناو کۆمەڵگاش رووبەروو دەبن. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا هەر ئەو کارە دەکەن و دەچنە ناو ریزەکانی بەسیجەوە.
ئەو ژنانە بە دڵنیایەوە بروایان بە مافی ژنان هەیه بەڵام مافە و ویستنی ئەو مافە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ویست و خواستی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان هەیە و ویست و خواستی ژنانی بەسیج شتێکە بە دژی ویست و خواستی ژنان بە گشتی ، و هەر ئەو ویستەیە کە دەبێتە هۆی زیاتر کێشانی هێندێک لەو خانمانە بۆ ناو ریزەکانی بەسیج و “خواهران زینب” بە تایبەت ئەو خانمانەی کە بە باوەر و عەقیدەیەکی پتەوی ئیسلامییەوە گەورە بوون، کاتێک لە دەورانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندن‌دا، بە مەبەستی تایبەتی بەدوور لە کولتووری نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی خۆیان و بە هەڵە باسی مافی ژن لە کۆمەڵگا و بنەمالەیان بۆ دەکەن، یا هەر زۆر لەوە خراپتر بە پێداکردنی تیزاب بەسەر کچان و ژنانێک کە فریوی ئەو جۆرە تەربیەتەیان نەخواردووە و بە دڵ و خواستی خۆیان لیباس لەبەر دەکەن و لە ماڵ دێنە دەرێ، هەوڵی تۆقاندن و ئازاردانی زیاتری ژنان دەدەن و لەم رێگەوە دەیانەوێ فەرهەنگی بەسیجی بەسەریاندا بسەپێنن.
کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکەی تا ئێستا زۆر باش رۆڵی خۆی لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان دا ئیجرا کردووە و جێی داخە کە لە کوردستان لە کوردستان کۆمەڵێک لە ژنان تووشی ئەو داوە بوون و ئێستا بەرێوەبەری زۆر لە کارەکانیان دەکەن و بە عالەمی ئاشکرا ئەوە لە شارەکان و دێهاتەکانی کوردستان و بە تایبەت لە مەدرەسە و دەبیرستان و ناوەندەکان خوێندن، لە مانگەکانی رەمەزان و موحەرەمی عەرەبی‌دا زیاتر لە هەموو کاتێک بەر چاو دەکەوێ.
لە لایەکی دیکەشەوە هێزێکی بەهێزی هووشیار و گەورە لە ئوپوزیسیونەکانی دژ بە ێرژیم بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو دیاردەیە کەم کاتەوە یا رەکەبەری لەگەڵ بکات و بن بڕی کات، زۆر کەمە یان دەتوانم بڵێم هەر نییە.
ئەوەش با بڵێم بوون بە بەسیج هۆکاری زۆرە و ناتوانین بە چاویلکەیەکی تەواو رەش چاوی لێکەین و دەبێ ئەوەش باش بزانین کە لەوانەیە ئەو خاتوونەی کە ئەمڕۆ لەبەر نیاز کارتی بەسیجی هەڵگرتوە و فێری تەقاندنی فیشەکیان کردووە لەوانەیە سبەی رۆژ لە دژی خۆیان بەکاری بێنێ، کە ئەوە ئیحتمالی کەمتر لە سەدا بیستی هەیە چوون بە باوەری من و بە پێی ئەو موستەنەدانەی کە هەیە زۆر کەم لەو شێوانە بیندراوە.
مەترسییەکی دیکەی کە ئیمە حیزبە رۆژهەلاتیەکان لەو بارەیەوە دەگرێتەوە بوونی ژنانی بەسیجی و “خواهران زینبە” لە دێهاتەکان بەتایبەت دێهاتەکانی سەر سنوورە، چوون هاوینان کاتێک هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی زانیاری دان بە خەڵک لەسەر بڕیاراتی حیزبەکان و وەرگرتنی یارمەتی و بوون و حزووری مەعنەویان لە ناو خەڵکەکەیان دەچنەوە ناوچە و لە دێهاتەکان ئۆقرە دەگرن؛ مێژووی بزووتنەوەی کورد باس لەوە دەکا کە لەو کاتانە دا ئەوە ژنان و کچانن یارمەتیان دەدەن و بەرەوپیریان دەچن. ئێستا ئەو کچ و ژنانەی تا دۆینێ دایک و خوشکی پێشمەرگە بوون، ئەگەر زۆریش کەم بن، ئەورۆ دەکرێ وەک مەترسییەک چاویان لێ بکرێ.
بۆیە هیچ هۆکارێک نابێ ببێتە هۆی بێدەنگی ئێمە لە ئاستە ئەو مەسەلەیە و دەبێ هەول بدەین زانیاری بدەین و هۆکارەکان شی بکەینەوە و گەڵاڵە و پیلانی دوژمن پوچەل کەینەوە.
نەسرین یوسف زادە