کۆچی دوایی که‌سایه‌تی دیاری ناوچه‌ی سه‌رده‌شت به‌رێز کاک عه‌بدوڵڵا ره‌سوووڵی ناسراو به عه‌وڵای حاجی برایمی هه‌رزنێ
به پێی هه‌واڵ شه‌وی ١١ ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٩٦ ی هه‌تاویی که‌سایه‌تی دیار و خۆشناوی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت به‌ڕیز کاک عه‌بدوڵڵا ره‌سوووڵی ناسراو به عه‌وڵای حاجی برایمی هه‌رزنێ له ته‌مه‌نی ٧٨ ساڵی دا به هۆی نه‌خۆشی له شاری سه‌رده‌شت کۆچی دوایی کرد.
به‌رێز کاک عه‌وڵای حاجی برایمی هه‌رزنێ له ساڵی ١٣١٨ ی هه‌تاوی له ئامیزی بنه‌ماڵه‌یه‌کی کوردپه‌روه‌ر و نیشتماندۆست له ئاوایی هه‌رزنێ ی ئالانی سه‌رده‌شت له سه‌ر سنووری ده‌ستکردی نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له دایکبوو. به هۆی ئه‌وه گونده‌که‌یان له سه‌ر سنوور بوو و هاوکاتێش به هۆی کوردپه‌روه‌ری باوکی و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی زۆر زوو ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد په‌یدا ده‌کا و به هۆی هاتووچۆی پێشمه‌رگه‌کانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات بۆ گوندی هه‌رزنێ خۆشه‌ویستی شۆڕش و پێشمه‌رگه له دڵ و ده‌روونی دا زیاتر ده‌بێ و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه که ساڵی ١٣٤٣ ی هه‌تاوی ڕاسته‌خۆ ببێته ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تا ساڵی ١٣٥٥ ی هه‌تاوی وه‌ک ته‌ته‌ر و نامه‌به‌ری نێوان کادرو پێشمه‌رگه‌کان و ئه‌ندامانی نێوخۆی وڵات کار ده‌کا و له ژێر ترس و خۆف و هه‌ڕه‌شه‌ی ژاندارم و ساواک دا زۆر بوێرانه کاره حیزبی و پێسپێردراوه‌کانی خۆی به‌وپه‌ری لێزانی‌یه‌وه به‌رێوه‌ده‌با و دواتریش زیاتر دێته نیوکار و ئه‌رکی حیزبی‌یه‌وه و له‌و باره‌وه وه‌ک که‌سێکی جیگای متمانه‌ی شۆڕشی گه‌رمێن و کوێستان حیسابی زۆری له سه‌ر کراوه.
کاک عه‌وڵای حاجی برایمی هه‌رزنێ و بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌میشه ماڵیان به‌رووی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که هاتووچۆی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتیان ده‌کرد ئاواڵه بوو، خه‌ڵک خۆشیان ده‌ویست و به‌رێزیشیان هه‌موو کاتی خۆی بۆ خزمه‌تکردن به خه‌ڵک و میوان و دۆستان ته‌رخان کرد بوو. کاک عه‌وڵای حاجی برایمی هه‌رزنێ که‌سێکی به مشوور و ده‌ست ڕۆیشتوو و هاوکاتیش جێگای باوه‌ر و متمانه‌ی خه‌ڵک بوو و له زۆر بواردا ڕۆڵ و کاریگه‌ری له سه‌ر کاره‌کانی گوند و ناوچه و هه‌روه‌ا شاری سه‌رده‌شت هه‌بوو.
زۆر به‌داخه‌وه کاک عه‌وڵای حاجی برایمی له ته‌مه‌نی ٧٨ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد و به‌م کۆچه‌ی دڵی هه‌موو لایه‌کی غه‌مبار و په‌شێو کرد.
به‌م بۆنه‌وه له ناخی دڵه‌وه سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌ی به‌ریزی کاک عه‌وڵای حاجی برایمی هه‌رزنێ و خزم و دۆست و ئاشنایانی ده‌که‌م و خۆم به شه‌ریکی خه‌می له ده‌ستدانی ئه‌و تێکۆشه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌زانم و هیوادارم که به‌هه‌شتی به‌رین جێگای کۆچکردوو بێ و ڕووحی شاد و له دڵان دا هه‌رده‌م زیندوو بێ.
حه‌مه‌ره‌سووڵ که‌ریمی
ماڵپه‌ری گیاره‌نگ