بەڕاستی ئێران لە ئاڵۆگۆڕی جوگرافیای سیاسی خۆرهەڵاتی ناوین دا لە پاشەکشە دایە؟ کەماڵ حەسەن‌پوور

وۆرلد پۆلیتیکس ریڤیو – ئێلێن لەیپسۆن
تەنیا چەند مانگ لەوەپێش بۆچوونی گشتیی ئەوە بوو کە دینامیزمی ناوچەیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە قازانجی ئێرانە. بە گوێرەی ئەو بۆچوونە، تاران خەریکی پەرەپێدان بە نفوزی خۆی لە رێگای تێوەگلانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە ئاڵۆزیی و کێشەکانی ناوچە بوو کە بە پشتگەرمیی بەرزبوونەوەی بەخۆباوەڕیی بە هۆی هەڵگیرانی ئابلۆقەکان پاش رێککەوتنی ناوەکیی لە گەڵ کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی هاتبۆ ئاراوە. بەڵام ئەوڕۆ وێنەکە بەهەمان شێوە روون نیە. ئەوەی راستی بێ ئاراستەی ئاڵۆگۆڕەکانی ناوچە بە بەشداریی روسیا، بەڕێوەبەریی نوێ لە واشینگتۆن و ئیسرائیل لەوانەیە ئاکامەکەی بە زەرەری ئێران تەواو بێ.
جوگرافیای سیاسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەندە خێرا دەچێتە پێش کە ناکرێ لێکدانەوەیەکی سەقامگیر لە ئاراستەی گۆڕانەکەن بکرێ. رەفیقایەتیی سەیروسەمەرە و هاوپەیمانیی بێزراو شتێکی ئاسایین. هەر بڕواننە هاوکاریی بێ ئاکامی نێوان تورکیا و روسیا لە بارەی سوریا، یاخود کۆبوونەوەی سێ لایەنە لە باشووری تورکیا لە نێوان ژەنڕاڵەکانی ئامریکایی، رووسی و تورک بۆ پێشگرتن بە تێکهەڵجوونی نەخوازراو لە کاتی بەربەرەکانی لەگەڵ بەناو دەوڵەتی ئیسلامیی لە سوریا. دۆخێکی تر لەو روانگەوە چۆنیەتیی هەڵوێستی وڵاتە گەورەکانی عەڕەب لەبارەی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە کاتێکدا کە لە ژێرەوە هاوکاریی ئەمنییەتیی لەگەڵ ئیسرائیل پەرە پێدەدەن. لەهەمان کاتدا لەهەر کام لەو نموونانە، ویدەچی ئێران دوڕاو دەرچی، بە بێ توانایی لە دیاری کردن یاخود پێشگرتن بە ئاجێندای هاوشانەکان و رەقیبەکانی ناوچەیی بۆ بەرگریی لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانیان و ئیدارە کردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئامریکا و روسیا.
لە روسیاوە دەست پێبکەین، ئێران حەقیەتی کە لە هاوبەشییەکەی لەگەڵ روسیا نیگەران بێ، پەیوەندییەکەی لە هاوپەیمانیی راحەت تەڵەبانە بۆ دۆخێکی تەنانەت ناسەقامگیر گٶڕاوە. کاتێک کە ئەو لە ٢٠١٥ دەستی کرد بە دەست تێوەردان لە قەیرانی سوریا، روسیا بە تەواوی دڵنیا بوو کە پشتیوانیی ئێران لە رێژیمی بەشار ئەلئەسەد ئامانجەکانی خۆی ناپێکێ. ئێستا روسیا جڵەوی هەوڵە ناونەتەوەییەکانی بۆ سەقامگیریی، ئەگەر نەشتوانێ قەیرانەکە چارەسەر بکا، بە دەستەوە گرتووە و تورکیای کردۆتە هاوبەشێکی بەکەڵکتر، لەبەر ئەوەی کە ئانکارا دەستی بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا رادەگا. تا ئێرە، ئەوە ئاکامێکی ئەوتۆی نەبووە، چەند دەستپێشخەریی دیپلۆماتیکی رووسی ناسەرکەوتوو بوون و ئەوە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە تورکیا هێندەی دەسەڵات نیە کە هێزەکانی دژی ئەسەد ناچار بە درێژەپێدانی هەوڵی دیپلۆماتیک بکا. بەڵام سەرەڕای دەستکەوتە لاوازەکانی، تاران بە ئاشکرا رووداوەکانی ئەو دواییانە وەک کز بوونی هاوکارییەکانی لە گەڵ روسیا دەبینێ، بۆیە لە هەوڵی رەچاو کردنی ستراتێژی تایبەتیی خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ سوریایە.
ئێران هەروەها سەرنج دەدا کە چۆن بەڕێوەبەرایەتییە نوێکەی سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان، دۆنالد ترامپ، بەرەو جێبەجێ کردنی بەڵێنییەکانی لە کاتی هەڵبژاردندا کە هەڵوێستی بەرامبەر ئێران لە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما تووندتر دەبێ، هەنگاو دەنێ. تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمیی سەرکۆماریی یا نیشانەی ناردنی هێز بۆ ناوچەکە نەبینراوە. بەڵام لە ناو بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە وەزیری بەرگری جەیمز ماتیس بۆ خوارەوە بۆچوونێکی درێژخایەن هەیە کە ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە ناوچە؛ لەو دواییانە دا بەڕیوبەریی ناوەندی فەرماندەیی، ژێنراڵ جۆزێف ڤۆتێل، ئێرانی وەک یەکێک لە پێنج مەترسیی سەرەکیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان کرد و هەندێک بەرچاوڕوونی لەبارەی ستراتێژیی پێشگیرانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشکەش کرد:
“بۆ پێش گرتن بە پەرە ئەستاندنی ئێران … ئێمە دەبێ لەگەڵ ئەوان بە شێوەیەکی کاریگەرتر لە «ناوچەی بۆر» روبەڕوو ببینەوە، لە رێگای بەکار هێنانی هێمای ترسێنەری بەهێز، چالاکیی دژەپەیامی ئامانجدار و لە رێگای بەهێز کردنی وڵاتانی هاوپەیمان. هەم لە رێگای پەیام و هەم بە کردەوە، ئێمە هەروەها دەبێ لە پەیوەندی گرتنەکانمان دا روون بین و دڵنیا بین کە مەبەستەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان جێگای مەتمانەن. ئێران دەبێ باوڕ بکا کە ئەگەر درێژە بە چالاکیە گێرەشێوێنانەکەی بۆ نانەوەی ناسەقامگیریی لە ناوچەدا بدا، تووشی کاردانەوەی پێشگیرانە دەبێ.”
ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ڤۆتێل وتەکانی بەوە کۆتایی هێنا کە ئەو پشتگیریی لەو بیرۆکە دەکا کە لانی کەم بیر لە “پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ رێبەرایەتیی ئێران بۆ باشترکردنی شەفافیەت و کەم کردنەوەی ئەگەری لێکدانەوەی هەڵە” بکرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، ترامپ کەڵکی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەرانی ئیسڕائیل و عەڕەب بۆ سەلماندنی هەنگاوی بەرچاوتر بۆ زەخت خستنە سەر ئێران، لە رێگای هاوپەیمانیی لەگەڵ دۆستانی ناوچەیی، وەرگرتووە. دیداری حەوتووی رابردووی سەرکۆمار لە لەگەڵ شازادەی سعودی موحەممەد بین سەلمان، کە هەروەها وەزیری بەرگرییە و دەگوترێ خاوەندەسەڵاتی راستەقینە لە سیستەمی سعودی دایە، جەژنی سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئامریکا-سعودی بوو و گفتوگۆ لە بارەی ئێران زۆر جیددی بوو. شازادەی سعودی رەخنەی لە رێککەوتننامەی ناوەکیی لەگەڵ تاران گرت و ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە هەوڵ دەدا کۆنتڕۆڵی ناوچە پیرۆزەکانی ئیسلام، کە پاشایەتیی سعودی لەسەر ئەوان رەوایی خۆی بونیات ناوە، بە دەستەوە بگرێ.
چەند حەوتوو لەوەپێش، من کەمیك گەرمییم لە پەیوەندییەکانی نێوان سعودی و ئێران، بە هۆی داوای ئێران لە وڵاتانی عەڕەبی کەنداو، بەدی کرد. ئەوە لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئێران لە بارەی تەریک کەوتنەوە و ناسکییەکەی لە بەرامبەر بەرهەڵستکاریی ترامپ، یەک دەگرێتەوە. بەش بە حاڵی سعودییەکان، لەوانەیە ئەوانیش لە یەک کاتدا لە چەند پلە کار بکەن ، بۆ وەڵامدانەوەی جوگرافیای سیاسیی ناوچە لە کاتی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئامریکایی و بۆ بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کولتوری ناوچەیی وەک حەج و شتی پەیوەندیدار بە پرۆتۆکۆلی ئیسلامیی.
بە هەمان شێوە، لە ئەو مانگەدا هەندێک سیگناڵی سەرنج راکێشی کولتوری لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران ئاڵوگۆڕ کراون، یەکیان لە بارەی پشووی جولەکان بە ناوی پوریم لە حەوتووی رابردوو، کە وەبیرهێنەرەوەی رووداوی ئینجیلیی نەجات دانی جووە فارسەکان لە دەورانی دەسەڵاتی هاوسەریی جووی ئیمپراتورەوە بە ناوی ئێستێر، و ئەوەی تر لە کاتی ساڵی نوێی فارسی، نەورۆز، کە دوێنێ بوو. سیاسەتوانان لە ئیسڕائیل و ئێران باسی پەیوەندیی قووڵی مێژوویی لە نێوان نەتەوەکانیاندا کردووە و هەوڵیان داوە لە بەرامبەر یەکتر پوئەن وەدەست بێنن. سەررۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بێنیامین ناتانیاهو، بە ئاماژە بە بەسەرهاتی پوریم، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەوان سوورن لەسەر لەناوبردنی جووەکان. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، موحەممەد جەواد زەریف، وەڵامی داوتەوە کە ئەوە “مێژووی تەزویرە” و، تا رادەیەک بە دروستی، پێداگریی کردووە کە دەوڵەتانی ئێران چەند جار گیانی جوولەکەکەنیان نەجات داوە. ئەو ئاڵوگۆڕانە دەری دەخەن کە چۆن لێکدانەوە ژێئۆپۆلیتیکانەی دەوڵەتان لەو ناوچەیە زۆر جار تووشی بەربەستی پێناسەی ئایینی و کولتوریی دەبن کە دەبێتە هۆی هەرا خستنەوە لەناو جەماوەر و مەیدانی مانۆڕی رەێبەرەکان سنووردار دەکەن.
ئەو ئاڵوگۆڕە لە دینامیزمی ناوچە دا کە ئێرانی خستۆتە دۆخی بەرگریی تا هەتایی نیە. ئەوان فێری هەوراز و نشێون. بەڕێوەبەرایەتیی رووسی لە قەیرانی سوریا لەوانەیە رێگە بە بەشداریی لایەنی تر لە پرۆسەی [ئاشتی] بە رێبەریی نەتەوە یەکگرتووەکان بدا کاتێک کە لایەنەکان ئامادەی وتووێژ بن. هەوڵی تورکیا بۆ ئیداەرەی [قیرانی] سوریا تەنیا وەک بەشێک لە سیاسەتی بەرامبەر بە پرسی کورد، رەنگبێ رێخۆشکەر بێ بۆ گەڕانەوەی ئانکارا بۆ ناتۆ و هاوپەیمانیەتیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک کاکڵی ستراتێژیی تەناهیی. ئامریکاش خەریکە فێر دەبێ کە بەهێزکردنی عەمەلیاتە سەربازییەکانی لە یەمەن و سوریا بە بێ وەلا نانی کایەی سیاسیی ناتوانێ ببێتە هۆی دەرکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی نوێ بە شێوەی شیاو بێ.
لە ناوخۆش، ئێران لە سەرەتای وەرزی بانگەشەی سیاسیی دایە، بە ناڕوونی لە بارەی ئەوەی کێ دەبێتە بەربژێری [هەڵبژاردنی] سەرکۆماریی و کامیان لە شورای نیگابان پەسەند دەکرین. گریمانە دەکرێ کە سەرکۆمار حەسەن روحانی باشترین شانسی بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی مانگی مای هەبێ، بەڵام زۆرشت بەوە بەستراوەتەوە کە ئاخۆ نەریتپارێزەکان چ هەنگاوێک بۆ لاواز کردنی ناوبراو هەڵدەنێن و ئایا دەنگدەرەکان پێیان وایە کە بەڵێنییەکانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوو جێبەجێ کردوون یا نا.
کەوابوو ئەو دۆخە ناسەقامگیرە وێدەچی دوای هەڵبژاردنی ئێرانیش ئاڵوگۆڕی بەسەر دابێ. سەرکەوتنی روحانی ئەو روانگەیە دەپارێزێ کە ئێران کەڵک لە دیپلۆماسیی بۆ دڵنیا کردنەوەی جیرانەکانی وەردەگرێ و دۆخی ناونەتەوەیی خۆی باشتر دەکا، تەنانەت دوای شکەستەکانی ئەو دوایییانە. سەرکەوتنی نەریتپارێزەکان ئێمە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەنگاوی یەکەم، سەرهێشەکانی ئێران بۆ کاربەدەستانی مۆسکۆ و واشینگتۆن پەرە دەستێنن و لەوانەیە نیگەرانییەکانی یاریکەرانی ناوچە لەبارەی ئامانجە راستەقینەکانی ئێران بێنە دی.