مستەفا مەولوودی: پێوەندیی ڕاسته‌وخۆو زیندووی هێزی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بە مەبەستی کاری سیاسی‌و مەیدانی درێژه‌ی ده‌بێ
“کوردستان” لە یەکەم ژمارەی نوێی خۆی لە ساڵی نوێ‌دا بە مەبەستی تاوتوێی چالاکی‌و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ڕابردوو و باس لە بەرنامەو دوورەدیمەنی خەباتی حیزب لە ساڵی نوێ‌دا وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز مستەفا مەلوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو وتووێژەدا وێڕای باس لە ئەولەوییەتەکانی حیزبی دێموکرات بۆ کار‌و تێکۆشان لە ساڵی نوێ‌دا، باسی لە زەروورەتو پێویستیی کاری بە کردەوەی حیزب‌و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، برەودان بە خەباتی دیپلۆماسی، بەهێزکردنی پشتیوانی لە خەباتی مەدەنیی کۆمەڵانی خەڵک‌و پەیامەکانی نەورۆزی جامانەکان کردوە. ئاکامی پەروەندەی تێرۆری شەوی هەڵدا و، پرسی پێوەندیدار بە دوو لایەنی دیموکراتەکان تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو وتووێژە بووە.
ئەوەی لێرەدا دەخرێتە بەرچاو، پوختەی ئەم وتووێژەی “کوردستان”ە لەگەڵ بەڕێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
له ساڵی تازه‌دا و له وه‌رزێکی نوێ له خه‌باتدا ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ تێکۆشان چین‌و زیاتر گرینگی به چ شێوه‌یه‌ک له خه‌بات ده‌ده‌ن؟
به درێژایی مێژووی خەباتی حیزبی دێموکرات، تێکۆشان و چالاکییەکانی حیزبەکەمان، هه‌مه چه‌شن و فهرەڕههەند بووه. کاروباری رێکخستن، دیپلۆماسی، په‌یوه‌ندی سیاسی به حیزب‌و رێکخراوه‌ی سیاسی‌و په‌یوه‌ندیی نێو ده‌وڵه‌تان، تێکۆشان له بواره‌کانی ڕاگه‌یاندن به هۆی ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی لەبەردەستی بوون، په‌روه‌رده‌کردنی کادری سیاسی‌و رێکخراوهییو پێگه‌یاندنی پێشمەرگەو فه‌رمانده‌ی نیزامی‌و، سازماندان و په‌روه‌رده‌کردن و ته‌یارکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌و پشتگیری و هاندانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان له تێکۆشانی مه‌ده‌نیدا بۆ به‌دیهێنانی خواسته مهدهنیو کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان؛ ئه‌وانه هه‌موویان پاشخانی سیاسی و تێکۆشانی ئێمە بوون‌و لە داهاتووشدا به پێی دهرفهتو ئیمکان دهرێژەیان پێدەدرێ.
سەرەڕای ئەوەش لام وایه بارودۆخێکی سیاسیی تازه له ناوچه‌که‌مان هاتۆته پێش، ئه‌وه‌ش شوێنەواری جۆربه‌جۆری له سه‌ر ئێران بهگشتیو کوردستان‌و ناوچه‌که ده‌بێ. ئەمەش ده‌خوازێ کە ئێمە زۆرتر و باشتر سوود له ده‌رفه‌ته پێشبینیکراوه‌کان وهربگرینو پێویسته خۆمانی زیاتر بۆ ئاماده بکه‌ین.
له په‌یامی نه‌ورۆزیی حیزب‌دا پێتان لەسەر پێویستیی هاوکاریو یه‌کیه‌تیی به کرده‌وه‌ی نێوان حیزب‌و رێکخراوه سیاسییەکانی کوردستان داگرت، دیارە ئێوه ساڵی ڕابردووش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌نگاوتان هه‌ڵگرت. له‌م ساڵدا چۆن به‌دوای ئه‌و باسه‌دا ده‌چن؟
پێویستی هاوکاریی هێزه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ یه‌کتر شتێکی تازه نیه، ئه‌وه هه‌ر ئێمه نین هه‌ست بەو زەروورەتە بکەینو لێی بدوێین، بەڵکوو نزیک به ته‌واوی هێزه‌کان باسی ده‌که‌ن؛ به‌ڵام به روونی ئێمه لامان وایه ئەوەی دەتوانێ لێکەوتەی بە قازانجی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لێبکەوێتەوە هاوکاریو یه‌کیه‌تیی بەکردەوەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ده‌رکه‌وتنی ئاسۆیه‌کی روون بۆ خه‌باتی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان لە گرەوی یهکیهتیو هاوهه‌نگاویی زیاتری هه‌موو هێزهکاندایە کە ئەو یەکیەتیی بەکردەوەیە هه‌م گوڕوتینێکی زیاتر به بزوتنه‌وه‌که‌مان دهبهخشێو، هه‌م خهڵكهکهشمان یه‌کگرتووتر ده‌کا و به‌ره‌و خه‌باتێکی شێلگیر‌و یه‌کلاکه‌ره‌وه هانیان ده‌دا.
بەڵێ وه‌ک باست کرد ساڵی ڕابردوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌نیسبه‌ت باشمان کار کرد‌و به خۆشییه‌وه تا ڕاده‌یه‌کیش ئاکامی هەبوو. بۆ ئه‌و ساڵ‌و داهاتووش هه‌وڵه‌کانمان چڕتر دهکهینو هه‌وڵ ده‌ده‌ین زۆرتر له‌گه‌ڵ یه‌کتر دیدار‌و وتووێژمان هەبێ تا به ئاکامی باشتر بگه‌ین. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئه‌و به‌ستێنە لە ئێستادا زیاتر دەستی داوەو، پێویستە زیاتر کاری له سه‌ر بکرێ.
ئێمه وه‌ک حیزبی دێموکرات هیچ به‌ربه‌ست نین لە بەردەم هاوکاریی هەمەلایەنە له‌گه‌ڵ حیزبهکانو هیوادارین ئه‌وانیش هه‌ر به‌و هه‌ست به به‌رپرسایه‌تییە نهتهوهییو نیشتمانیه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گرینگ‌و بەوەخته کار بکه‌ن.
پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ساڵانی رابردوو حزووری به‌رچاویان له کوردستاندا هه‌بووه، حزووری ئەم ساڵیان چۆن‌و به چ شێوه‌یه‌ک ده‌بێ؟
ئێمه له هەموو ماوەی سێ‌و هەشت ساڵی خەباتو تێکۆشانمان له دژی کۆماری ئیسلامی‌دا، هێزی پێشمه‌رگه‌مان تێکۆشانی سیاسی ونیزامیی له زۆربەی زۆری ناوچەکانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا بووە. له ده ساڵی ڕابردووش‌دا ئه‌و سیاسەتەو ئەو ڕەوتەمان درێژه پێداوه، بەو مانایە کە ده‌سته‌و واحیدی پێشمه‌رگه‌مان له تێکۆشان‌و هه‌ڵسوڕاندا بوون‌و بەردەوامی لەو ڕەوتە به‌شێک له کار‌و تێکۆشانی داهاتووشمان ده‌بێ، بەو مانایە کە هه‌ر کاتێک به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات‌و خه‌ڵکی ئێمه بخوازێ به له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌لومەرجی ناوچه‌و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هێزی پێشمه‌رگەی ئێمە ئامادەو لەسەر هەستە. دهمەوێ بڵێم پێوەندیی ڕاسته‌وخۆو زیندووی هێزی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات بە مەبەستی حزوورو کاری سیاسی‌و ڕێکخستن درێژه‌ی ده‌بێ.
له بواری دیپلۆماسیدا ئەمساڵ ده‌تانه‌وێ چ بکه‌ن، زۆر جار ره‌خنه له‌وه ده‌گیردرێ که حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و بواره‌دا به هێز نین، ئه‌گه‌ر وایه بۆچێ؟
ئەمن پێم وایه به پێی بارودۆخ و هه‌ڵومه‌رجێک که له جیهانو ناوچه‌دا بووە، هێزه سیاسییه‌کان بهگشتیو حیزبی دێموکرات به تایبه‌ت له به‌ستێنە ڕەخساوەکاندا کاری دیپلۆماسی‌یان کردوەو تا ڕاده‌یه‌کیش تێیدا سه‌رکه‌وتوو بوون، بۆ نموونه حیزبی دێموکراتی کوردستان له زۆربه‌ی وڵاتانی ئوروپایی له رێگه‌ی نوێنهرایەتییەکانی پێوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌و حیزبه‌کان ته‌نانه‌ت هێندێک له ده‌وڵه‌تانیش هه‌یه. حیزبی ئێمە هەر لە ساڵانی ڕابردوودا و لە مەیدانی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیدا توانیویەتی به ئه‌ندامی ئه‌سڵیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیست وەربگیردرێو، له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌و کۆرو کۆمه‌ڵه‌کان لە ئاستی وڵاتان‌و لە ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا پیوه‌ندیی باشی هه‌یه. لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە ئه‌وه‌ی تا ئێستا هه‌رکام له حیزبهکانو یه‌ک له‌وان حیزبی دێموکراتی کوردستان کردوونی باش بووە بەڵام به‌س نیه. کورد بهگشتیو کورد لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێویستیی به کۆدهنگیو یه‌ک گوتاری سیاسیی یه‌کگرتوو هه‌یه بۆ ئەوەی بە یەک دەنگو گوتار لە ناوەندە جیهانییەکاندا دەربکەوێ. ئه‌گه‌ر به‌م جۆره بێ‌و ئەو گوتارە یەکگرتووە لە نێو بزاوتی سیاسیی کورددا بیچم بگرێ، بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ دهرخسێو هێزه سیاسییه‌کان لە کۆڕ‌و کۆمەڵە جیهانیو بەستێنەکانی دیپلۆماتیكدا باشتریان مەیدان دەدرێتێو زیاتر گوێیان لێ ده‌گیرێ.
بۆ گه‌یشتن بۆ ئه‌و مهبهستەش پێویسته له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات به هه‌ماهه‌نگی زۆرترەوە کار بکه‌ین بۆ ئەوەی له مەیدانی دیپلۆماسیدا زیاتر بچینه پێش.
چ وەڵامێکتان بۆ په‌یامی خه‌ڵک هەیە، بۆ ئەوەی له نه‌ورۆزی جامانهکاندا کردیان؟
من پێم وایه ئەوەی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵات لە نەورۆزی ئەمساڵدا کردیان، خۆی وەڵام بۆهێزە سیاسییەکان بوو، وەڵامێک بۆ هەوڵی هاوبه‌شی هێزه سیاسییه‌کان لە پشتگیری داواکاریی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، که له چ رهمزو سه‌مبولێک سوود وه‌ربگرن و بیکه‌ن به هێمای دهرکهوتنو یه‌کیه‌تی. هاوکات پەیامیش بوو بۆ حیزبە سیاسییەکانیان، بۆیه ئێمه‌ش پێویسته وەک هێزه سیاسییه‌کان پهیامەکەیان ببینین، خەڵکی کوردستان له نه‌ورۆزی ئەمساڵدا پێیان گوتین کە ئه‌گه‌ر ئێوه هێزه سیاسییه‌کان یه‌کهه‌ڵوێست و یه‌کده‌نگ بن، ئه‌و ئیراده‌و باوەڕهش له نێو خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌یه کە به کرده‌وه له مه‌یداندا بێ‌و له‌سه‌ر خواسته نەتەوەیی و ئینسانییەکانی شێلگیرانەتر دەنگ بەرز بکاتەوە. به‌م جۆره په‌یامی هێزه سیاسییهکانو ویست‌و ئیڕاده‌ی خه‌ڵکی کوردستان بۆ له مه‌یداندا بوون ده‌بێته هێزی له بننه‌هاتوو و ده‌ریایه‌کی خرۆشان.
بۆیە جارێکی دیکەش سڵاو بۆ ئەو ڕابوونەو بۆ ئەو بەشدارییەی کۆمەڵانی خەڵک لە نەورۆزی جامانه‌کان دەنێرمو بە بایەخەوە لە پەیامەکەشیان دەڕوانین.
له په‌یامه نهورۆزیهکهتاندا دیسان باستان له ئاماده‌یی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی دوو لایه‌نی دیموکرات کرد، ئایا له‌و پێوه‌ندییه‌دا دانیشتن‌و باسی تازه‌تان له گه‌ڵ حدکادا بووه؟
به‌ڵێ ماوەیەک لەوە پێش کاک مسته‌فا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مه‌به‌ستی پیرۆزبایی هەڵبژێرانی سکرتێری نوێ لە حیزبی دێموکراتی کوردستان سه‌ردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. بەڕێزیان لەو دانیشتنەدا فه‌رمووی “ئەمن به‌مه‌به‌ستی پیرۆزبایی هاتووم به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی دێموکراتهکانو که‌وتنه‌وه سهریهکمان بۆ خه‌ڵکی کوردستان گرینگه‌و خه‌ڵک چاوه‌روانیی لێمان هه‌یه. هەر بۆیه پێویسته له داهاتوویه‌کی نیزیکدا ههیئهتهکانمان درێژه به وتوووێژو دانوستانەکانیان بده‌نه‌وه.” ئێمه‌ش پێشوازیمان لەو داوایەی کاک مستەفا کرد‌و ڕامانگه‌یاند کە ئێمه‌ش ئاماده‌ین درێژە بە ڕەوتی وتووێژەکانمان بدەین. وابوو کە دوای چه‌ند رۆژێک هه‌یئه‌تی حدکا سه‌ردانی کردین‌و له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونه‌وه. له قسه‌وباس و دانیشتنه‌که‌دا هه‌ر دوو لا له‌سه‌ر پێویستی‌و زه‌رووره‌تی درێژه‌دان به دانیشتنه‌کان پێیان داگرتوەتهوه. دیارە هه‌یئه‌تی حدکا دیسانەکەش خوێندنه‌وه‌ی خۆیان بۆ بوونه‌وه به یه‌ک حیزبی دێموکرات به زاره‌کی باس کردۆتهوەو هاورێیانی ئێمه وێرای ئه‌وه‌ی پێیان گوتوون کە له قسه‌کانی ئێوه‌دا شتی باش‌و ئیجابی ده‌بینین، به‌ڵام داوا ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هیچ گریمانەو شک‌و شوبهەیەک لە نێوەڕۆکی ئەو باسانە نه‌مێنێ، ئه‌وانه بنووسن‌و به نووسراوه پێمانی بده‌ن. ئه‌وکات روونتر ده‌زانین کە له سه‌ر چ مه‌سه‌له‌یه‌ک قسه ده‌که‌ین. ئه‌وانیش قه‌ولیان دابوو کە پاش باسکردنی پێشنیاره‌که له ده‌فته‌ری سیاسیی خۆیاندا وڵاممان بده‌نه‌وه.
ئێمه ده‌زانین ئه‌وان ئێستا سه‌رقاڵی هەندی کاری ته‌شکیلاتیی خۆیان‌و گرتنی کۆنگره‌ن، بۆیه لە ئێستادا ئێمە چاوه‌ڕوانی دواوڵامی ئه‌وان ده‌که‌ین.
یه‌کێک له رووداوه ناخۆشه‌کانی ساڵی رابردوو شه‌هیدبوونی پۆلێک کادرو پێشمه‌رگەی حیزب له ته‌قینه‌وه‌که‌ی شه‌وی یه‌ڵدادا بوو، ئه‌و په‌روه‌نده‌یه به کوێ گه‌ییشت؟
ڕاستە زیاتر له سێ مانگ له رووداوه ناخۆشه‌که‌ی شه‌وی یه‌ڵدای ساڵی ڕابردوو تێدەپەرێ. ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه ئاگادار بین ده‌زگای ئاسایش‌و دادگای لێکۆڵینەوە لەو تاوانە به هێندێک سەرهداو گه‌یشتوون‌و بۆیان روون بوەته‌وه چ که‌سێک ئه‌و تێرۆر و جینایه‌ته‌ی کردوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که کاری لێکۆڵینەوەی په‌روه‌نده‌که تەواو بووبێ‌و درابێته دادگای جینایی بۆ بڕیاردان هێشتا ئێمەیان لێ ئاگادار نەکردوەتەوە.
جه‌نابت وه‌کوو سکرتێر هیچ گه‌ڵاڵه‌و پلانێکی تازه‌ت بۆ تێکۆشانی زیاتر له‌م ساڵدا له رێبه‌ریی حیزب‌دا هێناوه‌ته به‌رباس؟
بیرۆکه‌ی ئه‌وه‌ی له کار‌و تێکۆشانی داهاتووماندا، ده‌بێ چ گه‌ڵاڵه‌و پڕۆژەیەکی تازه‌و روونمان هه‌بێ، هه‌یه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئەو باسانە له ده‌فته‌ری سیاسی‌دا تاوتوێ کراون‌و چه‌ند که‌س له هاوڕێیانی ده‌فته‌ری سیاسی که منیش یه‌ک له‌وانم ڕاسپێردراون گه‌ڵاڵه‌یه‌ک به‌و مه‌به‌سته ئاماده بکه‌ن بۆ کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی که له داهاتوویه‌کی نزیکدا دەگیرێ.
دیاره ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه، بایه‌خی تایبه‌تی ده‌دا به کاری تهشکیلاتیو رێکخستن، ڕاگه‌یاندن، تێکۆشانی هێزی پێشمه‌رگه‌و په‌روه‌رده کردن‌و ته‌یارکردنی زیاتر، هەروەها پێوەندیو تێکۆشانی دیپڵۆماسیو هاوکاریی به‌کرده‌وه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠١