هەڵوێستمان لە پێوەندی لە گەڵ خۆپێشاندانەکانی ئێستای خەڵکی ئێران دا

خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی!

گەلانی وشیاری ئێران!

ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکی لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ!

هێز و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی کوردستان و ئێران!

ماوەی چوار ڕۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕوولەگەشەی خەڵک شارە جۆربەجۆرەکانی ئێرانی گرتوەتەوە.

خۆپێشاندانەکانی ئێستای خەڵکی ئێران، هەم لە ڕووی راشکاویی دروشم و داخوازی خۆپێشاندەران، هەم لە ڕوانگەی بەشداریی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک و هەر وەها پانتایی جۆگرافیایی و گشتگیربوونیان، بە بەراورد لە گەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ساڵانی پێشوو، زۆر جیاواز و کەم وێنەن. ئەگەر چی ئەم بزووتنەوەیە ماوە و دەرفەتی پێویستە بۆ ئەوەی لە ڕووی ناوەرۆکی دروشم و داخوازەکانیەوە ولە باری بەشداریی هەراوی خەڵک و ڕاکێشانی پێشوازی و پشتیوانیی توێژ و بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ، خۆی دابڕێژێ، بەو حاڵەش ئەو خۆپێشاندانانەی لە چەندین گەورەشار و دەیان شاری دیکەی پارێزگە و ناوچە جیاوازەکانی ئێران لە ماوەی ٤ ڕۆژی ڕابردوو دا بەڕێوە چوون، بە ڕوونی ئەم پەیامانەیان تێدا دەخوێندرێتەوە:

– خەڵکی ئێران لە باری ژیان و گوزەرانەوە، لە خراپترین بارودۆخ دان و جگە لەوەی ڕووناکییەک بۆ دەرچوون لەم وەزعە بەدی ناکەن، ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەچن. وای لێ هاتوە کە سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیانیان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گرانتر دەبێ و لە دابینکردنیان داماو و دەستەوەستانن، هەر بۆیە ڕێگایەک جگە لە هاتنە سەرشەقام و بەرزکردنەوەی دەنگی نارەزایەتییان بۆ نەماوەتەوە.

– دەستاودەست کردنی دەولەت و پۆستی سەرکۆماری و مەجلیس لە نێوان ئەم یا ئەو قۆڵی نێو ڕێژیم، گۆڕانێکی جیددی لە هەلومەرجی ژیانی ئەوان دا پێک ناهێنێ و بێکاری، گرانی، بێ داهاتی و دەیان کێشەی ژیانی ڕۆژانەی ئەوان هەر لە جێگای خۆیەتی. گەڵاڵەی بودجەی دەوڵەتی ڕووحانی بۆ ساڵی ١٣٩٧ کە لەم دوایانە دا مەجلیس پەسندی کرد، ئەم ڕاستییە تالەی سەلماندەوە کە ئەمجاریش ئەولەوییەت هەر بە سوپای پاسداران و بنکە و ناوەندەکانی سەر بە بەیتی ڕەهبەری و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانە و، کیشە و گرفتەکانی خەڵک پشتگوێ خراون.

– ئەگەر ئاڵوگۆڕێکیش بە سەر پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و دنیای دەرەوەدا پێک بێ و پاش چەندین ساڵ گەمارۆی سیاسی و ئابووریی ئێران، ڕێککەوتننامەیەکی وەک بەرجامی لێ بکەوێتەوە و لەم سۆنگەیەوە دراوە دەستبەسەرداگیرکراوەکانی ئێران ئازاد ببن، یا پێوەندیی ئابووری و بازرگانیی ئێران لە گەڵ بەشێک لە وڵاتانی جیهان ئاساییش ببێتەوە، خێروبێرەکەی بۆ خەڵکی ئێران ناگەڕێتەوە و هەر دەچێتەوە گیرفانی تاقمی دەسەڵاتدار و دەست وپێوەندەکانیان.

– لە حاڵێک‌دا زۆربەی خەڵکی ئێران بە دەست هەژاری و نەدارییەوە دەناڵێنن، سەرپەنایەکی دڵنیایان نیە و بە زەحمەتێکی زۆر دەتوانن تێچووی خوێندن و دەرمانی منداڵەکانیان و تەنانەت نانی وشکی ئەوان دابین بکەن، ساڵانە بە میلیارد دوڵار داهاتی ئێران لە سیاسەت و بەرنامەی دەستتێوەردەرانەی ئەو ڕێژیمە لە دەرەوەی سنوورەکانی بە تایبەتی لە سوریە و لوبنان و یەمەن خەرج دەکرێ و بە فیڕۆ دەدرێ.

– گەندەڵیی ئابووری و ئیداریی نێو سیستەمی دەسەلاتدارەتی، یا ناکارامەیی و لێنەهاتوویی دام و دەزگای دەوڵەتی و حکوومەتی لە ڕووبەروو بوونەوە لە گەڵ داوا و چاوەڕوانیەکانی خەڵک لە هەر بوارێک دا، تایبەت بە م یا ئەو دەولەت یا قۆناغێکی دیاریکراو لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی نین، بەڵکوو بەشێکی جیانەبۆوە و هەمیشەیی لە نێوەرۆک و سروشتی ئەو ڕێژیمەن، چارەسەرناکرێن و کۆتاییان پێ نایە.

– لەگەڵ ئەوەی کەم ساڵ هەیە هەڵبژاردنێک لە ئێران دا بەڕێوە نەچێ، بەڵام ئەو هەڵبژاردنانە ئازاد نین و بە جۆرێک موهەندیسی کراون و دەکرێن کە ڕێگا نادرێ نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک بگەنە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیاردان. ڕێگای گۆڕینی دەستوور و یاساکانی وڵاتیش کە سەرچاوەی زەوتکردنی زۆربەی ماف و ئازادییەکانی خەڵکن، نادرێ. دەسەڵاتدارەتی، جگە لەوەی ڕێگای بەشداریی خەڵکی لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسیی وڵاتی خۆیان دا بەستوە، بە توندییش هەر چەشنە نارەزایەتیدەربڕینێک سەرکوت دەکا.

کەڵەکەبوونی هەموو ئەو بێمافی و ناڕەزایەتییانە، خەڵکی ئێرانی هێناوەتە سەر ئەم بڕیارە کە کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتی خۆی‌دا و بێ وەبەرچاوگرتنی ئەم یا ئەو قۆڵ، بکەن بە ئامانجی ناڕەزایەتییەکانیان و داوای کۆتایی هاتنی تەمەنی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە بکەن. دیارە خەڵکی کوردستان بە خۆشی و شانازییەوە هەر لە سەرەتاوە نێوەرۆکی ئەم ڕێژیمەی ناسیوە . هەر بۆیە خەباتی جیددی و بەردەوام دژی دەسەڵاتی زۆردارانە و دژی ئینسانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خۆپێشاندانی جەماوەری و هاتنە سەرشەقام و ڕاوەستان لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتکەرانە و دواکەوتوانەی ئەو ڕێژیمە لە کوردستان و بۆ خەڵکی کوردستان، شتێکی تازە نیە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دژی ڕێژیمی زۆردار، بێزراو و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، توند و تیژی نواندنی هێزە سەرکوتکەرەکان بەرامبەر خەڵک و گرتن و دەستبەسەرکردنی خۆپێشاندەران بە توندی مەحکووم دەکا. خەڵکی نارازیی ئێران ئەمجار لێبڕاوتر لە پێشوو هاتوونە سەر شەقام بۆ ئەوە کۆتایی بەو هەمووە ستەم و بێمافی و سەرکوتە بێنن کە کۆماری ئیسلامی نزیکەی ٤٠ ساڵە بەسەری دا سەپاندوون. پاشەکشە و شکستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر خەڵکی ڕاپەڕیو لە گرەوەی بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان، پشتیوانی و بەشداریی هەر چی زیاتری چین و توێژەکانی خەڵک لەو خۆپێشاندانانە دا و فراوانکردنی پانتایی و هاتنە مەیدانی خەڵکی سەرجەم شار و ناوچەکانی ئێرانە.

ئێمە لە کاتێک دا لە سەر پێویستیی یەکگرتن و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران سەرەڕای جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان و شێلگیربوونیان لە سەر خۆپێشاندان و نارەزایەتیدەربڕین دژی کۆماری ئیسلامی پێ دادەگرین، لە سەرلێک نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنی هەر چی خێراتری هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی لە سەر بەرنامەی هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو و خۆئامادەکردن بۆ ڕووبەروو بوونەوە لە گەڵ هەلومەرجی نوێ تەئکید دەکەینەوە. گومانی تێدانیە کە یەکگرتن و هاوکاریی هێز و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە گەڵ یەکتر و بایەخدانیان بە ئەرکە پێویستەکانی ئەم قۆناغە، هەم لە سەر گوڕ و تین و ئاراستە و ڕێڕەو و ئامانجی خۆپێشاندانەکانی خەڵک لە نیوخۆی ئێران، کاریگەریی دیاری دەبێ، هەم لە راکێشانی پشتیوانیی کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ لای ویست و داخوازەکانی خەڵکی وەزالەهاتووی ئێران.

لە وڵاتانی دیموکرات و ناوەندە نیودەوڵەتییەکانی بەرگریکاری دیموکراسی و مافی مرۆڤیش داوا دەکەین پشتیوانی خەڵکی زۆرلێکراو و وەزالەهاتووی ئێران بن کە بە دەستی بە تاڵ بەڵام بە ئیرادەیەکی بە هێز و بە داخوازی ڕەواوە، هاتوونە سەر شەقام و داوای دیموکراسی و ئازادی و سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان دەکەن.

سەرکەوێ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران بۆ نەهێشتنی ستەم و دیکتاتۆری و بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٣١/١٢/٢٠١٧

١٠ی بەفرانباری ١٣٩٦