“ئاسۆ ڕوونە”. عەبدوڵڵای حەسەنزادە
لە بەرەبەری نوێبوونەوەی ساڵی زایینیدا ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەتایبەتی شارە گەورەکان جموجۆڵێکی تازەی بەربەرین و هیوابەخشیان تێکەوتوە. لێی دەخوێندرێتەوە کە دەورانی تاریکی نائومێدیی خەڵکی ئێران و تەمەنی بێدەنگیی کۆمەڵانی ئەو خەڵکە دەگەڵ دواڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی کۆتایی دێ و سەردەمێکی نوێ لە بزووتنەوەی بەرەنگاری و مافخوازی لەم وڵاتەدا دەست پێدەکا.
بزووتنەوەی ناڕەزایی لەم قۆناغەدا هێندێ تایبەتمەندیی پێوە دیارن کە هەم پێویستە ببینرێن و هەم جێگای دڵخۆشین و هەرلەوکاتەشدا دەبێ بپارێزرێن و بەهێزتر بکرێن. لەوانە:
١-ڕاپەڕینی ئەمجارە تایبەتی چین و توێژ و نەتەوە و ئایین و ئایینزایەکی تایبەت نیە و لە شار و مەڵبندێکی بەرتەسکیشدا قەتیس نەماوە. هەمووی تێدا بەشدارن و هەمووان بە هی خۆیانی دەزانن.
٢-خەڵکی ڕاپەڕیو بەسەر تاقم و قۆڵ و گرووپەکانی نێو دەسەڵاتدا دابەش نەبوون و ڕووی قسەیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتی خۆیدایە. تەنانەت هێندێ تێبینی و خۆپارێزیی جارانیشیان وەلا ناوە و ڕاستەوخۆ نیشانە لە سەری مارەکە دەگرن.
٣-تائێرە (هیوادارم هەرواش بڕواتە پێش) لەسەریەک بزووتنەوەیەکی هێمنانە و شارستانییانەیە و بیانووی سەرکوتی خوێناویی (کە ئامانج و خەسڵەتی کۆماری ئیسلامییە) نەداوەتە دەستی دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم.
٤-هەرچەند دیارنەبوونی ڕێبەرایەتییەکی یەکدەست کە بتوانێ خەت بدا و بەرنامەی سەرتاسەری دابڕێژێ، بە کەمایەسیی بزووتنەوەکە دەزانم، بەڵام ئەوەی باشە کە سەر بە هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی ئۆپۆزیسیۆنی “ناقانوونی” نیە و پەو پێیە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا نەک هەر ناتوانێ تۆمەتی بەستراوەبوون بە وڵاتانی دەرەوەی لێبدا، بەڵکوو بۆی دژوارە تۆمەتی پیلانی “دژە شۆرشیش!”ی بداتە پاڵ.
لێرەدا ئەو ڕوونکردنەوەیە بە پێویست دەزانم کە بەباوەڕی من هەموو هێزە ڕەسەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەرکام بەقەدەر توانای خۆیان بەشیان بەم بزووتنەوەیەوە هەیە و لایەنگرانی هەمووانی تێدا بەشدارن، بەڵام ئیددیعای خاوەنداریەتیی بزووتنەوەکە لەلایەن هەر هێزێکەوە بکرێ هەم نادروستە و هەم پتر لە قازانج زیانی پێدەگەیەنێ.
٥-لە یەک وشەدا ئەم ڕاپەڕینە تەقینەوەی ڕق و قینی کەڵەکەبووی دەیان ساڵەی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی گەلانی ئێران بەڕووی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامیدایە و (ئەگەر بەلاڕێدا نەبرێ) لێشی چاوەڕوان دەکرێ تا وەدەستهێنانی ئامانجە ڕەواکانی بەردەوام بێ.
پەیامی ئەم بزووتنەوەیە
ئەگەر لەخۆمانی نەگۆڕین هەڵگیرسانی بڵێسەی ڕاپەڕینێکی بەربەرینی لەم چەشنە، نەک هەر نیشانەی نائومێدبوونێکی بەرهەق لە ئاڵوگۆڕی نێو دەسەڵاتی فەرمانڕەوا و ڕەوینەوەی گومانی گاریگەربوونی هێندێک جیاوازیی بۆچوونی قۆڵەکانی نێو دەسەڵاتە، بەڵکوو بەجۆرێک لە جۆران بەرهەمی هیوابڕان لە هەنگاوی کاریگەری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشە. ئەمە هەرچەند بۆ حیزب و ڕێکخراوەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی هەقیقەتێکی تاڵ بێ، هەقوایە هەموویان بەو ڕاپەڕینە خۆشحاڵ بن، پێشوازیی لێبکەن و ئەوەندەی لەدەستیان دێ لە گەیاندنی هەواڵ و پەیامەکانی بە دنیای دەرەوەدا تێبکۆشن.
شتێکی دیکەش کە جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە کە وادیارە خەڵکی ئێران لەدەست خەیاڵی بەتاڵی گۆڕانی ڕێژیم بەهۆی هێرشی دەرەکییەوە ڕزگار بوون و تێگەیشتوون کە “تێگوشینی بە هیوای جیرانی وشکە”، وڵات هەر بە دەستی وڵاتپارێزان ڕزگار دەبێ و بێگانە ئەگەریش کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ، بۆخۆی دەڕووخێنێ نەک بۆ ئێمە. بەخۆشییەوە ئێستا ڕەنگە هیچ ئێرانییەک ئیدی چاوەڕوان نەبێ و ئارەزووش نەکا ئەوەی بەسەر عێڕاق و ئەفغانستانی دراوسێمان هات بەسەر وڵاتی ئێمەش بێ.
ئەدی لە کوردستان؟
هەتا نووسینی ئەم دێڕانە (١٠/٠٩/١٣٩٦- ٣١/١٢/٢٠١٧) کرماشانی لێدەرکەین لە شارەکانی کوردستان جموجۆڵێکی بەرچاو نەبینراوە. بەڵام ئەمە قەت ئەوە ناگەیەنێ کە خەڵکی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران بەجێ دەمێنن. ئەزموونی ڕاپەڕینی ١٣٥٧ و ساڵانی بێدەنگیی دواتر پێمان دەڵێ کە کوردستان هەروا یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایە و وەک دەڵێن ئەمەی ئیستا “ئارامیی پێش گەردەلوولە”.
ئەوە کە تائێرە کوردستان بێدەنگ دێتە بەرچاو –هەرچەند زۆر هەقی داوەری بەخۆم نادەم- ڕەنگە لەبەر دوو شت بێ، یەکیان ئەوە کە ڕاپەڕینەکە تائێستا پتر لە شارە گەورەکانە و کوردستانەکەشمان شاری گەورەی کەم لێن. دووەمیش ئەوەیە کە ڕێژیم لە خەڵکی کوردستان لەبیانوویە و زووتر دەست دەداتە سەرکوتی دڕندانە و هەر لەوکاتەدا بەهۆی نفووز و حزووری زیاتری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد دانەپاڵی تۆمەتی هاندانی ئەوان بۆ بەکرێگیراوان ئاسانترە. ئەگینا هەر ئێستا ڕێژیم کە ئاگاداری ئەو ڕاستییەیە، بەکردەوە شارەکانی کوردستانی میلیتاریزە کردوە.
کەوایە نابێ نیگەرانی دواکەوتنی کوردستان بین. بەڵام ئەوەی گرنگە و جێی تێڕامان و تەنانەت نیگەرانییەکی ڕەوایە، پەرشوبڵاویی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد وەک هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە. ئاواتەخوازم هەرنەبێ ئەمجارە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پەیامی گەلی خۆیان وەرگرن و بە تەڕدەستی لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پتەو و ئوسوولی ڕێک بکەون. چونکە ئەگەر وانەبێ بەڕاستی ئەوان وەدوا دەکەون.
نەک هەر بۆکاتی ئاڵوگوڕێکی بەرچاو کە ئاواتی هەمووانە بەڵکوو بۆئێستاش و بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ڕووداوە چاوەڕوانکراوەکانیش کارەساتێکی گەورەیە کە هێزە کوردستانییەکان هەرکامە بۆخۆی و بە سەلیقەی خۆی –بە ئاشکرا یان نهێنی-روو بکاتە خەڵکی ڕاپەڕیو و بیهەوێ “خەت”یان پێبدا و بەوجۆرە بێ ئەوەی بیهەوێ ڕیزی خەڵکی ڕاپەڕیو لێک بترازێنێ. ئێستا وەختی ئەوەیە هەموو لایەک قسەی خۆیان بکەن بە یەک و هەرکام لەبەر خۆیەوە بۆ ئەو بەرنامەیە هەوڵ بدەن کە لەسەری ڕێک دەکەون.
پێمخۆشە ئەوەش بڵێم کە ڕاوەستان لەسەر ئەوەش کە دێموکڕاتەکان و کۆمەڵەکان یەک بگرنەوە زیان بە ئامانجە پیرۆزەکە دەگەیەنێ. یەکگرتنەوەی ئەو هێزانە نە پار و پێرار زوو بوو، نە ساڵێک و دوو ساڵی دیکە درەنگە. واتە هەرکاتێک ئەمانە وەسەر یەک کەونەوە دەسکەوتە، بەڵام دروست نیە ئەرکە فەورییەکە لەسەر ئەوە ڕابگرین، یان یەکگرتنەوەکە سەقەت بکەین. هاوکاری لە هاوپەیمانییەکی خەباتگێڕانەدا نەک هەر نابێتە کۆسپی وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵە لێکدابڕاوەکان، بەڵکوو زەمینەی باشتر بۆ پێکگەیشتنەوەیان دەڕەخسێنێ.
دەی دەست لە دەست و قەوەت لەخوا. با هەموو لا هەست بە گرنگیی هەلومەرجەکە و ئەرکی سەر شانیان بکەن. بۆ ئەم کارە ئەگەر ئەمڕۆ فریا نەکەوین سبەینێ درەنگ دەبێ.
لە کۆتاییدا بە دەرفەتی دەزانم بە بۆنەی ساڵی نوێ، ساڵی ٢٠١٨ی زایینی بە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی جیهان بەتایبەتی پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی بکەم و بۆ هەمووان ساڵێکی پڕخێروخۆشی و ئاشتی و تەبایی بەئاوات بخوازم.