سەڵتەنە : نووسینی لەیلا قادری ( ساکار )
ساڵی87ی هەتاوی(2008ز)، بۆ خوێندن و کارکردن، ماڵێکی چکۆلە و جوانمان لە باکووری تاران بە کرێ گرتبوو.
بۆخۆم لە کۆلێژی بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی تاران دەمخوێند کە لەگەڵ نەخۆشخانەی “شەریعەتی”، مەودایەکی وایان نییە.
جا ئەوە منی کوردخۆشەویست و دوورە وڵات، هەموو ڕۆژێ پاش کۆتاییی کلاسەکانم، بە ئانقەست ڕێگای خۆم خوار دەکردەوە و بە دەرک و بانی نەخۆشخانەکەدا تێدەپەڕیم، دەی بەشکم خودا بیڕەخسێنێ و کوردێک ببینم و ئاوپڕژێنی دڵم بکرێ.
لەگەڵ کاک بەهمەن قوبادی بە تەلەفۆن قسەم دەکرد، پیاوێکی نابووتەی ناجەستەی نێوچاوان تاڵی پەنجا شەست ساڵە، لەسەر شانی ڕاستەی دام و گوتی: خانم! کوردی؟
گوتم: بەڵێ…
دیتم لە تەنیشتی، ژنێکی چاو کاڵی لێو ئاڵی جوانکەڵە، بە مانتۆ و شاڵوارێکی کۆنی ڕەش و جووتێک سەرپایی جیری نەخۆشخانەوە ڕاوەستاوە هەر لێوی دەکرۆژێ…
گورجێکی خۆم گەیاندە لایان و دەست و موشتاقم لەگەڵ کردن و خۆم پێ ناساندن و نێویانم پرسی…
خات سەڵتەنە دەتکوت خودا خەنی کردووە، هەر دەیگوت: کچێ خۆ لەو وێرانبووە ناسیاوێکمان نییە بۆ تاقە شەوێک ڕوو لە ماڵی کەین و ئاوێک بە سەر و گوێلاکماندا بکەین، بۆکلیشە و بۆهەڕناوتمان دێ…
ئاواڵزاوایەکی ناسری برام لێرەیە، غایەتێکی ئەویش ئەوەندە بارچەوت و نانتاڵ و نانکوێرە، کەس زات ناکا لەسەر خوان و سفرەی دانیشێ.
عەزیزخان، بە پاتۆڵێکی قاوەیی و کراسێکی سپی و جووتێک کەوشی تەورێزییەوە لە پەناپەسیوێک هەڵترووشکا و سیلەی چاوی لە ژنە عەجەمان گرت… جا ئاغای بە ماڵم، ڕدێن و سمێڵی شەش تیغ، سەری لە ڕەنگدا شێتشێت کردبوو، دەتکوت هاتۆتە سەر داوەت…
سەڵتەنە بە ماتەماتە لێم هاتە پێشێ و دەستی گرتم و ژمارە تەلەفۆنێکی لە لەپی دەستم نا و گوتی: کچێ بە قەرەواشی ئەو کەوشانەت بم، ئیستێکی دیکە زەنگم بۆ لێدە و بە فارسی قسە بکە و بڵێ دەبێ هەرچی زووتر عەمەلیات بکرێی، دەنا نۆرەکەت دەسووتێ و هەتا شەش مانگی دی نۆرەت نایەتەوە.
گوتم: بۆ تووشی درۆم دەکەی دایکەکەم، بڵێ بزانم دەردت چییە؟ گوتی: ئەوەندە بۆ خوشکی خۆت بکە لەیلا گیان، هەموو گیانم کێم و زینچکاوی لێ دێ، ئەو قاحبەبابە خەمم لێ ناخوا و خەرجم لێ ناکا.
گوتم: خەمت نەبێ…جارێ ئەو شەو دەتبەمەوە ماڵی خۆمان، با کابرا لێرە هەر سەوزەڵێ بڵێ.
وەڵا بەو نەزمە، “سەڵتەنە”م بردەوە ماڵێ و گەلێکم ڕێز لێنا و بەربەسێڵێکی چاکم بۆ ساز کرد و شەوچەلەم بۆ دانا و جا ئەوجار گوتی وەرە گوێ لە بەسەرهاتی “سەڵتەنە”ی بێمراد بگرە، بزانە چۆن بە شلکی و بە ناباڵقی (ناباڵغی) کەوتە داوی ئەو کەمتیارەوە و چۆن پازدە ساڵە نێوجەرگی بۆتە کۆی زووخاو!!!
منیش تاریفی خۆم ناکەم، لە خودا بەزیاد بم، بەردەنگ و بیسەرێکی باشم و بە دڵ گوێم بۆ هەڵخست…
گوتی: تاقانە کچی دایک و بابم بووم…هەمیشە ساچ و پەرچەمم شاپەسند و موورووی ئاڵ و شینی پێوە بوو، سەرشانەکانم نوشتەی چەند شێخ و مەلا و گۆشگرەی جۆراوجۆری پێوە هەڵواسرابوو.
بابم هەموو جارێ دەیگوت: بابەلێ گیان، ڕەوڕەوەم لە دار گوێزەکانی خۆراسانە بۆ چاک کردبووی هەتا زوو دارەدارەمان بۆ بکەی، بارتەقای هەموو دونیا شاییمان پێت بوو…
نەنکم، کڵاو و ژێرچەنە و کرمەکی بووکێنی، وەک دیاری دەستی خۆی دا بە دایکم و لە خۆشی ئەو دیارییە نێویان نام”سەڵتەنە”…
خۆزگە هەر ئەو دەم ئاڵ و شەوە بیبردبایەمەوە و ژیانم ئاوا ژێرەوژوور نەبایه.
گوتم: باشە چۆن بوو مێردت بەو کابرایە کرد؟ ئەخە جێی لێ نەبێ، بە کچی ئەو دەشی.
گوتی: تازە بناغەی مەمکم دانابوو، یەستا خۆم نەناسیبوو، هەر نەمدەزانی مێرد کردن چییە و چۆنە…
ئەو “عەزیز”ە، نەیسانێکی پێبوو، دەمێک بوو هاتوچۆی ماڵی باپیرمی دەکرد و زۆر جار مەڕ و ماڵاتی لێ دەکڕینەوە و پووڵێکی چاکی دەدانێ…جا هەموو جارێ، شتێکی بە زیادەوە دەبژارد و دەیکێشامە سەر کۆشی و تێرتێر ماچی دەکردم و دەیگوت: “ئەوە بۆ ئەو کچۆڵە جوان و زیتەڵەیه.”
ڕۆژێک گوتی: “دەمهەوێ سەڵتەنە بەرمە شار و دەستێکی جلوبەرگ، سەرتاپاخوار بۆ بکڕم و دوو شیش کەبابی لەگەڵ بخۆم و بیهێنمەوە، کاکە حاجی نازانی چەندە روحمم بۆی دەبزوێ! یانی کچی خۆم بایه هەر ئەوەندەم خۆش دەویست”.
باپیرم گوتی: جا قەت ئەوە قسەیە!! کوڕە ئێمه هەر ئیخلامکێشی تۆین کاک عەزیز گیان، سەڵتەنە قەرەواشی تۆیە.
هەستە کچێ سازبە لەگەڵ مامە عەزیزت بچۆ شاری…
بابم گوتی: بابە، بە نۆکەرت بم، با نەچێ…خۆ ڕووت و ڕەجاڵ نییە و پەکی بە دوو شیش کەباب نەکەوتووە، خۆ چاوی لە چاوی ئێمە ڕەشتر نییە.
باپیرم: سەعدوون گیان، ئەو هەمۆ نانخۆر و گووکەرە بە من بەخێو نابێ، لێگەڕێ کابرای بۆ کەر بووە، با خەنی بێ.
گوتم: دەی سەڵتەنە گیان، تۆش هەڵتکهەڵتک شان بە شانی کابرا پێشی نەیسانە شینت گرت و لەگەڵی وەڕێ کەوتی؟
گوتی: لەیلا گیان، روحم خەبەردار نەبوو خوشکێ…ئەو ڕۆژە باپشکێوم لێ هاتبوو، هەر لەبەر ئاوێنەی ماشێنەکە چاوم هەڵدەگڵۆفی و ناوناوە چاوێکم لە کابرا دەکرد…
هەر نارەی دەهات، گۆرانی”عەزیزەکەم سەڵتەنە”ی ماملێی رەحمەتی بۆ دەگوتم. دوو سێ جار دەستی هێنا بۆ باغەڵم، خۆم بە دەستەوە نەدا…گوتی: ئەو ناز و نیمنازە چییە دەیکەی کچەتیوە؟ پێت خۆش نییە دایک و بابت دەوڵەمەند بن؟
گوتم: تۆ لە ساز و سەودای خۆت دای و من جارێ بۆ مێردکردن نابم.
گوتی: وەک بووکە چینی لەسەر تاقەت دادەنێم و هەتا گەورە نەبی تخوونت ناکەوم شەرت بێ بە شەرتی پیاوان، مەگین بۆخۆت بڵێی…
وەڵا بەو جۆرە هەڵیفریواندم و بۆی کەر بووم… لەو ڕۆژەوە، خۆشیخۆشیم بوو کاتێ دەهات بۆیە خێرایەکی خۆم لە باوەشی دەهاویشت. هەتا پاش سێ چوار مانگ، ڕۆژێک بە بیانووی کەوش کڕینەوە، هەڵیگرتم و بردمی بۆ تەورێز و لە کوورەخانەی وەردام.
نەمزانی منداڵیم چۆن تێپەڕ بوو، جحێڵی چ بوو مێرکردن وشایی و باوەخوون چۆنە ….
هەر زمانم گەڕابایه، ناو و ناتۆرەی دونیای لێ هەڵدەدام و دەیگوت: هەی ناچیزەی ڕەدواکەوتوو، خۆ شەگەت نییە، دەبێ شان بە شانی من کار بکەی، زۆرت بە تەرخانی خواردووە…لە بیرت نییە بڵقن، من عەیب و عارتم شاردەوە و کۆک و پۆشتەم کردی!!!
هەر پشووم دابایه، بە سەرتراش، لێی ڕادەکێشام.
ئەوە پازدە ساڵە ژنی ئەو کابرایەم و تازە پێم لە 26ی ناوە.
ئەوەندە لە ماڵێدا نانبژێرە بۆیە خودا تفڵێکی نەداوینێ هەتا خەمەکانمی پێ بڕەوێنم.
ماڵی بابم زۆر زوو وەخۆیان کردمەوە و سازشتیان کرد بەڵام بابم دەڵێ: ئەو خوێڕی و حەرامزادەیە، نانی خوارد و ناندێنی دڕاند بۆیە بەو دێیەشدا بێ پاتۆڵی لەبەر دادەکەنم.
ئەیچۆن لەیلا گیان، هەموو ئاواتەکانی دایک و بابم بوو بە کڵاوی بووکێ و خۆم بە سەری شلکی بەو پەلەدا کرد و لەگەڵ پیاوێکی نەحاواوە و دمشڕ و چاوبرسی لەسەر زیلۆ و ڕاخەرێک دەژیم.
سەرەڕای ئەوەش ماوەیەکی چاکە لێم بادی هەوا بووه و دەڵێ تۆ کەڵکت کەوتووە و هەموو ئازای بەندەنت ڕزیوە… ئەوە چییە دوو دوکتۆر چووم و هەر دووکیان دەڵێن دەبێ عەمەلیاتت بۆ بکرێ، کەچی دەڵێ پووڵ لە تۆدا خەرج ناکەم.
گوتم: سەڵتەنە گیان، دیارە من ساڵێک لە تۆ گەورەترم و بەو قسانە خوێنم زۆر گەرم داهاتووە.
بە ئان شەرتی پووڵی عەمەلیاتەکەت دەدەم گەر لێی جودا بییەوە. بەسە وەڵڵاهی تۆش کەرەژنی، ئەگینا چۆن پازدە ساڵە “عەزیز”گیانت سواری خۆت کردووە و نووزەت دەرنەهاتووە؟!
گوتی: کچێ وەڵڵا بە قوربانی چەقۆیەکم دەکا، بۆ دەوێرم باسی جودایی بکەم.
دەی گوتم کەوایە سەرت لەو بەفرە دەرمەکێشە…
باربوومان دا…
هەر چونکە ژنێکی لێقەوماو بوو لە شاری غەریب.
شکور عەلەمی (ئەلەم) لێ بڕا و یەستاش هەر کابرا بە دوای ژنی نەرم و نۆڵەوەیە و ژنەش کوێرەوەری دەکێشێ.
نووسەر: لەیلا قادر (ساکار)