سیاسەتی تورکیە بەگشتی دژی گەلی کورد و شۆڕش و ئامانجەکانیەتی!

محەممەد سلێمانی
لێکدانەوەیەکی ژیرانە نیە ئەگەر ئەو هەڵوێستەی گەلی تێکۆشەری ڕۆژئاوایی کوردستان بە بەزی و خۆبەدەستەوەدان بزانین، چوونکی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە پێناوی ئاشتیدایە و ناکرێ هەنگاوی ئاشتی خوازانە و خێرخوازانە ڕەد بکرێتەوە و ئەو کارە دوورە لە بەها و تێگەیشتنی سیاسی گەلی کورد!
پرسی کورد بە هۆی سیاسەتی شەڕانگێزی و هێرشی سەربازی و هەڕەشەکانی ئەردۆگان لە خەڵکی کوردستان بۆتە مەسەلەیکی ڕۆژ و سەرجەم جەمسەرە گرینگە سیاسی و ئابووری و مەدەنیەکانی گێتی بەخۆیەوە خەریک کردوە و کە ئەوەش هێندەی تر ئەردۆگان تووڕە و بێزرا کردوە. پاش هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕٶژئاوا و بەئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی و بێ تاوانی شارە کوردەستانیەکان، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی زیاتر هێناوەتە سەر خەت و وەختێك وڵاتێکی وەك ئەمریکا نێردراوی تایبەتی دەنێرێتە ئانکارا بۆ ئەوەی بە ڕێگای ئاشتیدا کێشەکان چارەسەربکرین و لەژێر فشاری واشنگتۆندا ڕێککەوتنێك دێتە ئاراوە و تێیدا باس لە ناوچەی ئارام و ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەکرێت بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ.

بەڵام تورکیە پابەند نابێ و لەسەر هێرش و هەڕەشەکانی بەدژی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت. ئەو ڕفتارەی ئەردۆگان بێگوومان بەسوودی گەلی ڕۆژئاوا دەبێ و ئیدی ئێستا بۆ هەموو لایەك ئەو ڕاستیە ڕوون بۆتەوە کە حکوومەتی تورکیە دژی کورد و دەسکەوتەکانیەتی و ئەوەی لە ڕٶژئاواش ڕوودەدات، هۆکارەکەی دەخرێتە گەردنی ئانکارا. ئەردۆگان نەیشاردۆتەوە و بە ئاشکرا دەڵێت: لە هەرکوێیەك هەوڵی دورستکردنی کیانی کوردی بدرێ، ئەو هێرشی دەکاتە سەر، هەر وەك کاتی ڕیفراندۆم زۆر دوژمنکارانە ئەو کارەیکرد و تاران و بەغدای هێنایە نێوکێشەکە و هێرشێكی ناوچەی بەدژی ئەزموونی باشوور ڕێکخست.

سیاسەتی یەکیەتی ئورۆپا و ئەمریکا ئەوەیە کیانی کوردی لەو بەشەی کوردستان لە ژێر ناوی ناوچەی ئارامدا بپارێز و سنوورێك بۆ سیاسەتی دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورك دابنرێت.

ئەوەی ئێستا بۆ هەموو لایەك و ئەمریکا و کۆمەڵگایی نێونەتەوەیی زۆر گرینگە و بایخی پێدەدرێت، ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی شار و ناوچەکانی ڕۆژئاوایی وڵاتە.

وەختێك ئەو مەرجەیان بەسەر ئانکارادا فەرزکردوە، هەرچەندە پێیەوە پابەند نەبووە، چوونکی ئەگەر لە بەرژەوەندیدابووایە بەتەواوی مل کەچ دەبوو و هێرشە سەربازییەکەی بەتەواوی ڕادەگڕت. پاشان بە پیچەوانەی ڕوانینی زۆر کەس و لایەن سەبارەت بە پاشەڕۆژی ڕۆژئاوایی کوردستان لە پێیاوایە بە ڕێگای ئەو ڕێککەوتنەدا یەپەگە دەسەڵاتی نامێنێ و تورکیە ئەو بەشەی کوردستان بەتەواوی کۆنتڕۆڵ دەکات. بێگوومان پاراستن و بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمە ئارامە هەرگیز بە تورکیە نادرێ، چوونکی ئەمریکا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیش هەست بە مەودای دووری و ناکۆکیەکانی ئانکارا لە گەڵ ڕۆژئاوادا بەتەواوی تێگەیشتوون. وەختێك ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا بە ڕاشکاوی دەڵیت: ” کێشەی نیوان کورد و تورك زۆر لە هی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان قووڵتر و دژوارترە، مانای زۆرە. کەوابوو چۆن لە بارودۆخێکی ئەوتۆدا ڕێگا بە حکوومەتی تورکیە دەدرێت بڕوا حوکمڕانی ئەو هەرێمە کوردستانیە لە ژێر ناوی ناوچەی ئارامدا بکات! ئەو مەسەلەیە بابەتێكی هەستیار و جەوهەرییە و پاشان کۆنگریسی ئەمریکا دژایەتی خۆی لە گەڵ نێوەڕۆکی ئەو ڕێكکەوتنە دەربڕێووە و ئەگەر بە سوودی کورد نەبێت، بەڵای ئەوانە وە شتێکی قبووڵ کراونابێت. هەر بەدوایی بڵاو بوونەوەی پرسی ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیە سەبارەت بە مەسەلەی ڕۆژئاوایی کوردستان، کە دەگووترێ دەبێت یەپەکە بە بەشێكی بەرچاوی ناوچەکان بکشێتەوە دواوە، باوەڕ ناکرێ شتێکی دروست بێ، هەر دوێنێ وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە تورکیە ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە پاراستانی ناوچەی ئارامدا نابێت.

کەوابوو ئەمریکا و وڵاتانی تریش لە سەر ئەو بڕوایەن کە هەر کورد دەتوانێ ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکەی بپارێزی و ئەمریکا بەو کارەی هەوڵی بەدەست هێنانەوەی دڵی کوردەکان ئەدات و هەوڵدەدەن بە جۆرێك تورکیە لە ناوچەکان بکشێتەوە کە لە نێوخۆیدا لە ژێر گوشاردا ناچار بە لەدەستدانی دەسەڵات نەکرێ. ئەردۆگان لە مێژووی سیاسی و حوکمڕانیدا بەڕادەی ئەمڕۆ لە ژێر فشاری نێوخۆی و دەرەوەدا نەبووە و بەو سیاسەتەی نائارامی و ناجێگری ئابووری هێناوەتە تورکیە.

گەلی کورد بەو ڕێککەوتنە کە لەسەر دەستی ئەمریکایە، پیناچێت تییدا زەرەرمەندبێ و بێگوومان دەسکەوتی خۆی دەبێت. سیاسەتی ئەردۆغان ئەوەندە دژ بە ئاشتی و گەلی کوردە، کەس ئەو متمانەی پێناکات، پاراستنی هەڕێمی خۆبەڕێوەبری کوردستان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کە مێژوویەکی ڕەشی لە سەرکوت و چەوساندنەوەی گەلی کورددا هەیە.

ئەمریکا خۆی لەوێ حاکم دەبێ و بە ڕێگای ناوچەی ئارامدا هەوڵدەدەن هەم خۆیان لەوێ بگریسێنەوە و پێگەی خۆیان بەهێز بکەنەوە و بەروویەکەی تریشدا ئارامی و ئاسایشی کوردەکان بخەنە سەر شانی خۆیان و لە مەترسیەکانی تورکیە و ئەسەد بیا پاڕێزن. کاتێك لێکدانەوەی بابەتیانەی رووداوەکان و هاوکێشە ناوچەیەکان دەکەین، بەو نەتئجەیە دەگەین کە ناکرێ بەو ڕێكکەوتنە ڕەش بین بین و وابیر بکرێتەوە کە گەلی ڕۆژئاوا دەست بەرداری خۆی و دەسەڵاتەکەی بووە، بەشێك لە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە دەڵێن: ئەوان خاکی خۆیان بۆ تورکیە بە جێ ناهێڵن و متمانەیان بە ئانکارا نیە بێت و ئەوان بپارێزی. ئەوەی ئێستا ئەمریکا و یەکیەتی ئۆروپا گرینگی پێدەدرێت، لایەنی کوردیە و هەوڵدەدەن ئاسایشی کوردەکان بە باشترین شێوەی گونجاو دابین بکەن. بەمانەوەی تورکیە لەو ناوچانە، ناکرێ گەلی ڕۆژئاوا هەست بە ئارامی و ئاسوودەی خۆی بکات.

ڕێبەری گەورەمان دکتۆر قسملووی مەزن دەڵێت: ” لە سیاسەتدا ئەوە نیە بڵێی یان هەموو شتێك یان هیچ شتێك، یان ڕەش یان سپی” دەبێت بە پێی دەرفەت و هەلومەرجی سیاسی و نێودەوڵەتی بێ و زۆر ژیرانە بارودۆخی هەنووکەی بخوێن رێتەوە. جارێ ئەوە هەنگاوی یەکەمە بۆ هاوسارکردنی ئەردۆغان و پاشەکشە پێکردنیان لە ڕۆژئاوایی کوردستان.

بائەوەشی لێ زیاد بکەین، دەمێكە تورکیە لە خەریتەی سیاسی و ژیپلۆتیکی سیاسی ئەمریکادا کەمڕەنگ بۆتەوە و هەرگیز نابێتەوە دۆستەکەی هەشتاکانی زاینیی و ڕاستە ئەندامی ناتۆیە، بەڵام زۆر جار قسە لە دەرکردنی لەو یەکێتیەش دەکرێ!

پاشان گەمە سیاسی و سەربازییەکە زۆر لەوەی گەورەترە، ئیدی سووریە بۆتە گۆڕەپانی شەری نیوە سارد و گەرمی رووسیە و ئەمریکا و ئەگەر ترامپ لەوی بشکێ، یانی مسکۆ دەبێتە خاوەنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەمریکا بەتەواوی لە مەیدانە سیاسی و سەربازی و ئابووریەکە دوور دەکەوێتەوە و بالانسی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی ئێراندا دەبێت. سەرکۆماری ئەمریکا بە بڕیاری کشانەوەی لە سوویە و پشتکردنە کوردی ڕۆژئاوا، زیانێکی گەورەی بە متمانەی سیاسەتی دەرەوەیی وڵاتەکەی گەیاند و زۆر یەك لە دۆستە سیاسی و مێژوویەکانیشیان ڵۆمەی ئەو کرداریان کردوە و ئەگەر لە سووریە بکشێنەوە، دیسان قۆناغی پاشەکشەی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا دەست پێدەکات.

کورد تەنیا هێزێکی مەیدانی و بەوەفایە کە بتوانێت لە هێنانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا کاربکات. بەمەرجێك ئیدارەی ئەمریکا ڕەچاوی بەرژەوەندی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد بکا و پەیڕەوی ڕێڕەوێکی ڕوونی ستڕاتیژی سیاسی و سەربازی لە گەڵ کورددا واژۆ بکات.

ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانینە قوولی و ستڕاتیژی ڕووداوەکان،باوەڕناکرێ ئەمریکا کوردی ڕۆژئاوا بە تەواوی ڕادەستی تورکیە بکا و ئیدی خۆی لە پاراستنیان بێ بەری بکات. پاش ئەو هەڵە سیاسیە گەورەی ترامپ کە کردی، سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکا ئەوەنابێت کێشە بە کێشەیەکی نوێ چارەسەربکات و گەلی کورد بخاتە بەردەمی مەترسی گەورەترەوە، چوونکی ئەگەر وەبکات، زیان بە بەرژەوەندی سیاسی خۆی لە گەڵ هاوپەیمانەگرینگ و میژوویەکانی لە سەر ئاستی گێتی و ناوچەی دەگەیەنێت.

زۆر کەس بۆچوونی ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیە و ئەو وڵاتەش بە کەیفی خۆی سیاسەتی نژاد پەرستانەی بە دژی کورد بەڕێووە دەبا۰

ئەگەر تۆزێک بە وردی لێکدانەوەی ئەو ڕێککەوتنە بکەین٫ بە ڕوونی و دیاریکراوی باسی ڕۆڵی ئەمریکا نەکراوە وەک لایەنی جێ بە جێکاری ئەو پڕۆسەیە۰

ئەو خاڵە دەکرێ بەو جۆرە روانینی لە بەرەوە بکرێ و ئەوەی بەکردار ئەو هەرێمە ئارامە دەپارێزێ لە داهاتوودا، بێگوومان ئەمریکایە نەوەک دەسەڵاتی تورک، چوونکی سیاسەتی تورکیە ئەوەنیە کە لە گەڵ بوونی کیانی کوردیدا هەڵبکا و بەڵکوو خەریکن دژایەتی خۆیان لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا زیاتر دەردەخەن و بە چاوی دوژمنکارانە سەیری ئەوێش دەکەن.

محەممەد سلێمانی

19.10.2019