بەرێزان ئەندامانی بەرێوەبەری کۆری رێزگرتن لە کەمئەندامانی حیزبی دیموکرات!، عەلی هاشمی

بەشدارانی بەرێز و هێژای ئەو رێورەسمە!
لەوەی کە شانازی بەشداریم لەو رێرەسمەدا وەک کەمئەندامێک پێبەخشراوە سوپاسی بەرێوبەرانی دەکەم. بە بڕوای من ئەوەی کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەها رۆژێکی بۆ ریزگرتن لەوکەسانەی کە لەراستیدا زۆربەیان شەهیدی زیندوون دیاری کردوە، لەجێی خۆیەتی و کارێکی شۆڕشگێرانەیە. رێزگرتن لەو کەسانەی کە بەشێک لە جەستەی خۆیان بەهۆی بریندار بوون لە دەست داوە و لە نیعمەتی سوودی ئەو بەشە، بێبەشن، هەرچەند فیداکاری وخەبات بۆ رزگاری گەل کارێکی خۆبەخشانە و بەئیرادەی کەسەخەباتکارەکەوە بوە ومنەتی لە سەرکەس نیە، بەوحاڵەش ریزلێگرتنیان دەتوانی هەندێک لە ئازارەکانیان کەم بکاتەوە.

هەروەک لە کاتی خۆیدا حیزبی دیموکرات، داهێنەرو دانەری رۆژی شەهیدانی کوردستان بوو و هیچ جیاوازیەکی لەنێوان تێکوشەر و خەباتکارانی کورد دژی داگیرکەرانی کوردستان دانەنا، خۆزگەم دەخواست ئەو رۆژەش کە بۆ رێزگرتن لە کەمئەندامانی ریزەکانی حیزب دانراوە لە چوارچێوەی ئەم حیزبەدا قەتیس نەبوایەتەوە و چەترێک بوایە بۆ سەر هەموو کەمئەندامانی شەڕە نەخوازراوەکانی گەلی کورد، بۆ دیفاع و بەرگری لە مان و بوونی خۆی . ئەگەر ئەوە بەهەر هۆیەک ناگونجێ، پێشنیار دەکەم لانیکەم ئەو رۆژە هەمووی ئەوکەسانەی کەرۆژێک لەو حیزبەدا تێکۆشانیان هەبوە بگرێتەوە. چوونکوو کەمئەندامەکان دەزانن ئازاری کەمئەندامی چۆنە. ئیستاش ئەوبروسکانە کە بەهۆی ئازاری لاقەبڕاوەکەم بە هەموولەشمدا دەگەڕێ و قامکە نەماوەکانم و گوێزینگەکانم ژان دەکەن، پێم دەڵێن کە من کێم و بۆ وام لێهاتوە، خۆشم بمهەوێ, ئازارەکانم ناهێڵن پێوەندی رۆحیم لەگەڵ ئەوحیزبە کە مایەم لە سەر داناوە، بپچرێ. راستە ئێستا پێوەندی تەشکیلاتیم لەگەل هیچ حیزبێک نیە بەڵام بەرۆح و بەگیان خۆم هەر بەو پێشمەرگەی ئەو حیزبە دەزانم کە لە ریزەکانیدا خەباتم کردوە. من نەک شەرم لە رابرووی خۆم ناکەم بەڵکوو شانازیشی پێوەدەکەم و بە گەورەترین سەرمایەی ژیانمی دەزانم، جاپیوەندی تەشکیلاتیم ببێ یان نەبێ یەکسانە، وەهەروەها دوای لێکدابڕانی دووبەشی دێموکرات، دەگەڵ چەند تێکۆشەرێکی حیزب، ئەو ماوەیە هەوڵمانداوە بۆ سارێژی زامی بەژانی لێکدابڕان و یەکخستنەوەی ماڵە گەورەکەی دێموکرات، لەویش نەک پەشیمان نیم، بەڵکو زۆری پێوەسەربڵیندم.

تکایە بەدانانی شەرت و شرووت بازنەی کەمئەندامانی هاودەرد و هاورابردوو بەرتەسک مەکەنەوە، دڵ ئاوەڵا بن وەک حیزبەکەی پێشەوا و قاسملوو و شەرەفکەندی.