پێویستی خۆ بە ڕێکخستن کردنی کۆمەڵگای کوردی ڕۆژھەڵات

گەلی کورد بە درێژایی مێژووی نوسراو و نەنوسراوی خۆی، سەرباقی ئەو ھەموە شکانە مەیدانی وسیاسیانە توانیویەتی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بپارێزێ و ھەر لە سەر ئەو بناغەیە بە بەردەوامی ھەستاوەتەوە و دیسان گورج و گۆڵ ھاتۆتەوە مەیدان.

لە بار و دۆخی ئێستای ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست دا کە کوردستان دە چەقی ئەو ھەڵکەوتە جوگرافیایە دایە، کورد دەتوانێ بە ھەبوونی ستراتژی نەتەوەیی و خوێندنەوەیەکی ریئاڵ لە ڕووداوەکان یەک جار بۆ ھەمیشە خۆی لە تراژیدیەکانی مێژوو دەرباز بکات و ئازاد بێت.

لە سەرەتای ڕوودانی شۆڕشی گەلان لە ئێران، کورد دیسان ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوە لە ڕاماڵینی دەسەڵاتی پاشایەتی، ھەرچەند دە کۆتایی دا ئەو شۆڕشە دزرا و تاقمێک چەتەو دزی ئیسلامی بۆ خۆیان کەڵەکەیان کرد بەڵام ئەو کاتێش کوردەکان بە دیسیپلین ترین و بە رێکخراوترین نەتەوەی ئێران بوون کە توانیان بەشداری سیاسی و سەربازی شۆڕش بکەن.

ڕۆڵی رێبەرانی کاریزما و کارئامە وەکوو شەھیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی لە کەس شاراوە نییە و تەنانەت دوژمنانی کوردیش دان بە لێ وەشاوەیی و زانایی رێبەرانی شەھیدمان شادەنێن. ئێستاش بۆ جارێکی دیکە و پاش ئەو سەرھەڵدانە تازەیەی کە سەرتاسەری ئێرانێ گرتۆتەوە و بە بیانووی ئابووری خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ ویستی خۆپێشاندەران ڕادیکاڵتر و ڕوونتر دەبێتەوە دیسان دەرفەتێک خەریکە دەخوڵقێ و پێویستیەکی ھەنووکەیی و بەپەلە بۆ خۆ بە ڕێکخستن کردنی زیاتر لە ھەمیشە خۆ دەنوێنێ.

بە باوەڕی نوسەری ئەو بابەتە دیسان دە زەمانێکی کورت دا کورد دەتوانێ بە باوەڕ بە مافە ڕەواکانی خۆی کە ماف گەلێکی گەردوونی و ئینسانین، زۆر زوو کۆمەڵانی خەلک کە تینووی ئازادی و سەربەستین بێنێتەوە مەیدان و سیاسیانە و زیرەکانە و بە کەمترین نرخی گیانی بەستێنی سەرکەوتن ئاوابکات.

ھەروەک دەزانین، دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران زۆربەی نەتەوەکانی دیکە چوونەوە ماڵێ و یا تێکەڵ بە دەسەڵاتی ناوەند بوون بەڵام کوردەکان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر ھەر لە سەر شەقام مانەوە.

مانەوەی کوردەکان لەسەر شەقام بە ھۆی دابین نەکردنی ویست و مافەکانیان بوو کە دە شۆڕشی دزراوی ئێران دا نەھاتبونە دی بۆیە ئەو سەر ھەڵدانانە بە شێوەی جۆراوجۆر وەکوو مان گرتنە گشتیەکان و شۆڕشی سیاسی و سەربازی و ڕێکخستنە کۆمەڵایەتێکان ھەتا ئێستاش ھەر درێژەی ھەیە. بۆیە کۆمەڵگا و پارتە سیاسیەکانی کوردی ڕۆژھەڵات پتانسیەلی بە ھێزی جەماوەری و سیاسی و سەربازییان ھەیە کە جارێکی دیکە بە تۆکمەیی بێنەوە مەیدانی سەرھەڵدان و ھەلی رەخساوی تازە لە کیس خۆ نەدەن.

ھیوادارم توشی ھەڵەی ستراتژیک نەبین و بتوانین بەرەیێکی سەربازی لە ھەموو پارتە سیاسیەکان بۆ داھاتووی نەخواستراوی ڕۆژھەڵات پێک بێنین و ھەڵەی شۆڕشەکانی دیکە دوپات نەکەینەوە و بە دڵ کراوەیی جیاوازیەکانی سیاسی یەکتر قەبوڵ بکەین و توشی داوی دەسەڵات و مۆرکی نگریسی گەندەڵی نەبین. ئاوا دەتوانین جوابی خوێنی شەھیدان و بنەماڵەی سەربەرزیان بدەینەوە و گەلی کوردمان لە ژێردەستی و تاڵانی نەیارانی ڕزگار بکەین.

نیعمەت بالە