٢٦ی سەرماوەز لە پێشمەرگە بە تەمەن و بە ساڵاچووەکان و بە گشتی هەموو لایەک پیرۆز بێ.

لە ماوەی پێشمەرگایەتیم دا بە هەزاران هاورێ و هاوسەنگەرم لە پارێزگاکانی ئیلام ، کرماشان، سنە، ورمێ و هەروەها ناوەندی کوردستان ناسین، هەندێکیان لە تەمەن دا منداڵەکانیان لەگەڵ خۆم هاوتەمەن و تەنانەت بە تەمەن‌تریش بوون، هەندێکیان لە تەمەنێکی نێونجی دا ببوونە پێشمەرگە و ژن و ماڵ و منداڵیان نەبوو و تاکوو ئێستاش هەروا لە حەسرەتی پێکەوەنانی ژیانێکی هاوبەشدان. هەندێکیان بە تەمەن‌تر و هاوتەمەن و یا هەندێک کەم‌ تەمەن‌تربوون، بە گشتی کوڕ و کچ و ژن و پیاو و گەنج و لاو و مێرمنداڵم ناسین.

بەشێکیان باوەرمەند بە دینی ئیسلام و بەشێکیان باوەرمەند بە باوەر و ئایینەکانی ناوچەی خۆیان بوون، بەشیکیان خوێندەوار و بەشکێان نەخوێندەوار بوون، وەرزێر و جوتیار و کرێکارمان لەگەڵ بوون، شوان و مەڕدار و کاسبمان لەگەڵ بوون، وەرزشکار و هونەرمەندی جۆراوجۆر، لەگەڵ مرۆڤگەلی دەست ڕەنگینمان لەگەڵ بوون، دوکتور ، قازی ، موهەندیس و مامۆستامان لەگەڵ بوون، بە گشتی لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دا هەبوون و هەن، ئەو تێکەڵاوی و ئەو گشتە مرۆڤە هەیبەت و پەیکەری حیزبی دێموکراتی کوردستانیان درووست کرد بوو، هیچمان هەستمان بە سوننە، شیعە، مەسیحی، ئەرمەنی، ئاسۆڕی، یارسانی و بەهایی نەدەکرد، کەس نەیدەگووت زاراوی فڵانی ناخۆشە ، زاراوەکانی ئەردەڵانی، گۆرانی، هەورامی، زازایی، لەکی، سۆرانی و شکاکی و بادینی فەرق و جیاوازیان نەبوو، کورد و ئازەری و فارسمان لەگەڵ بوون، لە پارچەکانی دیکەی کوردستان مرۆڤی نیشتمانپەروەرمان لەگەڵ بوون.

b_300_220_16777215_00_images_SIASI_peshmerge.jpgهەر کەس لە شوێنی خۆی بە هۆی لێزانی و پسپۆری کاری پێسپێردرابوو، لە ژێر دەستی لێزان و پسپۆرەکان دا بە هەزارانی وەکی من فێری کاری گرووپی و بە یەکەوە بوون و بە یەکەوە مردن کراین، بە یەکەوە شانمان وەبەر قورسایی هەموو خۆشی و ناخۆشی‌یەکان دابوو.

ئەوانەی لە پێشی شەرگە و سەنگەرەکان دا بوون و برسی و تینوو و لە ژێر مەترسی دابوون، سوپاسی ئەوانەیان دەکرد کە لە پشت شەرگە و جبهەوە، کەل و پەلەکانی پێویستی جبهە و شەڕگەیان دابین دەکرد. ئەوانەی بەرپرس بوون لەگەڵ پێشمەرگەکان وەک یەک گیانیان دەدا و وەک یەک خەمیان لە یەکتر دەخوارد.

بە گشتی هەموو ئەو کادر و پێشمەرگانەی لە بەشی سکرتاریا، رادیۆ دەنگی کوردستان، بێ‌سیم، ئینتشارات، ڕاگەیاندن، نەخۆشخانە، کتێبخانە، ئاسایشگا، تداروکاتی تەقەمەنی گشتی، تداروکاتی خواردەمەنی، فێرگەی سیاسی نیزامی، یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان، پرسگەکان و بەشی پارێزگاری لە دەفتەری سیاسی، کۆمیسیۆنەکانی نێو بازنەی دەفتەری سیاسی و بنکە و بارەگاکانمان لە سەر سنوور و لە سولێمانی، قەڵادزێ، بەغدا، پاریس و هەندەران و هەروەها ئەندامانمان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات خزمەتیان دەکرد، ئەوانە هەموویان ناویان حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.

قەوارەیەک پێکهاتوو لە هەموو چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، لە ژێر بەرنامەی دارێژراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خەباتمان دەکرد و هەنووکەش ئەم قەوارەیە هەروا لە خەبات و تێکۆشان دایە، ئەوەی کە تا رادەیەک ساڵانێکە بەشی ئاشکرای حدک لە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە ، بە مانای ئەوە نییە کە حدک لە نێو بازنەی کاری سیاسی ڕۆژهەڵات دا نییە، ئەوە تەنیا دابڕانێکی جەستەییە، بەخۆشیەوە ئامانج و بەرنامەی حدک هەنووکەش لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا وەک حیزبێکی دیاری نێو گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، جێگای پەسەندی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستانە، ئەوەش گەورەترین دەسکەوتی سیاسی و مەعنەوی حدک و قەوارەی گەورەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.

لێرەوە سەری ڕێز بۆ خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان پشتیوانانی سەرەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان و هەموو ئازادیخوازانی گەلەکەمان لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات دادەنوێنم و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی هەموو ئەو کەسانە دەگرم کە خەبات بۆ دابین کردنی ویست و داخوازی‌یەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن.
قەرزداری گەورەیی و خاکەڕایی و خۆراگریتانم.
بەرەو بەرزایی دەچم ئەگەرچی وردم
خاکی بەرپێی تێکۆشەرێکی کوردم

پیرزۆ بێ ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان.

حەمەرەسووڵ کەریمی