نەسرین (بەشی حەوت و هەشت) نووسینی: سەلاح پوورئەسەد

پاش خوێندنەوەی نامەکە، نەسرین لە بێ دەنگی ژوورەکەی دا ون بوو. نەیزانی کات چلۆن ڕۆیشتوە، بە دەنگی دایکی کە بانگی کرد، بە ئاگا ھاتەوە، کچم تۆ وتت نیو کاتژمێر کە چی ئەوە یەک ساعەتە، بێرەو کچی خۆم خۆاردنەکەت سارد ئەبێتەوە. ببورە دایە بیرم لە داھاتوو دەکردەوە، نازانم ئەم وەزعە بە کوێ ئەگا. دایکی تێگەیشت، دەبێ شتێک لە ناخی کچەکەی دا ھەبێ کە ئاوا گۆڕیویەتی. باوکی ھەستا بەرەو ژووری خەوتن چوو. نەسرین مایەوە و دایکی. دایک تەماشایەکی تەواوی لەش و ئەندامی کچەکەی کرد، ١٩ ساڵی تەمەن بوو.

جوان و ڕێک و لە بەر دڵان. ژیر و وریا و دەرس خوێن. ئەزموونی ژیانی ڕابردوو ئەوەی بە دایکی سەلماند بوو، کە دەبێ شتێکی نائاسایی ڕووی دابێ و ئەویش پێی وا بوو کە دەبێ کەسێک ھاتبێتە ناو ژیانی کچەکەی. ھەم خەفتبار بوو ھەم خۆشحاڵ. خۆشحاڵ ڵەوەی کە کچەکەی پێی ناوەتە تەمەنی لاوەتی و لە بیری ژیانی خۆی دایە، خەفتبار لەوەی کە ڕۆژێک ماڵەکە چۆڵ دەکا و ناشزانێ کابرا چلۆن کەسێکە. شەوێکی دریژی پایزی.

نەسرین و شەو و تەنیایی. تەنیایی و شەو و بێدەنگی. خەیاڵ و شەو لێک گرێ دراون. جار و بارە دەنگی کۆمەڵێک گەنج بەر گوێ دەکەوێ کە لە کۆڵان دا گۆرانی دەڵێن. سەوزە، سەوزە، سەوزرە ماڵەکەم- بێ تۆ وێرانە ماڵ و حاڵەکەم” گۆرانێکی کۆنی برایانی زی زی، چەند لاوێک دەیڵێنەوە.

نەسرین چاوی پر دەبێ لە فرمێسک و ئارام بە سەر گۆنای ناسکی دا دێتە خۆارێ. قەڵافەتی ناسر بە ڕیشەکەی سەر چەناگەی و سەر ڕەشە پڕ لە قژەکەی و ڕۆاڵەتی سەوزە ئاسای دێتەوە نێو خەیاڵی. ژوورەکە پڕ ببو لە دەیان وێنەی ناسر کە ئەو ھۆدە تاریکەیان ڕۆشن کرد بوو و بە زەردە خەندەوە لە نەسرینی دەڕۆانی. سەرما و تاریکی و تەنیایی. خەیاڵ و سەرما و تاریکی ھیرش دێنن و نەسرین دەچێتە نێو جێگای خەوەکەی و لێفەکە لە جۆی دەپئچێت و دەستەملانی خەوێکی خۆش دەبێ و بەیانی بە دەنگی دایکی خەبەری دەبێتەوە.

ناسر دڵخۆش لە و چاوپێکەوتنە، بۆ کۆ بوونەوە لە گەڵ ھاوڕێیانی دەچێتە لایان بۆ داڕشتبی بەرنامەی کاری داھاتوویان. حیزب و ڕێکخراوی سیاسی ئێستاش دیارنیین. بەرە بەرە، خەڵکێکی زیاتر بە دژەبەرانی ڕێژیم پەیوەست دەبن. ترس ڕەویوەتەوە. ڕۆژ نییە لە شارێک خەڵک نەڕژێنە سەر شەقام.شۆڕشکە ، بۆن و ڕەنگێ ئایینی گرتوە. ھەر کە خەڵک کۆ دەبنەوە، خێرا مەلا خۆ دەخەنە سەر شان و ملی خەڵک و دروشمی خۆیان دەڵێنەوە. لێرەش ڕۆژێکیان لە ڕێپێوانێک دا مەلایەک سۆاری شانی چەند جەوانێک دەبێ و گۆنی دەکەوێتە ژێر ڕانی و ئازارێکی زۆری پێدەگا. ھاوار دەکا و دەڵێ ” وەی گونم، وەی گونم.” خەڵکەکەش بە تێکرا دووبارەی دەکەنەوە.
نەسرین ( بەشی ٨)
دەرەنگانی شەو ناسر گەیشتەوە ماڵێ. ھەر کە دەنگی کرانەوەی دەرگای دەرەو ھات، دایک بە پەلە ھەستاو و بە پێشوازی کوڕەکەیەوە چوو. بۆ وا دوا کەوتی کوڕی شیرینم، خۆت ئەزانی گەڕان بەو شەوە خەتەرە. ھیچ نییە دایە گیان، وا سەلامەت و زیندوو ھامە خزمەتت، ناسر بە بزەوە گوتی. پاشان چووە ژورەکەی خۆی و باڵتۆ درێژەکە کە ھاوڕێی ھەمیشەیی بوو داینا و لە حاڵێك دا زۆر ماندوو بوو، پاڵی بە دیوارەکەوە دا و نەسرین و خۆشەویستی و ئەوڤین میوانی بوون.

چاوی بڕیە قولینچکی ژوورەکە و بۆ جۆابی وەڵامی نامەکەی دەگەڕا. کردەوە و دژ کردەوەکانی نەسرینی دێنا بەر زەینی خۆی و بە چەندین جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرد و شی دەکردەوە، کە ماندوو بوو بە خوێ گوت، خۆ ئەمە ئەو سیاسەتە حیزە نییە، ھێندە بێنە و بەرەی بۆ بکەی، دوو حاڵەتە یان قەبوڵی دەکا یان ڕەدی دەکاتەوە.

ھەر چەند ئەو خۆشەویستییە لە حاڵەتی ھەست و ئیحساس دایە، دڵنیام ئەگەر جۆاب باش نەبێ، لە ناخەوە دەڕۆخێم. بە تێ ڕۆانینی من ئەویش منی خۆش گەرەکە. کاتژمێر لە دووی پاش نێوەڕۆ نزیک دەبێتەو.

چەندین ماشینی سەربازی و پولیس لە شەقام و مەیدانە ئەسڵیەکانی شار وەستاون و ھەموو جوڵەیەکیان لە ژێر چاوەدێری دایە. بەو تفەنگانەی دەستیان و بەو کڵاوە ئاسنە سەریان ئەوەندەی تر ترسناک دیارن. گشت کەسێک بە تایبەتی لاوەکان دەپشکنن و ترسیان لە کوتە کاغەزیکیشە کە لە گیرفانی ڕێبوارەکان دا ڕەنگە بیبیننەوە.

ناسر ڕێگای شەقامی سەرەکی ناگرێتە بەر و بە کۆڵانە تەنگەبەرەکان دا خۆی دەگەیەنێتە شوێنی دیدار. دڵی بە خێرایی لێ دەدا و چاوەڕوان و نیگران سەیرێکی چۆار دەوری خۆی دەکا. وەک ئەوە وایە شتێکی لێ ون بوو بێ .

دەنگێکی نەرم لە چاوەڕۆانییە دەری دێنێ. بۆ وا خۆت سەغڵەت کردوە کاک ناسر، دەنگی نەسرین بوو کە لە لای ڕاستیەوە بەر گوێی کەوت. ھێندێک نیگران بووم، پێم وا بوو کێشەیەکت بۆ دروست بووە و نەتتۆانیوە بێیتە ئێرە. ئەو ھەموە سەرباز و پاسەبانەت دیوە چۆن بڵاو بونەتەوە بە ناو شار دا.

چۆن ڕزگارت بوو لە دەستیان. نەسرین لە حاڵێک دا مل پێچەکەی توند دەکردەوە گوتی: لە تەک باوکم ھاتم تا لە بازار ڕەد بووم کەس لێی نەپرسیم. لە سەرکورسیەکی ناو پارکەکە ڕوو بە ڕووی یەکتر دانیشتن. یەکەم جار بوو ئاوا بڕواننە یەک. بە نێگاکانیان، بە چاو لێکردنیان ، گشت گێانیان مچوڕکی خۆشەویستی پێدا دەھات. ماوەیەک لە بێدەنگی و لە ژێر تینی بێ ھێزی خۆر دا نێگایان تێک ھاڵا. شنە بایەکی ساردی مەیلەو زستان لە گەڵ تیشکی بێ ھێزی خۆر ململانی دەکرد.

چەند مناڵی قوشمە سەریان خستبوە سەر سەری پێاوکی بە تەمەن و گاڵتەیان لە گەڵ دەکرد. پێاوە پیریکە پاڵی بە دارێکەوە دابوو، وێدەچوو ئارەق خۆرێکی باش بێ، کە بە ھۆی ئەو وەعەوە ئارەقی گیر نەکەوتبێ و دەستەوەستان ڕووی لەو پارکە کرد بێ.

ڕووی لە مناڵان کرد وتی: دەرە گۆڕاوە شۆڕشە ئێستا، ئابجۆ نەماوە و ئارەقی ودکا. ناسر ڕووی لە نەسرین کرد و گوتی ، تەماشا، ئەو پێاوە لە بیری چی دایە. نەسرین لە حاڵێک دا پێکەنین باڵی بە سەر دەم و چاوی دا کێشا بوو، وتی: ھەر کەسەوە گیرۆدە مەسەلەیەکە. پێم بێژە، مەبەستت لەو چاو پێکەوتنەی ئەم ڕۆ چی بوو، جگە لە باسی شۆڕش ھیچی تر ھەیە باسی بکەین.؟

جوابە کە لای تۆیە، ئەگەر لە بیرت بێ دوێکە ، کاغەزێکم پێ دای، وتم بزانم خوێندوتەوە. نەسرین لە حالێک دا چاوی بڕیبوە چاوی ناسر وتی؛ خوێندمەوە، سوپاس بۆ ئەوھەستەی بەرانبەر من ھەتە. ئەگەر بێژیم منیش خۆشتم گەرەکە، درۆم نەکردوە، بەڵام ئەزانی من دەمھەوێ خوێندن تەواو بکەم و بچمە زانکۆ، تۆش ھێشتا دەرست ماوە تەواو بێت. بە باشی ناتناسم و پاشان بنەماڵەکانیشمان ئەشێ ڕازی بن.

( درێژەی ھەیە)