بۆچی ئاکادێمیسیەنەکان کۆلۆنیالیزمی ئێران پاشگوێ دەخەن؟

نەیشنال ریڤیو – ئەی جەی کاشێتا
وەرگێرانی : کەماڵ حەسەن‌پوور
ئاکادێمیسیەنی ئەو سەردەمە سەرسامی کۆلۆنیالیزە کردن، ئیمپراتوری و هەژەمۆنی کولتوری لەگەڵ سەردەمی دوای کولۆنیالیزم، توێژینەوەی ئەتنیکی و تێکەڵاویی کەرتەکانن. بورسیەی خوێندن لە زۆر بواردا کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی دژە هەژەمۆنیخواز، پشتیوانی دانیشتووە ڕەسەنەکان و دژە ئیمپێریالیستان کە هێرش دەکەنە سەر هەر کەسێک کە لەگەڵیان هاوڕا نییە. کاتێک گۆڤارێک بە ناوی سێ مانگەی جیهانی سێهەم لە ٢٠١٧ وتارێکی لەبارەی سوودەکانی کۆلۆنیالیزم بڵاو کردەوە، دژکردەوەی پرۆفیسۆرانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بووە هۆی لابردنی وتارەکە و ١٥ ئەندامی دەستەی نووسەران دوای هەڕەشە لێکردنیان ناچار بە دەست لە کار کێشانەوە کران.
کەوابوو ئەگەر زانایانی ئەو بوارە هێندە لەسەر خراپییەکانی کۆلۆنیالیزم پێداگرن، بۆچی ئێران پاشگوێ دەخەن؟
کاتێک وڵاتانی بەهێز کەڵکی خراپ (کە نادادپەروەرانەیە) لە وڵاتانی بێ هێزتر وەردەگرن، بایخ و کولتوری خۆیان دەسەپێنن و دەست لە ئابوورییە ڕەسەنەکان وەردەدەن، ئاکادێمیسیەنەکان دەنگ بەرزترین و داهێنەرترین ڕەخنەگرەکانن. تەنانەت بێزەڕترین نگوزی وڵاتێکی بەهێز لە وڵاتێکی لاوازتردا بەرەوڕووی ناڕەزایەتی تووند دەبێتەوە، بۆیە ماویەکی دوور و درێژە کە شتێک بە ناوی “کۆلۆنیالیزمی کۆکاکۆلا” بۆتە وێردی زمان. لشکری توێژەر- چالاک سەرقاڵی بەڵگە ‌هێنانەوە لە مێژوو بۆ شیکردنەوەی سەردەمی ئێستان، سەردەمی ڕەشی [کۆلۆنیالیزمی] ئوروپایی لەگەڵ هی ئەمریکایی و ئیسڕائیلی بەراورد دەکەن و هەموو کون و قوژبنێک بۆ دیتنەوەی ئاسەواری سەرکوتکەریی ڕۆژئاوایی، ئەمریکایی و ترامپی دەگەڕێن و ئیمپراتۆرییەکی نوێی ئەمریکایی ڕادەگەیەنن. کێشە نییە، بەڵام بۆ ئەوان هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هەمان کار پاشگوێ دەخەن کە لایەنی دیکە بە ئەنجامی ئەو شتانە بەرامبەر بە ئێران تاوانبار دەکەن؟
ڕۆژنامەوان و توێژەری وەک جاناتان سپایەر و سێت فراتنتزمەن، چەند ساڵە دەستدرێژییە کۆلۆنیالییەکانی ئێران تۆمار دەکەن. بەڵام زۆر لە ئاکادێمیسیەنەکان لە بەکار هێنانی تواناییەکانیان دژی ئێران دوو دڵن. زۆر لەوان ئامانجی ساکارتریان پێ باشترە، وەک ئیسڕائیل و ئەمریکا، لە سەرەتای مانگی ڕابردوو کۆمیتەی دژە کۆلۆنیالیزمی نەتەوە یەکگرتووەکان هەشت هەڵوێستی دژی ئیسڕائیل لە ئەنجومەنی گشتیی پەسەند کردن و نیشانی دا کە پێشترێتی بە کام شت دەدا.
تەنانەت بە بێ پێشێل کردنی سەربەخۆیی وڵاتانی دیکە، ئێران بۆخۆی ئیمپریالیستییە، کە فارسەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر عەڕەبەکان، کوردەکان، بەلووچەکان، ئازەرییەکان، تورکمەنەکان، لۆرەکان، گیلەکەکان و مازەندەرانییەکاندا دەسەپێنن. تەنیا چەند کەس وەک، دانیەل پیپس، ئیلان بەرمەن و شۆشانا برییەن، سەرنجیان داوەتە ئەو ڕاستییە.
شۆڕشی ئیسلامیی خومەینی لە سەرەتاوە پرۆژەیەکی ئیمپریالیستی بوو، کە یەکەم کارەکەی دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات (تەنانەت پێش هەرەسهێنانی دەوڵەتی کاتیی دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە نۆڤامبری ١٩٧٩) دامەزراندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ بڵاو کردنەوەی ئەو بیرۆکانە بوو. ماوەیەکی کورت دوای ئەو ڕووداوە لە لوبنان کارێکیان کرد، وەک ماتیو لەڤیت دەڵێ: “١٥٠٠ پاسداری ڕاوێژکار بەڕیکران تا لە دۆڵی بیقاع وەک بەشێک لە ئامانجی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ دونیای عەڕەب مۆڵگەیەک بکەنەوە.” ئەو ڕاوێژکارانە دەوری سەرەکییان لە درووستکردنی حیزبوڵڵادا هەبوو کە لە خزمەت ئێران دابووە بۆ بڵاوکردنەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە دونیادا.
لە ١٩٩٨، قاسم سولەیمانی وەک فەرماندەی نوێی سوپای قودس دیاریکرا. سولەیمانی هەوڵە کۆلۆنیالییەکانی ئێرانی، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕووخاندنی سەددام حوسێن لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە لە ٢٠٠٣، بۆ دەستبەسەر داگرتنی عێراق بە شێوەیەک کە هەرگیز بە تەنیا نەیدەتوانی ئەو کارە بکا، پەرە پێداون. ڕاپەڕینی بەناو بەهاری عەڕەبیی، دەرفەتی بۆ سولەیمانی رەخساند کە لە سووریە بە کەڵکوەرگرتن لە حیزبوڵڵا جێ پێی خۆی کردەوە و لە یەمەن لە حوسییە شیعەکان بۆ سەرکەوتن لە گەیشتن بە ئامانجی “هیلالی شیعە” کە لە کەنداو تا دەریای ناوەڕاست دەگرێتەوە، کەڵکی وەرگرتووە.
هەموو ساڵێک کتێب لە بارەی ئیمپریالیزمی بریتانیا و ئەمریکا لە ئێران و خۆرهەڵاتی ناڤین چاپ دەکرێن. بابەتەکە بۆتە شتێک کە زۆر کەس بە خستنە ڕووی دێوەزمەیی هەڵسوکەوتی بریتانیا و ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناڤین لە بارەگای ئێدوارد سەعید چۆک دادەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی هیچکام لە ئاکادێمیسیەنەکان شتێک لە بارەی ئاشکراترین و خوێناویترین پرۆژەکانی کۆلۆنیالیزم، تەنانەت کاتێک کە لەبەر چاوی ئەوان دەقەومێ، نانووسن.
بێگومان ڕیزپەڕ لەوبارەدا هەن. ئیمپریالیزمی ئیسلامیی نووسراوەی ئەفرەیم کارش (٢٠٠٦) وەبیر هەموو کەسی هێناوە کە خۆرهەڵاتی ناڤین “شوێنێکە کە دامەزراوەی ئیمپریالیستی نە تەنیا لەوێ دەستی پێکرد … بەڵکو ئەو شوێنەیە کە هاوشێوەی ئوروپاییەکەی لەوێ درێژەی بە ژیان داوە.”
ڕیزپەڕێکی دیکە تەلحە عبدولڕەززاقە، توێژەرێکی ئەنستیتۆی ستراتێژیی و ئاسایشی زانکۆی ئێکزێتەر، بەڵام سەرنجی ناوبراو لەبارەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی وێدەچێ تەنیا تا عێراق بڕ بکا، و هەڵوێستە دژە ئەمریکایی و دژە ئیسڕائیلییەکانی ئەو لە ئەلجەزیرە و میدڵ ئیست ئای دەرخەری نەبوونی مەیلی ناوبراو بۆ باسکردن لەبارەی کۆی ئیمپێریالیزمی ئێرانن. ئەو هەڵوێستانە بێگومان بۆ دانی خەڵاتی توێژەری لاو لە لایەن ئەلجەزیرە لە ساڵی ٢٠١٥ بڕیاردەر بوون.
توێژەرانی تینک–تانکەکان لە باس لەبارەی دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی دەیکەدا سڵیان نەکردووە. مایکل روبین لە ئەنستیتۆی ئەمەریکەن ئینترپرایز دەنووسێ “جگە لە ڕووسیە، ئەمڕۆ ئێران ئیمپریالیستیترین وڵاتی جیهانە … جیاوازییەکی زۆر کەم لە نێوان هەڵسوکەوتی ئەو بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری وڵاتانی هەژارتر و جەللادەکانی خۆی لە سەدەی نۆزدەدا هەیە.”
توێژەرانی ئیسڕائیلیش بە هەمان شێوە زۆرتر حەزیان لە سەرنجدان بە ئێرانی ئێستا هەیە تا ئەوی ڕابردوو. هیلەل فریش، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان و خۆرهەڵاتی ناڤین لە زانکۆی بار – ئیلان و توێژەری پلەبەرزی توێژینەوەکانی ستراتێژیک لە ناوەندی بەگین – سادات، دەڵێ ئێران “تەنیا وڵاتێکە کە جەخت لەسەر دەستێوەردانی سیاسی، ئابوری و تێرۆریستیی لە دەروەی سنوورەکانی خۆی دژی ئەو دەوڵەتانە دەکا کە هێرشیان نەکردۆتە سەری.”
بەڵام کوا هاواری دژکردەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لە بورجی عاجن؟ ئاخۆ سەرجەم دژە ئیمپریالیستەکان سەرقاڵی مەحکوم کردنی ڕۆژئاوان، پێشترێتی بە قوربانیی بوون لە بەرامبەر تێکۆشان دەدەن و ڕێگای تازە بۆ بەکار هێنانی “ئەوانی دیکە” وەک کردارن [فعل] (ڕەنگبێ لە ئەنستیتۆی نامۆیی & هاوبەشیی زانکۆی بێرکلی)؟ کوا کۆنفرانس، سەمپۆزیۆم و ژمارەی تایبەتی گۆڤارەکان لەبارەی ئیمپریالیزمی ئێرانی؟ ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوە لە مانگی فێورییە میوانداری کۆبوونەوەیەک لە بارەی سیاسەتی ئیمپریالیستیی دەروەی ئێران بوو، بەڵام ئەگەر هەر ڕووداوێکی لەو چەشنە لە زانکۆیەکی ئەمریکا لە ٢٠١٩ هاتبێتە ئاراوە، بانگەشەی بۆ نەکراوە و بە باشی شاردوویانەتەوە.
سەدەی ٢١ بە لێشاوی سەرکێشی وتار و کتێب کە “ئیمپریالیزمی” نوێی ئەمریکایان لە خۆرهەڵاتی ناوڤین لە دوای یازدەی سێپتامبر [هێرشەکانی ئەلقاعیدە لە وڵاتە یەکگرتووەکان ٢٠٠١] مەحکوم دەکرد دەستی پێکرد. بەڵام کتێب لەبارەی مەحکوم کردنی سەرهەڵدانی ئیمپریالیزمی ئێرانی بە دڵۆپەش نەهاتوونە دەر.
کە وا بوو، بە ڕاستی پسپۆڕانی خۆرهەڵاتی ناوڤین خەریکی چن؟
لە دەرەوەی پیشەکە، ئەو شوێنەی کە چالاکان خۆیان مەڵاس داوە، دژە هێرشێک دەستی پێکردووە. لە ٧ی دێسەمبەر لایەنگرێکی ئێران بە ناوی حەمید دەباشی لە زانکۆی کۆلومبیا شتێکی بە ناوی “نامە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا” نووسی و بڵاوی کردەوە و لەویدا دژی “پرۆژەی ئیمپریالیستیی وڵاتە یەکگرتووەکان” بە یارمەتی ڕێکخراوی دراوی ناونەتەوەیی [IMF] کە “بە تەمای گەڕاندنەوەی دەوڵەتداریی کۆلۆنیالی نوێ بە شێوەی ڕێژیمی سەر بە وڵاتە یەکگرتووەکانە” هەڵوێستی گرتووە. دەباشی بە شێوەیەک ٣٨ ئاکادێمیسیەنی ڕازی کردن (١٢ لە وان لە خوێندنگەی باڵای کالیفۆرنیان) تا لەگەڵ تێکەڵاوێکی ناجۆر لە هونەرمەندان، چالاکان، یاساناسان و بڵاوکەرەوەی پادکەست نامەیەکی سەیروسەمەرە واژۆ بکەن کە بە تەواوی لە سەرهەڵدانەکانی مانگی نۆڤەمبەر لە ئێران ناحاڵییە.
تەنانەت سۆسیالیستەکانی گۆڤاری نیو پاڵیتیکس، هەڵەی نامەی دەباشییان “لە باس نەکردن لە نفوزی سەرکوتکەرانە و تووندوتیژانەی ئێران لە سووریە، لوبنان و عێراق” دیتووە و ئیددیعای “بیرۆکەی ئیمپریالیزم، کە شێوە ئیمپریالیزمی ئێران ناگرێتەوە و مەحکومی ناکا” بە بێ بنەما دەزانێ.
پسپۆڕە ئاساییەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین پێیان باشترە وا بنوێنن کە ئیمپریالیزمی ئێرانی بوونی نییە، جا “شێوە” بێ یا ئی دیکە. کاتێک کە سەدان و ڕەنگبێ هەزاران لەوان لە گردبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی توێژینەوەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین لە نیوئۆرلینز لە مانگی ڕابردوودا بەشدار بوون، وێدەچوو کە باسەکە لەبیر کرابێ. لە ماوەی چوار ڕۆژ، ٢٠ کۆبوونەوەی ئاکادێمیکی بەڕێوە چوون، کە هەر کامیان باسی ١٨ تا ٢٤ بابەتیان تێدا کردبوو، کە کۆی هەمووان ٣٠٤ دانیشتنی لەخۆ گرت: پانێل، دانیشتن، ئاخاوتنی بابەتییانە، وتار و کۆبوونەوە لە بارەی پرسی هەنووکەیی. لە هەرکام لەو پێشهاتانەدا لانی کەم نیو دەرزەنێک پسپۆڕ تیایدا بەشدار، بەڕێوەبەر یا چاودێر بوون. و تەنانەت تاکە یەک دانەش بۆ باس لە سەر نفوزی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە لوبنان، عێراق، سووریە و یەمەن تەرخان نەکرابوو. هیچ شتێک لەبارەی سەرهەڵدانی ئیمپراتوری ئێران نەگوترا. بەڵام ئیمپراتوری قاجار لە چەند کۆبوونەوەدا باس کرا. هەروەها چەند کۆبوونەوە لە بارەی شوێنێک بە ناوی “فەلەستین/ئیسڕائیل” یا “ئیسڕائیل/فەلەستین” بەستراوە بە حەزی چاودێری کۆبوونەوەکە پێکهاتن.
پرۆژەی ئیمپریالیستیی ئێران یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی مێژووی سەردەمە، و هێڵە سەرەکییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی و باوەڕی قووڵی کۆری پرۆفیسۆرەکان [بواری توێژینەوەی خۆرهەڵاتی ناڤین] یەک دەگرێتەوە. بەڵام زۆربەی ئاکادێمیسیەنەکان بە شێوەیەکی جێگای سەرنج لە بارەی کۆلۆنیالیزمی ئێران ناکونجکۆڵن. ئەوەیە بەفیڕۆدانی هەل.