کوردەکان هیوادارن پشتگیریی ئیسڕائیل تەنیا قسە نەبێ

کوردەکان هیوادارن پشتگیریی ئیسڕائیل تەنیا قسە نەبێ

ئورشەلیم پۆست – سێت جەی فرانتزمەن. ئامادەکردنی: کەماڵ حەسەن پوور

لە ١٨ی دێسەمبەر، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیسڕائیل، گیدیۆن سەعر، چاوی بە یەنس پلۆتنەر، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی سەرۆکی ئاڵمانی فیدڕاڵ کەوت. سەعر گوتی، “من پێداگر بووم کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەوری لە پارێزگاریی لە کەمینەکانی سووریە، لە ناویاندا کەمینەی کورد هەیە کە لەو ڕۆژانەدا لە ژێر هەڕەشەی هیرش کردن بۆ سەریانن.” گەلێک لە کوردانی سووریە هیوادارن ئیسڕائیل زۆر زیاتر لە بڵاو کردنەوەی لێدوان لەمەڕ ئەو هەڕەشانە کە ئێستا ئەوان لە سووریە بەرەوڕووی دەبنەوە، بکات.

لە گفتوگۆکانی دوو حەوتووی ڕابردوودا، زۆر کەس جەختیان لە سەر ئەو پرسیارە کردووەتەوە کە ئاخۆ ئیسڕائیل شتێک دەکات تا یارمەتییان بکات. لە خۆرهەڵاتی سووریە، ئەمڕۆ گەلێک کورد لەوە دەترسن کە تورکیە کەڵک لە دەرفەت لە بشێویی سووریە بۆ هێرش بۆ سەر شارەکانی وەک کۆبانی و شوێنی دیکەی کە کورد لێی دەژین، وەرگرێ. ئەوان پێشتر لە ٢٠١٨ بینیویانە کە تورکیە هێرشی کردە سەر ناوچەی کوردیی عەفرین لە باکووری سووریە، میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تێبەردان تا بە گوندە کوردییەکان وەربن و زیاتر لە ١۵٠ هەزار کوردیان وەدەرنا. ئەو خەڵکە پەنایان بۆ دەوروبەری تەل ریفعەت، لە نزیک حەڵەب برد و لەوێ لە خێوەت و کاولەکۆنان دا دەژیان. لە سەرەتاکانی دێسەمبەری ٢٠٢٤، پاش ئازاد کرانی حەڵەب لە دەسەڵاتی هێزەکانی ئەسەد، میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیە هێرشیان کردە سەر کوردە ئاوارەکانی تەل ریفعەت و ناچاریان کردن جارێکی دیکە ڕا بکەن.

کوردەکان لە عەفرین، ناوچەکانی نزیک حەڵەب و هەروەها ناوچەکانی نزیک سەری کانی لە باکووری سووریە، پاکتاوی ئەتنیکی کراون. زۆر شار و شارۆچکە لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریە هەن کە کوردێکی زۆری لێ دەژین و، ئەوان هیوادارن نەکەونە بەر هێرش. بەڵام، هێرشەکان هەر ئێستا لە دەوروبەری ئەو شوێنانە دەستیان پێ کردووە.

بەشێکی زۆری خۆرهەڵاتی سووریە لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و خۆرهەڵاتی سووریە و هێزە چەکدارەکانی، هێزەکانی سووریەی دێموکڕات (هسد)، دایە. هسد بە پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠١۵ دامەزرا تا یارمەتیدەری شەڕ لەگەڵ داعش بن. هسد عەڕەب، کریستیان و تاقمی دیکە لەخۆ دەگرێ، بەڵام بەشە سەرەکییەکەی لە جەنگاوەرانی کورد پێکهاتووە.

ئەو جەنگاوەرانە لە ٢٠١٩ و دوای چەند ساڵ شەڕی سەخت، لە زۆربەی شوێنەکانی سووریە بە سەر داعش دا سەر کەوتن. بەڵام، تورکیە دژایەتی هسد دەکات و ئەوان تاوانبار دەکات کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، کە ئانکاڕا وەک تاقمێکی تێرۆریست سەیریان دەکات. تورکیە ئیدیعا دەکات کە لە سووریە دژی “تێرۆریزم” شەڕ دەکات، بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەوە نییە کە هسد، تاقە جارێکیش، هەڕەشەی لە تورکیە کردبێ. لە شەڕەکەی دژی هسد لە سووریە، تورکیە پشتی بە میلیشیای توندئاژۆ بەستووە، کە بە سوپای نەتەوەیی سووریە ناوی دەبات. لە ڕاستیدا، سوپای نەتەوەیی سووریە لە چەند تاقمی بچووک پێکهاتووە، کە زۆربەیان لەبەر بارمتە گرتنی ژنان، بارمتە گرتن بە گشتی و کوشتنی خەڵک ناسراون. سوپای نەتەوەیی سووریە لە زۆر ڕوانگەوە بیرهێنەرەوەی تاکتیکەکانی حەماسە. ئەوە شتێکی سەر سوڕ هێنەر نییە، ئانکارا بە هەمان شێوە پشتیوانی حەماسە و خانەخوێی ئەندامەکانیەتی. ئەمڕۆ، هسد ناوچەکانی بە درێژایی سنووری تورکیە، وەک شاری کۆبانی، قامیشلی و دەریک، کۆنتڕۆڵ دەکات. ئەو هەروەها ناوچەکانی ناوەوەی خۆرهەڵاتی سووریە، وەک شارەکانی حەسەکە و پێتەختی پێشووی داعش، ڕەققە کۆنتڕۆڵ دەکات. بە هاوبەشیی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، هسد هەروەها کەناری خۆرهەڵاتی ڕووباری فوڕات کۆنتڕۆڵ دەکات.

ئەوە ناوچەیەکی مەزنەر بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و، هسد بەرەوڕووی گەلێک مەترسی دەبێتەوە، لە ناویاندا لە لایەن تورکیە، سوپای نەتەوەیی سووریە و، هەروەها خانەکانی داعش. بێجگە لەوە، هسد دەبێ بیر لەوە بکاتەوە چی لەگەڵ دەوڵەتە نوێیەکەی دیمەشق بکات کە خەریکی دامەزراندنە. بە پێچەوانەی هێزەکانی سوپای نەتەوەیی سووریە کە لە لایەن تورکیەوە پشتگیریی دەکرێ، ئەو تاقمەی دیمەشقی گرت، بەرانبەر بە کوردان توند نەبوون. ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی حەیات تەحریر ئەلشام، بە ئاشکرا گوتوویەتی کوردەکان بەشێک لە سووریەن. ئەو لانی کەم دەڵێ دەوڵەتێکی گشتگری دەوێ.

لە خۆرهەڵاتی سووریە، کوردەکان و هسد هەموو ڕۆژێک بەرەوڕووی هێرش دەبنەوە. درۆنەکانی تورکیە هێرشی ئاسمانی دەکەن و و سوپای نەتەوەیی سووریە، کەڵک لە تۆپخانە وەردەگرێ تا شارەکان بکاتە ئامانج. بەنداوێکی سەرەکی لەسەر فوڕات بە نێوی تشرین بە هەمان شێوە لە لایەن سوپای نەتەوەیی سووریەوە هەڕەشەی لێ دەکرێ. بێجگە لەوە، هسد لە شاری مینبەج، شارێک کە لە ٢٠١٦ لە ژێر دەسەڵاتی داعش ئازاد کرا، کشایەوە. ئێستا، خەڵکی مینبەج لە هەراسان کردنەکانی سوپای نەتەوەیی سووریە سکاڵا دەکەن.

کێ پشتی کوردەکانی سووریە دەگرێ؟ کوردانی سووریە پرسیار دەکەن ئاخۆ ئیسڕائیل لە پشت لێدوانە ئەرێنییەکانی لەمەڕ پشتگیریی کردن لێیان دەوێستێ؟ ئەوان پرسیار دەکەن “ئیسڕائیل ڕزگارمان دەکات”؟ ئەوان دەڵێن ئیسڕائیل دەبێ پشتگیریی ئاسمانیی لە هسد بکات. ئەوان نیگەرانن کە تورکیە و قەتەر بە پشتگیریی کردنی گرووپی وەک حەماس هەڕەشە لە خۆرهەڵاتی سووریە بکەن، کە لە نێوەڕۆکدا، هاوشێوەی ئەو پشتگیرییە بێ کە ئانکارا و دۆحە لە حەماسیان کرد کە بووە هۆی کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبەر. هێندێک سەرچاوە هیوادارن هەر ئێستا هاوئاهەنگیی بێدەنگ لە ئارا دابێ، یان لە نێوان ئیسڕائیل و هسد، یان لە نێوان ئیسڕائیل و هاپەیمانییەکەی بە ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان، کە پشتیوانی هێزەکانی سووریەی دێموکڕاتن. بەڵام، پرسیاری سەرەکی کوردان ئەوەیە کە ئاخۆ ئیسڕائیل بەتەمایە کارێک بکات؟

ئەو کارە هەمیشە ڕوون نییە، بەڵام ئەوان هیوادارن پشتگیریی ئیسڕائیل ببێتە هۆی پارێزگاریی لە کەمینەی کورد لە خۆرهەڵاتی سووریە. ئەوە دەتوانێ لەبارەی ئاگربڕێک لە خۆرهەڵاتی سووریەدا بێ کە ئانکاڕا بە ڕاستی ڕێزی لێ بگرێ. وڵاتە یەکگرتووەکان ئاگربڕێکی کورتی جێبەجێ کرد، بەڵام سوپای نەتەوەیی سووریە درێژە بە هێرشەکانی دەدا و ئانکارا درێژە بە هێرشە درۆنیەکانی خۆی دەدا. لە بنەڕەتدا، هسد قەت بۆ تاقە جارێکیش ئەو لایەنە نەبووە کە تەقەی دەست پێکردبێ، ئەوە هێرشێکی یەکلایەنەیە کە لەویدا ئانکارا و سوپای نەتەوەیی سووریە درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن.

هسد هێزێکی لە ڕادە بەدەر کاریگەر بوو لە دژی داعش. بەڵام، کاری ئەوان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان بووەتە هۆی ڕاکیشرانی سەرنجەکان بەرەو ئەوان. لە ئاکامدا تورکیە دەیهەوێ هسد لە خۆرهەڵاتی سووریە نەهێڵێ و بە بەردێک دوو نیشانە بشکێنێ و لە هەمان کاتدا هێزە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان سووریە بەجێهێڵن. چەند ساڵە، تورکیە لەگەڵ ئێران و ڕوسیە لە سەر سیاسەتی سووریە هاوئاهەنگ بووە. ئێستا، وێدەچێ ڕوسیە و ئێران سووریەیان جێهێشتبێ. ئەوە دستڕۆیشتووییەکی تاقانە بە تورکیە دەبەخشێ. ئەو پێی وایە ئێستا ئیدی دەستی بۆ هەموو شتێک ئاواڵایە. کوردانی کۆبانی نیگەرانن. ئەو شارە لە ٢٠١۵-٢٠١٤ لە بەرانبەر هێرشێ دڕندانە و گەمارۆی داعش خۆی ڕاگرت. کوردەکان خۆیان لە بەرانبەر داعش دا ڕاگرت و شارەکەیان ئەستاندەوە. شارەکە بووە سیمبولی یەکگرتوویی کوردان. ئەو شارە لە سەر سنووری تورکیەیە و، تورکیە لە دژی داعش هیچ یارمەتییەکی بەوان نەکرد. بەڵام، لە چرکەساتێکی دەگمەن دا ئیزنی بە هێندێک پشتگیریی دا، ئانکاڕا ڕێگای بە پێشمەرگەی کورد دا لە باکووری عێراقەوە بپەڕنەوە و یارمەتی بە کوردانی کۆبانی بکەن.

بەڵام لە ساڵەکانی دوای ئەو ڕووداوانەدا، ئانکارا دیوارێکی سنووریی دروست کردووە و بە گشتی خۆرهەڵاتی سووریەی گەمارۆ داوە. ئانکاڕا کەڵک لە دەوری خۆی لە ناتۆدا و دۆستایەتییەکەی لەگەڵ خۆراوا وەردەگرێ تا ئەوانی دیکە لە ئاست خۆرهەڵاتی سووریە ڕوو وەرگێڕن. بۆ وێنە، لە کاتێکدا کە هێندێک لایەن سەرکۆنەی ئیسڕائیل دەکەن کە لە بەرزاییەکانی گۆلان ناوچەیەک وەک سپەر دەگرن، هیچ باسێک لە داگیرکاریی تورکیە لە ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری سووریە نییە. ئێستا ئانکاڕا ڕەنگبێ هەوڵ بدا داگیرکارییەکەی بەرفراوانتر بکات. کوردەکان دەڵێن، پشتگیریی ئیسڕائیل لە کوردان لە دۆخی ئێستادا گەلێک گرینگە.