شەهید مەلا ئاوارە لە بوومەڵێڵی یادەوەری مندالیم و ریوایەتی بە سرتەی شاردا. نووسینی سەید ئەحمەد حوسێنی
شەهید مەلا ئاوارە لە بوومەڵێڵی یادەوەری مندالیم و ریوایەتی بە سرتەی شاردا. نووسینی سەید ئەحمەد حوسێنی
منداڵبووم و سەردەشت بەئاشکرا لە ژێر کاریگەری رووداوەکانی سەردەمی ئەوکات واتە شۆرشی گەرمێن و بزووتنەوەی ٤٦ ـ ٤٧ دا بوو کە شرۆڤە و لێتێگەیشتنی بۆ ئێمەی منداڵ ئاستەم بوو.
خەلکی هەژار و زەحمەتکیشی ناوچە شەونشینی و چاوپێکەوتنەکانیان چڕکردبۆوە و دانیشتنەکان بە خۆزگە و بریا ئاخنرا بوون و بە غروورەوە ئاڵوگۆر و هەواڵ و زانیاریەکانی شورشی گەرمێنیان بە سرتە بۆ یەک دەگێرایەوە.
کوردایەتییەکی سادە و سرووشتی، پەرۆشیی ئازادی و رزگاربوون لە چەوسانەوە و شانازی زێدەرۆیی شۆرشی گەرمێن، بەئاشکرا بەروخساری شارەوە دیار بوو.
ماوەیەک بوو لێرە و لەوێ خەبەری تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی کوێستان و ئەرتەش و ژاندارمەری رژیمی پەهلەویش بڵاو دەبۆوە و ناوچەکانی مەنگورایەتی و خانێ و بانێ و سەردەشت گۆرەپانی ئەم چالاکیانە بوون. میزاجی شەونشینیەکان پێوەندی راستەوخۆی هەبوو دەگەڵ چاڵاکی پێشمەرگەکان.
مەلا ئاوارە ناوێکی دیاری ناوچەی سەردەشت بوو بەلام زوربەی خەلک ناوەرۆک و مەرام و هیوای ئەویان بە تەواوی نەدەناسی.
دەوترا مەلا ئاوارە و پێشمەرگەکانی بەردەوام لەناو خەلکدان و وێرای کاری سیاسی، کێشەکانی کۆمەڵایەتی جوتیار و وەرزێرانی ناوچەکەشیان چارەسەر دەکرد.
کوردستان میلیتاریزە کرابوو و پادگانی شاری سەردەشت و پاسگاکانی ناوچە بەهێزکرابوون و هاتووچووی هیلیکوپتەر و ماشێنەکانی ئەرتەشی زیادی کردبوو. جارجاریش کەڵاکی کوژراوەکانی رژیم دەهیندرانەوە بۆ ناو شار.
لەکاتێکدا ئێمە و دونیای مندالیمان ئەو جموجۆڵانەمان پێ سەیر و سرنجراکێش بوو، لەناو گەورەکان و ئەوانەی هۆکاری ئەم کەشەیان دەزانی، سەخڵەتی و پەرەۆشی و لە هێندێ حاڵەتدا خۆشحالی درووست دەکرد.
دەنگۆ بلاو بۆوە کە مەلا ئاوارە و چەند هاورێی لە دیواڵان گیراون. شار مات و لە نەبوونی زانیاری تەواودا، کاس بوو. شەوانە دەیان جۆر لێکدانەوە و گریمانە دەبوونە بابەتی دانیشتنەکانی هەژارانی ناوچە و هەر کەس بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی شرۆڤەی ئەو رووداوەی دەکرد.
بێگومان ئازاری ئەم کارەساتە زۆرتر بە روخساری دێهاتەوە دیار بوو.
لە ناو پادگان و ساواک و زینداندا چ دەگوزەرا، بۆ خەڵک روون نەبوو. چۆن گیرابوو و لە دادگای نیزامی جەلدیان چی بەسەر هاتبوو کەس ئاگادار نەبوو. تەنیا هێندێ گۆیا و دەنگۆ بڵاو دەبوونەوە کە تەواوی حەقیقەت نەبوو.
ڕۆژێکیان لەناوشاردا بڵاو بۆوە کە مەلا ئاوارە لە پادگانی شاری سەردەشت قسەدەکات و داوا لە خەلک کرابوو یان هێندێک خەلکی شار بانگهێشت کرابوون بەشداری ئەو کۆبوونەوە بن. ئامانج و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە چی بوو، لانیکەم بۆ زوربەی خەلکی شار روون نەبوو و تا ئێستاش لە لایەن بەشدارانی ئەو بۆنەیە کە زوربەیان خوێندەوار و بەشێکیان ماقووڵ و پیاوی میری بوون، نە لەبیرەوەری نوسراو و نە لەگێرانەوەی زارەکیدا بڵاو نەبۆتەوە و ئەوەش یارمەتی داوە کە لە یادەوەری کۆیی خەلکی شاردا بسردرێتەوە. دوای رووخانی رژیمی پاشایەتیش، پێم شک نایەت کەس بەدوای کەلێن و قوژبنی ئەم رووداوەدا چووبێت و بە لێکۆلینەوەی ورد تیشکی خستبێتە سەر ئامانج و مەبەستی رژیم و قسەکانی شەهید ئاوارە.
بێگومان رژیم بە ئاوات بوو ئاوارە لە خەت و ریبازی خۆی پەژیوان بێتەوە و بەشاهیدی خەلک داوای لێبووردن لە رژیم بکات، بەلام لێرە و لەوێ وا باس دەکرا کە شەهیدی سەرکردە، بەوپەری بوێریەوە بەرگری لە خۆی و رێباز و هەژارانی کوردستان دەکات و رژیم و سیستەمی دەولەت دەگرێتە بەر توانج و رەخنە.
هەروەک ئاماژەی پێکرا دەقی قسەکانی ئاوارە لە سەرچاوەیەکی بەڵگەمەند بڵاو نەبۆتەوە بەلام لە ناوخەلکدا بلاو بۆوە کە شەهید ئاوارە لە چەند تەوەری جیاوازدا زولم و زۆری دەزگای چەوسێنەری دەولەت شیدەکاتەوە.
دەلێت: وەرزێری ئێمە بە ئارەقی ناوچاوان توتنەوانی دەکات، بەرهەمەکەی دوخانیات دەیبات. هیچ ئامرازێکی وزە لە بەردەست هەژاراندا نیە جگە لە دارستان و سرووشت، جەنگەڵبانی خەلک جەریمە دەکات. ژاندارم بەسەر ژیان و ماڵی هەژاراندا زاڵە و وەک زەروو خوێنی گوندنشینەکان دەمژن.
شار و ناوچە پرە لە پادگان و پاسگای ئەرتەشی کە دەگەڵ ساواک کاریان کوشتن و تاڵان و بێحورمەتی بە تاکی کوردە و ژیانی خەلک و کوردستانیان کردۆتە زیندان، بۆیە ئێمە بیر لە خەبات و رزگاری و ئازادی دەکەینەوە و دەستمان داوەتە چەک.
پاش ئەو دیفاعە قارەمانانە لە کورد و کوردستان سەرئەنجام لە بەرەبەیانێیەکی مانگی خەرمانانی ساڵی ٤٧ ، شار هێشتا خەوالوو و رەنجبەران سەرقاڵی کارو فەرمان بوون، چەند ژاندارم و پیاوکوژی ساواکی شا، شاعیر و پێشمەرگە و کادر و سەرکردەی لێوەشاوەی کورد مەلا ئاوارە و دوو لە هاورێیانی لە خوارەوەی شاری سەردەشت تێرەباران دەکەن.
کە خۆر لە ناوەراستی ئاسماندا لەنگەری گرت، ئەو هەواڵە ماڵبەماڵ لە گەرەک و شەقامەکاندا بڵاو بۆوە. ژنان بە دزییەوە سینگیان دەکوتا و پیاوان لە دەرووندا هەنیسکیان دەدا. منداڵانیش بۆ تێگەیشتن لەو کارەساتە و سرتە و چپەی گەورەکان بە ناو شاردا دەگەران و هەنگاوێک لە مانای دەستەواژەی ” کورد و عەجەم” نزیک دەبوونەوە و عەجەمێکی غەریبی کاربەدەستی سیستەمی دژەکوردی پەهلەوییان نیشان یەک دەدا و دەیانوت: دەلێن ئەم جەللادە مەلا ئاوارەی شەهید کردوە و دەستی بە هێمای سەرکەوتن لە خوێنی شەهیدان وەرداوە.
ئەو ئێوارە خەلکی زووتر چوونەوە مالەکانیان و لە کۆزی خەمیژگەیان دەستەوئەژنۆ دانیشتن. شەو بالی بەسەر خەمی شاردا کێشا، پەکوو و ڕق و فرمێسک تێکەڵ بە لاوکی پیرەپیاوی سۆرانی سپی مال دەبوون کە لەبەر خۆیەوە بە دەنگێکی نەرم و هەوایەکی خەمین دەیوت:
لەشکری عەجەمان زۆرن چ نینە
بەهەزار عەجەمی بە کوردێکی نینە
بەلام ڵاڵ بم کوردان پشتێ مەیان شکاندینە.