مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری پێبەخشرا
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ٩٧ی هەتاویی بەرانبەر بە ١٠ی مارسی ٢٠١٩ی زایینی لە ڕێوڕەسمێکدا سەرۆکاتیی زانکۆی کۆیە بڕاونامەی دوکتۆرای فەخری لە بواری وەرگێڕان، بە بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سیاسەتمەدار و ئەدیبی ناسراوی کورد بەخشی.
ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەدیبان و نووسەرانی کورد و هەروەها ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەستیپێکرد.
سەرەتا دوای هاتنە سەر شانۆی ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە، بۆ ڕێزلێنان لە سەرجەم شەهیدانی کوردستان خولەکێک بێدەنگی ڕاگیرا.
پاشان دوکتور عوسمان دەشتی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، کورتەیەکی لە سەر ئامانج لەو بڕاونامە بەخشینە باسکرد و، ڕایگەیاند؛ کە زانکۆی کۆیە بە مەبەستی ڕێزگرتن لەو کەسایەتییانەی کە لە ژیاندا ماون چەند ساڵە هەوڵی هاوشێوەی داوە بۆ بەخشینی بڕاونامەی دوکتۆرای فەخری ئەو زانکۆیە، کە دوای بەخشینی ئەو خەڵاتە بە بەڕێزان دوکتور عیزەددین مستەفا، د. کەماڵ مەزهەر و مام جەلال تاڵەبانی، ئەمجارە ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە بەڕێز عەبدوڵڵا حەسەنزادەی لە بواری وەرگێڕاندا هەڵبژاردوە و بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری پێدەبەخشرێت.
لەو پێوەندیەشدا کورتە فیلمێک پێشان دار و، دواتر کورتە فیلمێکی دیکیۆمێنتی تایبەت بە ژیانی ئەدەبی و سیاسی بەڕێز حەسەنزادە بۆ ئامادەبووان نواندرا.
پاشان لە وتاری سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە کە دوکتور حەیدەر پێشکەشی کرد، ئاماژە بە هۆکاری دەستنیشان کردنی مامۆستاعەبدوڵڵا حەسەنزادە بۆ پێدانی بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری درابوو، هەروەها لەو وتارەدا ئاورێک لە تایبەتمەندییەکانی قەڵەمی حەسەنزادە بەتایبەتی لە بواری وەرگێڕانەکاندا درایەوە.
لە بڕگەیی دیکەدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە دوکتور وەلی مەحموود لە لایەن سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیەوە بڕاونامەی دوکتۆرای فەخری لە بواری وەرگیڕان بە فەرمی پێشکەش بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کردو، بە گەرمی لە لایەن ئامادەبووانی ئەو ڕێوڕەسمەوە چەپڵەڕێزان کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە دکتور ڕێبوار سیوەیلی بە نوێنەرایەتیی ئاکادیمیای زمانی کوردی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و پاشان دوکتور عەبدولفەتاح بۆتانی سەرۆکی ئاکادیمیای زمانی کوردی بانگهێشت کرد بۆ بەخشی بڕوانامەی دوکتۆرای شانازی ئەو ئاکادیمیایە بە ئەدەیب و تێکۆشەری خۆشناوی کورد مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە.
لە بڕگەیەکی دیکە لەو ڕێوڕەسمە ڕەسووڵ سوڵتانی شاعیر و وەرگێڕی حیزبی دێموکرات لە وەسفی دوکتور عەبدوڵڵا حەسەنزادە پارچە شێعرێکی پێشکەش کرد.
پاشان بەڕێز دوکتور عەبدوڵڵا حەسەنزادە چەند وتەیەکی بەنرخی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و، لە قسەکانیدا وێڕای باسێکی کورت لە سەربردەی ژیانی هونەری و سیاسی خۆی، سپاسی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیەی کرد بۆ ئەو خەمخۆرییە نەتەوەییە.
هەروەها تێکۆشەری دێرینی کورد کاک جەلیل گادانی وەکوو هاوسەنگەر و هاوڕێی دێرینی بەڕێز حەسەنزادە ، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا پاش خوێندنەوەی کۆمەڵێک برووسکەی پیرۆزبایی لایەن و کەسایەتییەکان کە بۆ ئەو ڕێوڕەسمەیان ناردبوو، دەیان چەپکەگوڵ لە لایەن دوستان و ناسیاوان و بنەماڵەی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکەش بە دوکتور عەبدوڵڵا حەسەن زادە کرا.
شیاوی باسە بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چەپکە گوڵەوە لەو ڕێوڕەسمە بەشداریی کرد و، هەروەها بەرێز عومەر باڵەکی بە نوێنەرایەتیی دەفتەری سیاسییەوە، چەپکە گوڵی ڕێزلێنانی پێشکەش بە دوکتور عەبدوڵڵا حەسەنزادە کرد.
ئەو ڕێوڕەسمە بە گرتنی وێنەی یادگاری کۆتایی پێهات.