کتێبەکانی مێژووی گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ”سەردەمی زێڕێنی نەتەوایەتی

کتێبەکانی (مێژووی گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ”سەردەمی زێڕێنی نەتەوایەتی”) نووسینی قاسم قازی
ئەحمەد کاکەمەمی: مزگێنی ، دەرچوونی دووکتێبی مێژوویی پڕناوەرۆک و باوەڕپێکراوی مێژووی سەردەم، کتێبەکانی (مێژووی گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ”سەردەمی زێڕێنی نەتەوایەتی”)
بە هۆی چاپخانەی هەرزان( Kitab- i Aezan) پێشکێشی گەنجینەی کتێبخانەی کوردی و خوێنەران کران. http://arzan.se

پیرۆزبایی و دەستخۆشی و شادکامی و کامڕەوایی بۆ نووسەری بەتوانا و ماندوویی نەناس کاک قاسم قازی!

کاک قاسم قازی دوایی بە ساڵان کاری بەردەوامی لێکۆڵێنەوە و بە دوادا چوون… سەرەنجام دوو کتێبی پڕ باییخی مێژوویی نیوە سەدەی سەرەتای سەدەی ٢٠ی بە ناوەکانی (مێژووی گشتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان “سەردەمی زێڕینی نەتەوایەتی”)ی پێشکێشی گەڵ و نەتەوەکەی کرد.

کاک قاسم قازی چ وەک کادر و پێشمەرگەی دێرین و چ وەک نووسەرێکی دەستڕەنگینی بیر زەنگینی بارە جیاوازەکانی وەرگێڕانی کتێبی فەلسەفی و نووسینی رۆمان و مێژوونووسیی… یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکرات و ناوچەی موکوریان و شاری مەهابادە. کاک قاسم قازی لە بنەماڵەی هەرە نزیکی. پێشەوا قازی محەممەدە و یەکێک لەو کەسە دەگمەنانەیە کە ئاشنایەتی و شارەزایی و ئاگاداری تەواوی لە سەر بنەماڵەی قازییەکان و بە تایبەتی پێيشەوا قازی محەممەد و مێژووی کۆماری کوردستان و شاری مەهاباد هەیە. چیروکی گوێی ئاگردانی و سەر تەندوور و ژێر پێچکی کورسی و کەناری سۆبەی و سەر خەلە و خەرمانی دەورانی مناڵی کاک قاسم، چیرۆکی “مەرۆکە و بزنۆکە” و مریشکە قوڵە و مامە مەرە…” نەبووە. بەڵکوو دیرۆکی کۆمار و دەستکەوتەکان و خەونەکانی کۆمار و باس لە کەسایەتیەکانی کۆمار و ناکامییەکانی کۆمار و باسی ژیانی بێ بەشیی و بەش میحنەتی کوردان بووە. جار بە بێ دەنگی و جار بە بێ دڕدۆنگی لە بەر ڕووناکایی فتیلە یا چرا گڕسۆزێکی کز و جار لە بەر هاشەی چراتۆری ژووریک و لامپایەکی کارەبایی لە لایەن باب و مام و ئامۆزاکانی و بنەماڵەی قازییەکان و کاسایەتیە باوەرپێکراوەکانی کۆمار بە گۆی دا خوێندراوە و دە بیرەوەری مێشکی دا چەسپاون و بیر و فیکری پێ گۆش دراون.

بەرگی یەکەمی ئەم دوو کتێبە پڕباییخ و مێژووییە بە (کێشەی نێو نەتەوەیی و شەڕی یەکەمی جیهانی ) دەست پێدەکات و بە لێکدانەوە و باس و پێناسەی هەموو ئەو هەڵسوکەوتانەی پێوەندیان بە مەسەلەی کوردەوە هەیە و ڕوڵی کوردان بە تایبەتی ڕاپەرێنی سمکۆ شکاک و پەیمانەکانی جیهانی و نێونەتەوەی و ناوچەیی لە پێوەندی دەگەڵ مەسەلەی ناوچە و کورد و کوردستان وردبینانە و زانایانە و ئاگادارانە بە زمانێکی شیرین و پاراو دێنێتە بەر باس و بەیانیان دەکات.

لە بەشی چوارەمی لاپەڕەی ٥٩ ی بەرگی یەکەم دا دێتە سەر باسی (شەڕی دووهەمی جیهانی) و تەئسیری ئەم شەڕە لە ناوچە و بە تایبەتی وڵاتانی زاڵ بە سەر کوردستان و هەر وەها وەزعێەتی گشتیی کوردستان لە هەر بارێکەوە (کۆمەڵایەتی، تەندروستیی، ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی، نیزامی… )

لە بەشی ١٧هەمی لاپەڕەی ٣٤٩ دا باس لە (دامەزرانی حیزبی دێمۆکرات) و پێناسەی و بەرنامە و ئامانجەکانی حیزب و کەسایەتییەکانە…

لە بەشی ٢٣ لا پەڕەی ٤٤٢ دا دێتە سەر باسی (کارەکانی دەوڵەتی خودموختاری کوردستان) و دەستکەوتەکان و ڕەنگدانەوەیان لە کوردستان و ناوچە و حافیزەی مێژوویی مرۆڤی کورد و کوردستانی دا … بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە پڕباییخە لە بەشی ٢٨م دا بە (ڕەنگدانەوەی کۆمار لە سیاسەتی وڵاتانی زلهێزدا) و دە لاپەرەی ٦٢١ دا کۆتایی دێت.

بەرگی دووهەمی (مێژووی حێزبی دێمۆکراتی کوردستان ”سەردەمی زێڕینی نەتەوایەتی”

بە باس و شرۆڤەی(کارەکانی کۆماری کوردستان) دەست پێدەکات و بە وردی و ئاگاهانە و بەرپرسانە پێناسەی هەڵسکەوتی ئیدارە کۆمار و شرۆڤەی پتری دەستکەوتەکانی کۆمار دەکات. هەر وەها هەموو ئەوە کار و کردەوانەی دە پێوەندی دەگەڵ حکومەتی ئێران و دەوڵەتانی شۆرەوی و ئازەبایجانی شوورەوی، خەباتی مەدەنی و نیزامی دەگەڵ دەستەڵاتی تاران… پیوەندیەکانی دەگەڵ حکومەتی میللی ئازاربایجان (تەورێز) بە ڕێبەری نەمر ئاغای پیشەوەری … دێنێتە بەرباس.

دە بەشێ ٣٦ ئەم بەرگە دا دەێتە سەر باسی (ئامادەکاری بۆ ڕووخانی کۆماری ئازەربایجان و کوردستان)… و هەر وەها فاکترەکانی نێوخۆیی و دەرەکی…

لە لاپەرەی ٣٣٦ دا دەگاتە سەر باسی (کۆماری کوردستان گەمارۆ دەدرێت). … نووسەر بە وردی باس لە هۆیەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستان و بافتی کۆمەڵاتی دەوران و گیرانی قازییەکان و دادگایی و وەسیەتنامە و ئێعدامی پێشەوای کوردان و هاوڕێیانی دەکات. دوا بەشی ئەم کتێبە لە بەشی ٤٣ و لاپەرەی ٥٢٨ دا بە باس لە (وەزعییەتی بارزانییەکان بە دوای ڕووخانی کۆماردا) دەست پێدکات و بە لاپەڕەی ٦٢٥ دا کۆتایی دێت.

کار و خەباتی تێکۆشەری ڕێزدار کاک قاسم لە نووسینی ئەم مێژوویەدا بەردەوامە. دەگەڵ داوای ساخ و سلامەتی، چاوەڕوانێنن هەر چی زووتر بەشەکانی دیکەشی پێشکێشی بارەگای حافیزەی گەلەکەی و خوێنەران بکات.

لام وایە هەر کەسێک دڵی بۆ ئازادی کورد و کوردستان لێ بدات و عەلاقەمەندی مێژووی کوردستان و ئێران (نێوان شەڕەکانی جیهانی یەکەم و دووهەم…) بێت پێویستە ئەم دوو کتێبەی دە کتێبخانەی خۆی دا هەبێت و بیانخوێنێتەوە.

پێشەکی سپاس بۆ ئەو کەسانەی ئەم دوو کتێبە دەخوێنێتەوە.

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت