نامەیەک بۆ “نەرگس محەممەدی” براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل. سەلیم حەقیقی 

نامەیەک بۆ “نەرگس محەممەدی” براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل. سەلیم حەقیقی
بەڕێز “نەرگس محەممەدی”!
بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی “نۆبێل”، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی جەنابت و سەرجەم ژنان و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان دەکەم. من هەست بە ئازارەکانی جەنابت دەکەم. ئێستا لە بەندیخانەدان و تەنانەت باس لەوە دەکرێ مانت لە خواردن گرتووە. هەست بەوە دەکەم دووری لە بنەماڵە و ئازیزانت چەندە سەخت و دژوارە. هەست بەوەش دەکەم لەژێر دەستی داگیرکەربووندا هەر چرکەیەک ساڵێکە.
خاتوو نەرگس! من وەک یەکێک لە بنەماڵەی شەهیدانی راپەڕینی “ژینا”، وەک باوکێکی جەرگ سووتاو وەک کوردێکی تاراو لە زێد و نیشتمان، دوای لەدەستدانی تاقانە کوڕەکەم (میلان حەقیقی)، کە دڵی پڕ بوو لە هیوا و خۆزگە و دواڕۆژێکی گەش، وەک “کیانا”ـی کچت و “عەلی”ـی کوڕت ئەویش دەیهەویست ئازاد بژیت، ئەویش ئاواتی بوو وەک هەموو لاوانی جیهان سەربەست و بەختەوەر بێت، بەڵام دەزانی لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی “نۆبێل”دا جارێکی دیکە برینم کولانەوە و خۆم بێکەس دیتەوە؟ دەزانی بۆ؟ کە لە “Tv” دیتم وێنەی میلانی کوڕم لە ساڵۆنێکی ناوەندی پێشکەشکردنی خەڵاتی نۆبێڵ هەڵواسراوە و وەک شانۆیەکی سەرشەقام خەڵک پێیدا تێدەپەڕین و چاویان لێدەکرد، بەبێ هیچ هەستێکی مرۆڤانە، ئەو وێنانە ئامرازێک بوون بۆ ئەو خەڵاتە خوێناوییە. دەزانی لە ماوەی ئەو ٢٧ خولەکەی کە کچ و کوڕە جوانەکەی جەنابت پەیامەکەیان دەخوێندەوە چاوەڕێ بووم تەنیا لە یەک شوێن ناوی نەتەوەکانی ئێران لەوانە کورد یان بەلووچ بێنیت سووکنایی دەبوو بۆ دڵم بەڵام لە پەیامەکەی جەنابتدا نەبوو، دەزانی ئێمە نەتەوەی کورد هەمیشە بووینەتە قوربانی و سووتمانی ئێوەی ناوەندگەرای دژە مافەکانی گەلانی چەوساوەی ئێران؟ لانیکەم هەمووتان دەزانن ئێمەی کورد بەردەوام خەباتمان کردووە، خوێنمان داوە، دەسبەسەر کراوین، لە سێدارە دراوین و ئەشکەنجە و ئازارمان دیوە، لە زێد و وڵاتی خۆمان دەرکراوین، راونراوین، بەڵام خەڵکانیک لەسەر تەرمی قوربانیی ئێمە شایی و بەزم دەگێڕن و گۆرانی و سەما دەکەن، پارە کۆ دەکەنەوە و پلە و پایەیان بەرز دەبێتەوە!
خانمی محەممەدی! دەزانی من جگە لە کوردبوونم، هاونیشتمانی نۆروێژیم؟ دەزانی چەند کیلۆمەترێک لەو ساڵۆنە گەرمەی هەزاران کەسی نەدیو و نەناس خۆیان ڕازاندبۆوە، لە کەشێکی سارد و بەستەڵەکدا دەباڵە خۆمدا دەکوڵیم و فرمێسکم بۆ بەختی خۆم و گەلەکەم هەڵدەڕشت؟ دەزانی بیرم لە چ دەکردەوە؟ ئەگە ئێمەش وەک ئێوە کیانێکمان هەبا، ئەگە ئێمەش وەک ئێوە توانیبامان چەواشە بکەین و بە ناوی پیرۆزی مافی مرۆڤ و ئازادی و دێموکراسی گەلانی ئێران بگەوجێنین و بەبێ هیچ ویژدانێک بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتانە لابی بکەین، ئێستا ڕەنگبوو “زارا” و “موژگان” و دەیان کەس لە خوشک و برایانم شایەنی ئەوە بان, براوەی ئەو خەڵاتە بان؟ دەزانی ئێستا من بیر لە چ دەکەمەوە؟ دوای ئەوەیکە کوڕەکەم لەسەر شەقام بە فیشەکی دەستەڵاتی تاران کوژرا، منیش وەک زۆربەی ئازادیخوازان لێرە لەم وڵاتە ئازاد و دێموکراتەدا ناڕەزایەتیم دەربڕێ، بەڵام دەزانی هەتا ئیستا بە سکاڵای ڕێژیمی ئێران دادگایی کراوم و هەتا ئێستا چاوەڕێی سزاکەمم و دیار نییە لەم غوربەتە نادادپەروەرییەدا چیم بەسەر دێ؟
دەزانم جەنابت بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئاواتەکانت زۆرت ئازار چێشتووە، بەڵام ئەوەش دەزانی ئێمەی کورد لە پێناو مافە ڕەواکانمان هەتا ئێستا هەزاران کەسمان کوژراون و هەزارانی دیکەش گیران و بێ سەروشوێن کران و هەزارانیش دەربەدەر؟ دەزانی چەخماخەی ئەو شۆڕشەی بە دروشـمی “ژن، ژیان، ئازادی، لێدرا لە کوردستانەوە بوو؟ ئەو شۆڕشەی جەنابت ئەو خەڵاتەت پێ وەرگرت، ئەو ڕاپەڕینەی سەدان ژن و پیاوی کورد تێیدا شەهید کران و سەدان کەس بینایی چاویان لەدەست دا و بریندار بوون و کەمئەندام کران. هەزارانیش گیران و زۆریان ئێستاش لە بەندیخانەکاندا وەک جەنابت دەسبەسەرن؟ هەڵبەت بەوجیاوازییەی ئەوان زۆربەیان هەروا چارەنووسیان نادیارە و زۆریشیان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و بەشێکیشیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی خۆیان فیدای ئازادی و دێموکراسی راستەقینە و باوەڕەکانیان کرد.
مادام بەداخەوە ئیستا لە بەندیخانەی، پێشنیار دەکەم چیرۆکی “هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان” لە نووسینی “بێهروز بووچانی” بخوێننەوە. ئاخر ئەوکاتەی منیش لە تەمەنی مناڵیدا بە تاوانی کوردبوون گیرام و سزای ئێعدامم بەسەردا سەپإٕ، لە بەندیخانەی ناوەندیی “ورمێ” زۆرم کتێب لە “ئالی ئەحمەد و هیدایەت و جەمالزادە و …” خوێندنەوە، بۆیە دەڵێم ئێمە زۆر بێکەسین، چونکە ئێوە هاوژینێکی وەک بەڕێز “تەقی ڕەحمانی”تان هەیە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات و چالاکی دەکات. ئەو ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە و زۆریش دڵگەرمە بە پشتیوانی بەهێز و خاوەن دەستەڵات، بەڵام ئێمە چی؟ چەند حیزبێکمان هەیە دوور لە وڵاتن و ڕۆژانە بە مووشەک و دڕۆن و تۆپخانە بۆمباران دەکرێن، ترۆر دەکرێن و گوشاری سیاسییان ئەوەندە لەسەرە، سەرۆکەکانیشمان لە بێ کەسی خۆیاندا ئەوەندە ئاڵۆزن نازانن چ بڵێن و چ بکەن!
دەزانم ئێستا سەرخۆش لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە گرنگ و جیهانییەدان، با چی دیکە سەرت نەهێشێنم و کاتی شیرینت لێ تاڵ نەکەم.
بە سپاسەوە
سەلیم حەقیقی – نۆڕوێژ ١١ی دێسامبری ٢٠٢٣
تکایە کەسێک بیکاتە فارسی، من فارسی نازانم.