نامەیەک لە بناری قەندیلەوە بۆ منداڵەکانی غەززە. ڕەسووڵ سوڵتانی

نامەیەک لە بناری قەندیلەوە بۆ منداڵەکانی غەززە. ڕەسووڵ سوڵتانی
منداڵە ئازیزەکانی غەززە
سڵاو…
ڕۆژانە ئازارەکانتان دەبینم و هاوخەمتانم، ئەگەرچی ئێوە قەت هاوخەمی منی کورد نەبوون، سەرەڕای ئەوەی کە سەدەیەکە من وەک ئێستای ئێوە لە ژێر بۆمباران و هەڕەشەی مەرگدام. دەزانم ھەر ناویشتان نەبیستوومە. بەڵام لەوە دڵنیا بن، ئەمن ئێوە باش دەناسم. ئێوە من ناناسن چونکە کەس نەبووە باسی من بۆ ئێوە بکات و بەسەرھاتە تاڵەکانی ئەمن بۆ ئێوەی ئازیز بگێڕێتەوە. بۆیە ھیچ خەتایەکتان نییە لەوەیکە نازانن لێرەیش کە ناوی کوردستانە، کەسانێک ھەن ئازارەکانیان لە ئازارەکانی ئێوە دەچێ و برینەکانیشیان ھەر بەو جۆرە خوێنیان لێ دەچۆڕێت کە برینی ئێوە خوێنی لەبەر دەڕوات. ئێوە ناوی منتان نەبیستووە. لەبەر ئەوەی مامۆستاکانتان لە قوتابخانە و مامۆستایانی ئایینیتان لە مزگەوتان تەنیا ئەو شیعرانەتان بۆ شی دەکەنەوە و راڤەیان دەکەن کە خوێنی برینەکانی ئێوەیان لێ دەچۆڕێت. ئەوان لە رەگەزی خۆتانن و راستگۆیانە لەگەڵ ئازارەکانتانا دەژین. ئەوان خەمەکانی ئێوە بۆ خەڵکی دنیا شی دەکەنەوە. ئەوان لەگەڵ گرمەی ھەر تۆپ و بۆمبایەك وەک ئێوە تەزوویان بە لەشدا دێت و لە پرسەی ھەموو چۆلەکەیەک و لە ماتەمینیی ھەموو مەل و باڵندەیەکی ئەوێدا بەشدار دەبن. مەلاکانی لای ئێوە نیشتمانی خۆیانیان خۆش دەوێ. ئەوان نیشتمان قیبلەگایانە. ئەوان خوێنی رەسەنی نەتەوەکەی خۆیانیان بە لەشدا دەگەڕێت، بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە مەلاکانی لای ئێمە، شینی هەموو شوێنێك دەگێڕن جگە لە نیشتمانی خۆیان. جا تۆ نازانی ئێمە لە كوردەواریدا بۆ ئەوانە مەسەلێكمان هەیە، پێیان دەڵێین “گای بنە”، گای بنە، سەرەی خەڵك دەكا، بنەی خۆی ناكا.
لە لایەکی دیکەیشەوە لەگەڵ دەنگی گرمەی ھەر تۆپێک و ھاشوھووشی ھەر فڕۆکەیەکدا چی کامێرا و رادیۆ و رۆژنامە و مالپەڕی ئەم دنیایە، دەبنە زمانی ھاوارەکانتان و لانیکەم ھیچ نەبێ ناھێڵن وەک ئێمە لە تەنیایی و بێ ناویدا سەر بمرن.
ئیزنم بدەن تۆزێک کوڵی دڵی پڕم لای ئێوە ھەڵڕێژم. ئەمن زۆر زۆر بەر لە ئێوە جەستەی خاک و نیشتمانم بریندارە و قەل و داڵم تێ ھاڵاون. باس لە گورگە برسییەکانی عوسمانی و کەمتیارەکانی سەفەوی ناکەم کە چۆن لەسەر زگی من شمشێرەکانی غەزایان لێک دەوەشاند. باسی زۆر دوورت بۆ ناکەم. باسی زریکە و قیژەی منداڵانی قەڵای دەمدمت بۆ ناکەم. کوردقڕانی شاروێران و موکریانیش ھەر ئەتۆ خۆش و لێی گەڕێ. باسی دوێنێمت بۆ دەکەم. دوێنێ ھاوڕێم، ھەر دوێنێ بوو، ھەناسەی ئاسمانی شارەکەمیان پڕ کرد لە گازی سیانید و جەستەی زاماری شارێکمیان ھەڵوەراند و لە شەپۆلی ئەنفالێکدا ھاوڕێکانیان بە كۆمەڵ زیندەبەچاڵ کردم. ئەوکات ھاوڕێم، لەو بەری بۆنی سیانیدەکەوە، بڕوات بێ ھەر تۆزێک لەوبەرەوە زۆریش دوور نا، چیی موسوڵمانی خوا ھەبوون پەنجەی شادە و دۆشاومژەی موبارەکیان نایە نێو کونی گوێچکەیان و ھیچیان نەبیست. ھیچیان نەدی. کەس ئاوڕێکی نەدایەوە و فاتیحایەکیشیان بۆ ئێمە نەنارد. ھیچ کەس دڵی رانەچڵەکا. ھیچ کەس بڕواشی پێم نەکرد. زۆر سەیر بوو.

ھەر ئەو کاتە، لەو کاتەدا کە ھاوڕێ ئازیزەکانم و منداڵانی دراوسێمانیان بەرەو خەرەندەکانی بیابان راپێچ دەکرد و لەگەڵ خوێندنەوەی ئەڵڵاهوئەكبەڕ و ئایەتەكانی سووڕەتی ئەنفال وەبن گڵیان دەدان، بەڵێ رێک ئەو کاتەی چاوەکانیان بە زیندوویی دەخرانە بن بارستەی خۆڵ، رێک ئەو کاتەی خۆڵ و خاکی بیانان قیژە و ناڵەی کپ دەکردین، رێک ئەودەمەی بۆنی سیانید ئاسمانی ئێمەی دەخنکاند، بڵندگۆی مزگەوتەکانی شارەکەم باسی ئێوەیان بۆم دەکرد.

باسی خەمەکانی ئێوە. باسی برینەکانی ئێوە و ئەو زوڵم و زۆر و زۆردارییەی لەسەرتانە. ئەو کات ئەمن ئێوەم دەناسی. دەمزانی کەسانێک ھەن لەم دنیایە و برینەکانیان لە برینەکانی من دەچێ. کەسانێک ھەن کە وەکوو من بەر لەفڕین چۆلەکەی ھاوارەکانیان دەکوژرێن. بەڵام ئێوە قەت ئاگاتان لە من نەبوو. ئاخر زۆربەی مەلاكانی وڵاتی من، بڕوا بە ژانی من ناکەن. ئەوان بۆ تاقە جارێکیش سەیری برینی من ناکەن. ئەوەتا، دوای ئەنفال و دوای ھەڵەبجەش، ئەوان ھەر وا لەسەر ھێلکەی بێدەنگییان کڕ کەوتوون و جووڵە ناکەن. دەمیان بووەتە تەڵەی تەقیو. چەند ساڵێکە ھەموو رۆژێ، جەستەی سەوزی رەز و باخمان دەئەنجنن و بە رۆژ و شەو گرمەی تۆپی دراوسێکان خەو لە چاومان دەتۆرێنن. ساڵانێکە ناوەناوە خەونەکانی بەیانیان و روانینەکانی ئێوارەی منداڵانمان دەدرێنە بەر رەھێڵەی تۆپ و ئاگری بۆمب. بەڵام دیسان مەلاکانمان کڕ و کپن. ھەر ئەوانەی کاتێ لەوێ لە لای ئێوە چۆلەکەیەک ھێلانەکەی لێ دەشێوێ، لێرە شمشێرەکانی زمانیان لە کالانان دەترازێنن و لەسەر ئێوە بەجواب دێن و پشتیوانیتان لێ دەکەن. بەڵام ھەر ئەو موسوڵمانە بەدینانە، ھەر ئەوانەی کە رۆژ و شەو لەبەر خەمی منداڵانی موسوڵمانی وڵاتانی دوور، خەو لە چاوانیان ناکەوێ، جارێک نەھاتن و نەیانگوت: منداڵانی دەور و بناری قەندیلیش موسوڵمانن، یا نەخێر ئینسانن. ئێمە لەپێش چاوی ئەوان ئاوارەین و خێوەتێکیش شک نابەین تێیدا وەحەسێین، لەبەرچاوی جیھانبینیان ھاوڕێکانی من گیان دەدەن، منداڵانی بناری کوێستانی قەندیل لە برسانا، لە تینوانا ھەڵدەچۆقێن، کەچی ئەوان شەربەتی بێ دەنگی مەست و مەنگی کردوون. لەو رۆژانەدا ھەموو ھەینوان گوێ ھەڵدەخەم بەشکم لە بڵندگۆی مزگەوتێکەوە مەلایەک، بەشکم لە ھێڵی رادوێیەکەوە فەقێیەک، کۆلکە مەلایەک بە تەفسیرێک، بە ئایەتێک، رەوایەتێک، بە حەدیسێک، بە کەلامێک پشتم بگرێت، ھەتا ئێستاش نەمبیستووە. زۆر جار دڵخۆشیی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم، لەوانەیە ئەوان زۆر بە دوای ئایەت و حەدیساندا گەڕابێن و لە ھیچ شوێنێک شتێکی وایان دەست نەکەوتبێ بە تەفسیر و لێکدانەوەش منداڵی کورد بگرێتەوە و بۆ بەرگری و دیفاع لە منداڵانی کورد بیخوێننەوە. لەوانەشە ھەر وا بێت و تەنیا بەشی ئێمەی منداڵانی ئەم کوردستانە غەریبە لە ئایەت و حەدیس و رەوایەتان تەنیا و تەنیا ھەر ئەنفال و پەچە و رووبەند و چارشێو و سەنگەسار بێ و ھیچی دیکە.
ھاوڕێیانم، دڵگران مەبن. ئەمن ناڵێم لەسەر ئێوە بەجواب نەیەن. ئەمن دەڵێم، دەردی من و ژانی ئێوە ھەر یەک ژانە.

ئەمن ناڵێم ئەوان باسی ئێوە نەکەن. ئەمن دەڵێم: بۆچی ئەوانەی قولانجێک لەو لای خۆمەوە، ئەوەندە نزیک کە بۆنی پیاز و سیرەکەی زاری دەگاتە من، ھەر بە زمانی خۆیشم دەدوێ و ھەموو رۆژێ سێ چوار جاریش دێت و بەربینگم پێ دەگرێ کە بۆچی و لەبەر چییە تەرکەنوێژم.

ئەو کابرایەی ھەموو حەوتوان باوکم ھان دەدا و پێی دەڵێ: ئەگەر عەولادەکەت نوێژی نەکرد، لێی دە، دەری بکە و رای مەگرە، ھەر ئەو کابرایەی چاوەکانی بوونەتە رووباری خوێن بۆ منداڵانی غەززە، کەچی ئەمن لە پێش چاوی لەت لەت دەبم، داناچڵەکێ، راناچەنێ، مێشێکی لێ میوان نییە و گرمەی تۆپەکانی ئێرانیشی پێ خۆشترین موسیقایە.
نا نا ھاوڕێم، لەوەیاندا کە پشتیوانیتان لێ دەکەن، ئەمنیش وەک خۆم دەستخۆشانەیان پێ دەڵێم. بەڵام ئاخر ھەقمە پرسیاریشیان لێ بکەم بزانم بۆچی چاوی لای خۆمانیان کوێرە و گوێچکەی لای خۆمانیان کەڕە.
منداڵە خەمبارەکانی غەززە:
دڵتان خۆش بێ، ئێوە وەک ئێمە تەنیا نین. ھەر ھیچ نەبێ مەرگی ئێوە زۆر زۆر لە ھی مە جیاوازە. ئێمە دەمرین، جەستەی ناسک و تاو نەدیومان لە پڕ ئەنجن ئەنجن دەبێ، کەچی ھیچ کەس گوێ لە ناڵە و نووزانەوەی ئێمە ناگرێ. ئێمە تەنانەت ئەو کاتەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانیشا مەمکەمژەکانی سەر لێومان دەدۆزنەوە، جیا لە دایکمان کەس لیچێک ھەڵناقرچێنێ بۆ خەممان. ئێوە چی کامێرا و تەلەڤزیۆن و رۆژنامە و ماڵپەڕ و منارە و میحراب و مزگەوتە لەگەڵتانن. بەڵام کامێرای لای ئێمە ھەموو کوێرن. مزگەوتەکانیش ھیچکامیان ئایەتێکیان ھەتا ئێستا دەست نەکەوتووە کە بتوانن بۆ بەرگری لە ئێمەی کورد بیخوێننەوە. ھەرچی ھەیە ھەر بۆنی ئەنفالی لێ دێ. ئێرە بناری قەندیلە. ئێرە شوێنێکە خۆمان پێی دەڵێین کوردستان و جیا لە خۆمان کەس نایەوێ بەو ناوەوە بانگمان بکات.
بە ھیوای ئەو رۆژەی ھیچ منداڵێک بووکەڵکەکەی نەکەوێتە بن داروپەردووی ماڵەکەیان و بە گرمەی تۆپ خەوی بەیانیانی نەزڕێ.
ھاوڕێ و ھاوخەمتان منداڵێكی بناری قەندیل
١١/٨/٢٠١٥