کورتەیەک لە ژیانی حاجی عایشە دەورانی هاوسەری شەهید مەلارەسووڵ گەردی

کورتەیەک لە ژیانی حاجی عایشە دەورانی هاوسەری شەهید مەلارەسووڵ گەردی
حاجی عایشە دەورانی دایکمان ساڵی 1312ی هەتاوی بەرابەر بە ساڵی 1933ی میلادی لە گوندی( گوڵفەت ) سەر بە ناوچەی ( بەری مێرگان)ی پیرانشار لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندیی لەدایک بوو، وەک زۆربەی زۆری خەڵکی ئەو کات لە قوتابخانەو خوێندن بێبەش بوو، هەر لە تەمەنی منداڵیدا باوکی مەحموودی مەلای ئەمری خوای بەجێ گەیاند و لە خۆشەویستی باوک بێبەری بوو، دواتر ئەرکی بەخێوکردنی کەوتە سەرشانی دایکی واتە ئامینێ مەلاساڵحی، ئەلحەق دایکی لەو رێگایەداو لەو بەرپرسایەتیەدا وەک شێرە ژنێک بوو بە پشتیوانی مادی و مەعنەوی دایکمان ئایشە دەورانی و لەدوایشدا دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی بوو بە پاڵپشتێکی باش بۆ کچ و زاواو نەوەکانی.

حاجی عایشە دەورانی لە ساڵی 1340ی هەتاوی بەرابەر بە ساڵی 1961ی زاینی لە گەڵ شەهید مەلارەسووڵی گەردی ژیانی هاوبەشی پێک هێنا، بەرهەمی ئەو ژیانە 4 کوڕو 3 کچ بوو. چەند ساڵ دواتر هاوسەریی حاجی ئایشە، شەهید مەلارەسووڵ گەردی بەهۆی کاری سیاسی وئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە دوای جوڵانەوەی ساڵەکانی 46،47 کەوتە بەر پەلاماری ساواک و نزیک بە 5 ساڵ کەوتە زیندانی رژێمی حەمەرەزا شا. لەو ماوەیەدا حاجی ئایشە کەوتەبەر ئەزموونێکی سەخت و دژوار، ئەو دەبوایە رۆڵی دایک و باوک لە یەک کاتدا ببینێ و هەموو ئەرکەکانی ئەو بنەماڵەیە لە هەموو بوارەکاندا بخاتە سەرشانی خۆی، ئەم قۆناخەی حاجی ئایشە لەگێڕانەوە نایە، ئەگەر بەوردی باسی کۆسپەکانی سەر رێگای ژیانی بکەین دڵنیام ئازارو نارەحەتی و ناخۆشیەکانی لە توێی کتێبێکدا جێی نابێتەوە، لەو هەل و مەرجە سەختەدا دایکی حاجی ئایشە دەورانی، رۆڵێکی زۆر گرینگ لە ژیانی کچەکەیدا دەبینێ و هاوکاریی مادی و مەعنەوی پێدەکاو لەگەڵی دەژی وخەمخۆری بۆ پەیدا دەبێ و بەشێک لە کێشەو ئازارەکانی لەگەڵدا بەش دەکا.بەڵام بەداخەوە خزمانی مەلارەسووڵ تەنانەت براکانیشی بەرهەمی زەوی و زاریشی لێ زەوت دەکەن و دەیخەنە ژێر فشارێکی زۆر و تەنانەت زۆر جاران بێ رێزیشیان پێ کردوە، بەڵام لە بەرابەر دا خەڵکی گوندەکەیان و دەوەری پیرانشار بەچاوی رێزەوە سەیری ئەو شێرە ژنەیان دەکرد بەجۆرێک کە لەسەر دەستی ئەو شەڕی دوو بنەماڵە کۆتایی پێ دەهات.
لەدوای ئەوەشدا لە قۆناخی نوێی خەباتی هاوسەرەکەی لە ساڵی 1357ی هەتاویدا، دوای روخانی رژێمی حەمەرەزا شاو هاتنە سەر کاری رژێمی خومەینیدا جارێکی دیکە دەربەدەری و پەنابەریی و ئێش و ئازاری حاجی عایشە دەست پێدەکاتەوەو بە ناچاریی زێدی ژیان گوزەرانی خۆی و ماڵ و منداڵەکانی ڵێ تێک دەچێ و پەریوەی شاخ و کیوەکانی کوردستان و دواتریش ئاوارەی باشووری کوردستان دەبێ و لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وەک: ئۆردوگای چوارقورنەو شاری قەڵادزێ و گوندی ئێندزێ و شاری کۆیەو هەولێر جێگیر دەبێ، لەو دەورەیەشدا بۆ پێگەیاندنی منداڵەکانی بۆ ئەوەی لە خوێندن بێبەش نەبن زەحمەتێکی زۆر دەکەوێتە سەرشانی و زۆر بە رووسووریی تەواو ئەرکەکانی دایک و باوکێک زیاتر لە ڕادە بەجێ دەگەیەنێ.

کاتێک هاوسەریی ئایشە دەورانی، مەلارەسووڵ گەردی باوکمان لەگەڵ دوو هاورێی دیکەی لە نێو مینی بووسی گواستنەوەی ژن و منداڵ و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لە رێگای بۆڵێ و ئەستێرۆکان لە باشووری کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینی بووسەکە لە رێگای کۆنتڕۆڵی دوور، لە رێکەوتی (1370/8/7) بەرابەر بە (1991/10/29) لە لایەن بەکرێگیراوانی خۆوڵاتی سەر بە رژێمی ئێران تەقێندرایەوەو شەهید بوو، دیسان ئەرکی حاجی عایشە قورستر بوو،ئەو جارە بە نەمانی مەلارەسووڵ گەردی هەموو کۆشکی هیواو ئاواتەکانی داڕما،بەداخەوە ئەو جارەش برازاکانی مەلارەسووڵ زەوی و زارەکەیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردەوە، چەند کەسێکیان بەوەش نەوەستان بەڵکوو زەوی شەراکەتی نێوانیان لێ فرۆشت و لە بژێوی ژیانی بنەماڵەیی خۆیان بێ بەشیان کردن، ئیتر لەو گرانیەو بێ دەرەتانیەدا و لەو بگرەوبەردەیەو تێرۆرو تۆقاندنەدا، مانەوە لەباشوور زۆر مەحاڵ بوو، بۆیەو لە رووی ناچاریەوە لە رێگای (UNHCR)ەوە بە بنەماڵەوە لە رێکەوتی 1997/11/20 لە وڵاتی سوید بە پەنابەر وەرگیران، لەو ماوەیەشدا وەک دایکێکی دڵسۆز و بەوەفا ئەرکی خۆی لە مەر رێنوێنی و هەماهەنگی و سەرپەرەستی ئەو بنەماڵەیە بەتەواوی بەجێ هێناو لە کۆڕو کۆبوونەی بنەماڵەیی و خزمایەتی و بەیەکەوە ژیانی بنەماڵەییدا رۆڵێکی ئەرێنی هەبوو.
لە بوارێکی دیکەدا لە سەر مەسەلەی مافی ئافرەت لە روانگەی خۆیەوە وەک ژنێکی موسوڵمان پێی وابوو ژن بە حەقی خۆی پێویستی بە رێز لێگرتن هەیە، ئەو پێی وابوو لە ئیسلامدا ژن بێ رێزی پێ ناکرێ بەڵکوو ئەوانە ژن بێ رێز دەکەن کە لە ئیسلام تێ ناگەن.
دایکمان حاجی عایشە دەورانی، لە هەموو ژیانیدا دینی پیرۆزی ئیسلامی بەسەرچاوەی ژیانی خۆی زانیوەو بۆ ئەو مەبەستەش هیچ کات لە نوێژوو رۆژو و زەکات و سەرفترەو هاوکاریی کردنی خزمان و دۆستان و ناسیاوان دریغی نەکردوە، دوا جار ئاخیر فەریزەی ئیسلام کە سەردانی ماڵی خوای گەورە بوو، ئەو ئەرکەشی ساڵی (2002) بەجێ هێنا.
هەروەها لە بواری هاوکاریی بنەماڵە و خزم و دۆست و ناسیاوانیشدا هەمیشە پێش قەدەم بوو. ئەو کاتێک بەشێک لە بنەماڵەکەی و کور و بووکەکانی لە باشووری کوردستان لە بواری ئەمنیەتی و ماڵیدا لە وەزعێکی خراپ دابوون هەموو ئیمکانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لەو نەهامەتیە ڕزگاریان بکا. لە بواری ماڵیشەوە ئەو نەیهێشت موحتاجی خەڵکی بن، لە بەشی پێژیانی خۆی و ئەوانەی لەگەڵی دەژیان کەم دەکردەوە بۆ ئەوانی دەنارد.ئەو لە هەموو هەلوومەرجێکدا هاوکاری ئەوانەی کردوە کە پێویستیان بە هاوکاریی هەبوە.
دایکمان بە کردەوەکانی و بە هەست و سۆزو بەزەیی و خۆشەویستی خۆی بەرامبەر دەورەبەرەکەی وایکرد کە هەموان خۆشیان بوێ و رێزی لێبگرن و گوێ بۆ ئامۆژگاریەکانی بگرن و خۆشیان بوێ، لەو پێوەندیەدا،کورو کچ، بووک و زاوا، نەوەو نەتیجە، خزم و دۆست و ناسیاو هەر هەموویان شاهیدی ئەو راستیەن کە دایکمان چەندە خۆشەویستی هەموومان بووە. نەوەکان هەموو هۆگری نەنکە حاجی ئایشە بوون، جار هەبوە بەساڵ بەڵکوو زیاتریش لای ئەو ماونەوە، بۆیە ئەوە ناتوانێ تەنیا خۆشەویستییەکی سادە بێ. لەو ماوەیەی کە دایکمان کەوتە نەخۆشخانە زۆر جاران فرمێسکی گریانی چاوی ئەندامانی بنەماڵە، بەتایبەت بووک و نەوەکانیمان بینی کە بە چ هەست و سۆزێکەوە بۆیان هەڵوەراندە سەر زەوی.
ماڵی مەلارەسووڵ گەردی بەهۆی دایکمان حاجی عایشەوە ماڵی هەموان بوو، ئەو بەهۆی رێزو حورمەت و میوانداریی و رووخۆشییەوە ماڵەکەی هەمیشە جمەی دەهات، تەنانەت ئەو کاتانەش کە وەزعی ماڵیمان زۆر خراپ بوو، وەک بنکەیەکی حەسانەوەی پێشمەرگەی لێهاتبوو، ئەو بۆ یەکجاریش بەڕووی گرژەوە رووبەڕووی میوانەکان نەبۆوە،تەنانەت ئەو کاتانەش کە بۆ ئەم مەبەستە تووشی قەرز لێوەرگرتن دەبوو.
دایکمان حاجی عایشە دەورانی، بەهۆی زەحمەتی لە ڕادەبەدەری مێژووی ژیانی لەو ئاخیرانەدا کە هاتە حەسانەوە بەداخەوە نەخۆشیەکان دەورەیان لێداو کەوتەبەر تاقیکاری خوای گەورەو هیچ کاتیش لەو بارەوە گلەیی نەکرد، لەو دوایانەدا بەهۆی ئەوەی بۆریەی خواردنی بچووک ببۆوە بەداخەوە نەیدەتوانی خواردن قووت بدا، بۆیە رۆژبەرۆژ لاوازتردەبوو و هیچ وزەیەکی پێ نەدەگەیی، سەرەنجام بەهۆی پیری و بەساڵداچوونی، پزیشکەکان نەیانتوانی چارەسەری بۆ بکەن، چونکە پێیان وابوو بەرگەی نەشتەرگەری ناگرێ.
لەو دوایانەدا لەسە داوای دایکم دکتۆرەکان بڕیاریاندا کە دایکمان لە ماڵەوە پێڕاگەیشتنی بۆ بکرێ، لەگەڵ سپاس و پێزانین، ئەلحەق لەو ماوەیەشدا جەماعەتی نەخۆشخانە ئەرکەکانی خۆیان زۆر بەباشی بەرێوەبرە،هەروەها سپاسێکی بێ پایان بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا چ لەماڵەوە چ لە نەخۆشخانە سەردانی دایکمانیان کردوەو هەواڵیان پرسیوە. لەگەڵ رازیبوون بە قەدەری خوای گەورە ئەمرۆ دووشەممە کاتژمێر 9:15ی سەرلەبەیانی رێکەوتی 2023/7/17 دایکمان عایشە دەورانی بۆ یەکجاری چاوی لەسەریەک داناو ماڵئاوایی یەکجاری لە هەموومان کرد و گەڕایەوە بۆ لای خوای گەورە، خوای گەورە لێی خۆشبێ و جێگای بەهەشتی هەرگیز نەمری پەروەردگار بێ.
لەگەڵ رێزی دووبارەمان
بنەماڵەی گەردی
2023/7/17


‎بەرێز ان بنەماڵەی ئازیز و تێكۆشەری گەردی
‎دوای ڕێز و سڵاو
‎بە بۆنەی کۆچی دوایی دایكی خەمخۆر و دڵسۆزی هەموو لایەكمان حاجی ئایشێ دەورانی هاوسەری گەورە پیاوی نێو خەباتی كوردایەتی شەهید مامۆستا مەلا ڕەسووڵ گەردی لە ناخی دلەوە سەرەخۆشی لە یەكەیەكەی ئەندامانی بنەماڵەی بەرێزتان لە دەرەوەی وڵات و لە نێوخۆی کوردستان دەکەم
‎و خۆم بە شەریکی خەمتان دەزانم.
‎بڵاو بوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی دایە ئایشیی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەرێزیان و بنەماڵەی گەردی ئازیز و تێکۆشەر دەناسن بۆتە مایەی خەم و پەژارە.
‎لە ئاست ئەم کۆستە گەورەیە دا هیچ وشەیەک شک نابەم کە بتوانێ هەڵگری ئەو خەمە گەورەیە بێ و ئاواتەخوازم کە ئێوە ئەندامانی دیکەی بنەماڵەتان ساخ و سەلامەت و تەمەن درێژ بن.
‎جارێکی دیکەش سەرەخۆشیتان لێدەکەم و خوا سێبوریتان بدات.
‎رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
‎ناو و یادی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.
‎حەمەڕەسووڵ کەریمی