۲۲ی پوشپەر و هەڵوێستی ئێمە. وەستا رەحمان

۲۲ی پوشپەر و هەڵوێستی ئێمە. وەستا رەحمان

هەر وەک ئاگادارن ئەو ساڵ لەکاتێکدا بەرەو تاڵیادی سی و چوارەمین ساڵوەگەڕی تیرۆری ڕێبەری مەزنمان دوکتور قاسملو و هاورێیانی دەچین کە ماشێنی تیرۆری کۆماری ئیسلامی هەروا گیانی ئازادیخوازان دەستێنێ و دوا شەهیدانی دەستی ئەم ڕێژیمە تیرۆریست پەروەرەش بەداخەوە دیسان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهیدان لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجیر بوون،

تیرۆر و رەشەکوژی کاری دواکەوتووترین و جنایەتکارترین حکومەتەکانە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەک لەو حکومەتە جنایەتکار و دواکەوتوو و سەرەرۆیانەی ئەم سەردەمەیە ، ئەو رژێمە هەر لە سەرەتاوە بە تایبەت دژ بە شۆڕش و خەباتی خەڵکی کوردستان بە تیرۆری تێکۆشەرانی کورد بە تایبەت بە تیرۆری شەهید سەرگورد عەباسی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەهاباد دەستی پێ کرد و هەتا رژێمی کۆماری ئێسلامیش هەبێت لە تیرۆر و هەر جۆرە کردەوەیەکی ناحەز و ڤێزەون دژ بە ئازادیخوازانی کوردستان دەست ناپارێزێ .

هەر بۆیە پێویسە رۆڵە ئازا و دڵێرەکانی کوردستان ، پارێزەرانی لەخۆبردووی گەل و نیشتیمان بەرامبەر بەو تیرۆر و جنایەتانە مکوڕتر لە جاران بەگژ ئەو رژێمە سەرەرۆ و دژی ئینسانیەدا بچینەوە ، بەڵام دەبێ بە وشیاریی زیاترەوە و بە ئەزموون وەرگرتنی پتر لە چوار دەیە بەربەرەکانی دژ بە تەمەنی پر لە نەنگ و نامرۆڤانەی ئەو حکومەتە لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا هەنگاو هەڵێنینەوە و لە هەمان کاتدا زۆر پێویستە ئاگامان لە خۆمان و هاوڕێیانمان بێ و بە ئاسانی نەکەوینە داوی پیلانی تۆرە سیخوری و پیاوکوژەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ، لە بەرامبەردا ‌پێویستە بۆ گژداچونەوە و بەربەرەکانی و هەرچی ریسواتر کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو کات و ساتێکدا بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و یەکگرتوویی و یەکریزی زیاتر و بەرچاوتر لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا حزورمان هەبێ و وەک هێزێکی لەشکان نەهاتوو و کۆڵنەدەر بەردەوام پشت و پەنای گەل و نیشتیمانی خۆمان بین ، هەربۆیە لە بەرە بەری ۲۲ی پوشپەردا پێویستە رق و قینی شۆرشگێرانەی خۆمان لە خۆپێشاندانەکانی ۳٤مین ساڵوەگەری تیرۆری ناجوامێرانەی گەورە و سەرداری کورد دوکتوڕ قاسملو و هاورێیانی نیشانی دوژمن بدەین .