حه‌وتی (7) ی پوشپه‌ر حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵڕۆژی شیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت
له 7ی پوشپه‌ری ساڵی 1366 ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به 28ـ06ـ1987 ی زائینی دا، ده‌ستی ڕه‌ش‌و پر تاوانی ڕێژیمی دیکتاتۆری به‌عس، گه‌رووی خه‌ڵکی بێ تاوانی شاری سه‌رده‌شتی سه‌رسه‌وزی به بۆمب و گازی خه‌رده‌ل و ئه‌سید و شیمیایی کوشی و ئه‌و شاره سه‌رسه‌وز و به دیمه‌نه‌ی له چرکه ساتێکدا کرده خه‌ڵووز و ته‌پ‌ودوومان و سه‌دان که‌سی له دانیشتوانی ئه‌و شاره‌ی شه‌هید و بریندار و گیرۆده به ژه‌هری شیمیایی کردن و تا ئه‌مرۆکه‌ش زامه ده‌روونی‌یه‌کانیان چاره‌سه‌ر نه‌کراون و ڕۆژ به رۆژ هه‌ناسه کێشان و ژیانیان بۆ دژوارتر ده‌بێ. سه‌رجه‌م شه‌هیدانی شیمیابارانی سه‌رده‌شت 105 که‌س بوون که تا ئێستا ژماره‌که‌یان بۆته 120 که‌س و هه‌روه‌ها 5 هه‌زار که‌س بریندار بوون و به‌شێکی زۆریان ماوه‌ی 17 ساڵه به ئێش و ئازاره‌وه ژیانی پر له چه‌رمه‌سه‌ری خۆیان درێژه ده‌ده‌ن.
هه‌موو ساڵێک خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری یادوبیره‌وه‌ری شه‌هیدانی شیمیابارانی شاره‌که‌یان ده‌که‌نه‌وه و هاوده‌ردی له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ئه‌و کاره‌ساته ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر بۆیه ئه‌م ساڵیش حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵرۆژی شیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت به شکۆه‌وه له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه به‌رێوه چوو.
حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵرۆژی شیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت هاوکات بوو له گه‌ڵ شه‌هید بوونی یه‌کێکی دیکه له برینداره‌کانی ئه‌و کار‌ساته نامرۆڤانه‌یه به ناوی سه‌عید شیرین‌پوور. ناوبراو پاش 17 ساڵ به‌ربه‌ره‌کانی له گه‌ڵ ئێش و ئازار له ڕۆژی 7 ی پوشپه‌ر دا رێک له‌و ڕۆژه دا که سه‌دان که‌س له خه‌ڵکی بێ تاوانی شاری سه‌رده‌شت ژه‌هر خۆر کران و جه‌سته‌ی په‌پۆله‌ی ئاسایان به ناحه‌ق سوتێندرا، گیانی به‌خشی و چوو پاڵ په‌پووله باڵ هه‌ڵپروزاوه‌کانی شاری سه‌رده‌شت و چاوه پڕ له هیواکانی به یه‌کجاری له سه‌ر یه‌ک دانان.
هه‌زاران که‌س له دانیشتوانی شاری سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری بۆ ڕێز گرتن له ڕۆژی7 ی پوشپه‌ر ڕژانه نێو شه‌قامه‌کانی شار و خۆپێشاندانێکی به‌رین و پر شکۆیان وه‌رێ خست و به دانی چه‌ندین شوعار بێزاری خۆیان له به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌و جینایه‌ته سامناکه و دروستکه‌رانی چه‌کی به کۆمه‌ڵ کوژ ده‌ربری و داوای موحاکمه کردنی سه‌ددام حوسێنی دیکتاتۆریان کرد و هه‌ر له هه‌مان کاتدا ته‌رمی سه‌عید شیرین‌پوور یان به‌رو گۆرستان به‌رێ کرد.
له درێژه‌ی ڕێوره‌سمی حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵرۆژی شیمیابارانی سه‌رده‌شت دا مناڵان و لاوان و تێکرای به‌شدار بووان داوایان له کۆر و کۆمه‌ڵه به‌شه‌ر دۆسته‌کان کرد که به هانا و ده‌نگی برینداران و نه‌خۆشانی بێ تاوانی و بێ ده‌ره‌تانی شاری سه‌رده‌شته‌وه بچن و هه‌روه‌ها داوای هه‌رچی زووتر راگرتنی پرۆسه‌کانی درووست‌کردنی چه‌کی کۆمه‌ڵ‌کوژیان له جیهان دا کرد.
له به‌شێکی دیکه‌ی ڕێوره‌سمه‌که دا په‌یامی هاوده‌ردی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری هه‌ڵه‌بجه خوێندرایه‌وه و پێشکه‌ش کرا و هه‌روه‌ها چه‌ندین که‌س له به‌شدار بووان به خوێندنه‌وه‌ی شێعر و په‌خشان هه‌ستی خۆیان ده‌ربری.
له ساڵڕۆژی شیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید دا 3 که‌س له هونه‌رمه‌ندانی شاری سه‌رده‌شت به دووچه‌رخه (پاسکیل) له شاری سه‌رده‌شت را به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه وه‌رێ که‌وت بوون و دوای گه‌یشتنیان به هه‌ڵه‌بجه و رێز گرتن له شه‌هیدانی شاری هه‌ڵه‌بجه، دووچه‌رخه‌کانیان به یادگاری له هه‌ڵه‌بجه به‌جێهێشت بوون، هه‌ر بۆیه له لایه‌ن یه‌کێک له دانیشتووانی شاری سه‌رده‌شته‌وه 3 دووچه‌رخه‌ی نوێ‌یان وه‌ک ڕێزلێنان بۆ ئه‌و کاره پیرۆزه به خه‌ڵات پێدرا و قه‌در دانیان لێ‌کرا.
سوپاس بۆ برای به‌رێزم كاك م.
ئاماده‌كردنی حه‌مه‌ڕه‌سووڵ كه‌ریمی
به‌شێک له وێنه‌کانی یادوبیره‌وه‌ری حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵرۆژی شیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت