١٢مین جەلەسەی دادگەی پێداچوونە (استیناف)ی حەمیدی نووری (عەبباسی). حەسەنی حاتەمی

١٢مین جەلەسەی دادگەی پێداچوونە (استیناف)ی حەمیدی نووری (عەبباسی). حەسەنی حاتەمی

ڕۆژی دووشەممۆ ڕێکەوتی ١٩ی ژووئەنی ٢٠٢٣ بەرانبەر بە ٢٩ ی جۆزەردانی ١٤٠٢ ، دوازدەیەمین جەلەسەی دادگەی پێداچوونەوەی حەمیدی نووری (عەبباسی) لە ساڵۆنی ژمارە ٢٧ ی دادگەی سۆلێنتوونا لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوئێد دەستی پێکرد.

   جەلەسەکانی دادگەی پێداچوونەوەی نووری لە ١١ی ژانویەی ٢٠٢٣ (٢١ ی بەفرانباری ١٤٠١) وە دەستی پێکردووە وبە پێی بەرنامە، هەتا دێسامبری ئەمساڵی زایینی درێژەی دەبێ و بەشێک لە جەلەسەکانی دادگە ئاشکرا و بەشێکیشی نهێنین کە لە لایەن سێ قازی پسپۆڕ و دوو دادڕەس (هیئت منصفە) بەڕێوە دەچن.

   دوو پارێزەرەی ژن و پیاو بەرگری لە نووری دەکەن. خانمی هانا لارسۆنڕامپ، کەم ئەزموون، و ئاغای تۆماس بۆدستڕووم ، ٣٢ ساڵ ئەزموونی پارێزەری هەیە، کە وەزیری پێشووی دادی سوئێد لە ٢٠٠٠ هەتا ٢٠٠٦، و بابیشی پێشتر وەزیری دەرەوەی سوئێد بووە. تۆماس لە دوو کەیسی “اصل صلاحیت قضایی جهانیش دا، بەشدار بووە. ئەو پارێزەرانە هەوڵ دەدەن لە ماددە و تێبینییەکانی مافی مرۆڤی کە بە پێی، مافی بەرگریی لە زیندانی، سەرەڕای ئەوەی زیندانییەکە کێیە، ڕێگە نەجاتێک یا کەم کردنەوەی ماوەی زیندان، بۆ حەمیدی نووری (عەبباسی) بدۆزنەوە.

   تۆماس و لارسۆن گەرەکیان بوو حوکمی ماوەی تەمەن (ابد)ی حەمیدی نووری (عەبباسی) کە لە ١٤ ی ژووئیەی ٢٠٢٢ (٢٣ ی پووشپەڕی ١٤٠١) دراوە، لە سێ پلە دا، داخوازی لە دادگەی پێداچوونەوە بکەن کە بە پلەی یەکەم،هەڵوەشانەوەی حوکمەکە و لابردنی هەموو تاوانەکان بکرێ. لە پلەی دوویەم دا، بەردانی نووری و لابردنی تاوانەکانی و لاچوونی دانی زیان و خەسارەت بە سکاڵاچییەکان، ئەوانەی هاوژین، خوشک یا برایان کوژراوه، کە پارێزەرەکانیان داوایان کردوە و لە پلەی سێیەم دا، کەم کردنەوەی ڕادەی سزاکەی و کەم کردنەوەی ڕادەی زیانکە و دوایی لابردنی دەستووری دەرکردنی حەمیدی نووری لە وڵاتی سوئید، کە حوکمی لەسەر دراوە.!!!؟؟؟ بنچینەی سەلاحییەتی قەزایی دادگەی ستوکهۆڵم و نە سەلماندنی تاوانەکان سەرەڕای شکی ماقوڵ و بەهۆی هەڵسەنگاندی ڕاستی و ناڕاستی شاهید و بەڵگەکان و ئاکامگیری یاسایی، داخوازیی پارێزەرەکانی نووری قبوڵ نەکران.

   دادئەستێن خانمی مارتینا وینلسوو، خوازیاری چەند شتی نوێ بوو، بۆ لێ‌زیادکردنی تاوانە کردووەکانی حەمیدی نووری (عەبباسی) کە: جەنایەتی زۆر توندی شەڕ(جنایت جنگی فاحش)، سەبارەت بە زیندانییە موجاهیدەکان،هاوبەشی لەبردنی زیندانییەکان بۆ بەشی گیانلێئەستاندن، دانی زانیاریی زارەکی و نووسراو بە “کۆمیتەی مەرگ”، و گیانلێئەستاندنی “ظفرجعفری افشار”، کە پێویستە بۆ ئەوانەشە هەر، مەحکووم کرێ.

  پارێزەرەکانی عەبباسی هەوڵیان دا، لە جیاوازییەکانی وتەی شاهیدەکانی ئەو بەندکراوانەی، کە لە ژووری “هەیئەتی مەرگ”، لە ساڵۆنە باریک و درێژەکانی بەرەو جێبەجێ کردنی گیانلێئەستاندنی زیندانییە حوکم بەسەر داسەپاوەکانی، موجاهید و چەپ کە سوور بوون لەسەر ڕێبازی سیاسیی و ڕێکخراوەییان (سرموضع)، دوای ٣٤ ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو کارەساتە سامناک و کۆمەڵکوژییە دا، لە “حوسینییەی بە قەولی زیندانوانان : جێی نوێژ و تاعەت بۆ خودا، بە ئاڵقەی لە میچ جۆش دراوەکان و پەتی دەستەکانی جینایەکاران” لە زیندانی مەترسیداری پڕ خوێنڕیژی گەوهەردەشت” گۆڕاو بە “ڕەجایی شار”، کەڵک وەرگرن.

   ئەو پاڕێزەرانە ١٥ کەسیان لە زیندانییە شاهیدەکانی موجاهید، چەپ و فورقان، هەڵبژارد کە قسەکانیان سەبارەت بە قەڵافەتی ئەوکاتی حەمیدی عەبباسی (نووری)، چەند گەزبوو؟ چ جلێکی لەبەر دابوو؟ جەلەکانی ئۆنیفۆڕم یا قەرەیەخە بوون؟ ڕەنگیان چ بوو؟ جۆری کەوشەکانی پێی چۆن بوو؟ ڕەفتاری لەگەڵ زیندانییەکان، چۆن بوو؟ و…

   دیارە ئەو پرسیارانەی پاڕێزەرکانی حەمیدی نووری لە دادگای یەکەم (بدوی) ش، لە هەموو شاهیدەکان دەپرسران، هەتا جیاوازییەک ببینەوە و گەورەی کەنەوە و هەموو جینایەتەکان وەدرۆ خەنەوە. یەک لە شاهیدەکان لە شوێنی لێپرسینی پۆلیس لە بنکەیەکی ستۆکهۆڵم کە وێنەی حەمیدی نووری یان نیشان دابوون، حاڵی تێکچووبوو، یا کەسێک هەبوو کە نەیناسیبۆوە و لە زیندان کەمتر دیبووی، بەڵام سەبارەت بە توندوتیژی عەبباسی لەگەڵ زیندانییەکان و تونێلی لێدان، وەک زۆربەی شاهیدەکان، دوابوو. جۆرێک هاوهەڵوێستی شاهیدەکانشیان بە پێوەندییەکانی دوای گیرانی عەبباسی لێکدەداوە.

   ئەوە لە حالێک دابوو کە ئەو شاهیدانە دوای تێپەڕینی نزیک لە ٣٤ ساڵ، لەو کارەساتەی خوڵقێندرابوو و ئەو هەموو ناڕەحەتیی جەستەیی و دەروونی کە لەسەیان ئەنجام درابوو، باسیان لە کەسێک دەکرد، کە بە پێی بۆچوونی پسپوورێکی دەروون ناسی، کە بۆ دادگە یەکەم (بدوی) عەبباسی، بانگ کرابووکوتی: زۆربەی ئەو زیندانییانەی توندوتیژیان بەرانبەرکراوە، ئەوەی پترلەبیریان دەمێنێ کردەوەی ئەو کەسەیە کە چۆنی لەگەڵ ڕەفتار کردوون. نە ئەوەی چ لیباسێکی لەبەر دابوو یا چ جۆرە کەوشێکی لەپێ دابووە. چەند جاری دیوە؟ چۆنی دیوە؟ یا بەتەنێ بووە یا کێی لەگەڵ بووە یا ئەوەی، لەگەڵی بوو چ جۆرە جل بەرگێکی لەبەر دابوە، چاویکی لە چاوان دابوو یا …!!!؟؟؟ و…

   پارێزەرەکانی نووری لەو بەشە دا، جۆرێکیان قسە دەکرد، کە هەستت دەکرد، جینایەت و کوشتارە بە کۆمەڵەکان زۆر ئاسایی بوو لە لایان. ئەوەش جێی سەرنجە کە ئەوان حاڵ و وەزعی زیندانییەکان لەگەڵ جەللادێکیان لەبەر چاو نەبوو، کە پتر لە دوو ساڵ بە وتەی خۆی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ١٣٥٩- ١٣٦١ مرۆڤ کوژ و کورد کوژ بووە. جەلەسەی ٤٥ دادگەی حەمیدی نووری لە کاتی بەرگری لە خۆی و خۆناساندنی دا، باسی بەشداری لە شەڕی کوردستان کرد، وەک بەشێک لە شەڕی هاوشێوەی عێراق و ڕواننینی دەسەڵاتداران لە ئێران دا، بە هێرشیان بۆ کوردستان و وەک داگیرکار هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خەڵک و باسی گیانلێئەستاندنی، پێشمەرگەکانی حیزب و ڕێکخراوەکانی، دێموکرات، کۆمەڵە و سپای ڕزگاری، کە بە “شانازی” یشی دەزانی، لە کارنامەی پڕ لە جینایەتەکانی دا.!!!؟؟؟

   بەڵگەی نوێ لە ماوەی دادگەی پێداچوونەوەی حەمید عەبباسی دا

   لە ماوەی پێداچوونەوەی دادگەی حەمیدی نووری (عەبباسی) لە ژانویەی ٢٠٢٣ دا، لێدوانەکانی بەرپرسانی زیندان لەکاتی کارەساتە دڵتەزێنە گەورەکەی هاوین و پاییزی ١٣٦٧ (١٩٨٨) دا، کە هاوجینایەتەکانی حەمیدی نووری (عەبباسی) بوون، بە تایبەتی “مقیسە ناسراو بە ناسریان، سەید حوسێنی زەنجانی و بۆ پاکانە بۆ کردن و کەم کردنەوەی نەقش و ڕۆڵی زۆر گرینگی ناوبراو، بەشێک لە بەرپرسایەتییەکەی کە ئەو حاشای لێدەکرد، بە پێی ئەو هەموو بەڵگە و قسەکانی ناوبراوان ڕوونتر بۆتەوە؛ و کۆمەڵکووژییەکەی نووری نەکوولی لێدەکرد بەهۆی “سید مرتضی حسینی زنجانی” تا ڕادەیەکی زۆر قبووڵ کراوە. برایمی رییسی، سەرکۆماری ٦ پۆل خوێندەواری، لە تەمەنی٢٠ ساڵیەوە مرۆڤ کوژ و حاکم  لەرسەر گیراوەکان، لە کەرەج، ئەحواز و تاران بووە. لەگەڵ پووری محەممەدی، کە ماوەیەکی وەزیری نێوخۆ لە کابینەی ئەحمەدی نیژاد و وەزیری داد لە کابینەکی حەسەنی ڕووحانی بووە، بە “شانازی” لەو کوشتارە دوان و نەییریش کە بەرپرسی “هەیئەتی مەرگ” بووە،کوتوویەتی: بە حەمیدی نووریم کوتووە، ئەو سەفەرە نەکا و مەترسی دارە!؟نەییری، ڕەئیسی، پوورمحەممەدی و ئیشراقی، هەیئەتی چوار کەسی گیانلێەستاندن بوون و ١١ هاوکاریشیان لە نێو زندانی “گەوهەردەشت” هەبووە، بە پێی قسە شاهیدەکان لە کاتی جەلەسەکانی دادگە دا.

   جگە لەوەش بە لێپرسینی پۆلیس و دادگەیی کردنی حەمیدی نووری (عەباسی) ئەو جینایەتە چۆتە ڕێزی “مافی قەزایی جیهانی” کە ناوبراو لەسەری گیراوە و وەک جیناتەکانی وڵاتی ڕوواندا، بۆتە بەڵگە کەلێکی زۆر گرینگ و حاشا هەڵنەگر لە کوشتاری بەکۆمەڵ ئەویش لە گیراوە “حوکم”پێدراوەکانی نێو زیندان و پێشێلکاری مافە ئینسانی و زیندانییەکان بە پێی کۆنڤانسیۆنەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و پێویستییە ئیجراییەکانی، تەنانەتت مافی ئەو کەسانەی لە شەڕیش بە دیل دەگیرێن، هەرمافی زیندانی وەک ئەوانی دیکەیان هەیە، کە نەتەنیا ڕەچاو نەکراوە، بەڵکوو بەتوندی پێشێل کراون.

   دادئەستێن، مارتینا وینسلوو، لە وڵام بە پرسیارەکانی پارێزەرانی نووری سەبارەت بە نەبوونی سەلاحییەتی هێزەکانی پولیس کە لە وتوێژی تلویزیۆنی دا، بەشداریان کردوە، کوتی: قەرارە “امید فرهند”، ئەفسەرێکی پۆلیسی زیندان لە ستۆکهۆڵم و بە ڕەچەڵەک ئێرانی و فارسی زان ، بۆ دادگە بنووسێ و سەبارەت بە قسەکانی کە لە نۆڤێمبری ساڵی ٢٠١٩ لەکاتی ملاقاتی حەمیدی نووری (عەبباسی) لە لایەن بالیوێزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێیکوترابوو، بدوێ.  

جەلەسەی داهاتووی دادگای پێداچوونەوە یا ئیستینافی حەمیدی نووری (عەبباسی) لە ١ ی سێپتامبر بە پێی بەرنامەی داڕێژراو دەست پێدەکاتەوە و هەتا نزیک کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، درێژیان دەبێ. پێویستە ئاماژە بکرێ هەتا ئەو خولە دادگەیەی پیداچوونەوە تەواو نەبێ و حوکمی کۆتایی ڕانەگەیەندرێ، ناوبراو زیندانی بەشی قەزاییە و نادرێ بە دەوڵەت کە بەشی ئیجراییە.

   کەوابوو ئیمکانی سناریوی ئێران بلژیک سەربارەت بە دیپڵومات- تێڕۆڕیست “اسداللە اسدی”، لەگەڵ کەیس و وەزعییەتی حەمید نووری (عەبباسی) دا، زۆر لاوازە. چوونکە بە پێی یاسای سوئێدی کە نە گۆڕینەوەی تێدایە و نە بڕیاری سیاسیی، لە کارنامەی حوکمی قەزایی دایە.

سەرچاوەکان، گووگل، بی بی سی فارسی، رادیۆ زەمانە، یوتیووب.

حەسەنی حاتەمی

٢٤ ی ژووئەنی ٢٠٢٣، بەرانبەر بە ٣ ی پووشپەڕی ١٤٠٢.